شـــــــوان خورشـــــــید: ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەروەک ڕاگەیاندن ئەژمار دەکرێت بە دەسەڵاتی چوارەم دوای دەسەڵاتەکانی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری چوارەم دەسەڵات کە دێت ڕاگەیاندنە، یان دەکرێت بوترێت ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم کاریی چاودێری و بنکۆڵکردنی دەسەڵاتەکانی ترەو لە ڕێیە پیشەییەکەیەوە هەوڵ دەدات شیکاری بۆ کەموکوڕی و هەڵەکانی دەسەڵات بکات و لە غلۆر بونەو سەرەولێژی ڕاستیان بکاتەوە، کەواتە ڕۆڵی ڕاگەیاندن کەمتر نیە لە دەسەڵاتە باڵاکانی ووڵات لە ڕێی چاودێرییەوە بە تایبەت لە ووڵاتە دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینەکان دا، کاتی ئازادی ڕادەربڕین بونی هەبێت وەک کۆڵەکەی دیموکراسی ئەوکات ڕاگەیاندن ڕۆڵی کارا دەبینێ لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دا لە ڕێی چاودێری و بەدواداچونەکانیەوە.
کەواتە ڕۆڵ و ئەرکی ڕاگەیاندن ئەوەندە گرنگ بێت، تا چەند توانیویەتی پێکەوە ژیان لە شاری کەرکوک بچێنێت لە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە، ئایا توانیویەتی وەک دەسەڵاتی چوارەم بە ئەرکی خۆی هەستێت و گۆڕەپانێک بۆ پێکەوەژیان لە نێو پێکهاتەکان بکاتەوەو ڕۆڵی پیشەی و ئەساسی خۆی ببینێ، ڕاستە کەرکوک فرە پێکهاتەی نەتەوەی و ئاینی دۆخی شارەکەی ئاڵۆز کردوە، بەڵام گەر هەوڵی ڕاگەیاندن وەک و ئەوەی ناوزەد دەکرێت بە چاودێری دەسەڵاتەکانی ترو چوارەم دەسەڵاتی بەباڵای خۆی بڕیوە، دەبێت ڕۆڵی هەبێت و لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دا پیشەی توانیبێتی ئاو بە ئاگردا بکات و درزی نێوانی پێکهاتەکان نەهێڵێت، چونکە لە جیهان دا ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان و بیرمەندەکان چەندین کاروانی خەباتیان گەیاندۆتە مەنزڵ، ئەگەر سەیری لێکدانەوەو پێشنیارەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ بکەین، شۆڕشی فەڕەنسی لەسەر دەستی ئەو بیرمەندانە شەرەفی سەرکەوتنیان پێ بڕا،بۆیە ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵ ببینێ لە پێکەوەژیان و نزیک کردنەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک ئەو بەربەستە نەتەوەی و ئاینییە نەهێڵێت، کە درزی لە نێوان دانیشتوانەکەی دروست کردوە، بەڵام بەداخەوە ڕاگەیاندنەکانی شاری کەرکوک نەک ئەو ئەرکەیان ئەنجام نەداوە بگرە زیاتر دۆخەکەیان ئاڵۆزکردوەو لە جیاتی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە زیاتر هەوڵی لێکترازان و دوورخستنەوەی پێکهاتەکان بونە، لەبەر ئەوەی لە شارەکە ڕاستە چەندین دامودەزگاو ڕاگەیاندنکارو ڕۆژنامەنوس و نوسەرو ڕۆشنبیر هەن، بەڵام هەریەک لەوانە سەر بە ئایدیایەک و حیزب و لایەنێکن، ئەوەندەی کار بۆ بیروبۆچونی سیاسی خۆیان دەکەن دەستیان بەکاری پیشەیی خۆیانەوە نەگرتوەو وەک مەکینەی ئیعلامی زیاتر دۆخی نێوان پێکهاتەکانیان ئاڵۆزتر کردوە،هەرچەندە ڕاگەیاندن دەیتوانی کاری باشتر بکات لەوەی هەیە، تا شەرەفی ئەوەیا پێ بڕابوایە لە نزیک بونەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک ڕۆڵی ئەرێنیان هەبوایە نەک ئەوەی هەیە هەر یەکە قەڵەم و بیرو بۆچون و پیشەکەیان خستۆتە خزمەتی بیری تەسکی لایەنەکانەوەو لە جیاتی ئەوەی درزی نێوان پێکهاتەکان نەهێڵن زیاتر برینی نێوانیانی کولاندۆتەوە، بەتایبەت ئێستا سۆسیال میدیاشی هاتۆتە سەر و پاشاگەردانیەک دروست بوە چەندین جار ڕاستی بابەتەکەیان ئاڵۆزتر کردوە، کە دەبوایە ڕاگەیاندن ڕۆڵی ئەرێنی هەبوایە لە بنیاتنانی پێکەوە ژیان نەک ئەو ڕۆڵە نەرێنیەی کە هەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت