سەلاح حسێن ئەفەندی: گەشبینی، یان ساویلکەیی و خۆهەڵفریواندن.
خەڵکانی کوردستان و عێراق ناهەقیان نییە ئەگەر ڕەشبینبن، بترسن، هێزیان لێ بڕابێت و کۆڵیان دابێت. بۆ ئەوەی بتوانن کومپانیا و پڕۆژەکانیان بپارێزن خۆیان بخزێننە پەنا بنەماڵە، حیزب یان گروپی چەکداریییەوە، یان هەر چۆنێک بێت لە ڕێگەی دامەزراندنەوە مووچەیەک بۆ خۆیان دابین کەن. متمانەیان بە پارت و بنەماڵە و داموودەزگاکانی دەوڵەت نەمابێت، چونکە دەیان و بگرە سەدان ساڵە، چەندین دەستەڵاتداریان تاقی کردۆتەوە، هەموو جارێ پڕ هیوا بوون، بەڵام زۆرجار دەرئەنجامەکان لەسەر ئاستی داخوازی و خەونەکانیان نەبوون. چاوەڕوانی ئەوە دەکەن، وەکو چۆن وڵاتەکەیان لە مێژووی کۆندا مەڵبەندی شارستانی، حوکمڕانی و یاسادان و و بیری نوێی و خولقاندن بوو، ئەمڕۆش وڵاتێک بێت لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، گەشەکردن و بوژاندنەوەی ئابووری تیایدا بەڕێوەبچێت، خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری لە ئاستێکی بەرزدابن، سیستمی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، سەروەری یاسا هەموو تاکێک بگرێتەوە. هەموو ئەوانە دەخوازن، چونکە وڵاتەکەیان دەوڵەمەندەو هەموو مەرجەکانی ئەو گۆڕانکاریانەیان تێدایە. لە گەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەدا، ڕەشبینی دیاردەیەکی زۆر ترسناکە، کاتێک باڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەکێشێ، ڕووبەڕووی ئیفلیجبوون و چەقبەستووبوونمان دەکاتەوە، بەرچاوامان تاریک دەکات و کۆڵمان پێ دەدات.
گرنگترین هۆکاری ڕەشبینی ئەویە کە تەنها ئەمڕۆ، ئەم ساتە ببینین، لامان وابێت کۆن باشتر و خۆشتر بووبێت لە ئێستا، چاوێک بەسەر مێژووی کۆندا نەخشێنین و ئەو گۆڕانکارییە مەزنانە نەبینین کە بە تایبەتی لەم دوو سەد ساڵەی دواییەدا بەسەر جیهاندا هاتوون. هەموو ئەوانە باش نابینین، چونکە وا داویانە بە گوێماندا کە ئەوانەی بەو گۆڕانکاریانە هەستاون، بەشێک نین لە ئێمە، دوژمنمانن، هەموو ئەو گەشەکردنە بەکاردەهێنن بۆ هەڵفریواندن و ڕوتاندنەوەمان. لە هەمان ساتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوون نەبینین بۆ پاشەڕۆژ، چونکە وا پەروەردەکراوین کە ئێمە توانای بیرکردنەوە و خوێندنەوەی واقیعمان نییە لەسەر چارەنووسی خۆمان، بێ تواناین لە لێکۆلینەوە و پلاندانان، دەبێ چاوەڕوانی بەزەیی خەڵی تر بیین، زلهێزەکان، دەوڵەتە ئیقلیمێکان، سەرۆکەکان و… هتد. وافێرکراوین ئێمە موسەیەرین، موخەیەر نین، هەر لە ئەزەلەوە چارەنوووسمان لەسەر ناوچەوانمان بۆ نووسراوەتەوە، ناتوانین کاریگەریمان هەبێت، ئەوەی بۆمان دانراوە هەر دەبێ وابن.
