بەهرۆز جەعفەر: ویلایەتە یەکگرتوەکان و پرسی ووزەی هەرێمی کوردستان.
هایدرۆکاربۆن لە حەوزە سەرەکیەکانی کەنداو، دەریای ڕەش، دەریای سپی ناوەڕاست زۆرترین دیالۆگی لە ئاستی جۆراوجۆردا هێناوەتە کایەوە. هەرێمی کوردستانیش لەڕووی پێگەی جوگرافییەوە ” جیۆپۆڵەتیکی ووزە” کەوتۆتە نێوان ئەو سێ کوتلە گەورە ستراتیجییەوە. ئەم نوسینە کورتە بۆ پێش چاو ڕوونی ناوەند و خوێنەری کورد گرنگ بو، تا لەو ڕوانگەیەوە لە سەردانەکەی (8 بۆ 10 ی سێپتەمبەری 2022) ی “باربارا لیف”جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەولێرو بەغدا تێبگەین.
یەکەم/ کارە هەرە لە پێشینەکانی ئیدارەی بایدن
بەرگرتن بە هەژموونی ئابوری و سەربازی چین و ڕووسیا، هەروەها پاراستنی ئاسایشی ووزەی جیهانی، ئەو دوو ئەجێندە سەرەکییە- ئێستاییەیە کە کۆشکی سپی و ناوەندەکانی بڕیاری لە ئەمریکا سەخڵەت و سەرقاڵ کردووە. ئێران و ڕووسیا چێژ لەوە ئەبینن کە نرخی نەوت و گاز گرانەو، خۆرئاوا تووشی هەڵاوسانێکی ئابوری بێوێنە بوەتەوەو، ڕووناکییەکانی بورجی ئیڤڵ لەبەر دەستگرتن بە “ووزە”وە لەمەولا لە دوای کاتژمێر ( 11 ) شەوەوە ئەکوژێنرێتەوە. بە دەیان هەزار نانەواخانەو سەمونخانە کارەکانیان ڕاگرتوەو، بانکەکانی ئەوروپا خەریکی کڕینی مۆلیدەی کارەبایین.
بۆیە، ڕووسیاو ئێران بە ووردی کار لەسەر ئەوە ئەکەن کە عێراق و وڵاتانی دیکەی نزیک لە خۆیان باربهێنن کە هاوکار نەبن لە بار-ئاسانکردنی ئەمریکاو ئەوروپادا، بۆ ئەمەش نایانەوێت نە هەرێمی کوردستان بچێتە سەر نەخشەی گازی سروشتی لە دەریای سپی “میدیتریانه-Mediterranean” وە نە عێراق بیپەرژێتە سەر ئەوەی کە نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە.
لە هەفتەی یەکەمی ئابی 2022 دا، ڕۆژنامەنووسەکان چەند جارێک پرسیاریان لە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان “نێد پرایس-Ned Price” کرد ئایا ئێوە ئاگادارن وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی ئینتیقائی ئەو کۆمپانیا ئەمریکیانە بە ئامانج ئەگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کارئەکەن، هەروەها وەزیری داراییش سەرقاڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵایە؟ لێرەدا (ئینتیقائی، بە مانای ئەوەی لە ناو لیستێک کۆمپانیادا چەند کۆمپانیایەک کە نزیکن لە خۆرئاوا ئەمریکا بە مەبەست ئەکرێنە ئامانج). نێد پرایس بە نزیکەیی وەڵامێکی لە لا نەبو!. هەمان هەفتە ئەنجومەنی پیران و بەدیاریکراوی لیژنەی کاروباری دەرەوە نامەیەک ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەکەن، هەر لەو ڕۆژانەشدا بەشێوەیەکی کتوپڕ وەزیری دارایی عێراق “عەلی عەللاوی” دەستلەکارئەکێشێتەوە!
