نەوزادى موهەندیس: شەڕ باشترین چارەسەر بۆ چەسپاندنى ئاشتى!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە لەکوردەواریدا لە مێژە وتراوە: شەڕ لە بەتاڵى باشترە! لەلایەک لە بێ ئیشى ڕزگارت دەبێت و لەلایەکى تریشەوە کۆتایى بە قۆناغێکى درێژخایەنى نائارامى دەروونى و جەستەیى دەهێنێت، بەهەمان شێوە وتەیەکى عەرەبى هەیە کە دەڵێت: (بعد العدواە حلاوە)، هەردووک ئەم دوو وتەیە ماناى شاراوە و گرنگیان هەیە و ئاماژە دەدەن بۆ ئەوەى کە هەمیشە شەڕ و هەڵایسانى لە ململانێیەکى گەرمى ئاشکراو ونهێنى باشترە وەک لەوەى هەمیشە لە حاڵەتى جەنگێکى دەروونی تاقەت پڕوکێنەردا بیت و نەزانیت کەى دەستپێدەکات و لەکوێوە دەستپێدەکات و لە چ کاتێکیشدا کۆتایى دێت. ئاشکرایە مرۆڤ بە سروشتى خۆى هەمیشە لەو هێزانە ترساوە کە نادیارن و نایانناسێت یان هێشتا تاقینەکردونەتەوە و نازانێت کاریگەرى و ئاسەوارى خراپ و باشەکانیان چییە؟ هەربۆیە هەمیشە لە حاڵەتێکى ترس و دڵەڕاوکێدا دەژێت.جا کاتێک شەڕ و ڕووبەڕووبونەوە ڕوودەدات و ماهیەتى ئەو هێزە شاراوەیەى بۆ دەردەکەوێت ئەوکات دەتوانێت پلان و ئامادەسازى بکات بۆ ڕووبەڕوونەوەى و زۆرجارانیش بەسەریدا سەرکەوتوە. کەواتە هەڵایسانى شەڕ لەزۆر حاڵەتدا باشترە لە ململانێیەکى دووردورێژ و نەبڕاوە لەنێوان کەسەکان و وڵاتان و پارت و سەرکردە سیاسیەکانیشدا،چونکە لەکاتى جەنگەکەدا هەردوولا هێز و تواناى یەکتریان بۆ دەردەکەوێت و کاتێک زانیان کە ناتوانن بەشەڕ کۆتایى بەناکۆکیەکانیان بێنن ئەوکات دەگەنە بڕوایەکى تەواو بەوەى کە دەبێت ئەو شەڕە سەپێنراو و نەگریسە کۆتایى پێبهێنن،ئەم کارەش ئاشکرایە لەڕێگەى دیبلۆماسیەت و گفتوگۆ و دانوسانەوە دەبێت و ئەنجامیش ئاشتیەکى پتەوتر و چەسپاوتر دەسەپێنرێت و هەردوولاى شەڕەکەش پابەندەبن پێوەى گەر بە شێوەیەکى دادپەروەرانە کۆتاییان پێهێنابێت و هیچ لایەکیان هەست بە مەغدوریەت نەکەن.ئیدى لەدواى ئەم جەنگەوە دەبنە دوو دراوسێ یان هاوڕێ و دۆستى لەیەکتر نزیک و ئاشتیەکى ڕاستەقینە لەنێوانیاندا بەرپا دەبێت. هەربۆیەش زۆرجاران تا جەنگ هەڵنەیسێت ئاشتى ڕاستەقینە بەرپانابێت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،ئایا ئەم ململانێ توندەى زلهێزەکانى دونیا بەتایبەتى ئەمریکا و ڕوسیا کەى تەواو دەبێت ؟ئایا ململانێکانى ئەمریکا و چین بەم شێوەیە تا چەند ساڵى تر بەردەوام دەبێت ؟ئایا جەنگى ڕوسیا –ئۆکراینا و لەپشتیشیەوە ئەوروپا و ناتۆ تاکەى درێژەى دەبێت؟ئایا ململانێ توندەکانى هەموان لەسەر زاڵبوون و دەستبەسەرداگرتنى سەرچاوەکانى وزەى دونیا بەتایبەتى لەم ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەدا کەى تەواو دەبێت؟ ئایا ململانێ ناوچەییەکانى نێوان وڵاتەکانى کەنداو بەڕابەرایەتى سعودیە دژ بە ئێران تاکەى بڕدەکات؟ئەى دژایەتیکردنەکانى تورکیا بۆ کوردان و دەسەڵاتە خۆماڵیەکانى تاکەى درێژەیان دەبێت؟ ئەى دەسەڵاتە ملهوڕ و خۆسەپێن و تاکڕەوەکانى ناوچەکە و دژایەتیکردنیان لەلایەن گەلەکانیانەوە تاکەى بەشاراوەیى دەمێننەوە ؟ دەیان پرسیارى و ئایاى تریش.
