عیماد عەلی: ڕۆڵی گرنگی مامەڵەی راست لەگەڵ سەرهەڵدانەکەی ئێراندا.
کەس لاری نیە لەوەی کە سەرجەم شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەم کاتەدا رۆڵی جوامێرانە دەگێرن و ئەوەی گلەییە و زۆر حەقیشە لە دەسەلات و خەڵکی کوردستانی باشوورە، کە وەک پێویست لەبەر ئەو پاساوانەی پەیوەستن بە سیاسەت و ملکەچبونی ئەم و ئەو لایەنی کوردستانی باشوور بۆ ئەم و ئەوی دەرەکی و ناوەکیەوە، پشتگیری براکانمان ناکەین.
ئەگەر کرماشان وەکو کەرکوک تەماشابکەین و لەبەر هۆکارگەلێک بە نمونەی شاری شۆرش وەرینەگرین، با لە سنەوە تەماشای سەرجەم شارەکانی ئێران و ئەم شۆرشە بکەین و باش بزانین ئەم شارەش کە بۆ شەش هەزار ساڵە بوونی هەیە و شوێنەوارەکانی گەواهی رۆشنبیری و ئاستی بیرکردنەوەی سەرجەم کورد و خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات دەردەخەن. بۆ زیاتر پەند وەرگرتن، کە رووداوێکی مێژووی نزیک باس بکەین، دەشێت بتوانین زیاتر جۆری مامەڵە لەگەڵ رووداوەکانی ئەمرۆ دیاریبکەین، لەبەر ئەوەی بارودۆخ و زەمینەکە تا رادەیەک گۆرٍانی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و دەکرێت ئەمرۆش کتومت لەبەر چاو بێت، بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەکان ی ئەمرۆ لەوێوە دەربخەین و، ناکرێت مارەکە دووجار لە هەمان کونەوە گازمان لێ بگرێت. ئەوەی گرنگە لە سەرەتادا، دەبێت باش بزانن بەرژەوەندیە گشتیە هەنوکەییەکە لە کوێیە نەک بیرو فکر و فەلسەفەکەی ئەوەی پەیوەوستە بە سەرهەڵدانەکەوە چیىە، ئەمەش هەر چیەک بێت هەمیشە جێگەی ناکۆکیە بۆ هەمووان.
با لەوە گەرٍێین، بۆ ئەوەی مێژووی نزیکی سنە و ئەوەی دەگوزەرێت ئێستا بخەینە بەر تیشکی یادگەمان لە لایەک و چۆنێتی مامەڵەکردنمان لەگەلڕ رووداوەکانی ئەمرٍۆ لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەم شارە و سەرجەم کوردستانی رۆژهەڵات ئەوە لەبیر نەکەن کە فرتوفێلی ئیسلامگەرای دەسەڵات و چەپی توندرٍەوی پان کۆمۆنیزم و زۆر کەسی خۆ بە فریشتە زان رۆڵێکی باشیان لە پێشتردا نەگێرٍاوە و دەبێت خەڵکی راپەرٍیو باش پەند لەو هەڵانە وەرگرن.
ئەوەی روونە کە لەم شارە وەک نمونەی سەرجەم کوردستان وەریدەگرین، ناوەندی چەپگەرایی و ئیسلامیە توندرٍەوەکان بوو و تا رادەیکی زۆر بە تایبەتی لەکاتی شۆرشی ئیسلامی ئێراندا و زۆرینەشیان لەگەلڕ یەکتردا ناکۆک بوون و ئەوەی هەمیشە نەخۆشیی کوردە لێرەدا زاڵتر بوو، کە ئەویش هەوڵی زاڵبونی هەریەکەیان بوو بەسەر ئەویتردا . ئەوەی گرنگە، کە دەبێت ئێستا ئاگاداری ئەوەبین ئەحمەد موفتیزادەیەک و چریکێکی تر خۆی لەو ناوە هەڵنەقورتنێت بەناوی هەر بۆچونێیەکەوە بێت، کۆمێتەیەک دامەزرێنێت، یان هەر لایەنێکی دیکەی پان نەتەوەیی ئێرانی بەدوور لە تایبەتمەندیەکانی کورد و کوردستانی رۆژهەلات بیر بکاتەوە و دەسەڵات قازانجی لێببینێت و دژایەتی کێشە نەتەوایەتیەکەی پێبکات. ئەمە جگە لەوەی رێگە نەدرێت زۆری و بۆری خۆی بسەپێنێت و هەریەکەو لای خۆیەوە بەناوێک بێتەمەیدانەکەوە ( هەر کەس و لایەنێک بێت، جگە لە لایەنە راستەقینەکانی نوێنەری زۆرینەی خەڵک ) ئەوانیش جارێک تەماشای خەڵکەکە بە گشتی بکەن و لە ژێرەوە و بەناراستەوخۆ بەشدار بن یان هاندەر بن یان چاوەرێ بکەن، پشوو درێژبن تاوەکو ئەو قۆناغە بێتە ئاراوە کە هەوێنی ئەم شۆرشە دەگمەنە بێ هاوتا و بێ پێشینەیە چی هەڵدێنێت.