دووەم/ چین بە بێدەنگی ناسەقامگیری بازاڕی ووزەی قۆستۆتەوە
لە عێراقدا، چینیەکان مۆڵەتی پەرەپێدانی “پاڵێوگەی فاو”یان لە بەسرە بە ( 6 ) ملیار دۆلار لە ساڵی (2021)دا وەرگرتووە. لە ( 2022 )دا چین بڕیاریداوە کە ( 1000) هەزار خوێندنگە لە عێراقدا دروست ئەکات. ژینگەکە لە دووسەرەوە زەمینەسازی بۆ چین خۆشکردووە کە ئەسپی خۆی لە عێراقدا تاو بدات:
یەک/ هەر لە ساڵی ( 2018 ەوە تا 2022)کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانی وەک ئەکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، بریتش پیترۆلیۆمی بەریتانی و شێڵی هۆڵەندی کێڵگە نەوتیەکانی عێراقییان بە جێهێشت و کشانەوە، ئەوەش بەهۆی گۆڕینی سیاسەتی نێوخۆیی کۆمپانیاکان خۆیان و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و دەستکەوتی کەم و نا سەقامگیریی ژینگەی کارکردن لە عێراق بە هۆی تیرۆرەوە. بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیا چینییەکان شوێنی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانیان گرتۆتەوە. لەم ( 2022)ەدا چینیەکان لە ( 14) کێڵگەی نەوتی سەرەکی و مامناوەندی عێراقدا ئۆپەرەیشن ئەکەن، کە ئەکاتە زیاتر لە ( 50٪)ی نەوتی عێراق. جگە لەوەش بەردەوام چین ملیۆنێک بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی عێراق بۆ خۆی هەڵ ئەگرێتەوە.
دووەمین/ فاکتەر ئەوەیە، لە ( 2001 ەوە تا 2022) تێڕوانین و سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ عێراق سەرکەوتو -نە-بوون. بەرئەنجامی ئەمە ئێران و ڕووسیاو چین هەریەکەیان بە جۆرێک کاریگەری خۆی لەسەر عێراق دروست کردووە.
لە ئاستی گڵۆباڵیشدا (گڵۆباڵ کۆی ئەو پرسانەیە کە پەیوەستی بە ئاستی تەواوی گەلان و دەوڵەتانی جیهانەوە هەیە)، چین لە ئەوروپاش ئەم دەرفەتانە ئەقۆزێتەوە. بۆ نمونە، بەهۆی قەیرانی ووزەوە، هەزاران کارگە دائەخرێن، ئەوروپییەک ئەگەر شامپۆیەک نرخەکەی لە ( 2 ) یۆرۆ وە بگاته ( 4 )یۆرۆ ڕەنگە بتوانێت بیکڕێت، بەڵام کە نرخی شامپۆیەک بگاتە ( 7 بۆ 10 یۆرۆ) بە دڵنیاییەوە خەڵک ئەچن شامپۆ چینییەکە ئەکڕن کە بە یەک یۆرۆیەو، هەرزان و ئاسان کاڵای چینی ئەگاتە هەموو شوێنێک لە جیهان.
سێهەم/ ویلایەتە یەکگرتوەکان پاڵپشتی نەوت و گازی سروشتی هەرێم ئەکات
تەنها لە مانگی ئاب و سێپتەمبەری 2022 دا، وەزارەتی دەرەوە و باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق دووجار پاڵپشتی ناڕاستەوخۆیان بۆ کەرتی ووزەی هەرێم دووپاتکردۆتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانی بواری نەوت لە تەمموزی 2022 ەوە بە چڕی خەریکی لۆبی کردنن بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و جموجوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە. چوار کۆمپانیای هەرە گەورەی ئەمریکی و نزیک لە خۆرئاوا لەلایەن دەستەڵاتی فیدراڵییەوە کراونەتە ئامانج کۆمپانیای شلمبرگێر – Schlumberger، هالیبرتۆن بۆ خزمەتگوزاری ووزە- Halliburton Energy Service، بیکەر هیوج- Beker Hughes Company، هەروەها کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی کە لە سنوری چەمچەماڵ و کێڵگەی کۆرمۆردا کار ئەکات.