وەڵامى کورت و پڕ مانا هەر ئەوەیە کە دەبێت جەنگێکى گەرمى سەربازى ڕووبدات لەلایەن ئەم هەموو لایەنە دژبەیەکانەدا و زەرەروزیانى گەورەى ڕۆحى و ماڵى لەیەکتر بدەن و وڵات و ئاوەدانیەکان وێران بکەن و بەها و مافەکانى مرۆڤەکان پێشێلبکەن و خوێنى ملیۆنان بێتاوان بڕێژن و جوڵە و وزە و داهێنانەکان بۆ دواوە بگێڕنەوە و تائەوکاتەى کە بۆیان دەرکەوت کە هیچ لایەکیان ناتوانن کە لاکەى تریان شکستپێبهێنن و بەتەواوەتى لەناویبەرن،ئەوکات بەناچارى پەنا دەبەنە بەر گفتوگۆى عەقڵانى و لەسەر مێزى گفتوگۆ و دانوسانەکان خواست و ویست و ئیڕادەى یەکترى بەئاشتیانە دەسێنن یان دەسەپێنن و هەردوولاش لەبەرئەوەى تاڵاوى شەڕ و کوشتن و ماڵوێرانى و کاولبوونى وڵات و لێکترازانى کۆمەڵگانیان چەشتوە ئیدى زۆر بە گەرموگوڕیەوە بەرەو پیرى داواو و خواستى ئاشتى و ئاشتبونەوە دەچن و ڕێکیش دەکەون و ئاشتەواییەکى ڕاستەقینەش لەنێوانیاندا دەچەسپێت و بۆ دەیان ساڵ و زیاتریش تابۆیان بکرێت ئاسەوار و مەترسیەکانى شەڕ لەخۆیان و ناوچەکە و دونیاش دووردەخەنەوە.
بەم شێوەیە زۆرجاران شەڕ کلیلى چارەسەرەکانە و دەروازەى ئاشتى و ئاشتبونەوەکانە و دەستپێکى قۆناغێک و کۆتایپێنانى قۆناغێکى تریشە.نموونە زیندوەکانى ئەو ڕاستیە ،هەردوو جەنگە گەورە جیهانیەکەى یەکەم و دووەمە کە هەردووکیان بە کۆنگرەى ئاشتى لە پاریس لەساڵى 1920 دواى 4 ساڵى 1914-1918شەڕى کاولکارى دونیا کۆتایان پێهێنا و هەموان ئاشتبونەوە و تا ماوەى 21 ساڵ جەنگى گەرم ڕووینەدایەوە. تا ئەوکاتەى جارێکى تر جەنگى جیهانى دووەم لە ساڵى 1939-1945 هەڵایسا وبەهەمان شێوە لە ئەنجامى پڕۆسەیەکى ئاشتبونەوە و ئاوەدانکردنەوە ئەوەى جەنگەکە خستبوەیەوە کۆتایى پێهات و نزیکەى 77ساڵ کە تائێستا جەنگێکى سەرتاسەرى جیهانى ڕووینەداوەتەوە شەڕێکى ترى گەرمى جیهانى ڕووینەداوەتەوە.ئەمە سەرەڕاى جەنگى ساردى نێوان دووبلۆکى سۆسیالیستى و سەرمایەدارى 1945-1991و جەنگەکانى نێوان وڵاتانى ناوچە جیاوازەکانى جیهان لە دواى جەنگى جیهانى یەکەمەوە تاکو ئێستا کە جەنگى ڕوسیا-ئۆکراینایە.
بەهەمان شێوە شەڕە ناوچەییەکان و شەڕە ناوخۆییەکانى نێوان حیزب و سەرکردە و هێزە ناوخۆییەکانى ناو یەک وڵات و کۆمەڵگاش هەموانیان دواى بەردەوامبوونى جەنگەکان و تێگەیشتن لە مەترسى و ئاڵنگاریەکان و دەرکەوتنى هێزى یەکترى و دواجار گەڕانەوەى لایەنە شەڕکەرەکان بۆ لۆژیکى عەقڵ و بەرژەوەندى گەل و نیشتیمان گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەى کە دەبێت ئاشتببنەوە و کۆتایى بەو جەنگانە بهێنن.لەکوردستانیشدا نموونەى ((شەڕە ناوخۆییەکانى قۆناغى شاخ و شۆڕش 1978-1986و ودواتر لە قۆناغى شار و دەسەڵاتى مەدەنیدا 1994-1998)). زۆرجاران لێپرسراوانى هەردوو پارتى و یەکێتى وەک بیانویەک ڕایاندەگەیاند کە شەڕدەکەین لە پێناو چەسپاندنى ئاشتیدا ، دواجاریش هەموو شەڕەکان هەر بە ئاشتى و ئاشتبونەوە کۆتاییان هاتوە.
لەئێستاشدا هەموو لێکدانەوە و بۆچوونەکان،دواى ئەوەى کە ململانێ نێودەوڵەتیەکان زۆر توندبونەتەوە و بە ئاشکرا هەستیان پێدەکرێت و هەریەکەش هۆکار و بیانوو بۆ هەڵایسانى ئەو جەنگە دەهێنێتەوە و تەنانەت ئامادەسازیشیان بۆ کردوە و بە ئاشکرا و نهێنى کەوتونەتە خۆ بۆ پێکەوەنانى هاوپەیمانى و دانانى پلان و تاقیکردنەوەى هێز و توانا سەربازى وتەکنولۆجیە نوێکانیان. هەموو جیهان تووشى قۆناغێکى مەترسیدارى بەیەکداداندا بۆتەوە و هیچ لایەکیشیان کۆڵنادەن و بە ڕاستگۆیانە ناچنە پێشەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و ناکۆکیەکان،هەربۆیە بەهەق تاکە ڕێگاچارەسەر ماوەتەوە سەر هەڵایسانى جەنگێکى گەورەتر لەوەى ئێستا هەیە لەنێوان ڕوسیا و ئۆکراینادا و ڕەنگە جەنگەکە تەواوى ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆ و هاوپەیمانەکانیان بگرێتەوە دژ بە ڕووسیا و چین و کۆریاى باکور و ئێران و لایەنگرەکانیان و بەمەش وەک باسدەکرێت جەنگى جیهانى سێیەم ڕووبدات.
کە ئاشکرایە جەنگێکى زۆر مەترسیدار و ماڵوێرانیکەرتر دەبێت لەهەردوو جەنگە جیهانیەکەى پێش خۆى،بەهۆى پێشکەوتن و داهێنان و هۆکارەکانى پەیوەندى و ئاسانپەیوەندیکردن و تەکنەلۆجیا مەدەنى و سەربازیەکان و مووشەک و چەکە پێشکەوتوە بالیستى و ئەتۆمیەکان و ژێر دەریایى و فڕۆکە و… هتد.کە هەموانین تواناى لەناوبردنى هەموو جیهانیان هەیە لە کاتێکى کەم و بەتەواوەتیش نەک یەک جار بەڵکو دەیان جاریش.
هەربۆیە گەر ئیڕادەى عەقڵ و لۆژیک و بەرژەوەندى مرۆڤایەتى لەبەرچاونەگرن زۆر نزیکە کە ئەو جەنگە بەرۆکى هەموو جیهان بگرێتەوە و دواى ئەوەى کە هەردوولا ناتوانن یەکترى لەناوبەرن وەک سونەتى دواى هەموو جەنگێک پڕۆسەى ئاشتى و ئاشتبونەوە لەسەر مێزى گفتوگۆ دەستپێدەکات و بەمەش کۆتایى بەقۆناغێکى ترى ناکۆکى و ململانێى شاراوە دێت و لانى کەم بۆ دەیە ساڵێکى تر و تا نەوەیەکى نوێى تر بیر لە جەنگ و کاولکارى ناکرێتەوە.بۆیە بەپێى ئەم لۆژیکە شەڕ باشترین چارەسەر بۆ چەسپاندنى ئاشتى و کۆتایهێنانى ململانێ و ناکۆکیە درێژخایەنەکان !!! بەو هیوایە کە ئەو جەنگە نەبینین و جیهان و مرۆڤایەتیش تووشى کارەسات نەبێتەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی