شـــوان خورشــــید: مێژووی جموجوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کەرکوک/ بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاری کەرکوک هەر وەک چۆن لە گۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشەسازی و هونەری تەلارسازی و گەلێ شتی تر پێشەنگ بوە، لە هەمان کاتدا لە دروست کردن یان باوەش کردنەوە بۆ ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکان و وەرزشیەکان بێ ئەرزش نەبوە، گرنگی شارەکەش وای کردوە ڕێکخراوو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی عێراق بیر لەوە بکەنەوە، کەرکوک وەک ناوەندێکی گرنگ ببینن تا بارەگاو بنکەی خۆیانیان لێ بکەنەوە، گەشە بە بزوتنەوە یان ئایدیاکەیان بدەن، لەبەر ئەوەی کەرکوک گرنگیەکی ستراتیژی جیهانی و ناوچەی هەیە بۆیە هەمیشە کەرکوک وەک ناوەندێکی حیزبی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەرکەوتوە گرنگی خۆی هەبوە.
بۆیە دەبینین گەلێک رێکخراوو حیزب و جوڵانەوە لە کەرکوک سەری هەڵداوە ،یان بارەگاو لق و بنکەیان لە ناو کەرکوک داناوە و گەشەیان کردوە، وەک حیزبی هیوا، کۆمەڵەی ڕزگاری، کۆمەڵەی دارکەر، ڕێکخراوی ئازادی کوردستان، لقی حیزبی شیوعی، لقی پارتی دیموکراتی کوردستان، لقی ژ.ک، لقی حیزبی نەتەوەیی دیموکراتی، کۆمەڵەی یارمەتی لێقەوماوانی ئەرمەن، کۆمەڵەی دیاری ئیسلام،کۆمەڵەی یارمەتی قوتابیانی هەژار، کۆمەڵەی چاکەی سریانی ئەرثدۆکس، کۆمەڵەی ئۆتۆمبێل، کۆمەڵەی بەزەیی کارانی کوردستان، ڕێکخراوی هاجانا، بزوتنەوەی هاڵتۆس، کۆمەڵەی تۆرانچێتی، لقی کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی، لقی نادی اخوان الحریە، حیزبی کەرانی کەرکوک، کۆمەڵەی شوان.
ئەوەی جیگای هەڵوەستە لێکردنە لە دروستبونی ئەو بزوتنەوەو کۆمەڵەو ڕێکخراوانەی شاری کەرکوک هەر یەکەیان چەندین توێژوو چینی کۆمەڵی کەرکوکی لە خۆی گرتوە لەبەر ئەوەی کەرکوک شارێکی فرەنەتەوەی و ئاینییە ڕێکخراوە سەرهەڵداوەکانیشی لە سەر ئاستی نەتەوەی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆڤایەتی ڕەنگیان داوەتەوە تەنانەت لە دروستبونی هەندێ ڕێکخراویش دا ڕۆڵی گەورە هەبوە لە تێکدان و ئاژاوەو شەڕو نانەوەی دوبەرەکێ و قین و بژێوی لە نێوان نەتەوەکانی کەرکوک دا.
جا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەو ڕێکخراوو کۆمەڵەو بزوتنەوانە کە لە شاری کەرکوک سەری هەڵداوە یان لق و بارەگایان لێ کراوەتەوە بۆ چ مەبەست و بەرنامەیان چی بوەو ئەو کەسایەتیانەی ڕۆڵیان گێڕاوە کێ و چ کارە بونە. بۆیە لێرەدا هەوڵ ئەدەین گەشتێک بەناو مێژووی ئەو ڕێکخراو و جوڵانەوانەدا بکەین و بە خوێنەری ئەمڕویان ئاشنا بکەین.
٭ ڕێکخراوی ئازادی کوردستان لە بیستەکان لە ناوچەی کفری سەری هەڵداوە لەلایەن کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی ناوچەکەوە وەک حەمە بەگی فەتاح جاف، شێخ جەمال تاڵەبانی، موفتی سەعید ئەفەندی سیوەیلی، وەستا ساڵحی جلدرو، تۆفیق ئاغای گەڵاڵی، مەلا محێدین مەلاسەعیدی زەلزەلە، ڕەئوف بەگی جەلالی کەرکوکی، سەید محەمەد جەباری، ئەم ڕێکخراوە نەیتوانی درێژەو بەردەوامی بەچالاکیەکانیان بدەن، چونکە زۆر لە ئەندامیان چونە ناو دەزگاکانی دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراق و هەندیکیشیان بەهۆی کۆچکردنیانەوە ڕێکخراوەکە تەنها بۆ مێژوو مایەوە.
٭ کۆمەڵەی دارکەر، لە نیوەی یەکەمی ئەیلولی 1937 کۆمەڵەیەکی بچوک بەناوی کۆمەڵەی دارکەر لە قوتابیانی قوتابخانەی ئامادەی مەرکەزی کەرکوک دایان مەزراند، کۆبونەوەی یەکەمی سازدا و دوەم کۆبونەوەیان لەماڵی بورهان جاف ئەنجام درا، لە حوزەیرانی 1937 لەباخچەی(ام الربیعین) کۆنگرەی خۆی ئەنجام دا و 60ئەندام بەشداری کۆنگرەکەیان کرد کە (دڵدار)ی شاعیروو(مارف بەرزنجی)وتاریان دەربارەی کۆمەڵە خوێندەوە، ناوی دارکەر لەکۆمەڵەی (کاربۆناڵی… خەڵوزفرۆشانی) ئیتالیا وە هاتوە، دکتۆر موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت کۆمەڵەی دارکەر بەرنامەی نوسراویان نەبوە،بەڵکو بەرنامەو پەیڕەوی کۆمەڵەکە بەدەمی و لەسەر زار دەوترایەوە، کۆمەڵەی دارکەر لە سلێمانی و هەولێرو کۆیەوکفری و چەمچەماڵ و شەقڵاوە لقیان دامەزاندبوو زۆربەی ئەندامانیان لە مامۆستاو قوتابیان بوو،لە کەرکوک لەلایەن یونس ڕەئوف دڵدار،موکەڕەم تاڵەبانی،بورهان جاف، مارف بەرزنجی،ڕەشید باجەلان،فازیل تاڵەبانیەوە بەڕێوە دەبران.
٭ حیزبی هیوا لە ساڵی 1939 لەسەر بناغەی ڕێکخراوی دارکەر دامەزرا، لاوانی دارکەر بۆ بەرەوپێشچونی ڕێکخراوەکەیان پەیوەندیان بە ڕەفیق حلمیەوە کرد ،لەسەر پێشنیاری حیلمی کۆمەڵەکە کرایە هیوا و خۆشی بوە سەرۆکی کۆمەڵەی هیوا،حیزبی هیوا لە ڕۆشنبیران و قوتابیان و ئەفسەرانی کوردو ئاغاو دەرەبەگەکانی کوردستان پێک هاتبوو،ئەندامە لێهاتوەکانی حیزبی هیوا بریتی بوو لە محمەد قەرەداغی، عەبولقادر زەنگنە، وەهاب قەمبەر، عەبدولرەحمان کەریم، تاهیر ساڵح عەتا تاڵەبانی، محەمەد نەجیب تاڵەبانی، ئەحمەد بابان، مستەفا جاف، شەوکەت جاف، ئەحمەد براحەمە، شێخ ئەحمەد شاکەلی، سابیر حاجی فەتحوڵا.
لەساڵی 1943بیروڕای چەپ لە نێوان هەندێ لە ئەندامانی هیوا گەشەی کرد تالە ساڵی 1944 بە زەقی ئەو بیری بڵاو چەپگەراییە بوەوە، ئەمەش بوە دروستبونی کێشە لە نێو ئەندامەکانی بۆیە لە نێوان ساڵانی 1945و 1946هیوا هەرەسی هێناو ئەندامەکانی بڵاوەیان لێکرد.
٭ حیزبی نەتەوەی دیموکراتی، لقێکی بارەگاکەیان لەشاری کەرکوک دامەزراندوە، بەڵام ژمارەیەکی کەمی خەڵکیان لەگەڵ بوە، ڕۆژنامەیەکیان بەکوردی دەرەکرد سدیق بلوکێن سەرپەرشتی دەکرد بەناوی ڕای گەل کە چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو.
٭ لقی کۆمەڵەی ڕزگاری کورد، لە 1945لە حیزبی شیوعی کوردو هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی هیواو ژمارەیەک بێ لایەن دروست بوو،هەریەک لە ساڵح حەیدەری و نافع یونس وتەها محێدین و عەلی مەجید و نوری شاوەیس و جەعفەر حەمەکەریم و ڕەشید باجەلان و عەلی حەمید دامەزرێنەری ئەم کۆمەڵەیە بوون کە بارەگاو لقی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هەبو، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی سەردەمی پاشایەتی ناوچەی کفری و کەرکوک شوێنی گرنگی بڵاوبونەوەی ئەم حیزبە بون.
