بەیان ئیبراھیم: ژن کوشتن لە نێوان ژنکوژی ئەوێ و ژنکوژی ئێرەدا.
لە هەر شوێنێک قوربانی هەبوو لەبەرامبەردا کردەی تاوانی کوشتن دەبێتە جەلاد، کاتێک شەرعیەتی گشتی ئامادەبو کە خەنجەر و قامچی بداتە دەست جۆرە بەشەرێک، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە دابەش دەبێ بەسەر جەلاد و قوربانیدا، جا ئیتر پۆلێن کردنەکە لە نێوان ڕەش و سپی پێستدا بێ یان لە نێوان کرێکار و خاوەن کاردا بێت یان بازرگانی بە منداڵەوە بێت یان جیاوازی جێندەری، لێرەوە نێر و مێ پێکەوە ژیان و کۆمەڵگا پێک دێنن، جا ئەگەر کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی دروست بێ ئەوا ژیان دۆستی تێیدا باڵا دەبێ، بەڵام ئەگەر هەر جۆرە چەساندنەوەو جیاکارییەک هەبێت و بگاتە خوێن، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە قەسابخانە و مەرگ دۆستی ئامادەگیەکی بەردەوامی دەبێت، ئەو شەرعیەتی سڕینەوەی بەرامبەرە بە تایبەت ژن و ژیان تەواو ناشیرین دەکات، بە مانایەکی تر دانانی چوارچێوەیەک و کۆمەڵێک ڕێسا و عادات بۆ ژیانکردنی ژن هەر لەگەڵ لەو ڕێسایانە دەرچو دەبێ وەک قوربانی سزا بدرێت تا دەگاتە ژن کوشتن.
لێرەوە ئەم ژن کوشتنە ڕوداوێکە تایبەت لە ئێستادا بونی ھەیە و وە بگرە مێژویەکی کەمی خوێناوی چەند ساڵەی ھەیە لە ناو کۆمەڵی کوردەواریدا، چونکە نزیکەی چەند سەد ساڵ پێش ئێستا ژن تایبەتمەندی ژنێتیی خۆی ھەبوە لەمەیدانی کوردەواریدا ھەڵبژاردنی بەدەستبوە، ئەوە وای کردوە چۆن بڕیار بدات چێژ لەجوانی خۆی ببینێ، بایەخی بەدەوروبەری داوە، مردن و خوێن تەنھا ڕوداوێک نیە لە ڕوبەرێکی جوگرافیای دیاریکراودا ڕوی دابێ، بەڵکو لە زۆرێک لە سەرزەمینەکانی دنیادا هەیەو ڕۆژانە خۆی دوبارە دەکاتەوە، بۆ نمونە لە بەریتانیا لە ماوەی بیست و ھەشت ھەفتەدا ھەشتاو یەک ژن کوژراوە، گرنگە ئێمە کاتێک ئەم خوێن و مەرگانە دەبینین قسە لەسەر هۆکاری کۆی مەرگەکاندا بگەڕێیین، چونکە مەرگەکان ئەڵقەی زنجێرێکی درێژە لە مردن، دوای ئەم مەرگە بە دەست ژن کوژێک لێرە ئەڵقەیکی تری ژن کوشتن بە دەست ژن کوژێکی ئەوێ ڕودەدا و ئەم زنجیرەی مەرگی ژنانە درێژەی بوە و دەبێت، گرنگە هۆکارە سەرەکیەکەی بزانرێت و لەوێوە شۆڕشی فکری بۆ بکرێ، واتا دەبێت ژنکوژەکانی ئەوێ و ئێرە بگەنە ئاستێکی هوشیاری وا کە ژن ژیانە و خۆیان خەنجەر و قەمچییەکانیان فڕێ بدەن.
ژنکوژی ئەوێ و ئێرە یەک کاریان هەیە و هیچ جیاوازییەکیان نیە، تەنها لە فۆڕم و ناسنامەدا جیاوازن، هۆکاری سەرەکیش بریتیە لەو دەسەڵات و هێزەی کە سەرچاوەی کلتور و ڕێسا و دەستەڵاتەکانی یاسایی و جێبەجێ کردن دەیبەخشێتە جەلادەکان، کە ئەوانیش جیاکاری جوگرافیان نیە، تا ئەو ئاستەی جیاکاری جێندەریش بەو ئاستە بەرزە نیە، زۆرێک لەو ژنانەی دەکوژرێن خەنجەر و قامچی دەستی ژنکوژ ژنان بۆیان ئامادە دەکەن و ژنکوژ سەربازێکی گوێ ڕایەڵی جێبەجێ کاری هەندێ ژنە، کە لەم ئاستەدا زۆر پیاو هەیە تا ئاستی باڵا ژن دۆست ژیان دۆستە وەک چۆن زۆرینەی تاوانەکانی ژن کوشتن پیاوانن و دوو جۆرن، جۆرێکیان جێبەجێکاری پلانی ژنان و جۆرێکیان پۆلیسی کلتور، کە ئەمە بۆ کوشتنەکانی تریش ئامادەگی هەیە، بە تایبەت پیاو کوشتن.
ژنکوژانی ئەوێ و ژنکوژانی ئێرە دەستەڵاتێک جێبەجێ دەکەن، کە هەر خۆشیان هاوبەرژەوەندین لەم دۆسیەیەدا، ژنێک لەهەر کوێیەکی ئەم دنیایە بکوژێ ئەوا یاساکانی خەنجەر جێبەجێ دەکرێ.
ناکرێ دۆسیەیەکی گەورەی وەک ژن کوشتن بکرێت بە کارتی دەستی سیاسەت، ئەم دۆسیەی ژن کوشتنە دۆسیەیەکی تەواو ڕوت و جیاوازە، کاتێک من لێرەوە هاوار دەکەم نابێ ژنکوژانی ئەوێ ژن بکوژن و مەحکومیان دەکەم، بەڵام لە کۆڵانەکەی خۆمان، لە گەڕەکەکەی خۆمان، لە شارەکەی خۆمان ڕۆژانە دەبینی و دەبیستی ژنێک کوژرا ژنێک سوتا تایبەت لە هەواڵی سەر شاشەی تیڤیەکان و ھەواڵی سوشیال میدیا سور بکات و ژنکوژی ئێرە تەراتێن بکا و ژنکوژی ئەوێ مەحکوم بکەین، شۆڕش دژی چەوساندنەوە و خوێن دەبێ گشتگیر بێ، لەهەر کوێیەک ژنێک کوژرا دەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی دروست ببێ تا دەگاتە ڕاچڵەکینی کۆمەڵایتی و هەر شۆڕشە و لە سنوری جوگرافی خۆیدا ئەڵقەیەک دروست بکات و بیبەستێتەوە بە ئەڵقەی شۆڕشی شوێنەکانی ترەوە و زنجێرێک بەرامبەر زنجیری کوشتنی ژنان دروست ببێ، وا بکات هێز و دەستەڵات و کلتور و یاسا و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن ناچار بکات بە ژن دۆستی و ژیان دۆستی.