شـــوان خـــورشید: چیرۆکی پشت دروستکردنی قەڵای کەرکوک.
هەر کە ناوی کەرکوک دێت،قەڵا ڕێک قوت دەبێتەوەو، هاوتەریب لە گەڵ کەرکوک ناوی دەهێنرێت، یان کاتێ دێینە سەر ناوی قەڵا،کەرکوک هاوپێچی دەبێت،کەواتە ئەو گرنگیەیی ئەو دوانەی پێکەوە لکاندوە، بایی ئەوە هەیە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و هەوڵ بدرێت چۆنێتی و سەردەم و لەسەر دەستی کێ و کەی دروستکراوە، جۆرێک لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بەسەرچاوە و لێکۆڵەران ببەسترێت لە چیرۆکی دروسبونی قەڵاو هاتنە بونی بەو شێوە گرنگەی کە هەیە.
تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت هیچ سەرچاوەیەکی دیاریکراو نیە کە چۆنێتی دروستکردنی قەڵاو سەردەمەکەی دیاری بکات و بزانێت لەسەر دەستی کێ و چۆن و کەی دروستکراوە؟ بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها بریتیە لە بۆچونی جۆربەجۆر و هەر یەکە لای خۆیەوە دەیەوێت پەلکێشی بکات و بۆ زەمەن و سەردەمە زمانەوانیەکانی کە نوسەر تێیدا ژیاوە بیگەڕێنێتەوە، هەر وەک وتمان لە سەر دروستکردن و مێژووی (قەڵا-ئال-ئیلانی) زۆر بیروبۆچون هەیەو بۆ ئەوەی بگەینە نزیکترین ئەگەر، تەتەڵەی بیرو بۆچونەکانی چیرۆکی دروستکردنی قەڵا ئاماژە پێ دەدەین تا ئەوەی ئەمانەوێت پێی بگەین.
٭ ساڵی 1750ی پێش زاین ناوی ئارابخا واتە کەرکوکی ئێستا هاتوە، لە دەنگوباس و یاداشتەکانی سەردەمی پاشا حامورابی دا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسی قەڵاو دروستکردنی قەڵا نەکراوە، تا ئەوە بسەلمێت کە لەسەردەمی حامورابی قەڵا بونی هەبوە، تەنانەت بەڵگەی ئەوەش نیە بە ئارابخا ناوی هاتبێت، بەڵکو پێی وتراوە (ئال-ئیلانی).
٭ بۆچونێک پێی وایە دروستکردنی قەڵای کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان کە دامەزرێنەرەکەی (سەرداناپاڵ)ی کوڕی (سەنحاریب)ی کوڕی پاشای سی و دووەمی(32)ی ئاشوریەکانە، کە لە ساڵەکانی 800ی پێش زاین دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتۆتە دەست، بەڵام سەبارەت بە دروست بونەکەی گوایە (گەرمای- جەرمای) ناوێک،کە یەکێک بوە لە پاشا دەرەبەگەکانی سەر بە (سەرداناپاڵ) فەرمانڕەوای ئەو ناوچەیەی کردوە کە پێی وتراوە (بیث گەرمای). ئەم هەرێمە لەژێر قەڵەمڕەوی میدیاکان بوە، بۆ هێڕش کردنە سەری لەلایەن فەرماندەکەیانەوە (ئەریاق)تا (سەرداناپاڵ) بگاتە فریای (گەرمای) لەشکرێکی هەزار کەسی ئامادە کردوە لە گەڵ یەکێک لەبەگزادەکان بەناوی (بۆرزین)، کاتێ ناوچەکەی کۆنتڕۆڵ کرد دەستی کرد بە دروستکردنی سەنگەرێکی بچوک و شورەڕێژکراو، بە شورەیەکی بەهێزی بچوک و دروستکردنی کۆشکێک بۆ پاشاو، یەکێکی تر بۆ فەرمانڕەواو، دروستکردنی پەرستگایەک کە تێی دا کڕنۆش بۆ شێرو باڵندەی ڕەنگاو ڕەنگ دەبرا،لە ماوەی پەنجا ساڵەی فەرمانڕەوای (سەرداناپاڵ)دا.
٭ لە بۆچونی دوو کتێبی کلدانی کۆن دا لەسەر مێژووی قەڵای کەرکوک، لەو دوو سەرچاوەیە باسی کەرکوک هاتوە، کە پاشای ئاشوریەکان (سەرداناپاڵ- ئاشور ناسر باڵی) دووەم(884-858)ی پێش زاین هەستاوە بەدروستکردنی قەڵای کەرکوک،گوایە یەکێک لە سەرکردەکانی مادییەکان بە ناوی (ئەرباق) دژی دەسەڵاتی ئاشوریەکان ئەوەستێتەوەو دەست بەسەر (گەرمای-باجەرمی) لە نێوان شارەزوور و زێی بچوک دەگرێت، بۆیە پاشای ئاشوریەکان کەسێک بەناوی (گەرمی)لە شوێنی دانا، بڕیاریدا بەدروستکردنی قەڵایەکی بەهێز لە (کورا باجەرمی) کە دەکاتە کەرکوکی ئێستا و هەزار کەسی لە دەسو پەیوەندەکانی هێناو لەوناوچەیەی نیشتەجێ کردن، ئەوەش وای کرد ئەو شوێنە ببێتە قەڵایەکی قایم و بەرگری بەهێز دژی هێڕشی مادییەکان و هاوپەیمانەکانی، تا لەدوای دا وەک ناوچەیەکی سەربەخۆ لە ئاشوریەکان جودا بوەوە، تەنها بۆ ڕاوێژ و هەندی پرسی گرنگ لە گەڵ ئاشوریەکان یەکیان دەبینی و دەچونە سەردانیان.
٭ سەرچاوەیەکی تر لەباسی دروستکردنی قەڵادا هاتوە کە دروستکردنی قەڵا لەسەر دەستی (سەرداناپاڵ) ئاشور پانیپاڵ 681-668ی پێش زاین یەکێک لە فەرماندەکانی بە ناوی (گەرمی) لە سەدەی نۆزدەهەم دا بە (گەرمی)و(گەرمای) بەناوبانگ بوە،پێ دەچێت ناوی لە فەرماندەکەیەوە هاتبێت، چونکە ئەم ناوچەیە شۆێنێکی گرنگی ئاشوریەکان بوە،هەروەک لە 911-891ی پێش زاین (ئەدەد-نەراری دووەم )باسی گرنگی شارەکەی کردوە بەوەی ناوچەیەکی سەربازی گرنگ بوە و فراوانی کردوە، بە جۆرێک پاشای ئاشوری (تەجلات پلاسەری سێیەم) ساڵی 745-727ی پێش زاین خۆی و دارودەستەو هێزەکەی وەک و بنکەیەکی سەربازی بەکاریهێناوە، هەندێ سەرچاوە جەخت لەوە دەکەنەوە گوایە (نەبوخوزنەسر) کوڕی (ئابۆبلاسەر)ی پاشای بابلیەکان ئەم شارو قەڵایەی دروستکردوە لە 605-562ی پێش زاین، دوای ڕوخانی نەینەوا لەساڵی 612ی پێش زاین.
٭ لە کتێبی مێژووی گشتی ئێرانی، سێرجان مەلکن هاتوە گوایە دامەزرێنەری کەرکوک (بەخت نەسر-بختنسر)بوە، کە دەکاتە پاشای بابلی نەبوخوزنەسر، کە تاڵانی جولەکەی کردو ژمارەیەکی زۆریانی لێ بەدیل گرت و هێنایانی بۆ بابل، ئەگەری ئەم ڕوداوە لە ڕاستیەوە نزیکە، چونکە لەهەندێک لە سەرچاوە و کتێبی جولەکەکان دا باسی ئاگرو گڕی بابەگوڕکوڕ دەکرێت، لە سەردەمی نەبوخوزنەسر لە ساڵەکانی 550ی پێش زاین.
٭ چیرۆکێکی ترباس لەوە دەکات کە دروستکردنی قەڵا یان کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ 550ی پێش زاین وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە، لە سەردەمی نەبوخوزنەسر کە دەکاتە کوڕی ئابۆبلاسەری سەرکردەی سوپای ئاشوریەکان، قەڵاکە زنجیرەیەک گردی بچوک بوە، بە فەرمانی نەبوخوزنەسر زنجیرەگردەکان پڕکرانەوە و تەخت کران و بوە دەشتێکی پان، تا لە دوای دا کەوتنە قایم کردنی وەک بنکەیەکی پیرۆز، زیارەتکەران دەهاتن بۆ سەردانی، بۆیە بەردەوامی دا بە فراوانکردن و بیناکردنی ئەو شوێنە بۆ زیارەتکەرەکان.
٭ هەرچەندە ئەم شارە ئاوەدان بوە لە سەردەمی (ئەشبی-ئەرا) ساڵی 297ی پێش زاین کە پاشماوەی سەلالەتی ئوری سێیەمی لێ بەدی کراوە، ئەمە ئەو ڕاستیە دەرەخات، کە شاری کەرکوک و قەڵاکەی زۆر لە ئاشور پانیپاڵ کۆنتر بوە بە نزیکەی چوار سەدە پێش ئەو.
٭ کاتی دۆزینەوەی 51ڕەقەمی قوڕی لەساڵی 1923کە بریتییە لە دەسنوسی مێخی، ئەودەسنوسانە بۆ هەزارەی دووهەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە، لە شیکردنەوەی ئەو ژمارە دەسنوسە قوڕێنییە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە شاری ئارابخا پێی وەتراوە ئال-ئیلانی بە زمانی ئەکەدی واتە شار یان گەڕەک یان خوداوەند دەگەیەنێت.
٭لێکۆڵەر(س.ج.کاد) لە گۆڤاری ئاشورییان و زانستی شوێنەواری ڕۆژهەڵات ساڵی 1926لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پەنجاو یەک ڕەقەمی قوڕینیەکە کە لە گردی کەرکوک دۆزراوەتەوە نوسیویەتی، کەرکوک بریتی بوە لە شارێکی کۆن بەناوی ئارابها -ئارابخا، بەگشتی پێی وتراوە ئەرابها، پایتەختەکەی لەناو کەرکوک بوە، بە شاری خوداوەند ناوزەد کراوە.
٭ چیرۆکێکیتر هەیە گوایە یەکێک لە پاشاکانی بەناوبانگی ئێرانی لەدەست زوڵم و زۆری پاشای ئێرانیەکان لە وڵاتی فارس، ناوچەکەی خۆی جێهێشتوە، لەگەڵ دارودەستەکەی بەم ناوچەیەدا تێدەپەڕن،کاتێ دەبینن ئاوو هەوایەکی لەباری هەیەو بۆ ژیان گونجاوە، جگە لەگڕی ئاگرەکەی سەرنجیان ڕادەکێشێ، بڕیاری ئەوە ئەدەن لەوێ دا بارگەی خۆیان بخەن و لێی نیشتەجێ بن، بۆیە بڕیاری دروستکردنی ئەو قەڵایەی ئێستای داوە، سەرەتا هەڵساوە بە دروستکردنی چاڵ بە پانی پەنجا پێ و بە قوڵیەکی وا بگاتە ئاو لە شێوەی بازنەیی، پاشان کەڵەکە کردنی خۆڵ لە دەوری بازنەکان، بەوەش سەرەتایەکی بۆ قەڵاکە فەراهەم کرد، لە دوایدا دەستی کرد بە دروستکردنی بورج و سەنگەری قایم،تا بوە قەڵایەکی سەربازی بەهێز، لەگەڵ ئەوەش دا خانویان لەسەر قەڵاکە دروست کرد، بۆ نیشتەجێ بونی دارودەستەکەی، شوێنێکیشی دروست کرد بۆ ئەو کەسانەی ئاگریان دەپەرست و دێن بۆ زیارەت، لە پای ئەم کارە باجیان لە زیارەتکەران دەسەند و بەم ئیشەشیان دەوت کارکۆک، واتا کاری کۆک یان قورس.
ئەوەی دەیبین هەموو ڵێکۆڵینەوەکان و چاوگی سەرچاوەکان زۆر ئاڵۆزن تا بتوانن مێژووی دروستکردنی شارو قەڵای کەرکوک دەسنیشان بکەن، بەڵکو هەر یەکە هەوڵ ئەدات بۆ سەردەم و بیروبۆچونی خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی حاشا هەڵنەگرە کەرکوک زۆر لەوە دێرینترە کە لێکدانەوەی بۆ کراوە چونکە شوێنی جوگرافیایی وای کردوە، خەڵک و دەسەڵاتداران بە پەرۆشەوە ڵێی نیشتەجێ بن و بیخەنە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیانەوە، ئەو ئاڵۆزیەی کە ئێستاش شارەکەی تەنیوە لە پێکهاتەی جیاوازوو بیروباوەڕی ئاینی جیاواز دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی ناوچەکەو دابینکردنی ژیانی داهاتوی دانیشتوانەکەی.