بەهرۆز جەعفەر: چەند تێبینییەک لە بارەی” تێزی پرۆژەی ئەلتەرنالتیڤی ڕاستەقینە” لای بەختیار عەلی..
دوو بەشی نوسینێکی کاک “بەختیار عەلی” م خوێندەوە، سەبارەت بە بارودۆخی شۆڕش لە ئێران و، گۆڕانی ڕادیکاڵانە چۆن دروست ئەبێت و ئیشی کێیە دروستی بکات؟ بۆچی لە خۆرهەڵات توڕەبون و تەقینەوەی بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکاریی دروست ناکات؟تەکنیکی نوسین، هێزی ووشە، ڕۆچوون و گێڕانەوەی سەرگوزەشتەکان ئەو سێ لایەنە بەهێزەن کە بەختیار عەلییان وەک براندێک لێ کردووە لایەنی کەم لە ڕۆماننوسیندا. هەر بەڕاستییش دروستکردنی وێنە بۆ خوێنەر لە دیوی ناوەوەی مرۆڤەکان و ڕووداوەکان، ئینجا گێڕانەوەیان کارێکی سەرنجڕاکێشی بەختیار عەلییە. لەگەڵ ئەمەشدا، تا هێزم تیایە ناکۆکم لەگەڵ بەشی زۆری ئەو تێڕوانیینە قووڵەی کاک بەختیاردا کە ئەم ڕۆژانە سەبارەت بە کێشەی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵات خستونیەتیە ڕوو:یەکەم/ بەشی دووەمی نوسینەکەی ناکۆکە لەگەڵ بەشی یەکەمدا. لە بەشی یەکەمدا بانگەشەی ئەوە ئەکات ئەلتەرنالتیڤ بۆ سیستمەکان ئاسانەو، ئەشێت توڕەییەکە لە دڵەوە بگاتە ئاستێک کە عەقڵیش بجوڵێت و، ئیتر لە پڕێکدا گۆڕانکاریی و جێگرەوە دروست ببێت. لە بەشی دووەمدا، خۆی ئەنوسێت” ئەوەی لە پشت کوشتنی مەهساوە بو حیجاب نەبو، بەڵکو مێژووییەک هەیەو، هێزێک هەیە کە ئیرشادو پۆلیسی ئەخلاقی قبوڵکردووە لە ئێراندا”. بوونی مێژووییەک لە پشت ئەو دۆخەی کە دەربەست نییە بە ناسین و شوناسی ئەوانی تر، تەنها ئاکاری سیستمەکە نییە، بەڵکو بەشێکی تەواو پەیوەندیدارە بە دیوی ناوەوەی هەر مرۆڤێک کە لەوڵاتەکەدا ئەیگوزەرێنێت.دووەم/ زۆر بە ڕەهایی و فڕێدانی ئێکجارەکی تێزی موئامەرات و باوەڕنەبون بە دەسیسەی ئەملاولا نیشانەی بیرکردنەوەی قووڵ و دیدی ڕۆشن نییە. تا ئەو شوێنە ئەمە گرنگە کە باوەڕبون بەوەی ئەمریکایەک، بەریتانیایەک، ئیسرائیلێک لە دوو ژووری تاریک دانیشتون تاک بەتاکی کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان ئاڕاستە ئەکەن و، ئێمە شتێک بکەین یان نەکەین لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی بڕیاری لێدراوە.. بێگومان ئەمە دیدێکی گەمژانەیە. بەڵام ئایا ئێمە ئەوە نابینین هەموو جارێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لە لوبنان پێویستە شاندی فەڕەنسا سەردانی ئێران بکات تا حکومەتێکی نوێ بەیروت پێک بێت؟! ئایا ئەو ڕاستییە نابینین کە ئینگلیز سێ پاشای یەکلە دوای یەکی بۆ عێراق داناوە؟! ئایا لە دوای ساڵی (1945 تا ناوەڕاستی هەشتاکان) ئەو هەموو کودەتا یەکلەدوای یەکانەمان نەبینی لە عێراق، ئەردەن، سوریا، میسر، تەنانەت لە ئێران موسەدەق بە دەنگ و سەنگی خۆی هاتە سەر کورسی، لەسەر پرسی خۆماڵی کردنی نەوت، دوای ماوەیەکی کورت سابونیان خستە ژێر پێی و ڕوخاندنیان. بەعسییەکان بەرپرسیاری کوشتنی سەدان هەزار عێراقی بون، کۆمەڵگای عێراقی کە لەسەردەمی یەزید و حوسەینەوە نیفاق بەشێکه لە کەسایەتییان و لەمدواییەش سوجدەیان بۆ سەددام ئەبرد، سیستەمەکە نەڕوخا تا ئەو چرکەساتەی سەدام لەگەڵ جاک شیراک واژۆی کرد ئیتر نەوت بە یۆرۆ ئەفرۆشێت نەک دۆلار، سەدام نەڕوخا! کێی تر! قەزافی دەیان ساڵ حوکمی ئۆتۆریتاری کرد، بەڵام تا نەیگوت؛ نەوت بە دۆلار نافرۆشم، نە ڕووخا!هیچ لەگەڵ ئەم دیدەی بەختیار عەلی دا نییم، کە پێی وایە هەر لەگەڵ گۆڕینی ئەمشەوی مێنتاڵیەتی ئەوانەی داوای گۆڕانکاری ئەکەن ئەوا سبەینێ فۆڕمێکی جیاوازتر لەوەی لە مێژوودا هەبووە دێتە دی! چونکە هەمیشە واقعێکی دیاریکراو کە هەیە بەهێزترە لە تێزە فەلسەفییەکان. مەگەر ئەوەی لە عێراقی دوای سەددامدا ئەگوزەرێت چییەو کێ یەو چۆنە؟ ئایا ئەوە ئێران و ئەمریکاو بەریتانیا نیین و نەبونە کە هەموو جارێک سەرۆک کۆمار و سەرکوەزیران و سەرۆک پەرلەمان یەکلا ئەکەنەوە؟ کێ لە عێراقدا نوێنەری خەڵک بوە؟ ئەوانەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدان نوێنەری (12٪) خەڵکن! کێ ئەم سیستمەو ئەم واقیعەی هێشتۆتەوە حەشامات یان هێزە دەرەکییەکان؟ بێگومان هێزە دەرەکییەکانن.سێهەم/ وەک چیرۆک گێڕانەوە، وەک ئەو چرکەساتەی کە نیوتن بۆێری هەبو ووتی “ٚزەوی خڕە”، وەک ئەوکاتەی دیکارت ووتی ” من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم” خۆشە بڕوا بەوە بکەین کە تاک سەنتەریی ماهییەتی خۆی هەیەو، ئەوەی من خۆم ئەمەوێت شوناسی خۆم دیاری بکەم، خۆم پێناسەی خۆم ئەکەم و خۆم چارەنووسی خۆم دیاری ئەکەم…و تادوایی. لێرەدا وەک کاک بەختیار کلەیمی بۆ ئەکات و بە مۆدێلی لینینی ناوی ئەبات کە هەبون و باوەڕبون بە دەرکەوتنی “ڕابەر”، “پێشڕەو” و ” باوکی گەورە” ئیشەکە ناشیرین ئەکات و پرۆژەی ئەلتەرنالتیڤی ڕاستەقینە ئەکوژێت، ئەمە بۆ ووتن خۆشە، بەڵام ئەمە دیدێکە تەنانەت ناکرێت بە ئارگیۆمێنت دابنرێت. وەکو ووتن و ئیمەیج دروستکردن خۆشییەکی تیایە، لە کۆندا هەندێ لە خەڵکی کۆیە پێیان وابوە “ئەگەر بچنە سەر هەیبە سوڵتان، ڕەنگە دەستییان بگاتە ئاسمان”.پیاوێکی وەک “لی کوان یو” سی ساڵ سەرۆک وەزیرانی بو سەنگافورا بو، داهاتی تاکی لە (400$) دۆلاری ساڵی (1959)ەوە گەیاندە (22000$) دۆلار لەساڵی (2000) دا. ئەو دیدەی بەختیار عەلی بە گەمژەیی و مۆدێلی لینینی دای ئەنێت کە دەرکەوتنی ڕەمز و چاوەڕێکردنی باوکێک هەموو کاتێک هەڵەیە، خودی لینین نمونەیەکە کاتێک مرد خاوەنی ملیۆنێک کتێب بو، لەگەڵ مارکسدا گەورەترین میراتی فیکریی و ئابوریی و سۆسیۆلۆجیان بۆ مرۆڤایەتی بە جێهێشت. لینین ڕەوڕەوەی بڵاوبونەوەو درێژبونەوەی ئیشتراکییەت بو، ئەوەی پێیانوایە “تا سەرمایەداری پێشتر بکەوێت، لەمەرگی خۆی نزیکتر ئەبێتەوە”. بە سەدان ملیۆن هیندی لە “مانگا” یەک ئەپاڕێنەوە فۆڕمێکی باشتر و ئایندەیەکی دڵخوازتریان بۆ فەراهەم بکات، کەچی لەناو ئەم سیستمە کەلتوری و شارستانیەتە دێرینەدا جۆرێک لە دیموکراتیەت و تاکی کرەیتیڤ و ئابوری پێشکەوتووی کێبڕکێکار بەرجەستەبووەو، زانستیش بەئاستی بەرچاو گەشەی کردووە؟! حەقیقەت هەرچەندە تاڵ بێت، تەنانەت ڕەگێکی فاشیستیشی لە خۆ-ئاڵاندبێت حەقیقەتە، تورکەکان خراپ ئەکەن کە “ٚئەتاتۆرک” وەک باوکی ڕزگار ئەبینن؟! ئایا دەرکەوتنی ئەتاتۆرک بۆ تورکەکان لەدوای یەکەمین جەنگی جیهانی پرۆژەی ئەلتەرنالتیڤێکی خراپ بو بۆ تورکیا؟!کاک بەختیار عەلی و زۆربەشمان لەوەدا کۆکین، کە ئەم توڕەییەی ئەمسەر تا ئەوسەری ئێرانی گرتۆتەوە، لە پرچ و لەچکەکەی “ژینای ئەمینی” دا بچوک ناکرێتەوە. بەڵام دیسان ئەمەش بچوک بینینی پرسی سەرپۆشەکەی ژینایە، کە زیاتر لە هەزار ساڵە لەسەر بنەمای ئاین وەبەرهێنانی سیاسی و مەلەزاتی کەسیی تیا ئەکرێت لەلایەن پیاوانی دەستەڵاتخوازیی ئێرانەوە. دەستگرتن بە ئاین لەسەر مۆدێلی شیعەگەرێتی و ویلایەتی فەقیهە و سەپاندن و بانگەشە بۆکردنی لە ئێرانەوە تا سوریاو لوبنان و یەمەن و مەغریبی عەرەبی ڕێک ئەو حیکایەتەیە کە پێویستە لێی بدرێت و، ئەوەتا نەوەی نوێ لە ئێراندا، لە ناوەندە پەروەردەیی و زانکۆییەکانەوە لێی ئەدەن. بە کەوتنی حیکایەتەکە کۆی سیستمەکە لە کێڵگە سیاسی و کەلتوری و هونەری و ئابورییەکەدا ئەگۆڕێت.ئەوەتای مرۆڤ لەسەرزەوی هەیە ستەم هەیە، تا مرۆڤیش لەسەر زەوی بێت ستەمکاریی هەیە، بەو ڕەهاییە باوەڕبون بەوەی “هەر کاتێک من خۆم ڕێڕەوی خۆمم دیاریکردو، بڕیارمدا شوناسی خۆم -خۆم دیاری بکەم، ئیتر بارانی ڕەحمەت ئەبارێت و گووڵ ئەپشکوێ و کانی ئەتەقێت، هەرگیز وانییە”. بۆچی گۆڕانکاری ڕوونادات؟ ئایا لە کوێ ڕوویداوە تا لە خۆرهەڵات ڕووبدات؟ لەسەرانسەری ئەوروپادا، ئەوە چێ بوە کە تاک خۆی دەربڕی خۆیەتی و قسە لەسەر چارەنووس و شوناسی خۆی ئەکات، تەنانەت وەک شۆفێرە ئێرانییەکەش نین کە کاک بەختیار وەک نمونە ئەیگێڕێتەوە نەهی لە بونی ئەوانی تر بکەن، ئەی بۆچی لە باکورەوە بۆ باشور لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوای ئەوروپا “نازیزم” بەڵکو ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەگەشەدان و خەریکە ئەبن بە زۆرینە لە پەرلەمانەکانی ئەوروپادا؟.پڕۆفیسۆر سوسەن کرەین-SUSAN A. CRANE لەزانکۆی ئەریزۆنا سەرەتای (2021) کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی هیج ڕووی نەدا (نادات)-Nothing Happened. کرەین تێزەکەی لەسەر بناخەی (شتێک نییە-لا شیو-Nothing) داڕشتووە. لە نێوان ئەوەی ئەیبینین و ئەوەی لە کەلتوری هەموو لایەکدا هەیە پێویستمان بە ڕەچەتەیەکی تر هەیە بۆ بینینی مێژوو. هەندێ شت هەیە ئێمە ئەزانین، وە بەردەوام بیری خۆمانی ئەهێنینەوە، ڕابردوو ئەوە بو کە بو. ئەینوسین، دای ئەڕێژینەوە، بەردەوام ئاوڕی لێ ئەدەینەوە، بەڵام ئەوەتا هاتین و هیچیش لە ڕێگەکەدا نەبو…کاتێک شتێک ناگۆڕێت بەڵام ئێمە هەر پێمان وایە ئەبێت بگۆڕێت!. بە نمونە دادپەروەری و ستەم مێژوویەکی زۆر دوورو درێژی هەیە، جموجوڵ و ڕەوڕەوە هەزاران ساڵییەکان هەر هێناویانە، کاتێک کەس قسە لەسەر کۆتایی ئەم جیهانە ناکات و ناکرێت و ناگونجێت و ناشێت، کەواتە ئێمە هەر بەردەوامین.شەڕی داعشە!. شەڕی تیرۆرە، تەکنەلۆژیا دونیای گۆڕیوە، کورد هێزەکانی ڕێک نەخستۆتەوە، کورد کەی هێزەکانی ڕێک خستۆتەوە؟. بە پێچەوانەوە ئێستای کوردستان و حکومەتی هەرێم گونجاوترین دۆخ و ڕێکخراوترین هێزی بونی کوردە لە گۆڕەپانەکەدا، وە لە ناوچەکەدا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردودا جەنگی ساردی سۆڤیەت و ئەمریکا هەبوە، ئێستاش هەیە، لە شەست و حەفتاکاندا جەنگی گەرمی عەرەب- ئیسرائیل هەبوە ئێستا نەماوە یان هەر بونێکی هەڵواسراوە، لە حەفتاکاندا « شا» لە ئێران ئەڕوخێت و گۆڕانکاری ڕووئەدا لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەزم و نەزمی ئێران هەر هەیە. لە حەفتاو هەشتاکان و نەوەتەکانیشدا تورکیا بەهۆی کودەتاو قەیرانی دارایی و گرفتی نێوان ئیسلامی سیاسیی و عیلمانی-ڕەگەزپەرستی-موتوربەکراوی خۆرئاواییەوە ئەیناڵاند، ئێستاش هەر وایە. لە هەموو تەمەنی سەت ساڵەی عێراقدا هەر شەڕو بێدادی و گێرەو بەرە بوە، ئێستاش هەروایە. مەلەکیەت هەر مەلەکیەتە لە سعودیە، ڕیالیزم و نیۆ-ریالیزم و لیبراڵیزم و نیۆ-لیبراڵیزم هەمان ئەو تیۆرانەن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە لایەنی کەم لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمریکاو ئەوروپا کاری لەسەر ئەکەن.