شوان خورشید: کەرکوک لە مێژوو سەردەمە جیاوازەکاندا.
نوسین و لێکۆڵینەوە لەسەر شارێکی وەک کەرکوک، زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت،کە بمانەوێت لێرەدا باسی بکەین، چونکە شارێکی دێرینی وەک کەرکوک چ لە ڕووی مێژویی و شوێنەوارە دێرینیەکانیەوە، چ لە ڕووی ستراتیژی و جوگرافی و جیۆپۆلیتیکی و سامانی سروشتی و بە پیتی زەوی و هەڵکەوتە جیۆپۆلیتیکیەکەوە،وەک و شارێکی گرنگی ناوچەکە ڕۆڵی بینیوە لە ڕوداوە مێژویەکان، بە هۆی بایەخی ئابوری و سەربازی و بەستنەوەی شارو ناوچە جیاجیاکانی دەوروبەری بەیەکەوە، بۆیە هەمیشە وەک مێژووی دورو نزیک دەیگێڕێتەوە کەوا کەرکوک جێگای ململانێی داگیرکەران بوەو هەوڵ دراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت لەبەر گرنگی و بایەخی شارەکەو ناوچەکەی دەوروبەری.
گەر لە مێژووی شاری کەرکوک وورد بینەوە وەک مێژوونوسان باسی لێوە دەکەن زۆر ڕای جیاواز هەیە لە سەر دروست بونی، چونکە لە سەردەمێکی ئاڵۆزو پڕ لە ململانێ دروست کراوە، هەرچەندە بونی قەڵاکەی گەواهی ئەوە دەدەن کەوا کەرکوک شارێکی مێژوویی گرنگە لە ناوچەکەو لە سەردەمی خۆی دا و لە سەردەمی گەشەکردنی شارستانیەتی نێوان دوو ڕوبارەکە (میزۆپۆتامیا)دا دروستکراوە، بە نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زاین مەزەندە دەکرێت، ڕای جیاوازیش لەسەر دروست بونی هەیە هەوڵ ئەدەین قسە لەسەر چەند بۆچونێک بکەین.
وەک مێژوونوس و لێکۆڵیاران نوسیویانە کە گۆتیەکان یەکەمین نەتەوەن، بەردی بناغەی شاری کەرکوکیان دانابێت و، سۆمەری و ئەکەدیەکانیش دان بەو ڕاستیەیەدا دەنێن کە پایتەختەکەیان (ئارابخا )بوەو، مێژووی دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەگێڕنەوە بۆ ساڵانی 3500-4500ی پێش زاین،کاتێ گۆتیەکان لە دامێنی پێدەشتەکانی شارەکە قەڵایان بنیات ناوە بە ناسنامەی ئارابخا.
بۆچونێکی تر هەیە مێژووی دروست بونی کەرکوک بۆ سەردەمی کلدانی و بابلیەکان دەگەڕێنێتەوە، بە ناوی ئارفە یان ئارەفە ناوبراوە.
بڕوایەکی تر باس لەوە دەکات کەیەکەم خشتی بنیاتنانی شارەکەلەلایەن (لۆلۆیەکان)ەوە، بوەو دکتۆر کەمال مەزهەر مێژوونوسی بەناوبانگی کورد لەگەڵ ئەم بۆچونە هاوڕایەو، پێی وایە لۆلۆییەکان کەرکوکی کۆنیان دروستکردوە. بۆچونێکی تر پێی وایە کەرکوک لەسەردەمی سۆمەرو ئاشوری و ئەکەدیەکان دروستکراوە.
هەرچەندە تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی پشکنین و ڵێکۆڵینەوەی وورد لەسەر قەڵای کەرکوک نەکراوە کە کەرکوکی ئێستای لێ کەوتۆتەوە،وەک مێژوونوسەکان دروستبونەکەی بۆ هەزارەی دووەمی پ.ز دەگەڕێننەوە، ئەوەیان سەلماندوە کە قەڵای شاری ئارابخا یان (ئان ئیلانی) شارێکی کۆنەو بە زمانی ئەکەدیەکان ئال ئیلانی گەڕەک یان خوداوەند دەگەیەنێت. هەر لەسەر ئەم ڕایە (س.ج.گاد) لە گۆڤاری ئاشوریان و زانستی شوێنەواری ڕۆژهەڵات، لە1926 ئارابخا شارێکی دێرین و ناوەندی ئاینی و سیاسی ناوچەکە بوەو، بەشاری خواوەندو پایتەخت ناوی دەبات.لەبەر ئەوەی کەرکوک ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی بوە بەچەندین سەردەم دا تێ پەڕیوەو لە هەر سەردەمێکیش دا ناوێکی لێ نراوە، کۆنترین ناوێک لە خەتی بسماری ئەکەدی (2473-2530)دا هاتوە ئارابخا بوەو تا حوکمڕانی میدیەکان مابوەوە، بەڵگە مێژویەکان ئەوەیان سەلماندوە ئارابخا کۆنترین ناوی کەرکوکە کە لە نوسراوێکی مێخی لەبەشی خوارووی قەڵاکە لە 1923 دۆزرایەوە کەهی سەردەمی هەزارەی دووەمی پێش زاین بوە. شاکر خصباك پێی وایە کە ئەکەدی و سۆمەریەکان دان بە ناوچەیەکی گۆتیەکان دا دەنێن کە پایتەختەکەی ئارابخایە نزیک کەرکوکی ئەمڕۆ. هەروەها لەسەرچاوەکانی حامورابی دا 1750هاتوە ناوی کەرکوک بە ئارابخا هاتوەو بابلیەکانیش بە ئامیخە یان عرفە چواندویانە، کلدانیەکانیش کەرکوکیان بە ئارفە یان ئارەفە ناوبردوە، لەسەرچاوە ئاشوریەکانیش آربخا-كیرخی هاتوە.
کاتی میزۆپۆتامیا لەساڵی 33ی پێش زاین کەوتە دەس ئەسکەندەری مەقدۆنی، دوای مردنی قەڵەمڕەویەکەی دابەش بوو بۆ سەر سێ فەرمانڕەوا بگلیموس،سلۆقس. نیگیفونس، ئارابخا واتا کەرکوک کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی سلۆقس و بە کرخ-سلوخ ناسرا وەک لەسەرچاوە ئارامیەکان دا بە کرخ-دبیت سلوخ ناوی هاتوە. هەروەها سلۆقس لەسەرچاوە ئارامیەکانەوە ناوی بە کرخا، دبیت، سلوخ کە یەکێکە لەو فەرمانڕەوایانە لە ساڵانی 175-312پ.ز حوکمی کردوە، لە سەردەمی سلۆقس کالێکۆس ساڵی 226ی پ.ز دەستەواژەی (کرخ سلخ) بە ئارامی( کەرخابت سلوخ) بە مانای شار یان قەڵای سلۆقس هاتوە.
لەسەرچاوە ئیغریقیەکان بە ئارابخویس ناوی هاتوە، سترابۆ لە 19-63ی پ.ز لە نەخشەی یونتیجیربە و جوگرافیای بەتلیموس دا بە (کرخورا) ناوی هاتوە،هەروەها بەتلمۆس گاودی ناوی کەرکوکی بە گوڕگوڕ هێناوە، جەمال ڕەشید لەگەڵ ئەم بۆچونەدا هاوڕایەو کرکر بۆ شەپۆل و گڕی ئاگرەکە دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە بە تێپەڕینی کات گۆڕاوە بۆ بابەگوڕگوڕ و، شی دەکاتەوە کە گڕ لە زمانی کوردی دا واتا بڵێسەی ئاگرو دوبارە بونەوەی ئەو دەنگە واتە گڕی ئاگرەکە. هەروەها ناوی کەرکوک بە بابەگوڕگوریش هاتوە، پێ ئەچێت لە گڕگڕەوە هاتبێت کە شوێنێکی ئاگراویە نزیک بە کەرکوک.
هەندێ مێژوونوسیش کەرکوک یان ئارابخا بە (منس) ناو دەبەن ئاماژەیە بۆ تێپەڕبونی ئەسکەندەری مەقدۆنی پێی دا، مێژوونوسی ڕۆمانیش بە کارک ناوی بردوە، هەروەها کارشا کە لە کارخاوە هاتوە باسی کردوە،ساسانیەکان بە کەرکین و کۆڕەک واتا گوندە سورکراوەکەی میدیەکان ناویان هێناوە، ئیسلامەکان بە الکرخینی ولە سەدەی حەوتەمی کۆچی بە الکرخان یان الکرخینی ناوی هێنراوە.
لە ئەنجامی ئەم ڕاو شیکردنەوانەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەتێپەڕبونی مێژووی سەردەمەکان ناوی کەرکوک چەندین گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە لە شێوەی( کەرخو، کرکی،کرخا،،کەرەک،کەرخ،کەرخی،کەرخ سلوخ،کڕ،گرگر، کەرخینی،کەرخی، ئەربەخ، ئەرەنجا، عەرەفە،کەرخورا، کۆرکورا،کەرکینی، ئەرغبویس، و زۆری تریش)، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە کۆنترین ناوی کەرکوک ئارابخا یان کارکۆک بوە واتا کاری کۆک، یان کاری گەورە دەگەیەنێت کە لە دروستکردنی قەڵای ئەو شارەدا هێزی مرۆی تێ دا بەکار هاتوە چونکە مانای کارکۆک واتای کاری تەواو یان کاری قورس و ئەستەم، یان ئیشی ڕێک و پێک دێت،کاری تەواو یان کاری ڕێک و پێکیش لە دروستکردنی قەڵاکەی دەرەکەوێت چونکە دروستکردنی قەڵایەکی ڕوبەر فراوان و گەورەی وەک قەڵای کەرکوک کە تاکە سەرچاوەو میکانزمی دروستکردنی هێزی مرۆی بوە و هیچی تر، بەڵام بە پێی فەرمانڕەوایی هەر گەل و نەتەوەیەک و زمان و شێوەزار ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتوە تا گەیشتوە بە کەرکوکی ئێستا، تەنانەت ڕژێمی بەعسیش بەبازدان بەسەر هەموو ئەو ناوە مێژویانەدا، ناوی پارێزگاکە لە کەرکوکەوە، دەگۆڕێت بۆ التامیم وەک هەنگاوێک بۆ تەعریب کردن و سڕینەوەی کوردستانیەتی کەرکوک، لەسەروبەندی خۆماڵی کردنی نەوتی کەرکوک،کەواتە کەرکوک لە مێژوی دورو نزیکی دا گۆڕانکاری زۆر لە باری دیموگرافی و کارگێڕی دا کراوە،تا بە ئەمڕۆ گەیشتوە.