بەڵام بۆ بەشداری زیاتری خەڵک پێویستە لەم کاتەدا نەبونی و کەمدەرامەتی و بەرژەوەندی و پێویستیە تاکە کەسیەکانی لەمەر ئازادیی ژن و پیاو لەبەرچاو بگیرێت و قسە لەسەر هەر بۆچونێک بکرێت کە وا بکات خەڵکەکە بە لێشاو لەم سەرهەڵدانە بەشداربن، وەکو خستنە بەرچاوی جاربەجاری پەلاماری شوێنە نیزامیە ئابووریەکانی دەسەڵات و پرسی حیجاب، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی شەودا کار بۆ بەکارهێنانی سەرجەم شوێنە هەمەجۆرەکانی جێ ئەگەری دروستبونی چالاکی جیاجیا لە رۆژاندا، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ خۆپیشاندانی شەو و تیشک خستنە سەر ئاماژەکانی دەرخستنی بوونی پلانی نهێنی بۆ شۆرشەکە لە لایەن کەس و لایەنی نادیارەوە، بۆ ئەوەی خەڵکەکە دڵنیا بێت کە پلانی پشت پەردەش بۆ سەرکەوتنی سەرهەڵدانەکە هەیە.
ئەگەر لە سەردەمی شۆرشی ئیسلامی لەم شارەدا لە پاش هاتنی هێز لە کرماشانەوە بۆ سنە بۆ شەرٍ لەو سەربازگەی کە خەڵک هێرشی کردە سەر ،لە یەک کاتدا 77 کەس کوژران و 343 بریندار و 132 کەسیش بەدیل گیران. ئەوا لەم شەپۆلی نارەزاییە درێژخایەنەدا نابێت لە کاتێکی کورتمەودادا قوربانی ئەوەندە زۆر بێت و بەرهەمەکەشی بەزەقی دەرنەکەوێت، دەبێت بە هەوڵی تاکە کەسی و جادەگرتنی شەوانە و هیلاککردنی رژیمی ئاخوندە و خۆلادان لە شەرٍی سەرکردایەتی کردنی رابونەکە و هێشتنەوەی سەرهەڵدانەکە تاوەکو پێگەیشتنی زەمینەی لەبار بۆ دەرکەوتنی سەرکردایەتی لە جادەوە، بۆ ئەوەی کەس پێشوەختە دیدی جیاوازی لەسەر رابەرانی نارەزایەتیەکە نەبێت و بۆ دواجار و لە کاتی نزیکبونەوەی سەرکەوتنی کۆتایی ئەوجا سەرکردەی راستەقینە چی لە جادەوە بێت یان لە نێو لایەنە راستەقینەکانی نوێنەری خەڵک دەرکەوێت و لەسەرەتاوە کەس قۆرخی سەرهەڵدانەکە نەکات و ئەوە بسەلمێنرێت کە کەس شۆرشی بۆ خۆی ناوێت و هەمووان رزگاریی میلەتیان مەبەستە.
ئەوەی خاڵی یەکلاکەرەوەیە کە نابێت کەس بە ناوی خەڵکەکەوە لەگەڵ رژیم دانیشێت و گەڵاڵە نامەی هیچ شتێک نەکرێت لە نێوان رژێم و هەر کەسی و لایەنێَکدا بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە کاتی دەرکەوتنی هەر سەرێکدا لە کاتی نابەجێ و نەگونجاو و نەرەخساوی زەمینە بۆ هەنگاوی یەکلاییکەرەوە، بواری هەڵخەڵەتاندن و لەناو بردنی جموجوڵەکە زۆرتر دەبێت.
بۆیە دەبێت بزانین کە ئیٍستا تەنهاکاتی هاندان و یارمەتیدانی ئەو خەڵکەیە لە لایەن سەرجەم کەسە خەمخۆر و لایەنەکانەوە ، بۆ ئەوەی هەڵەکانی کاتی سەرەتای ئۆرشی ئیسلامی دووبارە نەبێتەوە و ئەمە شۆرشە درێژ خایەنە توانای بەردەوامی هەبێت، بۆ کەیشتن بە ئامانجە سەرەکیەکان.