پێشڕەوی سەید برایمی: شەش چوارینەی نەزاندراوی دڵدار.
گۆڤاری ( ژین) ی ژمارە (10) ی 2019 ئازیزدا، لە (گەنجینەی بەڵگەنامەدا) چەند بەڵگەنامەیەکی دەستنووسی بڵاوکردۆتەوە، کە دەتوانم بڵێم هەتا هەتایە لە فەوتان رزگار کردوون، بەو هیوایەی، وەک ئامانجی گۆڤارو بنکەکەشە ” بنکەی ژین” بەردەوام بن لەو ئەرکە پیرۆزە، چونکە کەرەستەی گرنگ وسەرچاوەی بە پێزن بۆ تۆژینەوەی هەمەلایانە. لەو کۆمەڵە بەڵگەنامانە ئەوانەی خوارەوە بۆ من جێی سەرنج و تێڕامان بوون:
1- بڵاوکراوەی ” هیوا”،
2- بەشی ادبیات وتارێک و شیعرێکی درێژە،
3- بۆچی میللەتی کورد بە دواکەوتییە .
4- چیرۆكی نیشتمانپەروەرێکی کورد.
5- پروسیە چۆن بەرزبوەوە. لەوانەش ژمارە (1)، (2) و ( 5).
پێش ئەوەی بچمە ناو کرۆکی باسەکەم دەمەوێ هەندێ زانیاری بدەم :
– ئەو بەڵگەنامانە، وەک گۆڤارەکە ( ژین) ئاماژەی پێداوە ( کۆکراوەی رۆشنبیریی نووسەر رەفیق حیلمی)یە و پێشکێش بە بنکەی ژین کراوە.
– بەڵگەنامەکان دەستنووسن لە سەر لاپەڕە هێلدارەکانی دەفتەر نووسراون، هێلی سەرەوە رەنگی سوورە.
– بەڵگەنامەکان کۆمەڵێ وتارو هۆنراوەیەکی درێژە. پێدەچێ لەو بڵاوکراوانە بێ، کە بە دەست وخەت لە سەردەمی ” دارکەر” بڵاودەکرانەوە.
– نوسەرەکانیان ناوی نهێنیان هەیە بە هێمای لاتینی نووسراوەن، کە پێک هاتووە لە دوو پیتی لاتینی، لەگەڵ ژمارەیەک ئەویش بەلاتینی: ژمارە 1: ( 1/N.D) واتە یەک لەسەر D. N ژمارە2: (2/N.D)، واتە N.D لەسەر2. ژمارە : 3 (N.D/3 ). واتە 3 لەسەر .N.Dژمارە 4: ( 1/D.N)واتە D.N.لەسەر 1 . ژمارە 5: ( 4/N.D ) واتە : 4 لەسەر N.D. بۆ پتر دڵنیایی بڕوانە پاشکۆی وێنەکان.
– وتارەکان لە توێی گۆڤارێک دا خۆ دەنوێنێ وەک لە سەرەتادا نووسراوە ( هیوا گۆڤارێکی کوردییە).
– بڵاوکراوەکە، یان گۆڤارەکە وێدەچێ هی ” دارکەر” بێ، چونکە لە دوا دێڕی بەڵگەنامەی یەکەم، کە وەک سەروتار وایە ناونیشانەکەشی ( سەرەتا) یە، ناوی دارکەر دەهێنێ ( ئیتر هەر بژی دارکەر و هەربژی کورد). دڵنیام گەر بڵاوکراوەی ” هیوا” با، هەرگیز نەدەنووسرا ( بژی دارکەر) بەلکو ( بژی هیوا). بۆیە مەمانان بە گۆڤاری : دارکەر”ی لە قەڵەم دەدەن.
– گەر ئەوەی سەرەوە ساغ بێتەوە واتە ساڵەکەی دەزاندرێ. دیارە ساڵی دامەزراندنی ” دارکەر” لە هاوینی 1937 بووە، تا نیوەی دووەمی 1939ی چالاکییەکانی بەردەوام بووە. لەدوای ئەوە بوو بە ” هیوا”. پێم وایە ساڵی 1938 گونجاو بێ بۆ دەرکردنی ئەو گۆڤارە دەستخەتییە، چونکە خودی هۆنراوەکە وەک لە دیوانی دڵداردا لە هەردوو چاپان بڵاوکراوەتەوە ساڵ و شوێنەکەی دیاریکراوە ساڵی 1938 کەرکوک.
– ناوی گۆڤارەکە ( هیوا) ئاماژەیەکمان پێدەدا، ئەو کاتانە دەرچووە، کە هەوڵ دراوە لەلایەن سەرکردایەتی ” دارکەر”ەوە ناوەکەی بگۆڕدرێ، وەک لە دوا کۆبونەوەی دا لە نیسانی 1939 بڕیار درا ناوەکەی ببێتە ” هیوا”. دەکرێ بڵێین سەرچاوەی ناوی کۆمەڵەی هیوا، لە ناوی گۆڤاری هیوای دارکەرەوە هاتبێ.
– گەر ببپرسین چۆن ئەو گۆڤارە کەوتۆتە دەست رەفیق حیلمی؟ لەوانەیە وەرامەکەی ئاسان بێ. ئەگەر هەیە پێش ئەوەی رەفیق حیلمی سەرکردایەتی هیوا لە دەست بگرێ بڵاوکراوەکانی ” دارکەر” ی بۆ ناردرابێ ، یان ئەو کاتەی شاندێکی ” هیوا” دڵدارو کاکە حەمەی خانەقا چوون بۆ لای لە بەغدا بۆ ئەوەی داوای لێبکەن سەرکردایەتی هیوا لە ئەستۆ بگرێ. هەندێک لە و ژمارانەی گۆڤاری هیوایان پێشکێش کردبێ.
وەک لەسەرەوە گوتم بەلامەوە سێ بەڵگەنامەیان، یان سێ وتاری ئەو گۆڤارە، کە ژمارەی لەسەر نییە، جێی سەرنجم بێ. ئەو سێ وتارەش: سەرە وتارەکە بەناوی ” سەرەتا” دووەم بەشی ئەدەبیات ” ئەسبابی چارەرەشی کورد” ، سێیەمیش، کە بەڵگەنامەی پێنجەمە ( پروسییە چۆن بەرزبۆوە). بۆ جێی سەرنجی منن؟ چونکە هەر سێ بابەتەکە بە هی دڵدار دەزانم. بۆ ئەوەی بیسەلمێنم، یەک بەیەکیان دەیانهێنینە بەر باس وخواس و لێی دەکۆڵینەوە.
لەبەر ئەوەی دڵنیام بەڵگەنامەی ( ئەسبابی چارەرەشی کورد) هی دڵدارە، چونکە خودی ناوەڕۆکەکەی بە گشتی و شیعرەکەی بە تایبەتی بەڵگەی بەرتکن، بۆیە ئەو پێش دەخەین. لە وتارێکی دی، یان لە بەشێکی دی ئەوانی دی بەسەر دەکەینەوە، دوای ئەوەی پتر دڵنیابووین و سەرچاوەی پێویستمان دەست کەوت.
دەبێ ئەوەش بڵێم، کە دڵدار بە دەست خەتی خۆی شیعرەکەو پێشەکییەکەی نووسیووە، گەر بەرواردی بکەین لەگەڵ دەسخەتێکی دیکەی، کە لە کتێبی ( دڵدار، شاعیری شۆڕشگێڕی کورد لە نووسین : عەبدولخالق عەلائەدین، بەغدا، 1985) نموونەی دەستنووسی هۆنراوەی ( کەپری ئاودێر) ( دووسوار) ( چەندووچوون) و ( ماڵوێرانی) بڵاوکراوەتەوە، دەبینین هەمان دەست وخەتە. وەک لە دامێنی ئەو وتارە بڵاومان کردۆتەوە.
پێش ئەوەی لە شیعرە بدوێن پێم باشە ئەو پێشەکییەی دڵادر بۆ شیعرەکەی نووسیووە، وەک خۆی بڵاوی بکەمەوە، چونکە ئەویش هەر موڵکی دڵدارە، وەک شیعرەکە.
