سەردەشت محەمەد: باڤڵ تاڵەبانی” لەنێوان هەنگاوی یەکەم و دووەمی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیدا.
هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕاستییە بکات کە گەندەڵی وەک پەتایەکی کوشندە بەنێو جەستەی ئەم دامەزاروە حیزبی و حکومییانەدا بەجۆرێک ڕۆچووە کە چارەسەری بنەڕەتی کارێکی ئێجگار قورسە. چونکە ئەوانەی لەم گەندەڵییەدا تێوەگلاون و دەستیان داوە بەگەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی هەرێم و بەکارهێنانی پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان فەرمانبەر و کەسانێکی ئاسایی نین، بەڵکو ئەوانەن کە خۆیان لە سەروی هەرەمی دەسەڵاتدان و ئەزمونێکی باشیان لە چۆنێتی و شێوازی ئەنجامدانی گەندەڵیدا هەیە و ڕۆژانە داهێنانی نوێ لەبواری گەندەڵیدا دەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش هێشتا ناکرێت مرۆڤ بێهیوابێت و دەستەوەستان بێت بەدیار ئەم هەمو بەهەدەردانەوە و نەتوانێت هەتوانێک بخاتە سەر ئەم برینە قوڵە.
ئەو هەنگاوەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ناوێتی بۆ ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی، هەنگاوی یەکەمی ڕووبەڕوبونەوەکەیە، ئەویش قۆناغی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ بەشێک لەوکەسانەی کە لەم دەسەڵاتەدا لە خوارەوەی هەرەمەکەدان و هەر سەرکردە و هەر لایەنێک بییەوێت زۆربەئاسانی دەتوانێت هەم هەنگاوە بنێت، بۆیە دەتوانین بڵێین یەکەم هەنگاو هێشتا بەلای ئێمەی هاوڵاتی ئاسایی و بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنیەوە ئەوانەی لەخەمی کەمبونەوەو نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵیدان هێشتا زۆر جێگەی دڵخۆشی نییە، بەڵکو ئەوەی زیاتر ماییەی دڵخۆشییە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە و ئەنجامدانی قۆناغی دووەمی ئەم ڕوبەڕوبونەوانەیە کە ئەویش قۆناغی سزادان و دەستگیرکردن و دەرکردنی هەمو ئەوکەسانەیە کە لەپشت فەرمانبەرێکی ئاساییەوە وەک یاریزانێکی بەتوانای شەترەنج توانیویەتی فەرمانبەرێک یان زیاتر لەبەردەستی خۆیدا بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی و کۆکردنەوەی سەروەتو سامانێکی ناشەرعی، کە بەبڕوای من ئەم قۆناغە بۆ باڤڵ تاڵەبانی قۆناغێکی سەختەو سەرکەوتن تێیدا ئەستەمە، چونکە هەم مێژووی گەندەڵیی و هەمیش شێواز و چۆنێتی ئەنجامدانی گەندەڵییەکەو ئەوانەش کە یاریکەری سەرەکەین لەم یارییەدا ئەوەندەزۆرن و خاوەن ئەزمونن زەحمەتە
“تاڵەبانی” بتوانێت وەک خۆی ئەوئامانجانەی بپێکێت کە دایناوە بۆ ڕێگریکردن لەپەتای گەندەڵی. بەڵام هەرچۆنێک بێت ناکرێت بڕیاری بەپەلە لەسەر ئەم هەڵمەتە بدەین و دەبێت چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەم پرۆسەی چاکسازییەبین تائەوکاتەی کە تاڵەبانی دوابڕیاری خۆیدەدات و لە شوێنێکدا خاڵێک دادەنێت ئەوکات دەتوانین بڕیاری دروست تر لەبارەی هەنگاوەکانی تاڵەبانیەوە بدەین و لەنێوان هەنگاوی یەکەم و دووەمی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیدا هەڵسەنگاندن بۆ هەڵمەتەکەی تاڵەبانی، بکەین.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts