عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مینحه بڕین؟
حیزبه‌کان و سه‌رکرده سیاسییه‌کان، ئێوه به‌پلان و به‌رنامه‌و نهخشەی دیاریکراو و به بیانوی جیاجیای ململانێی حیزبایه‌تی له هۆڵی په‌رله‌مان و له‌حکومه‌تی هه‌رێم، به سیناریۆیی ناڕه‌واو به‌ناوی چاکسازی، مینحه‌ی زیندانیانی سیاسییتان بڕی.
سه‌رکرده‌کان ئێوه له شاخ و له شار، شه‌ڕی یه‌کترتان کرد، براتان به برا به کوشتدا، جه‌رگی که‌س و کاری شه‌هیدانتان بڕی، ده‌یان ژنتان بێوه‌ژن کرد، هه‌زاره‌ها منداڵتان بێ باوک کرد، به هۆی وتار‌و لێدوانی میدیاکانتانهوه، خه‌ڵکتان فێری رق و کینه و توندوتیژی و تۆڵه‌و تۆڵه‌کردنه‌وه‌و کوشتن و بڕین کرد، هه‌موو به‌هاجوانه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریتان ورد‌و خاش کرد.
سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، ئێوه پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ن به کورسییه‌کانی ده‌سه‌ڵات، خاوه‌نی چی بوون؟، چیتان هه‌بوو؟، له دوای راپه‌ڕینه‌وه ده‌ستان به‌سه‌ر سامانی ئه‌م نیشتمانەدا گرت، نه به‌کورسی ده‌سه‌ڵات، نه به کۆمپانیا و نه به‌گرێ به‌ستی نه‌وت و نه به بیره‌نه‌وته‌کان، نه به بانقی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه، نه به‌و هه‌موو کۆشک و ته‌لاره، نه‌به‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی و کاره ناڕه‌واو غهدرهتان، ده‌رونتان تێر نابێ.
ئێوه هه‌رچی جاش و خائین و موسته‌شارو ئینتیهازی ماستاوچی و مه‌قاش و که‌سێتی یه دووفاقهکانتان کرد به سه‌رکرده‌و فه‌رمانده و تێکۆشه‌ری دێرین و پێشمه‌گه‌ی دێرین.
به مه‌زاجی خۆتان، ده‌یان لیستی ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و جێگری وه‌زیر و به‌رێوه‌به‌ری گشتی و راوێژکارتان دروست کردووه، خانه‌نشینی خه‌یاڵیتان بۆدیاری کردون.
ئێوه گه‌ر چاکسازی ده‌که‌ن، بۆ یه‌که‌م هه‌نگاو له سه‌ره‌وه له خۆتانه‌وه ده‌ست پێ ناکه‌ن، موچه‌و خانه‌نشینی خه‌یاڵی خۆتان و ژیانی شاهانەی خۆتان، له گه‌ڵ بژێوی ژیانی هاوڵاتیاندا، به پێوه‌ریی ته‌رازوویی یاسایی ئه‌وه‌نده جیاواز‌و لاسه‌نگه، هیچ ده‌ستوورو یاسا‌و رێسایه‌ک ئه‌وه قبوڵ ناکات، ئه‌و پێوه‌ره ناره‌وا و ناعهدالهتییهبۆ؟ بۆ ژیانی خه‌یاڵاویی خۆتان کارێکی یاسایی و ره‌وایه، ده‌یان ئه‌وه‌نده‌ی مینحه‌ی زیندانیانی سیاسی یه.
ئه‌م سیناریۆیی کۆمییدیا و تراژیدیا چاکسازییه‌ی ئێوه تا کوێ بڕ ده‌کات؟ ئێوه به مه‌زاجی عه‌قڵی حه‌کیمانه‌تان، به بڕینی ئه‌و مینحەی زیندانیانی سیاسیی چاکسازی ده‌که‌ن. بژێوی ژیانی زۆربه‌ی زیندانیانی سیاسیی قورس و دژواره، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ک ئێوه به‌رچاو ته‌نگ نین، وه‌ک ئێوه ته‌ماع کار‌و به‌رچاو ته‌نگ و ره‌زیل و چروک نین، عیزه‌تی نه‌فسیان زۆر له کۆشک و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئێوه باڵاتره. هه‌موو ئه‌و چاکسازییه مهزاجیانهتان بۆ ئه‌وه بوو، هه‌موو سامانی ئه‌م نیشتمانه بۆ خۆتان و ماستاوچییه‌کانی ده‌وروبه‌رتان ره‌وایه. ئه‌و مینحه ره‌مزییه دیاریکراوه، که‌لێنێکی بۆ جگه‌ر گۆشه‌ی زیندانیانی سیاسیی پڕ ده‌کردوه ناڕه‌وایه.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts