عبماد عەلی: بەرپرسانی بەغدا و گەنمی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەردانەکەی کازمی بۆ هەولێر، وەکو ئەوەی تاجی زێرینی بە خەڵات بۆ کورد هێنابێت، مژدەی ئەوەی بە گوێی کوردا دا، کە پارەی گەنمەکەی جوتیارانی خەرج کردووە، وەکو ئەوەی بودجەکەی کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هێنابێت، بەرپرسانی کوردیش نقەیان لێوە نەهات، بەڵکو ئەوەشی بە منەت و بە زۆر زانی. تۆ وەرە حسابی ئەوە بکە کە گەنمی بەری رەنجی خۆت بێت و بەو بیفرۆشیت و ئەمە پێنج بۆ شەش ساڵە لە وەرگرتنی حەقەکەت دواکەوتبیت و دواجار بە منەت و فیزکردن بەسەرتەوە ئەوجا بە قیست و بە نیوەناچڵی بیدەنەوە، کە لەولاشەوە تەماشای ئەو تەخشان و پەخشانەی پارەو سەروەت و سامان و گەندەڵی و دزیە زەبەلاحانەی بەغداش دەکەیت، پارەی گەنمەکەی کورد ناکاتە هیچ لەچاویدا. کاکی سەرکردەش بە بەرزەفرٍی بێت و لە ماڵەکەی خۆتدا وەک خێرت پێبکات منەتت بەسەردا بکات. ئاست نزمی بیرکردنەوە و رەفتاری سەرکردەکانی کورد لەوەدا دەبینینرێت، کە ئەو پارەیەش وەک حەقی جوتیاران، هەر رۆژە و یەکێک لە بەرپرسە نابەرپرسەکانی کوردستان وەکو مژدانە بە جوتیاران دەبەخشنەوە وخۆیان دەکەن بە خاوەن کارەکە لە رازیکردنی بەغدا بۆ ناردنی پارەی گەنمەکە.
با باش بزانن کە ئەگەر ئەوانەی بەغدا پێشبینی ساڵی داهاتووی دابەزینی بەرهەمی گەنمیان نەکردایە، تا ئێستاش ئەو مافەی جوتیارانمان نەدیبوو. ئەمساڵ لە بێ ئاوی عیراق بەرهمی گەنمی تا نزیکەی نیوە و زیاتریش کەم دەکات و پێویستی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنمە بۆ ئەوەی بیکرێت و بە هۆی شەری روسیا و ئۆکرانیاوە،هیچ ئومێدێک نیە کە نرخی گەنم لە بازارەکانی جیهان لەم کاتەدا یان لەئایندەیکی نزیکدا نزم بێتەوە، بۆیە دەبێت جوتیارانی کوردستان لەو بارەوە ئەمساڵ فریونەخۆن و بەرهەمی خۆیان بە شێوەیەکی باش بخەنە بازارەوە و بە کاش بیفرۆشن نەک بەغدا بیکرێت و دواتر بە قەرز و منەت بیداتەوە.
هەر لەو روانگەوە، کە تەماشای عیراق لە بارە سیاسیەکەی دەکەیت، دەزانیت بە شێوەی کرین و فرۆشتنی گەنمەکە مامەڵەی سیاسیشت لەگەڵدا دەکات، کە رەوشی باش بوو و پێویستیی پێت نەبوو بێ منەتە و کە باری لار بوو نزیک دەبێتەوە و ملکەچ دەبێت.
مێژووی ئەم دەوڵەتە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ میلەتی کورد و سیاسەتی عیراق لەمەر کرٍین و فرۆشتنی گەنمەکەی کورد بەراورد بکە. ئەوجا عەقڵیەت و رەفتار و پەیوەندیەکانی عیراقت بۆ دەردەکەوێت و چۆنی بیرکردنەوەی ئەم دەوڵەتەت بۆ روون دەبێتەوە و لەوەدا یەکلایی دەبیتەوە کە دیموکراسیبونی عیراق و دابینکردنی مافی ئەویتر و دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی خەونی چۆلەکەیە.
کە لە مێژووی عیراق و عەقڵیەتی سەرکردە وخەڵکەکەشی ورددەبیتەوە و ئەو پێویستیە گرنگانەی بەرجەستە کردنی دیموکراسی لێکدەدەیتەوە و ئەو زەمینە سازیە وێنادەکەیت کە پێویستە مەیسەر بوبێت بۆ دەستپێکردن بە هەنگاوی یەکەمی دیموکراسی ، لەگەڵ خۆتدا دەڵێیت ئەم خەڵکە و دیموکراسی کوجا مەرحەبا. کەچی بەدبەختیەکە لەوەدایە کە سەرکردایەتی کورد هەموو ئاواتەکانی بە دیموکراسیبونی عیراقە وە بەستۆتەوە و چاوەرێ یە لە ناوەندی عیراقەوە دیموکراسیی بەش بدەن و مافەکانی بێننەدی. ئەم خەیاڵپڵاویەی سەرکردایەتی بە بەستنەوەی هێنانەدی ئامانجە سەرەکیەکانی کورد و ئازادی و دیموکراسی و بریاردانی چارەنوس لەبەغداوە جگە لەوەی جێگەی کوتربینی و خۆخەڵتەنادن بێت هیچیتر نیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت