بورهان شێخ رەئوف: دۆخی ئێستای عیراق هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره.
وا دیاره ئه‌و ئارامی و هێوربوونه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی عیراقی گرته‌وه له دوای فه‌رمانی سه‌در بۆ لایه‌نگره‌كانی، دوای نزیكه‌ی رۆژێكی ته‌واو شه‌ڕ و پێكدادان رۆژی دووشه‌مه 29/ 8/ 2022 تا سێشهمه 30/ 8/ 2022 له به‌غدای و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر، له مه‌ترسیدایه و هه‌ڕه‌شه‌ی جدی له‌سه‌ره، به هۆی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاو لێدوانه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ ده‌ستكردنه‌وه به كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌ت.
ئه‌مه‌ش به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی داخوازییه‌كانی ره‌وتی سه‌دره كه دژی پێكهێنانی حكومه‌تی سازانی نیشتمانییه، كه ئه‌وان ده‌ڵێن حكومه‌ت پشكپشكێنه‌ی تائیفیهو پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنێكی پێش وه‌خته ده‌كه‌ن.
له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌ری عیراق تا ئێستا نه‌یتوانیووه مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كلایی بكاته‌وه، كه داخوازی سه‌درییه‌كانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له رۆژانی 31/8 و 1/ 9/ 2022 دانیشتنیان كرد‌و دوایانخست بۆ رۆژانی داهاتوو.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردۆته‌وه بۆ گرێدانی كۆبوونه‌ه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی، به‌رپرسه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ملاولا راده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌وان به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌نگاو ده‌نێن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ستپێكردووه له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردی و سوونییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هه‌روه‌ها پێیانوایه گه‌ڕانه‌وه بۆ خۆپیشاندان هیچ سوودێكی نییه و ئه‌نجامه‌كه‌ی كاره‌ساتباره بۆ هه‌مووان.
بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌و باوه‌ڕدان پێویستی به كۆده‌نگی نیشتمانییه‌و ده‌بێت كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ست پێ بكاته‌وه، ناكرێت و نابێت په‌رله‌مان و حكومه‌ت ئیفلیج بن، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش بكرێت ده‌بێت له چوارچێوه‌ی یاسا و ده‌ستووری عیراقدا بێت.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش (محه‌مه‌د حه‌لبووسی) پێیوایه ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ده‌ست به كۆبوونه‌وه‌كانی بكاته‌وه، به‌ڵام به مه‌رجێك باسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌كات، به‌ڵكو دانیشتنه‌كان ته‌رخان بكرێت بۆ ده‌ركردنی یاسا‌و رۆڵی چاودێریكردن، به‌ڵام چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌مه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و پێداگیری له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
حه‌لبووسی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاگاداركردۆته‌وه كه هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌بێ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان، دۆخه‌كه دهشهڵهقێنێتهوه و سه‌درییه‌كان ده‌ستده‌كه‌نه‌وه به مانگرتن و خۆپیشاندان له ناو په‌رله‌مان، ئه‌مه‌شیان به ئاشكرا راگه‌یاندوه.
سه‌درییه‌كان سه‌ره‌ڕای بڕیاری سه‌ید موقته‌دا بۆ دووركه‌وتنه‌وه له كاری سیاسی و داخستنی پێگه‌كانیان له توێته‌ر، به‌ڵام جارێكی تر وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در كه‌وته‌وه جریواندن له پێگه‌كه‌ی خۆی له توێته‌ر و هێرشێكی توندی كرده سه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به میلیشیای خراپه‌كار ناوی بردن، سه‌رسووڕمانی خۆشی ده‌ربڕی له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له كاتێكدا خوێنی خۆپیشانده‌ران كه به ده‌ستی میلیشاكانیان رژاون هێشتا وشك نه‌بووته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌درییه‌كان پێیانوایه ده‌ستبه‌رداری سه‌در له سیاسه‌ت مانای ئه‌وه نییه كه ده‌ستبه‌رداری پشتیوانی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك بێت بۆ چاكسازی.