عیماد عەلی: پەرتەوازەیی کورد و بەرنامەکەی سودانی.
ئەوەی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی سودانی لەمەر هەرێمی کوردستان، لە لایەنی پەیوەندیەکانی هەرێم و ناوەندی عیراق و یاسای نەوت و غاز و پرکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێم و بەغدا و مادەی 140 و کێشەکانی ناوچە دابراوەکان و یاسای ئەنحومەنی فیدراڵی و یاسای دادگای فیدراڵی بینیبێت، دەزانێت بە گوفتار کۆمەڵێک خاڵی ئەرێنی تێدایە، بەڵام وەک دەزانین قسە شتێکە و کرداریش شتێکی دیکەیە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە ئەو ترسە بەردەوام لە ئارادایە و بە گرفتە گەورەکەی کورد ناسراوە، ئەویش ئەوەیە کە لایەنەکانی کوردستان لە لوتکەی پەرتەوازەیی و نا یەکگرتووییدا خۆی دەبینێت، کە ئەمەش وادەکات هیچ پاڵنەرێک یان فشارێک لە هەرێمەوە نەبێت لەسەر سودانی بۆ ئەوەی بە کردار حکومەتەی راستەرێ بکات لەکاتی جێبەجێ نەکردنی بەرنامەکەی و ناچاربکرێت بۆ راییکردنی کردەیی ئەو گوفتارە تیۆریانەی کە ئەمرٍۆ بەکوردی داوە.
وەک پێشتر ئەوەمان بۆ یەکلابۆتەوە کە بەم وەزعەی ئێمەوە، ناوەند دەستکراوەیە لە کاری سیاسی و مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم پرسەکانی هەرێم لە سەرجەم بوارەکانی بودجە و پێشمەرگە و غاز و نەوت و ناوچە دابرٍاوەکان و بەم قسەی ئێستاش بێت بەرنامەکەیشی وەکو بڵقی سەرئاوی لێدێت.
ئەمرٍۆ رەوشی کەرکوک و خانەقین و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەدژوارترین بارودۆخدا تێدەپەرٍن و ئەوەی نەشێت لە نیازی شۆفینیەت و فاشیەت بە ئاسانی لەو ناوچانە پەیرٍەو دەکرێت و کەسیش پێیان ناڵێت بەری چاوتان کلی پێوەیە.
ئەوەی جێگەی داخە کە لەم قۆناغە تا رادەیەکی درێژ مەودای پاش روخانی سەدام، کورد هەل لە دوای هەل لەدەست دەدات و بەخۆی بۆتە گرفت بۆ چارەسەری کێشەکانی. هەمووان رەفتاری ئەم حزبانە لە بەغدا و ئەو پەیوەندیەی نێوان خۆیان و لەگەڵ حزبە سیاسیەکانی بەغدا و چۆنێتی مامەڵەیان لەگەڵ پرسە سەرەکی و بنەرٍەتیەکەی کورد دەبینن کە نەک ناماقوڵی زۆر دەکەن، بەڵکو لە هیچ کاتێکدا ئەوەندە نەزان و نایەکگرتوو و نەبوون، ئەمەش وادەکات هیچ متمانەیەک بە کەسیان نەکرێت لە راییکردنی سیاسەتی کونجاو و راست و دروست لەم کاتەدا. ئەگەر بەرنامەی کاری سودانی ئومێدێکی تیۆری تێدا بێت، دەکرێت بە نیازپاکیەوە هەنگاوی جددی بۆ چارەسەری بنەرٍەتیی کێشەی سەرەکیی دەیان ساڵەی کورد بنرێت، بەڵام کە پەیوەندیی نێوان ئەم حزبانەی لەمەرٍ خۆمان دەبینیت و عەقڵیەت و رەفتار و گوفتاریان لێکدەدەیتەوە، یەکبار رەشبینی داتدەگرێت و نەفرەت لە سیاسەت و بیرکرنەوەیان دەکەیت و لەوەشدا یەکلایی دەبیتەوە کە ئەم هەلە زێرینەی ئەم کاتە لە رێکبونەوەی هاوکێشەکان بۆ کورد لەدەست دەدەن و پەند لە مێژووی نزیکیش وەرناگرن.