سەلاح حسێن ئەفەندی: ڕۆڵی سەرکردە لە کۆمەڵگەدا چییە؟
لە زوربەی کتێبە مێژوویەکاندا، لە باسکردنی پێشکەوتن یان سەرکەوتندا، بە پلەی یەکەم، هۆکارەکان بۆ ڕۆڵی سەرکردەیەک، پاشایەک یان پیاوێکی ئاینی دەگەڕێندرێنەوە. لەو باسانەدا مێژووی مرۆڤایەتی، مێژووی خەڵک نییە، بەڵکو مێژووی پیاوی دەستەڵاتداری ئازا و زیرەک یان دەستەڵاتداری زاڵم و ترسنۆک و نەزانە، ئەوانە بە دروستکەری مێژووی وڵات و میللەتان دادەنرێن. ئەو کەسانە تەقدیس یان ڕەجم دەکرێن، هەموو ڕایەکی تری جیاواز لە سەریان بە تاوان و خیانەت دادەنرێن.
لە وڵاتی پێشکەتوودا، بە پێچەوانەوە هەتا دێت ڕۆڵی سەرکردە کەمتر دەبنەوە، بە شێوەیەکی گشتی تەقدیسکردن یان ڕەجمکردن، لە مێشکی خەڵک، نووسەران و میدیا زۆر کاڵ دەبنەوە. لەو کۆمەڵگایانەدا، ڕۆڵی سەرکردە پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکێکی دیاریکراو کە ئەو سەرکردەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکرا و خستوویەتییە ئەستۆی خۆی، بە کۆتاییهاتنی ئەو ئەرک و ماوەیە، کۆتایی بە ڕۆڵی دێت. ئەم شێوازی بیرکردنەوە و کاربەڕێوەبردنە، بۆ بلیمەتی و دڵسۆزی ئەوانە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بە چۆنییەتی سیستمی بەڕێوەبردنی ئابوری و سیاسی وڵاتەکەوە بەندن.
لە مێژووی کۆنی جیهاندا، بە مێژووی وڵاتە پێشکەوتووەکانیشەوە، سیستمی بەڕەوەبردن سنووردار بوون، لە زوربەیاندا سروشتی ڕەهایان هەبووە، تیایاندا مافی بڕیاردان و حوکمڕانی لە دەستی بنەماڵەیەک یان تەنها تاکێکدا بووە، زۆرینەی هاونیشتمانی وڵاتەکە، نەکو مافی بڕیاردان، بەڵکو مافی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و داهێنانیان نەبووە، بە خەڵکی گێل و نەفام لە قەڵەم دراون.
ئەو سەرکردانە وەک خۆای سەرزەمین و پارێزەری کۆمەڵگە سەیر کراون، تەنها ئەوان لە توانایاندا بووە بەو ئەرکانە هەستن، بێ ئەوان وڵات و میللەت، سەرگەردان بوون و ڕووبەڕووی نەمان بوونەتەوە. گوێڕایەڵنەبوون بۆ ئەوانە، تووڕەیی و تۆڵەی یەزدانی لێکەوتۆتەوە. بۆیە شتێکی سەیر نییە کە توانا و بێ توانایی، ئازایی و ترسنۆکی ئەو سەرکردانە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە کۆمەڵگەدا، ڕۆڵیان بۆتە یارمەتیدەر یان کۆسپ ڕووبەڕووی گەشەکردنی کۆمەڵگە بۆ ماوەیەکی درێژ.
لەو کۆمێڵگەیانەدا سەرکردە ئازا و زیرەکەکان، زیاتر لە هەموو ئەوانی تر توانیویانە کۆنترۆڵی کۆمەڵگە بکەن و بە پێیی بەرژەوەندی و بۆچوونی خۆیان ڕێکی بخەن. بۆ ئەو مەرامە، پێش هەموو شتێک، هەرچی خەڵکی بە توانا و زیرەکی نەیاریان هەبووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان لەناوبراون یان سەرکوت کراون. لەبەر ئەوە زۆر جار، دوای نەمانی ئەو سەرکردەانە، لەبەر نەبوونی خەڵکی بە توانا، هەندێ وڵات و بزوتنەوە ڕووبەڕووی قەیرانی حوکمڕانی گەورە بوونەتەوە.
لە جیهانی ئەمڕۆشدا، پاشماوەی ئەو سیستمە لە زۆر وڵاتاندا، لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، حیزب و ڕێکخراوەکاندا، هەتا ئێستا بە ئاشکرا دیارن. هەموو ئەوانە، ڕاستەوخۆ کاریگەرن لەسەر پەیدابوون یان پەیدانەبوونی خەڵکی تازەی بە توانا و خولقێنەر، بۆیە لە دوای نەمانی ئەو سەرکردانە، وڵاتەکانیان، حیزب و بزووتنەوەکانیان، ڕووبەڕووی قەیران و لاوازی و پارچەبوون دەبنەوە.
سیستمی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرفراوان، گەرەنتی ئەو پڕۆسەیە دەکات. ئەو سیستمە، زەمینەی گونجاو بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە خۆش دەکات، کە مافی بیرکردنەوە، ڕادەربڕین و داهێنانی هەبێت. درەفت دروست بێت، هەزاران خەڵکی نوێ لە کاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بوارەکانی تری ژیاندا ڕۆڵ ببینن. لە زەمینەیەکی وادا، هەموو تاکێک یان سەرکردەیەک، قابیلە لابرێت و خەڵکی تر بە ئاسانی جێگەیان بگرنەوە، بێ ئەوەی وڵاتەکە توشی قەیران و کێشەی گەورە ببێت.
ڕاستە لە جیهانی ئەمڕۆدا، هێشتا ڕۆڵی سەرکردە گرنگە، بەڵام گرنگی و باشی و خراپی ئەوانە لەوەدا دەردەکەوێت، کە هەتا چی ئاستێک بە کردەوە ڕێگە دەدەن، گەورەترین ژمارەی خەڵک لە بڕیارداندا بەشداربن. لەوەدا دەردەکەوێت، کە لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان، نەمانی ڕۆڵیان، چی کارێکیان کردووە بۆ دروستبوونی چەندەها خەڵکی نوێ، کە بتوانن بە ئاسانی جێگەیان بگرنەوە.
ڕۆڵی تاک، لە کۆن و ئێستاشدا، ئەگەر چی کەم یان زۆر لەسەر کۆمەڵگەکان کاریگەرن ، بەڵام ئەو ڕۆڵانە فاکتەری سەرەکی نین لە پێشکەوتن یان دواکەوتنی کۆمەڵگەدا. چاکی یان خراپی، بەهێزی یان لاوازی، ئازایەتی یان ترسنۆکی، بلیمەتی یان نەزانی سەرکردەکان، نابنە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووری وڵاتێکدا، بەڵکو ئەوانە ڕۆڵی خۆیان لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە دەبینن کە لە وڵاتەکەدا پەیڕەودەکرێ.
ئەم وتارە، یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکەم لە کتێبی ( بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێنا؟).