وتارو شیعرەکە لە بەشی ئەدەبیاتی گۆڤارەکە بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی :
ئەسبابی چارەڕەشی کورد
هەموو میللەتێک لە نێو دەریای بێ خەبەری نەزانین دەربازبوون، خۆیان لە گرانی و سستیەتی رزگارکرد. تەوقی یەخسیری و ئەسارەتیان شکاند، دەست و بازووی خۆیان بۆ ژیان هەڵماڵی، شەوی تاریکی نەگبەتییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان دا لابرد، رۆژێکی جوان و تیشک تیژیان بۆ خۆیان هێنادی. لەپاش ئەوەی کە ناوی ” سەربەستییان” لە سەرووی وەطەنەکەیان بە خوێنی شەهیدان نووسی، بە خەطێکی زێربافی نەژادێکی باڵایان بۆ نەوەکانیان بەجێ هێشت. ئەم میللەتەی کە پێی ئەلێن کورد؛ لە پرخەپرخی خەو و لە نێو دەریایێکی پڕخەوی بەترس دا هەر مایەوە، هەر مایەوە. بۆچی ئەم میللەتە هەر لە ژێر تەوقی یەخسیریدا هەردەم بتلێتەوە؟ ئایا سەبەبی ئەم نەگبەتییە چییە؟ بێ شک سەبەبی ” چارەڕەشی کورد” بێدەماری وخاوخلیچکی ونەزانینی مانای وەتەنی لاوەکانیە، ئینجا بۆ ئەمەی کە بە کوتەکی حەقیقەت لەسەری لاوەکان بدەم، وا ئەم شیعرانەی خوارەوەتان پێشکەش دەکەم، کە لە ماهییەتی وەطەنییەکان بگەن!
ئەو شیعرە، کە لە کتێبی ناوبراو چاپی 1985 و هەروەها چاپی دووەمیشی لە2019، کە چاپێکی پوخترو زێترو پڕ زانیاری ترە، بەناوی( لاوی کوردان) بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە بەڵگەنامەکە 26 چوارینەیە، کەچی لە هەردوو چاپان دا (20) چوارینەیە!
شەش چوارینەکەی لە دیوانەکەی دا نین ئەمانەن :
ــ 8 ــ
سەیری ناکەن ( مۆسۆلینی) چۆنە گەر هاوار بکا؟
خۆ هەموو دنیا ئەلەرزی بێت و مەیلی کار بکا
چونکە هێزی لاوە لاوە حەقیەتی خوێنکار بکا
( لاوی ئێمەش هەر لە دەورەی مەی ئەکەن غیرەتکەشی)
ــ 9 ــ
سا ئەگەر ( هیتلەر) موتیعی لاو نەبێ هیتلەر نییە
گەر سپاهی لاو نەبێ ئەو خاوەنی خەنجەر نییە
چونکە هێزی لاوە لاوە، بۆیێ باکی شەڕ نییە
لاوی ئێمەش هەر لە دەورەی مەی ئەکەن غیرەتکەشی
ــ 14 ــ
میللەتێکی چەشنی کورد بێ، وا لە دنیادا نەما
با خصووص لەم عەسرەدا بێ کارەیی زۆر ئەستەمە
چونکە ئەم عەسرەی تیاهەین عەسری نورو بیستەمە
ئێوە تاکەی هەر لەدەورەی مەی ئەکەن غیرەتکەشی
ــ 20 ــ
میللیەت یەعنی بە نوکی تیری دوشمن بێیە هۆش
سەیری ئەترافت بکەیت و دانیشی ساتێ خەمۆش
ئاگری ئەحواڵی میللەت هەم لە دڵدا بێتە جۆش
هەڵسی ئینجا بەس لە دەورەی مەی نەکەی غیرەتکەشی
ــ 22 ــ
میللیەت یەعنی لە رێگای میللەتت هەوڵێ بدەی
بۆ ژیانی نیشتمانت کردەوەی سودێ بکەی
جا لە رێگەی پێشڕەویتا تەپڵی هەڵسن لێ بدەی
هەڵسی ئینجا بەس لە دەورەی مەی نەکەی غیرەتکەشی
ــ 23 ــ
تاکو ئێستێکە لە ڕێگەی میللەتت چیت کردووە
غەیرەزا بێ سودمەندی میللەتت چیت کردووە
هەڵسە سەیری کورد بە دەردی بێ کەسی وا مردووە
عەیبە عەیبە بەس لە دەورەی مەی مەکە غیرەتکەشی
تێبینی ریزبەندی چوارینەکان، وەک لە دەستنووسەکەدا هاتووە.
