بورهان شێخ رەئوف: نرخی نەوتی روسی لای حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە.
كۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازیەکە بڕیاریاندا هەنگاو بنێن بۆ دانانی سنوورێك بۆ نرخی نەوتی خاوی روسی، وەكو هەنگاوێكیش بۆ رێكخستنەوەی نرخی نەوتی خاو لە سەر ئاستی جیهان، هەروەها كەمكردنەوەی داهاتی روسیاش لە داهاتە نەوتییەكەی.
خۆرئاواییەكان بە پلەی یەكەم دەخوازن لە رووی داراییەوە شكست بە روسیا بهێنن، كە بەرهەمی بەرزبوونەوەی نرخەكانی وزە سوودی زۆری پێگەیاندووە هەر لە نەوتی خاو و غاز و تەنانەت خەڵوزیش.
ئەم پێشنیازە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی نیسانی 2022، كاتێك نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتە120 دۆلار، بۆیە لەم ڕێگایەوە دەخوازن شادەماری داهاتی نەختینەی بیانی لە مۆسكۆ ببڕن.
ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا هەوڵدەدەن ئەم هەنگاوە بنێن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا نەبێتە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی نەوت.
ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برینت 95 دۆلارە لە دۆخی مامناوەندا، خۆرئاواییەكان لەو بڕوایەدان هێشتا 30 دۆلاری زیاترە لە دۆخی مامناوەندی پەسەند بەلای ئەوانەوە.
روسیا لە دۆخی ئاساییدا بە سێیەم بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر ئاستی جیهان دێتە ئەژماردن لەدوای ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە، كە بەرهەمی رۆژانەی11 ملیۆن بەرمیلە، رۆژانە 5 ملیۆن بەرمیلی هەناردەی دەرەوە دەكات بە خاوی 8.2 ملیۆن بەرمیلیش بەشێوەی بەرهەمە نەوتییەكان بەرهەم دەهێنێت.
2. 9. 2022 وەزیرانی ئابووری حەوت وڵاتەكە، وەک كەنەدا و فەرەنسا و بەریتانیا و ژاپۆن و ئەمریكا و ئەڵمانیا و ئیتالیا رەزامەندییان دەربڕی لەسەر پلان و نەخشەڕێی دیاریكردنی بنمیچێك بۆ نرخی نەوتی خاوی روسی.
لەلای خۆشیانەوە روسەكان رایانگەیاند كە دەستەوەستان ناوەستن لە بەرامبەر هەوڵەكانی خۆرئاواییەكان بۆ دیاریكردنی سنوورێك بۆ نرخی نەوتەكەیان، یەكێك لە ئەگەرەكانی بەردەمیان نەناردنی نەوتی روسیایە بۆ دەرەوەو بەم هەنگاوەش بازاڕەكانی جیهان گڕدەگرن هێندە بەرز دەبنەوە.
ئەو حەوت هێزە گەورەیە دەخوازن بەم پلانە بنمیچێك دابنێن بۆ نرخی نەوتی خاوی روسی كە وڵاتە بەكاربەرەكانی نەوت پابەند بن پێیەوە و لێی لانەدەن لە بۆندەكانی كڕینی نەوتی روسیدا. بەڵام تائێستا حەوت وڵاتەكە هیچ نرخێكیان دیاری نەكردووە كە دەخوازن جێگیری بكەن، پێ دەچێت ئەوە كۆتا هەنگاوی پلانەكەیان بێت، كە لەگەڵ وڵاتانی گەورەی بەكاربەری نەوتی روسی باسی دەكەن.
لایەنێكی تری ئەم پلانە گوشارێكە بۆ سەر مۆسكۆ بۆ بێبەشكردنی لەو داهاتە زۆرەی كە بەدەستی دەهێنێت لە نرخی بەرزی نەوت و غاز و خەڵوز بۆ درێژەپێدانی ماشێنی جەنگی دژ بە ئۆكرانیا. بەڵام بەربەستی گەورەی بەردەم ئەم نەخشە و پلانەی حەوت وڵاتە گەورەكە، چۆنێتی قایلكردنی وڵاتانی گەورەی بەكاربەری نەوتی روسیایە ئەوانیش چین و هندستانن كە هێشتا هیچ ئاماژەیەكیان نەداوە كە ئایا دەچنە ژێرباری ئەم داخوازییەی خۆرئاواییەكان؟
یەكەم هەنگاوی خۆرئاواییەكان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەیان قەدەغەكردنی دڵنیایی گواستنەوەی هەموو بارەكانی نەوتی خاوی روسیە بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەمەش خاڵی بەهێزی ئەو وڵاتانەیە كە خاوەنی 90٪ كۆمپانیاكانی دڵنیایی گواستنەوەی دەریایین.