هۆکارێکی تر ئەوەیە کە تەنها فاکتەرە نالەبارەکان کە ڕێگەگرن لە پێشکەوتن و خۆشگوزاریمان ببینیین، گەندەڵێکی بەرفراوان، مامەڵەکردنی چینی سیاسی بە سامان و داهاتی وڵاتەوە و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ناسەقامگیری، لاوازی داموودەستگاکانی دەوڵەت، چارەسەرنەبوونی بابەتە نەتەوایەتییەکان، دەستێوەردان و فشاری دەوڵەتانی ئیقلیمی و… هتد، لە بەرامبەردا فاکتەرە لەبارەکان نەبینین. تەنها ئەو لایەن و هێزانە ببینین کە ڕێگەگرن، بەڵام ئەوە نەبینین کە ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵک هوشیارن، لەم بارە نالەبارە ناڕازین و گۆڕانکاریان گەرەکە، ڕۆژانە هەوڵدەدەن زەمینە خۆشکەن بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر. هەڵبەتە ئەو لایەنە ڕێگرانە لە بەرژەوەندیاندایە، خەڵک ڕەشبین و بێ هیوابن، بڕوایان بە خۆیان و گۆڕانکاری نەمێنێت و پاڵی لێبدەنەوە و چاوەڕوانی دەستی ئەوانبن، چونکە ئەو ڕەشبینی و بێ هیواییە، ئیفلیج و زەلیلیان دەکەن، کۆڵیان پێ دەدەن، چیتر بڕوایان بە گۆڕانکاری نامێنێت و هەوڵی بۆ نادەن.
پێچەوانەی ڕەشبینی، گەشبینی یان ساویلکەیی و خۆهەڵفریواندنە. ساویلکە ئەوانەن کە تەنها درەفتەکان دەبینن، ئەو هەموو کۆسپانە نابیننن کە ڕێگرن لە گۆڕانکاری، وا دەزانن بە ئاسانی و لە مەودایەکی کورتدا دەکرێ چارەسەری هەموو گرفتەکان بە خەڵکی پاک و دڵسۆز بکرێت. خۆهەڵفرێواندن بڕواکردنە بە قسەی لووسی هەندێک لە دەستەڵاتداران کە ڕۆژانە هەڵی دەڕێژن، یاخود بڕوابوونە بە پۆپۆلیستەکان کە لە گلەیی و ناڕەزایی دەربڕین بەولاوە، بۆ چارەسەری کێشەکان هیچ پرۆگرام و پڕۆژەیەکیان لە هەگبەدا نییە کە قابیلی بە ئەنجامدان بن.
بە پێچەوانەی ئەوانەوە، گەشبینی یانی بوونی ئامانج و هیوا بە پاشەڕۆژ، بوونی دیدگایە ( روئیایە)، لەسەر بنەما و زەمینەی ئەمڕۆی کۆمەڵگە و ناوچەکە و جیهان، بینینی ئەو هەموو دەرفەتانەیە کە لەبەر دەماندان و دەکرێ بخرێنە گەڕ، لە هەمان ساتدا بینینی ئەو هەموو کێشە و هەڕەشانەیی ناوخۆ و ناوچەکە و جیهانە کە ڕووبەڕووی گەشەکردن و خۆشگوزەرانیمان دەبنەوە. دەزانرێ بە خەڵکی دڵپاک گۆڕانکاری مەزن ڕوون نادات، بەڵکو ئەوە پرۆسەیەکە، لە ڕێگەی ململانێیی نێوان چینو توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، هێزی ناوخۆ و ئیقلیمییەکاندا ڕوودەدەن، لە نێوان ئەوانەی گۆڕانکاری و گەشەکردن لە بەرژەوەندیاندایە و ئەوانەی ڕێگرن لێیی. بێ بوونی دیدگا بۆ پاشەڕۆژ، بینینی ئەو هەموو دەرفەتانەی لەبەردەمدان، تووشی ڕەشبینی دەبین، لە هەمان ساتدا حساب نەکردنی ورد بۆ هەموو ئەو کۆسپانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، ساویلکەیەتییە و لە هەمان ساتدا بە ئاسانی هەڵماندەفریوێنن.