من لەم نوسینەدا، تا ئەوپەڕی-ئەوپەڕ جەخت لەوەش ئەکەمەوە، ئەوەی کاک بەختیار عەلی پێی وایە گۆڕانی ڕادیکاڵانە لای خەڵک لەم جیهانەدا بەخێرایی و لە ناکاو دروست ئەبێت، بە وەهمێکی عەنتیکە ئەزانم:لایەنی کەمی سەدان مەکینەی زەبەلاح و هەزاران کەرەستەی جۆراوجۆر لە ناو هەناوی جیهانی پێشکەوتودا کار لەسەر داگیرکردنی بیرکردنەوەی عەقڵی خەڵکە ئاساییەکە ئەکەن. لەساڵی (2019) لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسینێکی فۆکۆیاما هەیە بهناونیشانى ” ئهمریكا پشت بهدهوڵهتى قووڵ ئهبهستێت”، فۆكۆیاما پێى وایه ئهمریكا درهنگ گۆڕانى سیاسى كردووه، ههڵبهت مهبهست له گۆڕانى سیاسى لاى فۆكۆیاما ئهوهیه خهڵك لهكاروبارى سیاسى دووربخرێتهوه، چونكه گومان له حوكمڕانان ئهكهن. بۆ ئهوهش نمونهى ” ئهلیكساندهر هامڵتۆن-Alexander Hamilton” ئههێنێتهوه كه جهختى لهوه كردۆتهوه پێویسته دهوڵهت لهههموو سێكتهرهكانیدا به كهسانى شارهزاو پسپۆڕى جێبهجێكار بتهنرێت”. ههروهها به پێچهوانهى ئهویشهوه “تۆماس جێفرسۆن- Thomas Jefferson” وتویهتى ” پێویسته خهڵكى ئاسایی ئهمریكا ڕێگهیان بۆ خۆش بكرێت خۆیان حوكمى خۆیان بكهن له ڕێگهى ئهو نوێنهرانهى ههڵى ئهبژێرن”.ببینین! هێشتا بهبڕواى فۆكۆیاما، ئهو دیده جێفرسۆنیه قوڕى بۆ ئهمریكا گرتۆتهوه، ههرئهوهش وایكردووه، پیاوێكى نیمچه خوێنهوارى وهك ئهندریۆ جاكسن كه پاڵهوانى جهنگى 1812 بوه له ساڵى 1828 دا له جۆن ئادامس بباتهوه كه دهرچوى هارڤارد بوهو پیاوێكى ڕۆشنبیر بوه.!.له ڕاستیدا یهكێك له ئاریشهكانى لیبراڵیزمى سهرمایهدارى لهو تایپهى فۆكۆیاما پهسنى ئهدا و بهرگریكارێتى، ئهوهیه لهپشت فرتوفێڵ و نیهته خراپهكانیانهوه گوتارى جوان و قسهى لووس و، دهمامكى بڕواپێهێنهرى بههێزیان ههڵگرتوه بۆ بە لاڕێدابردن- تاوەکو ئەو ئەو گۆڕانکارییە ڕادیکاڵە بەرانبەر سەرمایەداری نەیەتە بوون.. فۆكۆیاما نیهتیهتى بڵێت ” دیموكراسى ڕاستهقینه چینێكى پاوانخوازیی هاوشێوهى ترامپ و زاواكهى و كچهكهى یان نوخبهیهكى تێروتهسهلى ئهرستۆقرات بهدیهێنهرو پارێزهرین، بۆ ئهوهش نابێت ملیارهها مرۆڤى گۆى زهوى توخنى ئهوه بكهون ئهم گۆى زهوییه چۆن وا تووشى گهرمبون بوه؟. بۆچى كهشو ههوا پیس بوه؟. بۆچى ههموومان قهرزارین له ڕووى ئابورییهوه؟. بۆچى له سوریا لهسهروو 11 ملیۆن هاوڵاتى پێویستیان به هاوكاریی مرۆییه؟. یان بۆچى ئهم ههموو دیواره دروست بكرێت له نێوان چینهكاندا؟.لەگەڵ هەموو ئەو دیوارە گەورانە، ئەو بەلاڕێدا بردنە گەورانەشدا، لەگەڵ بونی سوشیال میدیاو ئامرازەکانی پۆست مۆدێرنەشدا کە دەستیان بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکدا گرتوەو، ئەرکی نەک شۆڕش بگرە کودەتایەکیان بەچەند کاتژمێرێک لە عێراقدا بۆ موقتەدا سەدر زۆر قورس کردووە، هێشتا ڕاپەڕین و هەستانەوەکان و ناڕەزایەتییەکان و ڕۆماننوسینەکانیش بەردەوامن، ئینجا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵانەش ڕوونادات و، ئاسان نییە بێتە دی.