عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ژیان و مه‌رگ له نێو ژه‌هر و ئه‌نفال/ بەشی یەکەم.
جه‌مال دیموکرات پێشمه‌رگه‌و کادر، له گه‌ڵ که‌لسوم خانی هاوسه‌ری و دوو کوڕه‌که‌ی (رێبه‌ر)ته‌مه‌نی دووساڵ و( ره‌وه‌ز ) سێ ساڵ بوو، له گوندی سێوسێنان ی قه‌ره‌داخ ده‌ژیان.
ئه‌و ئێواره‌یه، ئاسمان ساف و بێ گه‌رد بوو، جه‌مال له‌دوای دوو هه‌فته ته‌واکردنی کاره‌کانی، له‌به‌ر سه‌رمای سه‌ر شاخی زه‌رده‌ی قه‌ره‌داخ، به ده‌ست و پلی قڵیشاو و به‌ده‌موچاوی ره‌ش دهگهڕایەوه بۆ ماڵه‌وه، له نیوه‌ی رێگا گوێی له ته‌قینه‌وه‌ی تۆپێک بوو، دوکه‌ڵێکی سپی وه‌ک شیری له‌به‌رده‌می مه‌سۆی رێگه‌ی سێوسێناندا بینی، به‌ره‌و ئاسمان ده‌کشا. دوای چه‌ند خوله‌کێکی تر تۆپێکی تر له نێوان مه‌سۆی و سێوسێناندا به‌هه‌مان شێوه ته‌قییه‌وه، دوکه‌ڵێکی سپی لێ به‌رز بوه‌وه، جه‌مال وای لێک دایه‌وه: ئه‌و دوو تۆپه بۆ دیاریکردنی مه‌ودای ئه‌و شوێنه‌یه بۆ سێره گرتن بۆ بۆردومان.
دوای ماوه‌یه‌کی کورت گه‌یشته ناو ئاوایی سێوسێنان، قه‌ره‌باڵغییه‌کی زۆری له به‌رده‌م ماڵی مام مه‌هدیدا بینی، دوای سڵاو و هه‌واڵ پرسین، مام مه‌هدی تۆپه‌ڵێ نایلۆنی به‌ده‌سته‌وه بوو، به جه‌مالی وت: مانگاکه‌مان ئه‌م نایلۆنانه‌ی قوت داوه، خه‌ریک بوو مردار بێته‌وه، منیش سه‌رم بڕی.
له‌وکاته‌دا جه‌مال سه‌ری هه‌ڵبڕی، هه‌ردوو کوڕه‌که‌ی له دووره‌وه بینی بەراکردن به‌ره‌ولای ده‌هاتن،کردنییه باوه‌ش و ماڵ ئاوایی له مام مه‌هدی کرد، به‌ره‌و ماڵه‌وه که‌وتنه رێ، خۆر به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، که‌لسوومی هاوسه‌ری مه‌نجه‌ڵێکی بچووکی له‌سه‌ر سۆپا داره‌که دانابوو، سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه برنجی سووربوو، تفه‌نگه‌که‌ی دانا‌و تاقمه‌که‌ی له‌پشتی کرده‌وه، لۆکسه‌که‌ی داگیرساند.
له ناکاو گوێ له گرمه‌یه‌کی دوور بوو، وه‌ک ده‌نگی هه‌ڵڕشتنی گڵابه به‌رد سێوسێنانی له‌رانده‌وه، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی راجیمه‌ی چلی بوو، به‌کپی زیاتر نزیک ماڵه‌کانی ئه‌وانی گرته‌وه، ده‌نگی هاوارو قیژه‌ی ژن و پیاو و منداڵانی ئاواییه‌که‌ی هه‌ژاند، له چرکەی یه‌که‌مدا (14) که‌سی خانه‌واده‌ی مام مه‌هدی به ژه‌هری کیمیاییه‌که خنکان، (5) که‌س له خانه‌واده‌ی وه‌ستا عوبیدی به‌رگدروو و نه‌ریمانی پێشمه‌رگه له ماڵی وه‌ستا عوبید له چرکه‌ی یه‌که‌مدا گیانیان له‌ده‌ستدا و بریندار بوون، دواتر زۆر له برینداره‌کان به‌ده‌م ئازاره‌وه دواهه‌ناسه‌یان سپارد.
جه‌مال و هاوسه‌رکه‌ی و هه‌دوو منداڵه‌که‌ی، دوای 10خوله‌ک له دوای یه‌که‌م چرکه‌ی ته‌قینه‌وەی راجیمهکان، به‌خێرایی له ماڵ هاتینه ده‌ره‌وه، جه‌مال له هه‌یوانه‌که به هاوسه‌ره‌که‌ی وت: تۆ ره‌وه‌ز بکه‌ره باوه‌ش و منیش رێبه‌ر ده‌گرمه باوه‌ش.
له‌و کاتی راکردنیان، به‌ره‌وده‌ره‌وه‌ی ئاوایی، جه‌مال تا هێزی تیا بوو، هاواری کرد: کیمیاییه ،، کیمیاییه، به خێرایی رووبکه‌نه ده‌ره‌وه‌ی ئاوایی.
له ده‌رگای ماڵی ئه‌حمه‌د رهشیدیدا، ئه‌وانیش به راکردن به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی گونده‌که رایان ده‌کرد،کاتێ ئاوڕیان دایه‌وه، دوکه‌ڵی کیمیاییه‌که له پشت ماڵه‌که‌یانه‌وه دیار بوو، ویستی منداڵه‌که‌ی دابنێ و بچێ به‌هانای خه‌ڵکه‌وه، هه‌ستی به گێژ بوون کرد، سه‌ری به‌رز کرده‌وه، ئاسمان و ئه‌ستێره‌کان له به‌رچاوی ده‌سوڕانه‌وه، گیانی ده‌له‌رزی، قاچه‌کانی تینی تیا نه‌مابوو، سست بوون، له کارکه‌وتن.
جه‌مال رووی کرده که‌لسوم خانی هاوسه‌ری و وتی: تۆ چۆنیت.
وتی : گێژ بووم.
وتی : هیچ نییه، من ناتوانم هه‌نگاو بنێم، تۆ منداڵه‌کان لێره دوور بخه‌ره‌وه.
جه‌مال هێڵنجی دا‌و رشایهوهو هۆشی له‌ده‌ستدا، کاتێ هۆشی هاته‌وه، پیان وت: کوڕێکی خه‌ڵکی سێوسێنان تۆی گه‌یاندوه‌ته لای ئه‌م ئاوه.
جه‌مال هه‌ستی کرد توشی له بیر چوونه‌وه بووه، چاوه‌کانی لێڵ بوو بوو، ده‌سوتایه‌وه. له‌و کاته‌دا هاوڕێ کاوه‌ی ئامۆزایی و پێشمه‌رگه‌و لێپرسراوی زیندانی مه‌ڵبه‌ند هاتبوو به هانای خه‌ڵکی سێوسێنانه‌وه، ئه‌وانی له‌وێ بینی، کهلسومخان له جه‌مال باشتربوو، به‌و شه‌وه روویان کرده کۆشکی خواروو، که‌لسوم خان پێڵاوی له پێدا نه‌بوو، پێی په‌تی هه‌نگاوی ده‌نا، هه‌ردوو قاچی بریندار ببوو.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه خه‌ڵکی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی کۆشکی خوارو به خێرایی خۆیان گه‌یاندبووه سێوسێنان و به هانای بریندار‌و شه‌هیده‌کانی سێوسێنانه‌وه چووبوون،جه‌مال نه‌یده‌زانی ئه‌وشه‌وه خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی له ماڵی کێ بوون؟، هه‌ر ئه‌و شه‌وه دکتۆر فایه‌ق گوڵپی و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی مه‌ڵبه‌ند هاوسه‌رو منداڵه‌کانیان له گه‌ڵدا بوو هاتنه لای جه‌مال.
دکتۆر فایه ق به دووپێشمه‌رگه‌ی وت: جه‌مال دیموکرات به‌رن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی مه‌ڵبه‌ند.
به‌یانییه‌که‌ی شیرکۆ جدی به سواری وڵاخێک جه‌مالی برد بۆ مه‌ڵبه‌ند، له رێگا سێ جار رشاییهوه، شێرکۆ جدی به پێشمه‌رگه‌کانی وت: خێرا وڵاخه‌که لێخوڕن، با زوو بیگه‌ینینه نه‌خۆشخانه.
که گه‌یشتنه ئه‌وێ حاڵی جه‌مال زۆر خراپ بوو، بردیانه ژووری جیهاز، هوشیاری جیهازی لێ بوو، جه‌مال ته‌وازنی جه‌سته‌ی بۆ رانه‌ده‌گیرا، یه‌کسه‌ر به لادا هات، به‌کزی گوێی له ده‌نگی هوشیار بوو، به جیهاز به سه‌رکردایه‌تی راگه‌یاند: ئێستا جه‌مال دیموکرات به پێی خۆی گه‌یشته ناو مه‌ڵبه‌ند، شه‌هید نه‌بووه و برینداره. دواتر جه‌مال زانی ئه‌وئێواره‌یه، هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کانی چووبوون به‌هانای خه‌ڵکی سێوسێنانه‌وه، له‌وێوه روویان کردبووه ماڵی جه‌مال دیموکرات، شه‌و بوو دنیا تاریک بوو، ته‌رمی ژنێک و دوو منداڵ له حه‌وشه‌که ده‌بینن، ده‌ڵێن: جه‌مال دیموکرات ده‌رباز بووه، به‌ڵام هاوسه‌رو منداڵه‌کانی گیانیان سپاردووه،ئه‌وان نه‌یانزانی بوو ئه‌و ژنه و دوو منداڵه دراوسێیان بوون، له کاتی کیمیا بارانه‌که خۆیان گه‌یاندبووه کونه ته‌یاره‌که‌ی ماڵی جه‌مال، له‌وێ خۆیان حه‌شار دابوو، کیمیاییه‌که دوا هه‌ناسه‌ی لێ بڕی بوون.
جه‌مال تاوێک لای هوشیار راکشا، دواتر شیرکۆ جدی گه‌یاندییه نه‌خۆشخانه‌ی مه‌ڵبه‌ند، هه‌موو برینداره‌کانی سێوسێنان له‌وێ بوون، کاریگه‌ری کیمیاییه‌که به برینداره‌کانه‌وه دیاربوو، هه‌ندێ له برینداره‌کان پێده‌که‌نین، هه‌ندێکی تریان ده‌گریان، هه‌ندێکی تریش مات و خامۆش ببوون، هیچیان نه‌ده‌وت، زۆربه‌ی برینداره‌کان پیاو بوون.
جه‌مال دیموکرات ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌کی مه‌ڵبه‌ندی له‌وێ بینی له کاتی کیمیا بارانه‌که چووبوون به هانای خه‌ڵکی سێوسێنانه‌وه، له وێ که جه‌مالیان بینی بوو،یه‌کسه‌ر ده‌رزیه‌کی ئه‌ترۆپینیان بۆ کردبوو، له‌و کاته‌دا جه‌مال ئاگای له خۆ نه‌ما،که چاوی کردووه دکتۆر فایه‌ق به‌دیارییه‌وه بوو، چاوه‌کانی پڕ ببوو له فرمێسک وای زانی بوو مردووه، حاڵی به‌ره‌و خراپی ده‌چوو، هاوسه‌ره‌که‌ی ره‌حیم پێنجوێنی پێشمه‌رگه‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وێ بوو، ئێواره‌که‌ی مێرده‌که‌ی له‌وێ شه‌هید ببوو، حامیدهسووریش به برینداری له‌وێ بوو.
هیزه‌کانی سوپای عێراق و جاش له شارهزوورووو ده‌ربه‌ندیخان و ناوتاق و ده‌ربه‌ند فه‌قه‌ره‌و شاخی فه‌قیره هێرشیان کرده سه‌ر ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ، سوپای عێراق چه‌ند هێرشێکیان کرده سه‌رچیای زه‌رده، حه‌مه‌ی مه‌دحه‌د و حه‌مه له‌تیف به پارچه‌ی هاوه‌ن بریندار بوون، کاوه‌ی کوڕی مام ئهسکهندرو هاوڕێ مه‌لا به‌کر ی حیزبی شیوعی و حەمەسهعید حاجی عه‌لی له هیزی پشتگیریی گوندی ئیمام قادر له‌قۆڵی باوه خۆشێن شه‌هید کران. بۆ رۆژی دوایی دکتۆر فایه‌ق وازی له ته‌داوی و چاره‌سه‌ری برینداره‌کان هێنا، ئه‌وانه‌ی که باری ته‌ندروستیان باش بووپێی وتن: بڕۆن به‌هانای هاوسه‌رو منداڵه‌کانتان.
هێرشه‌کانی سوپای عێراق به‌رده‌وام بوو، دکتۆر فایه‌ق له گه‌ڵ 10 پێشمه‌رگه روویان کرده باوه‌خۆشین بۆ به‌رگری له ناوچه‌که، ئه‌و ئێواره‌ی تۆپخانه‌ی سوپای عێراق، کیمیابارانی سێوسێنانیان کرد، دوای سه‌عاتێک به راجیمه کیمیا بارانی گوندی دوکانیان کرد، چه‌ند هاوڕێیهک و پێشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هیدو بریندار ببوون،کیمیابارانی چیای زهردەیان کرد.
دیمه‌نێک له کتێبی ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال . به‌رگی سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م ،چاپ و بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه.
فۆتۆی وه‌ستا حه‌مینی نه‌مرو جه‌مال دیموکرات