گۆران هەڵەبجەیی: ئەمانە پەروەدەی دەستی چ جۆرە مەلایەکن؟
باشترین ئاین ئەوەیە کە بتکاتە مرۆڤێکی بەڕەوشت و بەسۆز و پڕبەزەیی/ دالایی لاما.
مرۆڤ هەڵگر و پەیڕەوکاری هەر ئایدیاو هزرو ئاین و مەزهەبێک بێت پێویستەو زۆریش پێویستە ئاکارو هەستی ئینسانی لەدەست نەدات، چونکە ئینسانیەت باڵاترین و جوانترین هەستە و گرنگتر و پیرۆزترە لە سەرجەم کایە سیاسی و ئاینیەکانی نێو کۆمەڵگاکان.
گەر زاڵبوونی ئاین بەشێوەیەکی ڕەها بەسەر هەر ئیماندارێکدا ،بەجۆرێک کە پێناسەو هەڵسەنگاندنی بۆ هەر بزاوت و شۆڕش و سەرهەڵدان، ڕووداو و کردەیەکی مرۆڤ، لە ڕوانگەو دیدی ئاینیەوە پێوانە کرد و بە فلتەری ئاینیدا تێیپەڕاند، بەدڵنیاییەوە ئەو کەسە دابڕاوە لە هەموو بەهاو خەسڵەتێکی ئینسانی و ئەخلاقی، لەباشترین حاڵەتدا دەبێ حسابی ئاژەڵێکی دڕندەی بۆ بکرێت نەک مرۆڤ.
لەدەستدانی خەسڵەتی ئینسانی، مرۆڤ دەکاتە کەسێکی دڵڕەق،بێویژدان، داخراو، دژەجوانی، دژەشارستانیەت، دژەنەتەوە و لەئاکامدا کەسێکی مەترسیداری لێدەردەچێت.
ئەوەی زۆربەمان هەستی پێدەکەین و لە سۆشیال میدیاکان بەرچاومان دەکەون ڕۆچوونی زۆرێک لە گەنجە ئیماندارەکانە لە ڕووی مۆراڵەوە.
ئەمانە تەنها یەک پێناسەیان بۆژیان و مرۆڤ هەیە ئەویش پێناسەی ئاینە، ئیدی بەدەر لەوە هەرکەس تۆلەڕانس و قەبوڵکردنی یەکتر و ڕای جیاواز و جوانیەکانی ژیانی ڕەتنەکردوە، ئەوە دەچێتە خانەی [دژە خواو ئیسلام و قورئانەوە].
ئەمانە وەک چاودێر بەسەر واڵەکانی فەیسبووکدا دەگەڕێن لەکوێ کەسێک بچوکترین ڕەخنە لە ئاین و پیاوە ئاینیەتووندڕەوەکان بگرێت، یاخود دەربارەی ڕووداو و ژیانی خەڵک بە جۆرێکی جیاواز لەوان ڕای خۆی دەرببڕێت، ئیدی هەرچی جنێوی ناشیرین لە فەرهەنگیاندا هەیە، بێ شەرمانە ئاراستەی ئەوجۆرە کەسانە دەکەن ،بە جۆرێک جنێودان لەکنیان بووەتە پیشەیان و شانازی پێوەدەکەن.
بۆ پاساو هێنانەوە بۆ جنێوەکانیان چەند وشەیەکی [ئامادەکراو] هەن بەردەوام بەکاریان دەهێنن کە زۆربەیان لەبەریان کردوە وەک: بەرەڵایی، خۆڕووتکردنەوە،بڵاوکردنەوەی فەساد، تێکدانی داب و نەریتی کۆمەڵگا، مولحیدی و دژە ئاین و خودا، ڕێز نەگرتن لە 95٪ی خەڵکی مسوڵمان.
چەند شتێکی سەیر لەم گەنجانەدا بوونیاب هەیە کە بەتەجرووبەی خۆم بۆم دەرکەوتووە، ئەویش ئەوەیە ئەم گەنجە دەم پیسانە شارەزاییان لە ئیسلامدا زۆر زۆر کەمەو وەڵامی هیچ پرسیارێکیان لەبارەی ئاینەکەیانەوە پێ نیە، واتە ئیمانداری[عاتیفەن]، خاڵێکی تر ئەوەیە ئەمانە زۆر زۆر [جەبانن] واتە زۆر ترسنۆکن، بەوەی زۆربەی هەرەزۆریان ناو و ێنەو ئەکاونتیان فەیکە، دەمێک دەچمە سەر واڵی ئەوکەسانە دیقەت دەدەم نەپۆستی هەیەو نەبرادەرو نە وێنە،کاتێک پەیوەندی بە هەندێکیانەوە دەکەم وەڵام نادەنەوە، لە پاش بەینێک سەیردەکەم نەدەنگ نەڕەنگ نە ئەکاونت هیچی نەماوە.
بۆ هەندێکیانم نووسی چۆن دەکرێ بەنهێنی و ترسنۆکی داکۆکی لە ئاینەکەت بکەیت؟ بەڵام هیچیان وەڵام نادەنەوە چونکە پێیان نیە.
خاڵێکی تر ئەوەیە ئەم گەنجانە بەجۆرێک گۆشکراون، تاسەر ئێسقان دژە نەتەوەو خاک و وڵاتن، هەستی نەتەوایەتیان سفرە، ئامادەن هەموو کورد بکەنە قوربانی مسوڵمانێکی میانمار یا چین یا فەلەستین، یاخود سومبڵێکی ناسراوی ئیسلامی دژە کورد، بەنمونەی ئەردۆغان،قەرەضاوی،غەنووشی و خامنەئی و خالید مشعەل و سەرکردە تەرۆریستە جیهانیەکان، بە خۆشەویستترو پیرۆزتر بزانن لە خەباتگێڕانی نەتەوەکەی خۆی.
بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەشم مەسەلەی مەرگی [ژینا ئەمینیە]، ئەوەی ڕوونە ئەم کیژە هیچ موخالەفەیەکی نەکردبوو، بەڵکو تەنها کەمێک لە قژی دەرکەوتبوو، بەو هۆیەوە کووشتیان،کەچی ئەو گەنجە ئیماندارە مێشک ژەنگاویانە بێ ئەوەی حساب بۆ خانەوادەکەی و ملیۆنان خەڵک بکەن، بێ شەرمانە دەنووسن[دەستیان خۆشبێت کووشتیان چونکە حەزی بە خۆڕووتکردنەوەو بەرەڵایی بوو].
ئاخر ئێوەی مێشک ژەهراوی بۆ کوێرانە حکوم دەدەن، بۆچی دەرکەوتنی دووتاڵە قژ دەبێ حسابی بەرەڵایی بۆ بکرێت؟ گەر ئێوە وەک هاونەتەوە هاوسۆزیتان بۆی نەبوو، دەی بەلای کەمەوە دەمتان دابخستایە، چونکە بەو هەڵوێستە قێزەوەن و نامرۆڤانەتان هەستی چەندین ملیۆن مرۆفتان بریندار کرد.
شەرم لەخۆتان بکەن دەمێک دەبینن لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری و هاوسۆزی بۆ ژیناو ڕاپەڕیوانی سەرجەم گەلانی ئێران هەیە، بە چەشنێک ژینا بووەتە سومبڵی خۆپیشاندان و بەرخوردانی گشت نەتەوەکانی ئێران،کەچی ئێوەش سوکایەتی پێدەکەن.
ئاخر ئاین ئەو کاتە جوانە بڕێک میهرەبانی و ئینساندۆستی و تۆلەڕانسی تێدا بێت،گەر ئەمانەی تێدا نەبوو، یاخود مرۆڤێکی خۆشەویست و یەکسابخوازی درووست نەکرد، ئەوە ئاین نیە بەڵکو وێرانکەری مرۆڤە.
دەبێ ئێوە تێبگەن ژیان تەنها ئاین نیە، ئاین بەشێکە لە کایەکانی ژیان، گەر بتواننن بەجوانی موومارەسەی بکەن کارێکی چاکە، خۆگەر نەتوانن ئەوە نەبوونی باشترە، مرۆڤ بێ ئاین دەتوانێ بژی بەڵام بێ ئینسانیەت ئەستەمە.
لە سەردەمی مێرمنداڵی و لاوێتیمدا کەسێکی ئیماندار بووم ،لەگەڵ هاوڕێیانی گەڕەک هاتووچۆی مزگەوتمان دەکرد،لە هەینی و ڕەمەزاناندا گوێمان لە مەلاو بانگخوازان دەگرت، هاوکات شارەزای ئاستی بیرکەوتنەوەیان بووین، زۆربەیان خاوەنی جیهانبینیەکی تایبەت بوون کە دووربوو لە تووندڕەوی و تەکفیرو ڕەتکردنەوەی کەسانی نائیماندار، هاوکات تاڕادەیەک سەروسەودایان لەگەڵ کایەی ئەدەبیدا هەبوو. نەمبیست و نەمدی بەهاندانی یەکێک لەومەلایانە تووندڕەوێک تەرۆریستێک بەرهەم هاتبێ.
بەڵام چەندساڵێکە بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕینەوە مزگەوتەکان و ناوەندی سۆشیال میدیاکان بوونەتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ زۆرێک لەمەلا تووندڕەوەکان، لەو شوێنانەدا ئەقڵی گەنجەکان وێران دەکەن، بەجۆرێک پەروەردەیان دەکەن ڕقیان لە هەموو جوانیەک بێت، وامێشکیان دەشۆنەوە کە ڕێکخراوە تەرۆریستەکانی وەک داعش و قاعیدە بە ئومێد و فریادڕەسی ئیسلام بزانن و پەیوەندی کردن پێیانەوە بەگەورەترین ئەرکی ئاینی بزانن، دژی خواستی نەتەوەکەی خۆیان بەکاریان دەهێنن، وا ڕایاندەهێنن کە دژی هەرکەسێک بن کە وەک ئەوان بیرناکاتەوە.
ئەم مەلایانە بەردەوام ژەهر دەڕێژن دژ بە نەتەوە، ئاڵا، خاک ژیانی سەردەمیانە، ئازادی ئافرەت،خوێندنی ئامێتە،چوونی مێینە بۆ بازاڕو زەماوەند و سەفەر و زۆر شتی دیکە.
ئەم بانگخوازانە خۆیان نامۆن بە هەموو شتێکی نوێ و ناتوانن لەگەڵ ڕەوتی ژیانی سەردەمیانەدا بڕۆن، بۆیە هەوڵدەدەن تێکی بدەن، ئەویش لە ڕێگەی خۆیانەوە یاخود لەڕێگەی ئەم گەنجە تووندڕەو و مەترسیدارانەوە، تاڕادەیەکیش پلانەکانیان سەری گرتووە.
کێشەی گەورە لەوەدایە دەسەڵات و حیزب بەتایبەتی یەکێتی و پارتی گۆڕەپانەکەیان چۆڵکردوە بۆیان و دەستیانی ئاوەڵا کردوە، ئەوانیش بێ ڕەقیب چیان بوێت دەیکەن و دەیڵێن و هیچ یاسایەکیش بێ ڕەزامەندی ئەمانە تێناپەڕێت و دەسەڵاتیش بەتەواوەتی ملکەچیان بووە..
کەسانێکی وەک عەبدول لەتیف سەلەفی، مەلا هەڵۆ، مەلا مەزهەر،دکتۆر عەبدولواحید، مەلا هاوڕێ و هەڤاڵ، هەورامان گێچەنەیی و ژمارەیەکی زۆری تر لە مەلاو بانگخوازی تووندڕەوی فیکر داعش، گەر لەسەر سوکایەتیەکنیان بە نەتەوە، ئەزیدیەکان، ژن، ڕووناکبیر،کەسانی سیکۆلار، سزابدرانایەو سنورێک بۆ کارە تووندڕەوەکانیان دابنرایە، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخەی ئێستا بەم جۆرە مەترسیدار نەدەبوو. گەر ئەو مەلایانە هەروا بەرەڵابن، ئەوە بە دڵنیاییەوە بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە گەنجە تووندڕەو تاریک پەرستانە بەردەوام دەبێت و لەئاکامدا دۆخێکی مەترسیدارتر چاوەڕێمان دەکات، بەجۆرێک لەوانەیە بڵێین ئەفغانستانی ئێستای تالیبان لەچاو کوردستاندا سویسرابێت.
[گەر کووشتنی مرۆڤێک بەناهەق غەمباری نەکردیت و هەستی ئینسانیتی نەبزواند و تەنها نیگەرانی و هاوسۆزی و شیوەنت بۆ هاوئاینەکەت بوو، ئەوە بەدڵنیاییەوە تۆ خواپەرست نیت، بەڵکو تۆ کەسێکی دڵڕەق و بێ بەزەیت و بوونت لەکۆمەڵگادا مەترسیە.