دانا مەنمی: دابڕانی ژن لە ژنێتی و بێگانەبوونی بە پیاو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ھەرکەسێک کەمەکێک شارەزای مێژووی ڕۆشنبیری و ئەدەبیاتی کۆمەڵگای کوردی بێت، تێدەگات کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە حاجی قادری کۆیی بەرگری لە مافی ژنان دەکات، دواتریش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا هەریەک لە (پیرەمێرد و زێوەر و قانع و بێکەس و گۆران ) پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردیان بە پێگەو ڕۆڵی ژنان گرێداوە، جارێ ژنبوون یان پیاوبوون دیاردەیەکی سروشتیەو ئاساییە و نابێ پەرلەمانی کوردستان بەناوی (مافی ژنان ) ژن لەم سروشتی خۆی داببڕێت، بۆیە ئەو تەسەورەی کە ئێستا لە بارەی ژن و ژنبون و خێزان لە پەڕلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت لە ئەنجامی تێڕامانی ژن لە واقیعی ژنێتی نەهاتووەتە ئاراوە، ئەم تەسەورەی کە ئیستا لە پەرلەمان پرۆژە یاسای بۆخراوەتە کارو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ئەوەندەی ئامانج و تەسەورێکی سیاسییە بۆ بەکاڵاکردنی ژن و بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا ئەوەندە تەسەور نییە بۆ ڕێزگرتن لە مافی ژن و هوشیاری ژنێتی ژن لە کۆمەلگادا.
ژن و پیاو جیاوازی ئەنتۆلۆژی لە نێوانیاندا هەیە و پێویستی بە تێڕامان و لێکۆڵینەوەیە تا تێبگەین بۆچی ژن و پیاو هەڵگری دوو تەبعی جیاوازن لەمەشاعیریدا ؟! سەرباری ئەوەی کە ئەم دوو کائینە لە ڕووی بایەلۆجییەوە هەڵگری جەستەی جیاوازن، هەڵگری بونێکی ڕۆحی و (عەقڵ) و سروشتی و بونێکی ماددیشن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نابێ پیاو و ژن هەست بە بێگانەبوونی یەکتر بکەن وەک ئەوەی کە ئێستا پەرلەمانی کوردستان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم پرۆژە یاسایەوە ژن لە پیاو داببڕن بە ناوی یەکسانی و توندوتیژی یەوە ژن لە ژنێتی بخەن و بێگانەی بکەن لە خێزان و لە هاوسەرو لە کائینێکی تر کە ئەویش پیاوە! ژن و پیاو وەک دوو کائینی سەربەخۆ بەرپرسیارن لە دروستکردنی شوناسی خۆیان.
هەڵەیەکی گەورەی شەڵتەرەکانی ژنان ئەوەیە کە بانگەشەی یەکسانبونی نێوان ژن و پیاو دەکە ، جارێ تێناگەم ڕێکخراوو شەڵتەرەکانی ژن چۆن ئەم یەکسانییە ئەنجام ئەدەن؟ ئایا ژن یەکسان دەکەن بە پیاو؟ یان پیاو یەکسان دەکەن بە ژن؟ یانیش هەردوکیان یەکسان دەکەن بە یەکتری؟ لەنێوان ژن و پیاودا کامیان پێوەرو قیاسە بۆ ئەویتریان؟ تێناگەم شەڵتەرەکانی ژنان پیاوێکی ژنانەیان دەوێ یانیش ژنێکی پیاوانە؟! ئایا پیاو چۆن یەکسان دەبێ بە ژن و ژنیش چۆن یەکسان دەبێ بە پیاو؟! لە کۆمەڵگای کوردیدا جیاوازییەکانی ناو ژنان جیاوازیی گەورە و ھەمەلایەن و فرەجۆرن و ڕۆڵی جیاواز لەناو کایە و بواری جیاوازدا دەبینن، لەپاڵ ئەمانەیشدا چەندین فۆڕمی جیاواز لە بێدەنگکردن و چەپاندن و پەراوێزخستنی ژن بەرامبەر بە پیاو یان پیاو بەرامبەر بە ژن لە ئارادایە.
جوانی ژن بە سروشتەکەیەتی بە جیاوازییەکانیەتی و جوانی ژنیش ژنێتی و ژنبونە لە بەرامبەر پیاودا کە بەهیچ پێوەر و قیاسێک یەکسان نین و یەکسان نابن بە یەکتری، ژن بە ژنێتی خۆیەوە جوانەو پیاویش بە پیاوبوونی خۆیەوە ، هەردوو کائینەکە وەک ئەوەی کە هەیە هەبن، واتە پیاو ژن ناچار نەکات کە پیاو بێت و ژنیش پیاو ناچار نەکات کە ژن بێت، جا بۆئەوەی شیرازەی خێزان دانەڕمێت و ژن و پیاویش نەبنە دوو کائینی دژ بە یەک پێویستە پەیوەندییەکی ڕۆحی لە نێوانیاندا بیت نەک پەیوەندییەکی ماددی، بوونی پەیوەندییەکی رۆحی لە نیوان ژن و پیاودا هەم هوشیارییە و هەمیش ڕێزگرتنە لە شکۆی هەردوکیان،مبەتایبەت بۆ ژنان کە لە سروشتەکەیان دایاننەبڕین ، یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە موڵکیەتدایە نەک لە ڕۆح و لە سروشتدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت