شــــوان خورشــــید: کورد لە هەگبەی سەرکردە عێراقیەکاندا.
لە دامەزراندنی عێراق و لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراقی عەرەبیەوە تا ئەمڕۆ، هیچ سەرکردەیەکی عێراقی عەرەبی، بیری شۆڤێنیستیان ڕێگەی ئەوەی پێ نەداون، بیر لە مافەکانی کورد بکەنەوە، تا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت، بە حیساب لە بەڕێوەبردنی عێراقی فیدڕاڵ شەریکین و، لە دەستوری عێراق کورد وەک نەتەوەو هاوبەش لەعێراق ئەژمار کراوە، بەڵام شۆڤێنیستی وای کردوە،کورد وەک نەتەوەو خاوەن ماف نەخوێندرێتەوە، جارێ هەر لە لکاندنی باشوری کوردستان بە سەر عێراقی عەرەبی لەسەر دەستی ئینگلیزەکانەوە، تا پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، سەرجەم ڕژێمە فەرمانڕەواکان لەعێراق بە چاوی دوژمنایەتیەوە لە کوردیان ڕوانیوەو، دەسبردن بۆ مافەکانیان بەحەرام و یاساغ سەیرکراوە، تا پرۆسەی ئازادی عێراق و، دوای ئەوەش سەرکردەکانی عێراقی لەوە نەگەیشتون،کە گەلی کورد و خاکی کوردستان بێ ویستی خۆێ دابەشکراوەو، باشوری ووڵاتەکەی لکێندراوە بە عێراقەوە، لەوەش تێنەگەیشتون کە تا کێشەی کورد، چارەسەر نەکرێت و مافەکانی خۆیان بەدەست نەهێنن، کێشەو ئاڵۆزی یەخەی عێراق بەرنادات و، عێراق بۆ هەمیشە لە نێو قەیران و ئاڵۆزی و شەڕو قاتوقڕیدا دەبێت.
چون مێژوو شاهیدی ئەو ڕاستییەیە، هەر لەسەرەتای دروست بونی عێراقەوە، بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردەوە، عێراق ئارامی و سەقامگیری سیاسی بە خۆیەوە نەبینیوەو ناشیبینێت، بۆیە دەبینین هەموو کات، مەیدانی کێشەو شەڕو ڕشتنی خۆێن بوە، سەرەڕای دەسوەردانی دەرەکی و قۆستنەوەی ناڕەزایی کورد لە باشوری کوردستان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان، چونکە هیچ کام لەو ووڵاتە بەرژەوەند خوازانەی دەورووبەر چاوەڕێی عێراقێکی بەهێزوو خاوەن پێگەو سەروەری بۆ ناکەن،مەبەستیان عێراقێکی بێ سیادەو لاوازوو پڕ لە کێشەو ململانێیە، نەک عێراقی یەکگرتوو،خاوەن سەروەری و تۆکمە، بۆیە ئەوەندەی کێشەکانی پێکهاتەکانی عێراق ناوخۆییە، زیاتریش دەستی دەرەکیە وای کردوە سەرکردەکانی عێراق پژاردە ڕاستەکە هەڵنەبژێرن بۆ بنبڕکردنی یەکجارەکی کێشە ناوخۆییەکان.
پێشتر و بەر لە ڕوخانی ڕژێمی بەعس، تاکڕەوی دەسەڵاتدارە عێراقیەکان و بیرە شۆڤینیستەکانیان وای کردبوو، تەنها خۆیان ببینن و، لەبەرامبەر هەر داواکاریەکی کوردی باشوری کوردستان، بە ئاگرو ئاسن وەڵامی داخوازیەکانیان دەدرانەوە، بەڵام دوای ڕوخانی بەعس و بنیاتنانی عێراقی فیدڕاڵ، پێمان وابوو پەند لە ڕابردوو وەرگیراوەو، ئەو ڕوداوە تاڵانەی ڕابردوو، دوبارە تاقی ناکرێنەوە، چونکە زۆربەی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە عێراقیە شیعە مەزهەبەکان، لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان بون و، لەسەر ئەرکی پێشمەرگەو شۆڕشی کورد، درێژەیان بە ڕکابەری ڕژێمی بەعس دەداو، کوردستان قەناتێکی پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی ئۆپۆزسێۆنی عێراقی و لایەنگرەکانی بونە، لایەنە کوردیەکان سەرەڕای ئابلوقەی ئابوری و سەربازی لەسەریان، هەمیشە پشت و پەناو پەناگایان بونەو یارمەتی دەروو هاوکاریان بونە، بۆ درێژەدان بە دژایەتی بەعسی دوژمنی هاوبەشیان، تا ڕوخانی بەعس لەسەر دەستی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی و گەڕانەوەی ئۆپۆزسێۆنی عێراق لە تاراوگەو گەیشتن بە دەسەڵات.
بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ڕاستە دۆستی دوێنێی دژ بە ڕژێمی بەعس، ئەمڕۆ دوژمنی سەرسەختت بێت، لە کاتێک دا هاوبەشی فەرمانڕەوای و بەڕێوەبردنی ووڵات بێت، لە دەستوری عێراق کە هەموو گەلی عێراق لەسەری ڕێکەوتون، کە گەلی کوردیش لە بەڕێوەبردنی عێراق بەپێی دەستور مافی هەیە، بەڵام دەبینین پێچەوانەکەی دەردەکەوێت،ئەوەی لێی چاوەڕوان بوین وا دەرنەچوو،سەرەتا و دوای داڕشتنەوەی دەستور، تا هێزە سیاسیە عەرەبەکانی عێراق جێ پێی خۆیان بەهێز نەکردبوو، دەستوور پێ شێل نەدەکراو کێشە لە عێراق وەک ئەوە نەبوو کە ئێستا بە ئاشکرا دەبینرێت. ئێستا کام دەسەڵاتداری سیاسی عێراق دەبینیت،لە هەموو کابینەکان، لە کوتلە براوەکان، هەوڵ ئەدرێ کوردو مافەکانیان پەراوێز بخرێت، دەستور بە ئاشکرا پێ شێل دەکرێت، ئابلوقەی سیاسی و سەربازی لەسەر کوردستان توندتر دەکرێت، کەواتە ئەگەر بمانەوێت بزانین چی لە توێشەبەرەی سەدرو عامری و مالیکی و کازمی و خەزعەل و مەرجەعی شیعەو فڵان و فیسار بۆ کورد هەیە، دەڵێین هیچ جگە لە سڕینەوەی کورد و کورد بون. ڕاستە ئەمانە هەمان مەعاناتی ئێمەیان هەبوە بەدەست ڕژێمی بەعسەوە، بەڵام بیری شۆڤێنی ڕێگای ئەوەیان پێ نادات ڕاستیەکان ببینن، لەوە تێ ناگەن تا کورد بە مافەکانی خۆیان نەگەن، عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، چونکە ڕژێمەکانی پێشووتریش ئەوەیان تاقی کردۆتەوەو بە دوا مەنزڵ نەگەیشتون، کەواتە ئەوەی دەمانەوێت لە عێراقی تازەو دوای ڕوخانی بەعس بۆ کورد هیچی لێ سەوز نابێت و کورد هیچی لێ هەڵناکڕێنێ، چەند هۆکارێکیش هەن تا کارەکە ئاوا بگاتە بنبەست وجێگای نائومێدی، وەک خودی کورد یان، جوانتر بڵێین سیاسەتی حیزبە کوردیەکان، لە چونیان یان لە شەراکەتیان لە گەڵ عێراق ئەوەندەی لە خەمی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان بن، هەوڵی بەدەستهێنانی پلەو پۆستن، پلەو پۆستیش بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد نا بۆ کەڵەکە کردنی سەروەت و سامان بۆ حیزب و سەرەزلەکانی حیزب.
لەلایەکی ترەوە بیری شۆڤینیستی عەرەب و خوو پێوەگرتن و ڕزگار نەبوون لەو کەلتورە دواکەوتوە کە تا بیناقاقایان هاتوە، وای کردوە ئەو ڕاستیە نەبینن و مێژوو بە چەواشەیی و سەرەولێژی ببینن، ئەوە هەزم بکەن کە عێراق بەهۆی جیاوازی پێکهاتەییەوە، بەتایبەت بونی کێشەی کوردەوە ئیستیقراریەت بە خۆیەوە نابینێت و هەمیشە جێگای شەڕوو شوڕو ئاڵۆزی دەبێت، بە جۆرێک نە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت، نە گەلانی عێراقیش ئاسودە دەبن، لە کاتێک دا دەسەڵاتدارانی عێراقی باش ئەوە دەزانن و پێشتریش تاقیانکردۆتەوە، بەهێشتنەوەی دۆخی باشوری کوردستان بەو شێوەیەی کە هەیە، عێراق لە جێی ئەوەی هەنگاوی پێشکەوتن و چونە ڕیزی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە ببنەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە لێواری دواکەوتویینزیک دەبێتەوە، بەڵام بیری شۆڤێنی ڕێگا بە دەسەڵاتدارانی عەرەبی شیعەو سونە نادات ئەو ڕاستیە هەزم بکەن و ڕێگا عەقڵانیەکە هەڵبژێرن، هۆکارێکی تر کە زۆر بە زەقی هەستی پێ دەکرێت، بونی دەسوەردانی ووڵاتە دراوسێکانی عێراقە کە ڕێگا بەوە نادەن کورد لە ژێر دەستەیی ڕزگاریان ببێت و ببنە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆیان، چونکە پێیان وایە بە بەدەستهێنانی مافەکانیان کێشە لە ووڵاتەکەیان سەرهەڵئەدات، چونکە بەدابەشکردنی کوردستان بەسەریاندا، ئەوانیش خۆیان لەو ڕاستیە گێل کردوەو تەنانەت کورد وەک نەتەوەو کوردستان، وەک سەرزەمینی کورد سەیر بکەن، بەتایبەت وەک تورکیاو ئێران و سوریا، جگە لە عێراق و ڕژێمەکانی چی نەما بەرامبەر بە داخوازیەکانی کوردی نەکەن،تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی چەکی کۆمەڵکوژوو و قەدەغەکراوی جیهانی و ئەنفال ڕووبەڕویان بکرێتەوە.کەواتە توێشە بەرەی سەرکردە عێراقیەکان بۆ کورد لە باشوری کوردستان خاڵی خاڵیە جگە لە قین و سڕینەوەو بیری شۆڤینی هیچی تری تیا نیە، گەر کوردو سەرکردەکانی کورد بەنیازن شتێکی لێ هەڵکڕێنن، دەبێ لە جیاتی شەڕی پۆست و پلەو پارە، شەڕی دەستور بکەن. چونکە ئەوەی ماوەتەوە تەنها لەڕێی دەستورەوە دەکرێت بەتایبەت مادەی 140دەکرێت کێشە کەڵەکەبوەکانی عێراق و کوردستانی باشور یەکلای بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە چونکە ئەو مادە دەستوریە پارەی تێدا نیەو، بەرژەوەندی حیزبی تیا ساغ نابێتەوە تەنها لە کاتی بانگێشەی هەڵبژاردنەکاندا، بە شەرمنانە هەندێک لە حیزبەکان و بەربژێرەکانیان بانگێشەی بۆ دەکەن ئەوەش تا گەیشتن بە لەتکردنی کێکی سەرکەوتنەکەیان، دوای ئەوە لە فەرهەنگی خەباتیان ناوی نامینێت.