بۆ چوارینەکانی ( 8و9) ، کە لە دیوانەکی دڵداردا بڵاونەکرابێتەوە، رەنگبێ هەر خودی دڵدار لای دابێ، هەرچەند ئەوە بە ئەگەرێکی زۆر لاواز دەبینم، چونکە دڵدار، وەک مەسعود محەمەد گوتەنی ( نەمدیت رۆژێک لە رۆژان دڵدار قسە قووت بداتەوە وەیا لە هەڵوەست دابەزێ بە مەرایی کردن بەرانبەر نەوازشت). جگە لەوەش ئەوەی لە شیعرو بیروەرییەکانید بەدی دەکرێ، بەتایبەتی لەمەڕ ئایین زۆر زەقترو بڤەترن. لەوانەیە ( گەر دەستنووسی ئەو هۆنراوەیە بە مێژووەکەیەوە، شتێکی دیکەمان پێ بڵێ) بۆیە ئەگەر هەیە تا پێوەندیکردنی بە حزبی ( تەحەڕوڕی نیشتمانی)، کە ڕووکاری حزبی شیوعی عێراق بوو، ناڵێم تا دوای رووخانی ( نازیەت وفاشییەتی ئەلمانیا و ئیتالیا)، چونکە پەشیمانی لەلا نەبوو، ئەو دوو چوارینەیە خودی دڵدار لای نەدابێ. هۆکارەکەش دیارە لەگەڵ ئەدەبیات وسیاسەتی حزبی شیوعی ناکۆکە. بۆ چوارینەکانی ( 14 و 22) لاوازیان پێوە دیارەو سەروایەکانیشیان تا رادەیەک ناتەواوە. بۆ ئەوانی ( 20 و 23) لەوانەیە لە ناوەڕۆکدا بە بەراورد لەگەڵ چوارینەکانی دی دووبارەبوونەوەیان هەست پێبکرێ، بۆیە دڵدار دواتر لای بردوون.
سەرجەم چوارینەکانی دی ( 20 چوارینە) ی بڵاوکرایەوە، گەر بەراوردێ بکەین، دڵدار دەستکاری تێداکردووە:
– لە چوارینەی یەکەم لە دەستنووسەکەدا لسەر دێری یەکەم دا ( سا ئەزانی) نووسراوە، کەچی لە دیوانەکەدا ( تۆ ئەزانی).
– لە چوارینە سێیەم و دێڕی سێیەم لە دەستننوسەکە ( وا لەگەڵ گاڵەو جنێوی دائیمیی بێگانەدا)، کەچی لە چاپکراو ( دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز هاوا ئەکا لەم ئانەدا).
– چوارینەی چوارەم دەستکارییەکان زۆرن، بۆیە هەردووکیان دەنووسمەوە. دەسکارییەکانیش بە خەتێکی لەبندراو ئاماژەی پێ دەدەم
لە دەستنووسەکە:
ئەسلەحەی میللەت، طەبیعی هێزی دەستی لاوییە
رۆژی هیوا دواکەوێ، بێ شک لە سستی لاوییە
چاوی غەفلەت هەڵنەپچڕانن. لە مەستیی لاوییە
لاوی ئێمەش، هەر لە دەورەی مەی ئەکەن غیرەتکەشی
لە دیوانەکە:
ئەسلەحەی هەر میللەتێ سا دەست و بازووی گەنجیەتی
رۆژی شوعلەبەخشی ئومێد فکرو کاری گەنجیەتی
مەرهەمی زام و برینی کردەوەو هەم رەنجیەتی
لاوی ئێمەش هەر لە دەورەی مەی ئەکەن غیرەتکەشی
دڵدار کارێکی باشی کردووە پەیڤی ( گەنجی) لە بری ( لاو) بەکارهێناوە، چونکە ( لاو) هەر تەنها بۆ نێر دەبێ، کەچی ( گەنج) بۆ نێرومێ. ئەمەش هزری پێشکەوتووی دڵدار دیاری دەکا. لەوانەیە بە رووکار هەست بکرێ، کە سەروای ( گەنجییەتی) لە دێڕی یەکەم ودووەمدا بە یەک واتا لێکبدرێتەوە، بەڵام گەنج بە واتای : ( خەزێنە، دراو یا شتی زۆر بە نرخ، کە لە شوێنێکدا دانرابێ دێ).
– چوارینەی پێنجەم لە دەستنووسەکە نیوەدێڕی یەکەم لە بری ( لاو) لە دیوانەکە ( گەنج)ە. نیوەدێڕی دووەم ( ناودەروونی) بۆتە ( نێودەروونی).
– چوارینەی شەشەم دیسان ( لاو) کراوە بە گەنج لە نیوە دێڕی یەکەم. ( قەت ) بۆ ( هیچ). ( دەست و پێکانی) بۆتە ( دەست و پایان وا) لە نیوە دێڕی دووەم. لە نیوەدێڕی سێێەم ( سەد هەزار تیخی زەمانە تیژ بێ ئەستۆی نابڕێ) کەچی لە دیوانەکەدا ( سەد هەزار تیخی زەمانە بێت و ئەستۆی نابڕێ) . پێم وایە لە دیوانەکە وشەی ( تیژ) بەهەڵە لادراوە.
– چوارینەی حەوتەم لە نیوە دێری دووەمی دەستنووسەکە ( ئەم)ە لە دیوانەکە ( ئەو). لە نیوەدێڕی سێیەم ( عەینی ئەسبابە کە کورد وا کەوتە عیللەت داوەشا) لە دیوانەکە ( عەینی دەردە کورد کە کەوتە دەردی کاری داوەشا). لە نیوە دێڕی چوارەم لەبری ( لاوی ئێمەش ) لە دیوانەکە بۆتە ( لاوەکانی).
– چوارینەی هەشتەم و نۆیەم، وەک باسمان کرد لە دیوانەکەدا نەبوون.
– چوارینەی دەیەم : لە نیوە دێڕی دووە م (فیکری بێباکی و بەسەرچوون) (و) لادراوە ( فکری بێ باکی بەسەرچوون). نیوەدێڕی چوارەم ( لاوی کوردان هەر) کراوە بە ( عەیبە چیتر بەس).
– چوارینەی یانزدەهەم : سەرەتای نیوە دێڕی یەکەم لە دەستنووسەکە ( لاوی غەیرە دێنە سەرخۆ) کەچی لە دیوانەکە سەیری ناکەی لاوی غەیرە) یە. لە نیوە دێڕی دووەم ( مەنشەئی) بۆتە ( مەرکەزی). نیوە دێڕی سێیەم ( بۆ بەجێ هێنانی خذمەت وا) لە دیوانەکە ( بۆ بەجێ هێنانی کارێ چۆن). لە نیوە دێڕی چوارەمیش ( لاوی ئێمەش هەر) لە دیوانەکە ( عەیبە چیتر بەس).
– چوارینەی دوانزدەهەم : لە نیوە دێڕی سێیەم لە بری ( دوشمن) لە دیوانەکە ( دوژمن)ە. بۆ نیوە دێڕی چوارەمیش هەمان گۆڕانکاری بۆ چوارینەکانی پێشتر.
– چوارینەی سێنزدەهەم : نیوە دێڕی یەکەم ( بەهێزە) کراوە بە ( بەتینە). لە نیوە دێڕی دووەم لەباتی ( وەختێ تووڕەبێت و کۆڵەمستی خڕ بکا) لە دیوانەکە کراوە بە ( وەختێ قینی هەڵسێ و کوڵەمشتی لێ بدا). بۆ نیوە دێڕی چوارەمیش بە هەمان شێوە.
– چوارینەی چواردەهەم : لە دیوانەکەد نییە.
– چوارینەی پانزدەهەم : نیوە دێڕی دووەمی بە تەواوی گۆڕاوە لە دەستنووسەکە ( بۆ ژیانی قەومی کوردان لازمە غیرەت بکەن) لە دیوانەکە ( میوەیی دارێکی هیمەت خزمەتە خزمەت بکەن) لە چاپی دووەمدا بە هەڵە لە (میوەیی دارێکی هیمەت خزمەت خزمەتە خزمەت بکەن) نووسراوە ( خزمەت) زیادەیە. تەواوی نیوە دێڕی سێیەمیش ( بۆ ئەمەی تەحقیقی ژینی کورد بکەن، غیرەت بکەن) کراوە بە ( مەرهەمی زام و برینتان قودرەتە قودرەت بکەن).
– چوارینەی شانزدەهەم : سەرەتای نیوە دێڕی دووەم ( سەیری تیری دوشمنان کەن) بۆتە ( سەیری کاری دوژمنان کەن). نیوە دێڕی سێیەم ( ڕەشماڵی شەویش ) کراوە بە رەشماڵی زەلالەت).
– چوارینەی هەڤدەهەم : نیوە دێڕی یەکەم لە دەستنووسەکەدا دڵدار خۆی لە بری ( چەند بێ کەیف ونەوان)، کە خەتێکی پێدا هێناوە کردوویەتی بە (کەوتوونە خەزان). نیوە دێڕی دووەم ( سەیری گوڵزاری وەتەن کەن چەند بەبێ بۆن و نەوان) لە نیوە چوارەمیش ( عەیبە، عەیبە) بۆت ( عەیبە تاکەی).
– چوارینەی هەژدەهەم : نیوە دێڕی دووەم لە دەستنووسەکە ( خاوەنی تەئریخی بەرزو کردەوەو هەم کوردی تۆ) لە دیوانەکە بە (خاوەنی تەئریخی خوێنین و دلێری و کوردی تۆ ) هاتووە. هەروەها نێوە دێڕی سێیەم ( نیشتمان ئەمڕۆ مەددەخوانە لە دەست و بردیی تۆ) کەچی لە دیوانەکە ( عەیبە بێ کاری هەتاکەی سەیری ناکەی مردی تۆ). بۆ سەرەتای نیوە دێڕی چوارەمیش ( عەیبە عەیبە) عەیبە چیتر)ە.
– چوارینەی نۆزدەهەم : لە نێوە دێڕی یەکەم دا هاتووە ( پێت بڵێم) بەڵام لە دیوانەکە ( تێت گەیەنم). لە بری ( وا لەسەر ئەم رێگە دائیم ) لە نیوە دێڕی سێیەم بۆتە ( یا لە بۆ ئامانج و ژینی) لە دیوانەکە. لە نیوە دێڕی چوارەمیش ( هەڵسە هەڵسە، هەر ) بۆتە ( هەڵسە ببیە بەس).
– چوارینەی بیستەم : لە دیوانەکەدا نییە
– چوارینەی بیست و یەکەمین : لە نیوە دێڕی یەکەم ( تەوق) بۆتە ( تۆق). نیوەدێڕی سێیەم ( بێیە هۆش و سا بزانی تۆ لە رێگەت لاپەڕی) لەدیوانەکە ( بێیە سەرخۆت و بزانی تۆ لە رێگا لادەری).
– چوارینەی بیست و دووەمین : لە دیوانەکەدا نییە.
– چوارینەی بیست و سێیەمین : بە هەمان شێوە، ئەویشنییە،
– چوارینەی بیست و چوارەمین : دوا وشەی نێوە دێڕی یەکەم (دەرکراو) بۆتە (بەندکراو). نیوەدێڕی دووەم ( هەم لە مەیدانی ژیانا وا لە ژێر خاک نێژراو) لە دیوانەکە بۆتە ( هەڵسە بێکاری هەتا کەی هەی لە ژێر خاک دازڕاو). نیوە دێڕی سێیەمیش ( وا بەرامبەر تیری دوشمن ماوی وەک نێچیری ڕاو) لە دیوانەکە ( هەڵسە بێ کاری هەتاکەی ” معرضی اهداف” راو). پێم وایە هی دەستنووسکە جوانتر و کوردی ترە، بە ئاسانیش دەیتوانی جوانتری بکا. لە نیوە دێڕی چوارەمیش ( عەیبە، عەیبە هەر) کراوە بە هەڵسە، هەڵسە بەس).
– چوارینەی بیست و پێنجەمین : لە نیوەدێڕی دووەم ( لە رێگەی فورصەتی بوو) کراوە بە ( لە دەستی ئەجنەبی بوو). نێوە دێڕی سێیەم ) لە رێگەی میللەتی دا وا ژیا) بۆتە ( لە رێگەی سەربەخۆیی دا ژیا). لە نیوە دێری چوارەمیش لەبری ( هەر) بۆتە ( بەس).
– چوارینەی بیست و شەشەمین : لە ێوە دێڕی یەکەمدا ( دەست و پا) بۆتە ( دەست و پێ). نیوە دێڕی دوومیش ( قەت بە گوفتاریش حقووقی ژینی وەرناگرێتەوە) لە دیوانەکەدا ( بێ کیفاح گوفتار وەسیقەی ژینی پێ نادرێتەوە). نیوە دێڕی سێیەمیش ( قەط بە بادەش تەخت وتاج وسەطوەتی نادرێتەوە) لە دیوانەکەیدا ( بادەو مەستی مقامی حوریەت ناگرێتەوە).
لە کۆتاییدا هیوادارم لە چاپی نوێی دیوانی دڵدار دا ئەو شەش چوارینەو پێشەکییەکەی بخرێتە سەر خەرمانی شیعری دڵدار.