دانا مەنمی: پەڕلەمان دەزگایەکی لاواز و بێکەڵک.
لە هەرێمی کوردستاندا پەڕلەمان دەزگایەک نییە کە مەرجەکانی پەرلەمانێکی سەربەخۆ و خاوەن تواناو دەسەڵات و لێپرسینەوە و ههیبهتی سیاسیی و یاسایی و ڕێزی کۆمەڵایەتیی تێدابێت و ههموو خولێكی پهڕلهمانی كوردستان دونیایهك گێژاو و کێشهیان بۆخهڵكی كوردستان بهجێهێشتووهو نەیانتوانیووە نوێنەرایەتی خۆیان و کۆمەڵگاش بکەن، یەکێک لە کێشەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەبوونی خەڵکی شارەزاو پسپۆڕە لە هەناوی خۆیدا، نەبوونی خەڵکی شارەزاو پسپۆڕ دەرفەت و زەمینەی رەخساندووە بۆ دەستێوەردانی حیزبی لەکاری پەڕلەماندا کە ڕۆژانە هەم خۆیان و هەمیش کۆمەلگا توشی قەیران دەکەن.
پەرلەمان لەم خولەی ئێستادا بووەتە دەزگایەکی لاوازو بێكهڵك لەوە کەوتووە ھەڵقەیەک لە ھەڵقەکانی دەسەڵات بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک موچەخۆری بێدەسەڵات کە خاوەنی بڕیاری خۆیان نین و ناتوانن بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان ههستن و لای زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش پەرلەمانتاران نوێنەری حیزب و گیرفان و قازانجی شەخسی خۆیان نەک نوێنەری کۆمەڵگا! لەئێستادا پەڕلەمان وەک دەزگایەکی بێکەڵکی ناو درۆگەورەکەی دیموکراسی کە ئیمکانی لێپرسینەوەو چاودێریکردنی حکومەت و نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستانی تیدا نەماوە دێت و لەپێناو درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و حکومەتی هەرێم دا پەیڕەوی ناوخۆ و هەموو یاسایەک پێشێل دەکات.
پارتی وەک زۆرینەی ڕەهای پەڕلەمان توانیویەتی لەم خولەدا سیستەماتیکانە پەڕلەمان بێبەها بکات و هەیبەتی تەشریعی بوونی بشکێنێت و توانای چاودێریکردنی حکومەتیشی لێبسەنێتەوە، ئەم یارییە ناشیرینەی پارتی وایکردووە کە پەڕلەمان توانای سەربەخۆبوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە دەست بدات و ببێتە دەزگایی ئیفلیج و سێ لایەنە سەرەکییەکە (پارتی، یەکێتی، گۆران ) چییان بوێت و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیجوڵێنن و هیچکات پەرلەمانی کوردستان لەدەرەوەی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) نەیتوانیوە سەرقاڵی بڕیار و پرۆژەیەکی نەتەوەییانە بووبێت دەربارەی سنورەکان و هێرش و پەلاماردانەکانی (تورکیاو ئێران) یان دەربارەی هەبوونی بنکەو بارەگای هەواڵگری وڵاتانی درواسێ و مەترسی درۆنەکان کە بونەتە مەترسی لە سەر ژیانی خەڵکی کوردستان.
خەڵکی کوردستان بێ ئومێدن لە ئایندەیان لە ژێر سێبەری سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و ئەو پەڕلەمانەیش نوێنەرایەتی کەمتر لە 30 ٪ خەڵکی کوردستان دەکات، هەربۆیە چاوەڕێی هیچ هەڵوێستیک و هیچ چاکسازی و پرۆژە یاساو کارێکی باش لەم خولەی ئێستای پەرلەمان ناکات، بەڵام خۆزیا هێندە بێ چاوو ڕوو نەبونایە و تەمەنی پەرلەمانتاری خۆیان و ئەو دەزگا بێکەڵکەیان دریژ نەکردایەتەوە کە کۆبونەوەکانیان هیچ پەیوەندییەكی بەژیانی رۆژانەو ئەو دۆخە خراپەوە نییە کە چەندین ساڵە خەڵكی تێكەوتووە، بۆیە ئەو دیمەنانەی کە ئێستا لە پەرلەمانتارانی دەبینین پێچەوانەی ئەرک و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و ویژدانی سەرشانیانە و وەکو پارتی و یەکێتی و گۆران بوونەتە کۆڵ و بار بەسەرشانی کۆمەلگای کوردییەوە.