عیماد عەلی: دەشێت کورد متمانە بە رەوتی صەدر بکات؟
نەک بۆ هاوپەیمانێتیەکی چەند رۆژەی تەکتیکی و کورتخایەن، بەڵکو بۆ پرسێکی ستراتیجی دوورخایەن و بەرژەوەندیەکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانی کوفرە کورد متمانە بە صەدر و رەوتەکەی بکات. بۆچی؟ کۆمەڵێک هۆکاری دروست هەن واتلێدەکەن تەنانەت لە رێکردنی چەند هەناگوێکدا گومان لە بیرکردنەوە و رەفتار و سیاسەتی صەدریەکان بکەیت. کە تەماشای رەفتاری رۆژانەی ئەم پیاوە و ئەو ئامرازەی دەستی وەک رەوتێکی سیاسی دەکەیت، کە لە پەیوەندی و رەفتارەکانی لەگەل هاوپەیمانەکانی و لایەنە نزیک و دوورەکانی لە روخانی صەدامەوە تاوەک ئەمرٍۆ دەکەیت، کە گوێ لەو قسانە دەگریت باس لە مامەلەی لەگەڵ نەیارەکانی لەم ماوەیە کردووە، کە لە پەیوەندیە ناوەکی و دەرەکیەکانی دەکۆڵیتەوە، کە بیر لە بیروباوەری سیاسی و ئایینی دەکەیتەوە، کە رەفتار و مامەڵەی لەگەڵ هاورێ و کەسە نزیکەکانی دەکەیتەوە، کە دەچیتە بنجوبنەوان و ئەصل و فەصلی و چۆنێتی کارکردنی باوکی و بە میراتی مانەوەی سیاسەتەکانی بۆ کورەکەی بۆت دەردەکەوێت کە چیان لەبەرچاو گرتووە و نەگرتووەو چۆن سیاسەتیان کردووە و ئاینیان بۆچی بەکارهێناوە و خەڵکیان بۆچی بەکارهێناوە و چیان لەبەرچاو گرتووە. ئەوسا کە تەماشای عەقڵیەتی سیاسی کوردەکەی لای خۆمانیش دەکەیت، کە چەند خۆشباوەرٍن بە دۆست و دوژمن، کە چۆن و چەند پەیوەندی ستراتیجی و تەکتیک لەبەرچاو ناگرن و بەیەک ئاراستە و سیاق سیاسەت دەکەن، کە لە خۆخۆری بەردەوامن و دوژمن پەرستن، کە تەنها بیر لەو کاتە دەکەنەوە کە تێیدان، کە پشتی برای خۆیان لە ئەرز دەدەن و دوژمن پەرستن، کە پارەپەرست و بیرکردنەوەیان لە دەرگای حزبەکانیان تێپەرناکات و لە یاری نێوان ئەو دوو لایەنە چ هاوپەیمان بن یان نەیاری یەکتر کێ براوەو کێ دۆراوە. ئەوسا بۆت دەردەکەوێت کە بەو سیفەتانەی ئەودوو لایەنە، کورد و صەدریەکان پەیوەندیان لەسەر حەبلێکی باریکی پەرینەوەی بردێکی خەتەرناکی نێو جەنجاڵی دارستانێکی پر لە جرٍوجانەوەرە و بە هیچ شێوەیکی تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتی قۆناغێکی گوزەر و تێپەریش دڵنیایی مسۆگەر ناکەیت و متمانە لەنێوانیاندا بەرجەستە نابێت، ئەوە ئەگەر ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە لە سیاسەتدا هاورێیەتی بەردەوام نیە، بەڵکو بەرژەوەندی بەردەوام هەیە و دەکرێت لە بوونی بەرژەوەندی بەردەوامیش لەگەڵ رەوتی صەدردا متمانە بە بەردەوامی هاوپەیمانێتی نەکەیت و لە ئاراستەی کاری تەنها سەعاتێکی رەوتی صەدر لە رەفتارەکانی دڵنیا نەبێت و نەتوانیت متمانەی پێبکەیت.
کەوا بێت لەم کاتەدا پێویستە چی بکرێت؟ با لە باسکردنی نزیکبونەوە و هاوپەیمانێتی و برایەتی کورد خۆی لێگەرێین، بەم عەقڵیەت و پێکهاتە و کەرەستە و پەیوەندیە دەرەکیانە، ئەو کارە وا بەئاسانی ناکرێت، بەڵام ئەوەی ئاسانە و دەکرێت کورد بەم حاڵەشەوە ئەو رێگەیە بگرێتەبەر ئەوەیە کە تەنها وەکو خۆیان بمێننەوە و هیچ پەیوەندیەکی تایبەت لەگەڵ هیچ لایەنێکی نێوخۆیی عیراقی نەبەستن و خۆیان یەکلایینەکەن و نەبنە هاوپەیمانی لایەکیان بەتەنها، لەم کاتەدا ئەو هەلە لە ئارادایە، ئەوان بەخۆیان بەرژەوەندیەکانیان رێگە بە کورد نیشان دەدەن بۆ چۆنێتی رەفتاری جیاواز و ئەمان تەنها بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت لە سیاسەتی گشتی کوردانە هاوکاری یەکتر بکەن بۆ هەڵبژاردنی راستترینیان.
لێرەدا دەکرێت کورد بزانێت کە یەکلاییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان هەرکامەیان بێت یەکێتی یان پارتی لەگەڵ چ تاکە لایەنی عیراقی، هەماهەنگی بێت یان رەوتی صەدر لوتکەی نەزانی و لێدانە لەخۆ، بە تایبەتی لەم کاتەدا کە هەلی بەخۆداچونەوەی کورد هاتۆتە ئاراوە.
بۆیە، لەم باردۆخ و روشەی لایەنەکانی عیراق و صەدر بە تایبەتی لەم کاتەدا پێویستی بە هاوپەیمانیەکی کوردە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی، واباشترە پارتی دارەکە لە ناوەراستدا بگرێت و بریاری هاوپەیمانی یەکلایی نەدات و یەکێتیش خۆی لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی یەکلایی نەکاتەوە و تا دەکرێت لەوبارە خۆی بدزێتەوە با ئەوان هەمیشە پێویستیان بە هەردوولایەنی کوردی بێت.