شەماڵ بارەوانی: بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا/ بەشی بیست و هەشت.
موفتی ئەزهەر گوێ لە فەیرۆز دەگرێت..!
دكتۆر (ئەحمەد كەریمە) مامۆستای زانكۆی ئەزهەر: من گوێ لە گۆرانی (فەیروز) دەگرم و هاوەڵانی پێغەمبەریش گوێیان لە گۆرانی دەگرت.”(١).
هاوڕێیان لە چەند بەشی پێشوو باسم لە هەندێک بەسەرهات و بیرەوەری سەردەمی فەقێیاتیم کرد سەبارەت بە گۆرانی و میوزیک، ئەوبەشەش هەر ئەو بەزمەیە.
بەسەرهاتێکی تریش هەر سەبارەت بە گۆرانی، مامۆستایەک هەم هاوڕێ و هەم مامۆستای خوێندنی سەرەتاییم بوو، کاتی خۆی لەدێی بارەوان، مامۆستاکە ئنتیماو مەیلی بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، دواتر لەسەر ئیسلامی بوون و ئەو بابەتە گرتیان، جا ماوەیەک لە زیندانی ئاکرێ زیندانی کرابوو، منیش لە فەقێیاتی بووم ئەوکات، کە چوومەوە، ووتم با سەردانێکی بکەم، وەک وەفایەک، کەچووم و لەکاتی گەڕانەوە، لە ڕێگای ئاکرێ- ڕۆڤیا، شۆفێرەکە کاسێتێکی گۆرانی خستەسەر، دووبارە، هەمان بەزمی پێشووی بەردەڕەش گوتم هەر ئێستا ئەو کاسێتە نەینیتە خوار، من دێمەخوار،کە گوتم: هەر ئێستا یان من، یان ئەو گۆرانیە بێ ئەخلاقە. شۆفێرەکە بادینی بوو گوتی تە چ گوت؟
گووتم: ئەوەی گووتم، گووتی: خودێ چاڤێتە بێنەدەر، ئەز وی سترانێ نائینمه خوار، دێکەرەمکە وەرە خوار، تۆتۆمبیلەکەی ڕاگرت، لە نێوەی ڕێگا، کەوتمە بیرکردنەوە، باشە لێرە دابەزم و بەو گەرمای هاوینە، تۆ لەوەش گەڕێ جا کێ لە لەو خەت سەریعە دووبارە لێم دەوەستێت؟
وەلاهی دەبم بە پەند و فیلم دەسوتێت. بەسەری ئێوە ئەوجارە، هەمان شێوەی پێشوو عەنتەریات نەیخوارد و عینادیەکەم بۆم سەری نەگرت و کورد وتەنی هەموو هەورێک بارنی لێ نابارێت و ئاخریەکەی ملی خۆم شۆڕ کرد و گوتم بڕۆ دەی کێشه نییە، دەی کاکە تازە گووەکم خوارد و لەگەڵ تۆ سواربووم.
کە گەیشتین، بەرلەوەی دابەزم لە ڕوڤیا، کابرا ماچی کردم و گووتی: چێ نەدبوو ئەز ڤی ڕەنگی گەلتە بئاخڤم، قسورییا من عەفی کەو لمن ببووره.
گوتم: چنینە مالاتە، ئەوژی دێ چێ بت.
بەوچەشنە ئازیزان، من سەرەتا وشکباڕ و ناحاڵی بابووم. بە تایبەتی سەرەتای قۆناغی فەقێیاتیم ئاوا فێندەمێناڵیست و توندئاژۆبووم. وەلێ دواتر وا نەمام هێدی هێدی گوڕام. تاگەیشتم بە کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان) بە تایبەتی قۆناغی دوو و سێ و چواری کۆلێژ، هێندە گۆڕاوم و خەریک بوو خۆم خۆم نەناسمەو بەخۆم بڵێم: هەرگیز ئەو شەماڵە، شەماڵەکەی پێشوو نییە!
لە حەقیقەتدا خەڵکێکی زۆریش وایان پێدەگوتم. پێشووتر من موبایلەکەم تەنها قورئان و سرووی ئایینی بوو، بە تایبەتی سروده دینیەکانی سامی یوسف و ئەیاد محەمەد و تیورولجەنە و چی و چی. وەلێ دواتر کاتێک کە گەیشتین بە کۆلێژی شەریعە، من و ئەو فەقێیەش کە لە بەشی پێشووم باسکرد کە له بەردەڕەش بە تاکسیەکەمان گوت دەبێت گۆرانیەکە بێدەنگ کەیت، گەر نا دادەبەزین، ئەویش هەمان شێوەی من، سەبارەت بە گۆرانی و هەندەک شتی تری زۆر لاوەکی زۆر گۆڕا، جا ئەو فەقێیە هیوایەتی گۆرانیەکانی عەزیز وەیسی بوو و شان و ملی خۆی لەگەڵ بادەدا، منیش زەکەریا عەبدوڵلا.
لە کۆلێژی شەریعە بیرمە، مامۆستایەکمان هەبوو جارەک گووتی: ولاهی بابە عە جیبە، نەمردین و بەو ڕۆژەیش گەیشتین، دەڵێن: خوێندەکارەکی کۆلێژی شەریعە لەگەڵ تاکسی سواربووە، گوتویەتی: توخوا گۆرانیەکی عەبدولعەزیز وەیسمان بۆ داگیرسێنە!
کەوای گووت، من دامە قاقاو لە دڵی خۆم دا گووتم: بەو خوایەی ئەکید ئەوە، ئەو فەقێی هاوڕێمە وای بەو تاکسیەی گوتووە.
1- ماڵپەڕی:دابڕان.