ڕێباز مام شۆرش: سەرکردەو ڕەمزەکانی شۆرش و شاخ، نەیانتوانی لە قۆناغی شار و دەوڵەتداریدا، سەرکەوتووبن.
فەیلەسوف و زانای کۆمەڵناس، ئیبن خلدون دەڵێت: کاتێک گەندەڵی بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو دەبێتەوە، پرۆسەی حکومرانی هەموو خەسڵەتەکانی ڕەسەنایەتی لەدەست دەدات، هەروەها خەڵکیش بەگشتی دووچاری هەژاری و تەنگوچەڵەمە دەبنەوە، ناتوانن دەستبەرداری پێداویستیەکانی ژیانیان بن، دەشبێتە سەرەتایی درزێک، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی دارمانی شارستانیەت و گەڵانی گەورە.
ئێستا لە کوردستاندا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، مەترسیەکانی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت، رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵکشاندایە.
سەرکردە و رەمزەکانی شۆرش و شاخ نەیانتوانی لە قۆناغی شار و دەوڵەتداریدا، بە بەرنامەو پڵانی ووردی هەمەلایەن گەشە بە وڵات بدەن، نەتوانرا یان نەیان ویست بەردی بناغەی حکومەتێکی بەهێز و تۆکمە و پتەو بکرێتە هەنگاوی قەوارەی ئازادکراو.
هەر دەوڵەتێک لەسەر بنەمای دادگەری دامەزرابێت، بەردەوام دەبێت، هەرچەندە کافریش بێت، بە پێچەوانەوە، هەر دەوڵەتێک لەسەر بنەمای جەور و ستەم و چەوانەوە دامەزرابێت، ئاکامەکەی لە ناوچوونە، با ئیسلامیش بێت.
لە کوردەواریشدا هەمان واتا بە دیقەتێکی بەرز داڕێژراوە، دەگوترێت: هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچرێت تەنها ستەم نەبێت.