پاڵەوانەکانی پێشتر، لە قۆناغەکانی تردا، لە کودەتاکاندا، لە بزوتنەوە چەکدارییەکاندا، لە بزوتنەوە ناسونالیست و بەناو سۆسیالیستەکاندا، ئەوەی کاری بۆ دەکرا ڕوخاندن و سڕینەوەی کۆن بوو، بەڵام کەم کار دەکرا بۆ بونیادنانی کۆمەڵگە و تاکی بەهێز و پێشخستنی ئابووری و باشکردنی خۆشگوزەرانی خەڵک. پاڵەونەکانی ئەوسا ئەو هەموو گەنجانە بوون کە گیانی خۆیان دەبەخشی، ئەو هەموو دایک و باوکانە بوون، کە کۆرپەکانیان لەدەست دەچوو، بەڵام زووربەی جار ئەوانەی بەروبوومیان دەچنییەوە نوخبەیەک بوون، دواتر دەبوونە خاوەن دەستەڵات و سامان.
لەگەڵ هەموو ئەو قەیران و کۆسپ و ئاژاوەیەدا کە ئەمڕۆ پێیاندا تێپەڕدەبین، ئاسۆیەک و دیدگایەکی نوێ لەبەر دەمماندان، لە باتی ڕووخاندن، بونیادنانە، بوونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی خۆشگوزار کە ببێتە بەشێکی کاریگەر و بەهێزی ناوچەکە و جیهان. پاڵەوانەکانی ئەمڕۆ جیاوازن. هەموو ئەوانەن کە لەباتی ڕازوگلەیی و جنێودان، بوونیاد دەنین، بونیادی خۆیان وەکو تاک، هەروەها کۆمەڵگە لە هەموو کەرتەکاندا.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا، بۆ نموونە، هەموو ئەو گەنجە بلیمەت و ئازایانەی کە لە بواری پاراستنی ژینگەی وڵاتدا خۆبەخشانە کاردەکەن، پاڵەوانی ئەمڕۆن. بەهێزبوون و گەشەکردنی ڕێکخراوە کۆمەڵگە مەدەنییەکانیان، ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە پاراستنی سامانە سروشتییەکانی وڵات، سەچاوەی ئاو، سەوزایی، پاکوخاوێنی و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیری کۆمەڵگە. پاراستنی سروشت، پاراستنی پاشەڕۆژمانە، بناغەدانانە بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و گەشتوگوزاری خاوێن و تەندروست.
بێ بەشداریکردنی ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا، لە داموودەزگاکانی دەوڵەت، کومپانییەکان، خوێندن و فێربوون. یەکسانی تەواویان لەگەڵ پیاودا، بێ خستنەگەڕی توانا و شارەزاییەکانیان، گەشەکردنی وڵات و باشبوونی خزمەتگوزاری لاواز و نیوەچڵ دەبن. ئەمڕۆ بە دەیان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ماف و زیادبوونی ڕۆڵی ژنان کاردەکەن، ژنانی بە ئەزموون و پیاوانی وشیار و مێشک کراوە، ڕۆڵ دەبینن لەو بوارانەدا، کە پاڵەوانی ئەم سەردەمەن لە کامڵبوون و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکەمان و زیادبوونی یەکسانی تیایدا.
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا، ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، کومپانیا، ڕێکخراوی دەرەکی، خەڵکانی شارەزا، ڕۆڵ دەبینن لە سازکردنی کۆڕ و سیمینار و کۆرسی جیاوازدا، لە بواری پەرەپێدانی توانای مرۆییدا، لەڕووی ئیداری، دارایی و ئابوری و ئای تیدا. سەدان گەنجی کوڕ و کچ بەشداری تیادا دەکەن، ڕاهێنان دەکەن، بیروڕا لەگەڵ یەکتر دەگۆڕنەوە. فێری ئەوە دەبن سەربەخۆیانە کاربکەن و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، ڕەخنەگرانە لە ئێستا و داهاتوو بڕوانن، هەموو ئەوانەش پاڵەوانی ئەمڕۆن، سەرچاوەی خولقاندن و درووستبوونی مرۆڤی بە توانان.
هەموو ئەو کچ و کوڕە گەنجانەمان کە لە هەوڵی بونیادنانی پرۆژە و کومپانیای بچووک و گەورەن، لە ماڵەکانیاندا هەڵدەستن بە کارکردن و بەرهەمهێنان، زۆر جار بێ پشتیوانیکردنی داموودەزگاکانی دەوڵەت، زۆرانبازی لەگەڵ زەمینەیەکی سەختدا دەکەن. هەموو ئەو گەنجانەی، لەگەڵ ئەوەی لە بواری جیاوازدا خوێندنی باڵایان تەواو کردووە، خۆیان هیلاک دەکەن و لە کەرتی تایبەتیدا لە بواری تردا کاردەکەن، ڕازین بەو دەرفت و کارە سادانەی لەبەر دەمیاندایە، خۆیان پێ دەگەیەنن، چاوەڕانی دەستی دەستەڵاتداران ناکەن و لە هەمان ساتدا ئەرکی حکومەت سووک دەکەن، پاڵەوانی ئەم قۆناغەن.
کاربەڕێوەبەرانی کارگەی کلتووری لە سلێمانی، کارگەی جگەرەی پێشوو، نموونەیەکی زیندووی ئەو پاڵەوانانەن. بێ گوومان دروستکردنی باڵەخانە و مۆڵ و یەکەی جێنشینی باشن و بەشێکە لە بوژاندنەوەی کۆمەڵگە، بەڵام گۆڕینی ئەو کارگە کۆنە و، کردنی بەسەنتەرێکی کلتووری و ڕاهێنان و فێربوون لە ناوەندی شاردا، چەندین پڕۆژەی زۆر گرنگن و ڕۆڵیان دەبینێت لە گەشەکردنی کلتوور و فێربوون و شارەزایی خەڵک، نەکو تەنها لە سلێمانی بگرە لە هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق، درەفتێکی گەورەیە بۆ گەنجەکانمان کە بتوانن توانای داهێنان و شارەزایی خۆیانی تیادا گەشەپێبدەن، لەسەر پێیی خۆیان بوەستن و ببنە تاکی بەهێز و بڕوابەخۆ، کە توانای گۆڕانکاری و فشار خستنە سەر دەستەڵاتدارانیان هەبێت.
هەموو ئەو سەرمایەدارانەی کە بیرۆکەی نوێیان هەیە، کۆمپانیای بچوک و مەزن بوونیاد دەنێن، بیر لە پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایان دەکەنەوە، هاریکارن لە پڕۆژەی بچوک و گەورەی خزمەتگوزاریدا، فرسەتەی کار دەڕەخسێنن، لە زەمینە و ژینگەیەکی سەختدا کاردەکەن، ڕووبەڕووی سەرانە و پشکپشکێنەی بێ بەرامبەر دەبنەوە، سیستمێکی بانکی بەهێز لە پشتیانەوە نییە کە وەبەرهێنەرەکانیان ئاسانتر بکات، پاڵەوان و بزوێنەری گەشەکردنی کۆمەڵگەن.
