عیماد عەلی: هەستی خۆ بەکەمزانی لای سەرکردەکانی کورد.
کە رەفتاری سەرکردەی هەڵتۆقیوی کورد دەبینیت، یەکاوکە دەزانیت کە هەستی خۆ بەکەمزانی لە ناخیدا چەکەرەی کردووە، گەر ئەو کەسەش بە خۆی بزانێت یان نا. ئەوەی لە پرٍێکدا دەبێتە سەرکردە و لە ناکاودا بە قودرەتی قادر هەڵدەتۆقێ و دەبێتە دەمرٍاستی کورد، هۆکاری زۆرە و هەر لە دەرئەنجامی رەفتار و هەڵویست و بیرکردنەوەی زۆرێک لە ڤیگەرەکانی کوردە لە دیاریکردن و هەڵبژاردن و پشتگیری کردنی سەرکردەی نوێ بە پێی بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبیدا خۆی دەبینێتەوە، بۆ نمونە ئەوەی دەرکەوتووە تەنها بۆ زیاتر دەنگهێنانی حزبی بووە نەک زانایی و توانا و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و زانیاریی هەمەجۆری هەبێت، وەکو بەرزکردنەوەی خەڵکانیک بەدوور لە کەمترین زانیاری سیاسی و مێژویی و یاسایی بووە، بۆ نمونە بێژەری ئاسایی و بەندبێژ و خەڵکی سادەی بێ سواد و کەسانی گاڵتەجار، تەنها بۆ زەوتکردنی دەنگی خەڵکی بێئاگا لە رەوتی سیاسی و بەرژەوەندیەکانی کورد و لە دژایەتی ئەویتری رکابەر، بێ ئەزمون و بێ زانیاری لە مێژووەکەمان دەردەخەن، کە ئاگای لە بچکوترین کاری سەرکردەبوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان نەبێت، بە پێی ئەو هەڵوێستە مێژوییانەی لایەنی بەرامبەر لە مێژوی دوور و نزیکمان هەیبووە. ئەمەش وەنەبێت کە تەنها لە بۆچون و رەفتاری فەریکە سەرکردەکان لە بەرامبەر نەتەوەی سەردەستدا ببینرێت، بەڵکو ئەمە رەفتار و سیاسەتی خەڵکە باڵاکەشە لەگەل َهەر لایەن و کەسێکی جیهانیشدا دەبینرێت، هەرچۆنێک بوبێت لە مێژوودا بەرامبەر نەتەوەکەمان، ئەگەر هەڵوێستی دوژمنکارانەیشی نواندبێت و ئایندەی کوردیشی لە قورٍ گلاندبێت.
ئەوا با قسە لەسەر ئەم بابەتە وەک رەفتار و کردەوە و سیاسەتی ئەو هەڵتۆقیوانە لە بەغدا نەکەین کە زۆرێک لە بێ ئاگایانە لە مێژووی نزیک و دووری کورد دەیکەن و هەندێکیان بیروباوەری رێگەی پێ دەدات هەرچیەک بکات و کوردستان بە موڵکی خۆی نازانێت و ئەویتر لە دژی لایەنی رکابەر خۆی دەخاتە خانەی نۆکەرایەتی یار و نەیارەوە و بە زەرە بۆ گەسەکەمان دەکەوێتەوە، ئەویتریش بۆ خۆ دەرخستن و وەکو کەسێکی بە هەڵکەوت هەڵکەوتووی دەستی قەدەر بوبێتە دەمراستی کورد لەم کاتەدا، بۆیە وا دەجوڵێتەوە.
با لە بەغدا دوور بکەوینەوە و تەماشای چۆنێتی رەفتاری سەرانی هەرێم لەگەڵ ناشتنی تەرمی شاژنە ئەلیزابیسی بەریتانی بکەین کە لە ئاستی باڵا بەشداریان کرد و ئەوەندە توشی زهایمەر بوون و تەنانەت یادگەیان بەتاڵە لە رەفتاری چەند ساڵێکی کەمی پێش، نەک بیر لەو کارەساتە بکەنەوە کە ئەم بەریتانیا بەسەر کوردی هێنابێت، بەڵکو بیر لە جەوهەری سیاسیەتی ئاشکرا و نهێنیی ئەمرۆی بکەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کورد دەکات، هەڵوێستی بەریتانیا لە 16ی ئۆکتۆبەر گەواهی سیاسەتەکانیەتی لەمەرٍ کورد دا.
ئەمە تەنها هەست بە خۆکەمزانیە و بۆ دەرخستنی کەسیە بەدوور لە پێویستی سیاسەتی گشتی نەک ئەتەکێتی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان بێت، ئەمە لەژێرپێ خستنی بەرژەوەندیەکان و ئامانجەکانی گەلی کوردستانە، تۆ بینیوتە ئەوەندە خۆت بە کەمبزانیت بەم شێوەیە بەرامبەر وڵاتێک و سەرکردایەتیەکەی رەفتار بکەیت کە خەونی تۆی لەگۆرنابێت و، تا ئەمرۆش لە سەر ئەوهەڵویِستە بەردەوام بێت و رەفتاری بەریتانیای پاش 16 ی ئۆکتۆبەر لەمەرٍ کورد و بیرەنەوتەکانی کەرکوک و زیانگەیاندنیان بە کورد و پشتتێکردنی و گرنگیدان بە عیراق و یەکگرتوویی خاکەکەی لەپێناو بەرژەوەندیە تەسکە کۆن و نوێکەی خۆیان ئەوە سیاسەتیان بێت. ئای کورد کە هەمیشە یادەکەت بەتاڵە لە روداوەکانی مێژووی کۆن و نوێ، یان چانسی کوردە تووشی سەرکردەیەک دەبێت کە ئاگای لە مەحموی بێزەوانی مێژوەکەت نیە. با باش بزانن کە ئەم رەفتارانە وا ناکات کە ئەو وڵات و کەسانە رێزت زیاتر لێبگرن و سیاسەتیان بگۆرٍن، بەڵکو ئەوان زیاتر لەوە یەکلایی دەبنەوە کە ئەمانە لەو ئاستەدان کە گوێ بەهیچ نادەن و ئەوان هەرچیەکیان بوێت جێبەجێی دەکەن، ئەگەر لەسەر حسابی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکشەمان بێت.