بەهرۆز جەعفەر: هەتا کەی کورد لە بەردەم هەڕەشەکاندا درێژە بە مانەوەی خۆی ئەدات؟
هەر لە سروشتەوە، لە ژیانی ئاژەڵانەوە، مێرولەکان بیر لەوە ئەکەنەوە چۆن پاشەکەوتێکیان هەبێت و دانەوێڵە بۆ وەرزەکانی تر کۆئەکەنەوە. گورگ وانە بە بێچوەکانی ئەدات چۆن خۆیان بپارێزن، مەڕ و بەرخە گۆشت خۆشەکانیان پێ ئاشنا ئەکات، لە مەترسییەکانی “شوان”یش ئاگاداریان ئەکاتەوە، تێیان ئەگەیەنێت ڕاستە ئەو “سەگ”انە لە خۆیان ئەچن، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوان نیین.
یەک بیرکردنەوەی بچوکی ئەوێت، ئەوەتای ڕێوی لەم سەر زەوییە هەیە نەیتوانیوە “ژیژک”ێک بخوات. ژیژک – Hedgehog بە چەند گەورە بێت کێشەکەی هەر دوو کیلۆگرامە، بەڵام بە (6000) دڕک خۆی داپۆشیوە بۆ پاراستنی خۆی.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆچی نێودەوڵەتی-IOM، هەروەها پەیمانگەی برۆکینجز، هەر ئێستا لە یەمەن (24) ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری سەرەتایی هەیە. بە دیاریکراوی (7.964) حەوت ملێون و نۆسەت و شەستو چوار هەزار سوری لە تورکیا وەک پەنابەر ئەژین! لە کەمپی “ئەلهۆڵ” لە ژێر دەستی هێزەکانی ئاسایشی خۆ- سەر لە سنوری عێراق و سوریا (56000 بۆ 63000) هەزار داعش و ژن و مناڵی داعش هەن! کە سەروو (90٪) ژن و مناڵن، خەڵکی (57) دەوڵەتی ئەم جیهانەیان تێدایە، نزیکەی (6300) مناڵی خوار (14) ساڵ و سەرووتر ئێستا ڕاهێنانی جۆراوجۆریان لەسەر “توندڕەوی” پێ ئەکرێت. بێگومان و سەت جار بێگومان هەموو ئامانجەکە بەکارهێنانی تیرۆر و توندڕەوییە دژی کورد، چۆن و لە کوێ؟ لەو هێڵە جوگرافییەی کە لە (2013) ەەوە هەر لە خانەقینەوە تا دووز و کەرکوک و شەنگال و خانسۆر و سنونێ کە پەلاماری کوردو لادێکان بدەن و، هەڵیان بکەنن و بیانکوژن!
ئەم نەخشەو پیلانە، ئەقڵی دەوڵەتیی ناوچەیی کاری لەسەر ئەکات و، ئێستا هاتونەتە ئەمدیوی ئەو هێڵەشەوە، بۆ نمونە لە لەیلان کوردەکان ناوێرن جموجوڵ بکەن، لە ناوچەی قەرەحەسەنی ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، لە کفری و بگرە دەوروبەری دەربەندیخانیش بێرو بڕۆیان هەیە!
لە عێراق، دۆخەکە ئەگەر شەڕیش نەبێت، ئەگەرە بەهێزەکە هەرئەوەیە بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی شیعەکان بڕوات، ئەوەی جەنگەکەی ڕاگرتووە مەرجەعیەتی نەجەف و ئێرانە دژی شەڕی شیعە- و- شیعەن. وڵاتەکە بە گشتی ڕووداوە ژینگەییەکان هەراسانی کردووە، ووشکەساڵی و بیابانبون کاریگەری خۆی بە ڕێژەی (40٪) داناوە، ئەمەش بوەتە هۆی کۆچ کردن و چۆڵبونی زۆر ناوچە، هەشت دەریاچەی مێژوویی (4) دانەیان ووشکبون و تووشی بە هەڵم بوون-Evaporation ی بونەتەوە. میلیشیا شیعەکان و گروپە سیاسییەکان لەم مەترسییانەو ئەوە تێ ناگەن کە (9) ملیۆن هاوڵاتی عێراق لە هێڵی هەژاریدایە…
یەک نە بوون و چەند ڕیزی و شەڕە جنێو و حەزی شەخسی و نەبینینی مێژوو، ڕێز نەگرتن لە کێلی ئەو گیانبازانەی دوێنێ خۆیان بە قوربانی خاکی کوردستان کرد، کوردوستانی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەک کە ڕووئیایەکی زانستی و یەکگرتوو نەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکان و زیادکردنی دەرفەتەکان. شەڕە قسەو گەڕ-کردن بە یەکتر ڕەنگە بەشێوەیەکی کاتیی هەندێ بزافی گەیاندبێت بە هەندێ پێگەو پایە، بەڵام دواتر وەک چیلکەو چەواری دوای لافاو کەوتونەتە کەنار و، لە کاروانی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی دایبڕاندوون.
عێراق، بەو ئاستەش قووڵایی ستراتیجی کوردستان نییە. لە ساڵی (2021) دا بایی نزیکەی (21.5) تریلیۆن و نیو دینار چەکی کڕیوە، بە پلەی (11) هەم دێت لە جیهاندا بۆ کڕینی چەک، بەڵام گولـلەیەکی بە پێشمەرگە نەداوە، میلیشیاکان لە عێراق “درۆن”یان هەیە، بەڵام بە نزیکەیی درۆن هەر قەدەخەیە کە پێشمەرگە هەیبێت! بانکەکانی عێراق بە ڕاست و چەپدا لە (50 ملێۆنەوە بۆ 150 ملیۆن) دینار قەرز بە هاوڵاتی عێراقی ئەدەن، بەڵام هیچ کوردێک ناگرێتەوە!
ئابوریناسی ئەمریکی “بە ڕەگەز ئەڵمانی” (فریدریچ لیست- Friedrich List) بە یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی واقیعییەت “ڕیالیزم” دائەنرێت، لەبەرئەوەی کتێبی سیستەمی نیشتیمانی بۆ ئابوریی سیاسی- the National System of political economy” لە ساڵی (1823) دا نووسی، بە کورتیەکەی ئەو لایوایە نەتەوەکان کاتێک ئەتوانن ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە، یان کێبڕکێ بکەن لەگەڵ ئەوانی تردا، کە لە پیشەسازیی بچوک و مانیفاکتۆرەوە دەست پێ بکەن، ئەوەش وەهایان لێ ئەکات ببنە خاوەنی پیشەسازیی مامناوەند و گەورەو، بەمجۆرە هێزی دەوڵەت و سیستەمی نیشتیمانی توند گرێ ئەدات بە پیشەسازییەوە. پیشەسازیی بون یەکێکە لە سێ پایە گەورەکەی “ناسیۆنالیزم”. پێویستە کورد، لەبری زمانی زبر بەرانبەر یەکتر، تەنانەت لە بری ئەوەی هەموو جنێو بە فاشیزمی تورک بدەن، سەیری خۆیان بکەن زۆربەیان “پێڵاوی تورکی” لە پێ ئەکەن. هیچ لە دروستکردنی جووتێک پێڵاو ئاسانتر نییە، دوو ئەندازیاری “چین” ی بهێنین و ماددە سەرەتاییەکان “مەوادی ئەوەلی” دەست نیشان بکات، قەیتانەکان لە چەمچەماڵ و ژێری پێڵاوەکە لە مەخمور و بەرگەکەی هەولێر دروست بکرێت، دەیان هەزار هەلی کار دروست ئەکات. دوایی ئەوە بیر لە برنجی ئاکرێ و هەناری هەڵەبجە بکرێتەوە، بەمجۆرە هەلی کارو خۆبژێوی و سیستەمی باجی نیشتیمانیش بەرجەستە ئەبێت.
هەرێمی کوردستان، سووچە ئارامەکەی کوردستانی گەورەو عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێویستە بیر لە پاراستن و بەرز ڕاگرتنی بکرێتەوە. لە جەمسەری باکور و لە دوورترین گۆشەکانی گۆی زەوی تسونامییەک یان داڕمانێکی بەفر دروست بێت، کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ئەم هەرێمی کوردستانە دروست ئەکات، چونکە لە بازاڕدا بەرزی و نزمی لە نرخی نەوتدا دروست ئەکات. پەرتەوازەیی عێراقی وەکو سوریاو لیبیا لێ کردوە. چۆن گوایە هەڕەشەکان لە بەردەرگاو لە قووڵایی ستراتیجی کوردستاندا بەردەوامییان هەیەو، لەناوخۆشدا خەریکی موزایەداتی بێ ماناو دەنگە دەنگن؟! ئەڵێی ئاگاداری مەترسییەکان نیین تاوەکو ئێستا شەش پەرلەمانتارە کوردەکەی کەرکوک یەک کۆبونەوەی هاوبەشیان پێکەوە ئەنجام نەداوە؟! ئەڵێی هەر تەماشای بەر لووتی خۆمان ئەکەین نابینین بانکەکانی ئەوروپا خەریکی کڕینی مۆلیدەن بۆ وڵاتەکانیان!؟