ئەو پسپۆرانەی، لە بوارە جیاوازەکاندا، لە زانکۆکاندا، لە داموودەزکاکانی دەوڵەتدا، پیشە و کاریان بە ڕەها دەبینن، گرنگی دەدەن بە گەشکردن و خۆشگوزەرانی، گەشەپێدانی ئینفراسترەکتوور نموونەی کارەبا و وزە و ئاو و ڕێگەوبان و ئای تی، هێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، ڕێگە دۆزینەوە بۆ چاکسازی سیاسی و یاسایی و بەهێزکردن و بە مودێرنکردنی دەستگاکانی دەوڵەت، گەشەپێدانی ژیانی کۆمەڵایەتی، چاکسازی لە سیستمی خوێندن و فێربووندا، شێوازی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوایەتییەکان و دۆزینەوەی بەرژەوەندی و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوانن پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق و بگرە دەوروپشتیشدا…، پاڵەوانی ئەمڕۆن.
ئەو کارمەندانەی میدیا و شورنالیست و نووسەران، کە ڕەخنەگرانە دەڕواننە ڕوداوەکانی کۆمەڵگە، دامودەزگاکانی دەوڵەت و حیزب و ڕێکخراو و کاربەدەستان. لایەنی ئەرێنی و نەرینی دەخەنە ڕوو، پەردە لەسەر نهێنییەکان ڕادەماڵن، لە باتی ڕازوگلەیی و جنێودان، دەگەڕێن بە دوای چارەسەری گونجاودا و گەشبینانە دەڕواننە جیهان، نابنە پاشکۆی لایەنێکی دیاری کرا، ڕۆڵ دەبینن لە بەهێزکردنی وڵات و دروستببوونی تاکی سەربەخۆ و ئازاد و خولقێنەر تیایدا، پاڵەوانی ئەمڕۆمانن.
بەشێک لەو سیاسەتمەدارانە، کە لە ڕیزی هەموو پارتەسیاسییەکاندا، بە کردەوە نەکو تەنها بە قسە، هەوڵی چاکسازی دەدەن، بە ڕاستی دژایەتی گەندەڵی دەکەن، بە پەرۆشی گەشەکردنی کۆمەڵگە و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانن. دەیانەوێ داموودەزگاکانی دەوڵەت، پەرلەمان، حکومەت، دەستەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێزترکەن، یاسا و بڕیاری نوێ بسەپێنن کە ڕێگە خۆشکەربن بۆ هەموو ئەوانەی سەرەوە، لە باتی هەوڵدان بۆ سەندنی پۆست و سامان لەسەر پرۆژەی نیشتمانی و ستراتیژی کاردەکەن، دەبنە پاڵەوانی ئەم قۆناغە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە، قاپییەکانمان ڕووبەڕووی جیهان کراوەن، سنوورەکانمان لەسەر پشتن، تەکنەلۆژیا و ئامڕاز و شێوازی کارکردنی نوێی مودێرن لەبەر دەستماندان، لەگەڵ یەکتری و جیهان لە پەیوەندی و ئاڵووگۆڕی زانیاری هەمیشەییداین، چەندین کوۆمپانیا و شارەزا و قونسولخانەی جیهان لە وڵاتەکەماندان، کە بوونەتە لایەنێکی کاریگەر لەسەر ڕووداوەکان، دەکرێ سوود لە لایەنە ئەرینییەکانیان وەرگیرێ. هەتا ڕادەیەک، لە چاو دەوڵەتانی دەوروپشتدا ئازادی باشی ڕادەربڕین و خۆڕێکخستن بۆمان ڕوخساون. دەوڵەتە ئیقلیمی و زلهێزەکان ئەگەر چی بۆ بەرژەوەندی خۆشیان بێت، پارێزگاری سەقامگیری و ئاشتی لە وڵاتەکەماندا دەکەن… گۆڕانکاری و لەیەک نزیکبوونەوە و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان بەشێک لە وڵاتەکانی ناوچەکە بەڕێوەن، بۆ نموونە وڵاتەکانی خلیج، میسر، ئوردن و نەیارەکانیشیان، کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕەستەوخۆیان لەسەرمان هەن، دەکرێ سوودیان لێوەرگیرێت. لەو ڕێگەیانەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، پڕۆژەی ستراتیژی و دووربینانە لەگەڵ دەوروپشت ڕێک بخرێن.