لە یەکەم و دووەم و سێهەم دا، کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەک لایەنێکی یاسایی و دەستوری ناوخۆیی وڵاتی خانەخوێ تەماشای بڕیارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کرد و، پێوەی پابەند بون. کە نۆبە هاتە سەر کۆمپانیای دانا گاز و، لە حوزەیرانی 2022ەوە سێ جار هاوەنبارانی کێڵگەکە کرا، تێگەیشتنەکانی ئیدارەی ئەمریکا گۆڕران!؟
چوارەم/ کێڵگەی کۆرمۆر؛ پاڵپشتی ئەمریکا و مەترسییەکانی ئێران
کۆرمۆر، لەناو ناحیەی قادرکەرەمدا شانی داداوە، ناوچەکە لەسەدەی پێشودا خاڵی بەریەککەوتنی کوردو جەبەروتی حکومەتەیەکلەدوای یەکەکانی عێراق بووەو، بە سەختی کەوتۆتە بەر گۆڕانی ئیتنۆگرافی و شاڵاوەکانی ئەنفال، بەڵام ئیمڕۆکە زیاتر لە براندێکی بازرگانی و ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی ناو کۆبونەوەی بڕیاربەدەستانی ناوچەکە ئەچێت.
بە پێی Gaffney, Cline & Associate کە وەک دەستگایەکی بواری ووردبینی جیهانی لە ساڵی ( 1962 )لە باشوری ئەمریکا دامەزراوە، کێڵگەی کۆرمۆر بڕی (404) تریلیۆن پێ سێجا یەدەگ گازی پەسەندکراوی هەیە. بە ئۆتۆمبیلێکی ئاسایی لەم کێڵگەیەوە بە (20)خولەک ئەگەیتە ناو قەزای دووز خورماتوو، چۆنی لێک بدەیتەوە هەر (15 بۆ 20)کیلۆمەتر لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە دوورە!
بەگشتی زۆنەکە ئێران بەناوچەی هەژمونی خۆی ئەزانێت، بەڵام تورکیاو ئیمارات تیایدا کار ئەکەن و، ئیدارەی ئەمریکاش پاڵپشتی ئەکات. بە پێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای داناگاز لە ساڵی (2022)دا داهات و بەرهەمهێنانیان بۆ ئاستی سەروو (50٪) زیادی کردووە. ڕۆژانە (450) ملێۆن پێ سێجا گاز بەرهەم ئەهێنێت، بە لولەیەکی (24)ئینجی و بەدرێژی (172) کیلۆمەتر ئەگوێزرێتەوە بۆ شاری غاز لە چەمچەماڵ کە کارەبای ناوچەی سلێمانی دابین ئەکات. هەر لەوێشەوە بە لولەیەکی (120)کیلۆمەتری غاز ئەگەیەنێتە ناوچەی پیرداودی هەولێر. جگە لەوەی کێڵگەکە غازی شلی ماڵان (LPG) بەرهەم ئەهێنێت و بە تەنکەر و بەتەندەر دراوە بە چەند کۆمپانیایەک تا غازی شل ئەگاتە ماڵان. هەروەها بڕی (15بۆ 20) هەزار بەرمیل نەوتیش کە لە چڕی گازەکە جیا ئەبێتەوە بەرهەم ئەهێنێت. کەواتە ئەمە یەکێکە لە شادەمارەکانی ئابوریی کوردستان و دەیان کۆمپانیای لۆکاڵی و ئیماراتی و تورکی و ئەمریکیش لێی سودمەندن.
ڕووبەری کێڵگەکە (250کم2) یە، ساڵی (2022) داناگاز بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەستی داوەتە گەورەکردنەوەی وێستگەکان لەناو کێڵگەکەدا بە بڕی (630) ملیۆن دۆلار، لەو بڕەش ویلایەتە یەکگرتوەکان (250) ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بۆ هەمان مەبەست.
عێراق (بەغداو ناوچەکانی خواروو) لە ڕووی بهرههم هێنانی كارهباوه پێویستیان به (30)هەزار مێگاوات كارهبا ههیه، بهڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە لە (20) ههزار مێگاوات زیاتر بهرههم بهێنن. بۆ ئەوەش بەردەوام یەک لەسەر سێی کارەبای عێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە پشتی بە ئێران بەستوەو، گاز لە ئێرانەوە هاوردە ئەکەن بە شێوەیەک کە نزیکەی سێ هێندە گرانتر لە نرخی بازاڕ بە عێراقی ئەفرۆشێت.
لە دۆخێکی وەهادا، هەر ئەڵێی گازی سروشتی هەرێم بە تایبەتی کۆرمۆر بەهۆی ئێجگار نزیکییەکەیەوە لەناو یەک ووڵاتدان، بۆ ئەوە کراوە ڕەوانەی بەغدا بکرێت و ببێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوریی و لێکتر نزیکبونەوەی سیاسی و ئەمنی. بەڵام ئێران نە ئەوە قبوڵ ئەکات کە گازی هەرێم ببێتە جێگرەوەی گازەکەی ئەو بۆ عێراق، نە پێی خۆشە عێراق و هەرێم لەسەر سکەیەکی سەقامگیری نەوت بن تا هاوکاری ئەوروپاو ئەمریکا بن لەم قەیرانە جیهانیەی کە هایدرۆکاربۆن دروستی کردووە. بۆیە ئیدارەی ئەمریکاش لەسەر ئاستی فەرمی ئەو تێگەیشتنەی بۆ دروست بووە کە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و وەزارەتی نەوت مەبەستی دیکەیان لە پشتەوەیە. بۆیە باربارا لیف جێگری وەزیری دەرەوە دوای سەردانی بۆ بەغداو هەرێمی کوردستان سەردانی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبیشی کرد.
پێنجەم/ ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵ ئەوەشێنەوە؟
کاتێک زانیاری وورد بەردەست نەبون، ئەبێت پەنا بەرینە بەر “ئاماژەکان”. لێرەدا دوو ئاماژە هەیە. یەکەمیان/ لەناو هەرێمی کوردستان لێک نزیکبونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
دووەمیان/ پێکهێنانی حکومەت بە بێ پارتی و سووننەکان ئەستەمە، بۆ ئەمەش کوردو سووننەو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هەنگاوی گەورەیان هەڵهێناوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا. بە ئەگەری سەت لە سەت دەستکەوتی هەرێمی کوردستان لەم ئاکتەدا کەمبونەوەی گرژییەکانە لەمەڕ پرسی نەوت و گاز. ئەم گرژییانەش لەدوای بڕیارەکەی 15 ی شوباتی 2022 ی دادگای فیدراڵی کە تیایدا پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی و نادەستوری وەسف ئەکات گەیشتۆتە لوتکەو، نیگەرانی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و هەرێم و یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکای لێکەوتۆتەوە.
گفتوگۆ و دەرئەنجام
٭ بەشێوەیەکی گشتی تاکە چارەسەری پرسی نەوت و گاز لە نێوان بەغداو هەرێمی کوردستاندا، بە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق تا ڕادەیەکی باش چارەسەر ئەبێت. بەمەرجێک ئەو یاسایە ڕێگەبدات هەرێمی کوردستان کۆمپانیای کوردیی-نیشتیمانی- خۆماڵی- بواری خزمەتگوزارییەکانی ووزە دابمەزرێنێت. کاتێک هەرێمی کوردستان بوو بە خاوەنی کۆمپانیای گەورەی بواری پیشەسازیی نەوت، ئیتر توانای مرۆیی بۆ بەڕێوەبردن دەستەبەر ئەبێت، بەرە بەرە ئەو تێچووە زۆرەی کە کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان هەیانەو سەرچاوەی قەیرانی دارایی هەرێمە کەم ئەبێتەوە، ئینجا ئیتر بانک و سیستەمی باجی نیشتیمانی بەرەبەرە پەرەئەستێنێت و… تادوایی.
٭ کەرتی نەوت و گازی هەرێم کەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و جیهانی، لە هەمان کاتدا دەرفەتی گەورەی ناوخۆیی و عێراقی و جیهانیش لە ئارادایە. دەرفەتەکە ئەوەیە کە تاوەکو نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدایە، هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو بونیادنانی ژێرخانێکی ئابوریی بەهێز و فرەچەشن بنات.