شــوان خورشــید: هێورکردنەوەی بۆمبە تەوقیتکراوەکە.
کەرکوک ئەو زۆنەی دەناسرێت بە شاری زێڕی ڕەش، لەدێر زەمانەوە بەهۆی فرە پێکهاتەیی و فرە ئایینییەوە هەردەم جێگای ململانێ و کێشەو ڕق و قینەی نێوان پێکهاتەکان بوە، بەتایبەت لەو سات و کاتانەی کە دەستی دەرەکی و بیری شۆڤێنی زاڵ بوەتە سەر پێکهاتەکان، واتا زۆرجار کێشەو ڕقبونەوەکان دروستکراو بونەو، خیتابی سیاسی هۆکار بونە لە قوڵکردنەوەی کیشەو یەکتر بە دوژمن زانین. لە گەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە گیانی برایەتی و یەکتر خوێندنەوە لە نێوان پێکهاتەکان بونی هەبوە، بە جۆرێک لە کاری بازرگانی و کشتوکاڵ و بازاڕی ئازادو فەرمانگەی شارەکە، هەموو پێکهاتەکانی لەژێر یەک بنمیچ دا کۆکردۆتەوەو، هاوکارو تەبا بونەو تەنانەت لە نێوان هەندێک لە پێکهاتەکان ژن و ژنخوازی و خزمایەتیش هەبوە، بە هۆی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەوە جۆرێک لە خاوبونەوەی ململانێکان بونی هەبوە، کە بە بڕوای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە پێیان وایە کێشەی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک، زیاتر چاندنی ڕق و قین هۆکاری سەرەکێ هێزەسیاسیەکان و دەوڵەتە ناوچەییەکان بونە، کە لە بەرژەوەندی خۆیان دانیشتوانی شاری کەرکوکیان بەکار هێناوەو خوێیان بە برینەکانیان دا کردوە، لە سەرووی هەمویانەوە ڕژێمی ڕوخاوی بەعس یان دەتوانین بڵێین تا پرۆسەی ئازادی عێراق بارودۆخەکە بەو شێوەیە بوو. هەر لە دوای ساڵی 2003 ێ شەوەو دوای پرۆسەی ئازادی و کەوتنی سەرانی بەعس، جۆرێکی تر لە ململانێ و ڕق و کینە بیری سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوکی تەنی، بە جۆرێک کەرکوک ناوزەد کرا بە بۆمبێکی تەوقیتکراوو، پێشبینی ئەوەی لێ دەکرا لە هەر چرکەیەک دا بتەقێتەوە، دەتەقێتەوەو شارەکە بە سەرجەم دانیشتوانەکەیەوە سوتماک دەکات، کە لە ڕاستیشدا هەروا بوو، وەهەرواش دەبێت، چونکە ئەوەی دەیبینین و مەترسی لێ بەدی دەکەین ئەو یاریە مەترسی دارە نێو دەوڵەتیانەو ناوچەییانەیە، کە هەردەم سوود لە ئاڵۆزی و یەکتر قبوڵنەکردنی پێکهاتەکان دەبینن و، هەوڵ ئەدەن زیاتر بارودۆخی دانیشتوانی شاری کەرکوک و پێکهاتەکان ئاڵۆزتر بکەن، کەواتە بۆمبە تەوقیتکراوەکە تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت ساری مەفعولەو، ئەگەر بەوردی و ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت ئەگەری تەقینەوەی هەیەو، لە تەقینەوەی بارودۆخەکەشدا تەنها پێکهاتەکانی کەرکوک بەکوردو عەرەب تورکمان و مەسیحیەوە زیانیان بەردەکەوێت و، بەرەو چارەنوسی نادیار لۆقەیان پێ دەکات.
جا کەواتە ئەمە بارودۆخی ئایندەی کەرکوک بێت، چی بکرێت تا ڕێگا لە تەقینەوەی ئەو بۆمبە تەوقیتکراوە بگیرێت و نەتەقێتەوە، ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەرکە قورسەکەو تێپەڕبون بەو بارودۆخەدا تەنهاو تەنها دەکەوێتە ئەستۆی کەرکوکیەکان و، پێکهاتەکانی کەرکوک دەبێت لەو ڕاستیە بگەن کە بچوکترین مەترسی جەستەی هەمویان دەسوتێنێ و بەرەو لێواری مەرگیان غلۆر دەکاتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوە، پێویستە پێکهاتەکانی کەرکوک ئەو ڕاستیە بە جوانی هەزم بکەن کە سەرجەمیان یەک چارەنوسیان هەیە، دەبێت بە پێی بەرژەوەندی کەرکوکیانە بیریان بۆ بارودۆخەکەو چارەسەرکردنی بڕوات، بە شێویەک هەموان دەس لە نێو دەس وەک کەرکوکی بارودۆخەکەیان هەڵسەنگێنن و، یەکتر قبوڵ بکەن و ئەو جیاوازیە نەتەوەیی و ئاینیەی لە نێوانیان دا هەیە لە گۆڕی نێن.
بۆ ئەمەش باشترین شت کەبکرێت پێویستە کەرکوکیەکان بەسەرجەم پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینییەوە، ئەوە بزانن کە داهاتوی هەموان یەک چارەنوسە، گەر بەردێک لە ئاسمانەو بەربێتەوە بەر سەری هەموان دەکەوێت و زیانی بۆ هەموان دەبێت، ئەوەش بزانن هەر خۆیان هەست بەئازاری ئێشەکانیان دەکەن، ئەوەی هەیە لە دەورووبەرو ناوچەکە تەنها بۆ دادۆشینی سەروەت و سامانەکەیەتی، نەک خۆشەویستی بۆ خەڵکەکەی، نزیکترین نمونەش ئێستا دەبینین لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم،کەرکوک تەواو پەراوێز خراوە و هیچ خزمەتگوزاریەکی پێشکەش ناکرێت،کە دەبوایە بەراورد بە دەوڵەمەندی شارەکە کەرکوک شارێکی جێهانی، دەستە خوشکی پاریس و لەندەن ببوایە نەک شاری خاشاک و مەڵبەندی زبڵ و مێش و مەگەز، ئەبوایە بەپێی سیستەمی پەتڕۆدۆلار خەڵکەکەی باشترین و شایستەترین ژیانیان هەبوایە، بەڵام کاتێ دێتە سەر دادۆشینی نەوت و داهاتەکەی هەموان خۆیان بەخاوەنداری دەکەن و،وای تر لە خەونیشیان دا بیر لە کەرکوک ناکەنەوە، بۆیە دەبێ پێکهاتەکانی کەرکوک ئەو کەلتورە کۆمەڵایەتیە نوی بکەنەوە، بە پەیوەندی و هاوبەشی بازرگانی و کشتوکاڵی و ژن و ژنخوازی و خزمایەتی، خۆڕێخستن لە ڕێکخراو یانە کۆمەڵایەتی و مرۆیەکان وپتەوکردنی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەی کە مۆرکی خەڵکی شارەکەن لە دێرزەمانەوە.