زاهیر باهیر: داڕمانی ئابووریی بریتانیا نەك بە گۆڕینی دەموچاوەکان، بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش زەحمەتە چارەسەر بکرێت.
ئەوەی کە ئەمڕۆ بە ناوی ئابوری لیبراڵ لە زۆرێك لە وڵاتاندا پیادەدەکرێت، ئابووریی نییە، بەڵکو جەنگێکی سەرانسەرییە کە بەرانبەر بە دانیشتوانەکەی بەڕێدەکرێت. جەنگی ڕووتانەوە و چەوساندنەوە و برسسیکردنی زۆرینە و هەڵکەندنی زۆرێك لە زێدی خۆیان و باوباپیرانیان و دروستکردنی جەنگێکی ڕاستەوخۆی کوشتن و بڕین و وێرانکارییە.
ئابوورییەك کە لەسەر خۆێن و جەنگ و کوشتن و بڕین بژی و بەردەوام بێت ئەمە چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بۆ کەمایەتییەکی ئێکجار کەم خێرێکی زۆر بداتەوە نەك بۆ هەموان، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك چەند فۆرمیلەیەکی وەکو بەرزکردنەوەی بەهای پارە و دابەزینی، زیادکردنی ڕێژەی سوو و کەمکردنەوەی، هەڵئاوسانی پارە و دابەزاندنی بیسوڕێنێ و بەڕێی بکات، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بە پژمەی کەسێكی زۆر دەوڵەمەندی وەکو ڕۆبێرت مەردۆك، جۆرج سۆرۆ، ئێلون میسك، جێف بیزۆس و بیڵ گەیت و هەندێکی تریان بدات لە تایەك لە دارایی وڵاتان، چ ئابوورییەکە؟، ئابوورییەك کە تەنها 4 وشەی بەسە لەلایەن ئەو زاتانەی سەرەو بۆ داڕمانی: ئەم سیستەمە هەرەس دەهێنێت” ، دەبێت چ ئابووریەك بێت؟
بریتانیاش یەکێکە لەو وڵاتانە خاوەنی ئەو چەشنە ئابوورییە و لەم جەنگەدایە. دوای قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 تا ئێستا بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی بریتانیا لە خراپیدایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو خراپتر دەڕوات کە لە ئێستادا گەیشتۆتە لوتکە. هەر بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە شەش ساڵدا چوار سەرەك وەزیری سەر بە هەمان حیزب هاتوون و ڕۆیشتوون.
لەگەڵ ئەوەشدا باری ژیانی خەڵکی بریتانی بەرەو خراپ و خراپتر ڕۆیشتووە. کولفەی ژیان بە ڕێژەی لە سەدا 10 کە ئابووریناسەکان و حکومەت پێیدەڵێن هەڵئاوسانی پارە سەرکەوتووە، لیستی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و داخڵبوون بە خەستەخانەکان لە 6 ملیۆن کەسەوە لە مانگی نیسانەوە بۆ 7 ملیۆن کەس سەرکەوتووە، کولفەی منداڵ لە حەزانەدا، باخچەی منداڵاندا سێیەک و دوو لەسەرسێی داهاتی خێزان دەبات، بەهای پاوەند لە ساڵی 1976 وە وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەرزبوونەوەی غاز و کارەبا بە ڕێژەی لە سەدا 84 لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرکەوتنی زیاتریش لە ساڵی نوێدا، ئەوانەی کە سلفەی عەقاری 200 هەزار پاوەندیان لەسەرە کە تا ڕادەیەك کەمە، وا پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی سلفەکەیان بە بڕی 5 هەزار و 100 پاوەند سەرکەوێت، کرێی خانووش بە ڕادەیەك لەبەرزبوونەوەدایە کە زۆرێك چی تر ناتوانن بیدەن، مەرکەزی خۆراك بەخشینەوەکان هەفتانە زیاتر قەرەباڵغ دەبن و خۆی داوە لە ملیۆنێك کە بەشێكی زۆریان کار دەکەن.
بە هاتنی سەرەك وەزیرانی نوێ، لیز ترووس، و دەستەو تاقمەکەی ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان برد. سیاسەتەکانی حکومەتی نوێ لە ئابووریدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەیانیان کرد هەر لە دژایەتی ژینگە، هەڕەشەی زیاتری سەرکوتکردنی خەڵکی و سنوردارکردنی زیاتری ئازادییەکان لە ڕێگای یاساوە، هەڵوەشاندنەوەی لە سەدا 45 باج لەسەر داهاتی زیاد لە 150 هەزار پاوەند کە بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەوە بکەوێتە کار، هێڵانەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکان کە لە ئێستادا بە ڕێژەی لە سەدا 19 یە کە ئەمیش بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا ببێتە لەسەدا 25، زیادکردنی بەشدارایکردنی بیمەی نیشتمانیی، هەڕەشەی دەستگرتنەوەی سەرفکردنی پارە لە خزمەتگوزارییەکاندا، هەندێکی دیکە لەم سیاسەتانە وای کرد کە بەهای پاوەند هاڕە بکات و هاوکاتیش کارایی زۆر خراپی لەسەر تەواوی ئابووریی دانا. هەموو ئەمانە ڕۆژانە لە سەر ژیانی ئاسایی هەرە زۆرینەی خەڵك ڕەنگدەداتەوە.
بۆ چارەسەری ئەو بارەی کە خولقێندارا و بۆ ئەوەی بەهای پاوەند زیاتر نەشكێ، بانکی مەرکەزی بەدەم حکومەتەوە هات و بڕیاریدا کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بایی 65 ملیار پاوەند ‘بۆند’ی [ لام وایە بە کوردی کۆمپیالە و سەنەدی کۆنی خۆمان دەگرێتەوە] کڕی بۆ فرۆشتنەوەی. ماوەی ئەو دوو هەفتەیەیە کە بۆی دیاریکرابوو تا ڕۆژی هەینی هەفتەی پێشوو بوو، 14/10 تەنها بایی 7 ملیار بۆند کڕڕا و نرخی پاوەندیش هیچ نەچووە سەرەوەو یارمەتی حکومەتیشی نەدا لە ئارامکردنەوەی بازاڕ و بۆرصەدا. ناچار سەرەك وەزیران وەزیری دارایی کە برادەر و هاوپەیمانێکی زۆر نزیك و دێرینی خۆی بوو دەرکرد و کەسێکی دیکەی کردە وەزیری دارایی.
ئایا دانانی وەزیری دارایی نوێ ئەم گرفتە لابەلا دەکاتەوە؟
بە بڕوای من گرفتەکە نەك هەر بە گۆڕینی دەموچاوەکان، بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش لابەلا نابێتەوە. ڕاستە سەرەك وەزیران وەزیرێكی نوێی داناوەو بڕێك ئایدیای هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و هەروەها لە گەلێك لەو سیاسەتانەی پەشمیان بووەتەوە، بەڵام پەشیمانبوونەوە و هەڵپەساردنی بڕیارەکانی بۆ ئایندە، نە یارمەتی بەردەوامبوونی حوکمی دەدات و نەچارەسەری گرفتەکانیش دەکات، چونکە 40 ملیار پاوەند دەبێت جێگای بۆ بکرێتەوە و پڕ بکرێتەوە کە نازانرێت لە کوێوە هاتووە.
لەم وڵاتانەدا لەبەرئەوەی حکومەت لەسەر پارەی باج دەژی ناتوانێت و ناکرێت بڕیاری هاوکاری کەرتێکی خزمەتگوزاریی وەکو پەروەردە، تەندروستیی، هاتوو چۆو ئەوانی دیکە بدات، یاخود باج لەسەر لایەنێك بهێنێتە خوارەوە یا بیمەکان زیاد بکات، ئەگەر بە گوێرەی ئەو پارەیە، پارەی بۆ دیاری نەکرابێت و سەرچاوەی هاتنی ئەو پارەیە یا ئەو بڕە باجە داشکاوە بەیان نەکرابێت.
چارەسەرکردنی ئەم 40 ملیارەش کە ڕەنگە بڕێك بەهای پاوەند بەرزبکاتەوە و ئابووریش تۆزێك ببوژێنێتەوە. بەڵام نانی ئەم هەنگاوە بۆ وەزیری نوێی دارایی یاخود هاتنی حیزبی لەیبەر بۆ سەر حوکم زۆر زەحمەتە، چونکە پەیداکردنی ئەم 40 ملیار پاوەندە بە ڕای من تەنها لە یەكێك لەم چوار ڕێگایەوە دەکرێت.
یەکەم/ کەمکردنەوە و بڕینی بەشێك لە بیمەکان و پارەی شارەوانییەکان و خزمەگوزارییەکانی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن. ئەمەش گرفتی زیاتر دروست دەکات هەر لە زیادبوونی ژمارەی بەتاڵە و بوون بە بارێکی قورس بەسەر دەوڵەتەوە و کەمبوونەوەی توانای کڕینی کاڵاکان، واتە هێواشکردنەوەی نشونمای ئابووریی ڕۆیشتن بەرەو قەیران.
دووەم/ زیادکردنی باج لەسەر سامانداران و کۆمپانیاکانی بزنس و سەپاندنی باج بە سەر ئەو سەرمایانەی کە لە وڵاتانێك دانراون و باجیان لەسەر نییە. ئەمەش ناکرێت و مایەی قەبوڵ نییە لە لایەن ئەو لایەنانەوە.
سێیەم/ چاپکردنی پارەی زیادە لە لایەن بانقی مەرکەزییەو هەر وەکو لە سەردەمی کۆرۆنادا کرا لەژێر ناوی quantitative easing، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری قەرزی نەتەوەیی کە دانەوەی دەوێت.
چوارەم/ بەدەوڵەتیکردنی کەرتە تایبەتییەکانی وەکو وزەو ئاو و هاتووچۆ و هەندێکی دیکەیان. کردنی ئەمەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوە هەیە و پارەیەکی زۆری دەوێت و گرفتێکی زۆریش بۆ دەوڵەت لە ئێستادا دروست دەکات، بۆیە کردنیان زۆر زەحمەتە.
بێ گومان ئایندەیەکی نزیك وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و داهاتوی ئابووری بریتانیامان بۆ دەردەکەوێت.