٭ لقی بزووتنەوەی (حالتوس)ی پێشڕەو،ئەم بزووتنەوەیە لە کاتی بشێویە گەورەکە کە بە فەرهود ناسراوە لە حوزەیرانی 1941 دامەزراوە لەسەر بنەمایەکی نهێنی لەلایەن چەند جولەکەیەکەوە بۆ ئەم کارە نێردرانە عێراق ڕێکخراوەکەیان دامەزراند لەوانە سیرین، خضوری، جوتهان، لاوانی تەمەن 14تا 17 ساڵانیان ڕێکدەخست، سەرەتا بزوتنەوەکە لە بەغداوە دەستی پێ کرد پاشان لقی لە هەولێرو کەرکوک و عەمارەو حلە کردەوە،لە ساڵی 1946بزووتنەوەکە دەستی کرد بە وەرگرتنی لاوانی جولەکە لە کەرکوک، بەڵام پاش کۆچکردنی ئەندامەکانیان بۆ ئیسرائیل و بە بۆنەی بڵاوبونەوەی شیوعیەت و ئاشکرا بونی ڕێکخراو شانە نهێنیەکانی ڕێخراوەکە بەرەو پاشەکشە هەنگاوی نا.
٭ لقی ڕێکخراوی هاجانا،لەساڵی 1946لەشاری کەرکوک لقی لێکرایەوە وەک ئەوەی لەبەسرە لقی هەبوو، بەڵام ئەم ڕێکخراوە چالاکیەکانیان بەرەو نەمان چون دوای ئەوەی لە ساڵی 1950-1951 لەبەر زۆری کۆچی یەهودیەکان بەرەو ئیسرائیل و پاش گیرانی شاڵام ساڵح کە چالاکترین ئەندامی ڕێکخراوی هاجانا بوو کە دەستی هەبوو لە هەڵگرتنی چەک لە (کنس)، ئەم ڕێکخراوە لەو چوارچێوەیە سەری هەڵدا کە تەنها مەبەستیان کۆچکردن بێت بەرەو فەلەستین.
٭ لقی یانەی(اخوان الحریه)، نوسەری بەریتانی فریاستارک بیروکەی ئەم ڕێکخراوە بوو لە ساڵی 1941 لە بەغدا دامەزرا، لە ساڵی 1943 لەهەموو ناوچەکانی کوردستان بڵاوبوەوە، نادی اخوان الحریە و بنکەی ڕۆشنبیری بەریتانی دوو دەزگای گرنگ بوون بۆ بڵاوبونەوەی ڕۆشنبیری ئینگلیز لە بەغداو موسڵ و کەرکوک و بەسرە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەموو چینەکانی کۆمەڵ و یەکە کارگێڕیەکانی عێراق و شیکردنەوەیان لە بەرژەوەندی خۆیان، دەربارەی چالاکیەکانی کۆمەڵە لە کەرکوک ڕۆژنامەی کەرکوک سەبارەت اخوان الحریە نوسیویەتی دەستەی دامەزرێنەری ئیبراهیم ئیسماعیل ئال جەمیل بەڕێوەبەری ناوچەی سەروی ڕۆژهەڵات کۆبونەوەو بڕیاردراوە مەکی سدقی شەربەتی موتەسەڕفی کەرکوک ئەندامێکی شەرەفی ئەم کۆمەڵەیە بێت و موتەسەڕیف داواکەیانی قبوڵ کردوە، بۆیە کۆبونەوە لە 11/6/1943کراوەو هەڵبژاردن بە شێوەیەکی نهێنی ئەنجام دراو ئیبراهیم ئیسماعیل ئال جەمیل بە سەرۆکی لقی کەرکوک هەڵبژێردرا.
٭کۆمەڵەی یارمەتی لێقەوماوانی ئەرمەن، ئەم کۆمەڵەیە لە 13ی حوزەیرانی 1933 وەک کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی لە کەرکوک دامەزرا بۆ هاوکاری کردنی ئەرمەنە لێقەوماوەکان.‌
٭ کۆمەڵەی نهێنی تۆرانچی،لە 1920لە شاری کەرکوک دامەزرا ، داوای گەڕانەوەی عوسمانیەکانیان دەکرد بۆ کەرکوک،کۆمەڵەکە دژی بەرژەوەندی بەریتانیاو بە قازانجی تورک بەشداری ململانێی سیاسیان دەکرد، شێخ قادر سیامەنسوری تاڵەبانی و عەشیرەتەکەی هاتبونە ناو کۆمەڵەکەوە،کاتێک ڕێگای نێوان کفری کەرکوک لەلایەن شێخ قادر سیامەنسوریەوە گیرا چارەیەک بۆ (مێجر لۆنگریک) نەمایەوتەنها هەڵکوتانە سەر دێی سیامەنسوروو وێرانی کرد،کۆمەڵەکەش پەرتەوازە ببن و هەڵوەشایەوە.
٭ لقی کۆمەڵەی ژ.ک، ئەم کۆمەڵەیە لەساڵی 1943 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو، هەر زوو پەلوپۆی بۆ زۆربەی کوردستان هاویشت وەک کەرکوک و هەولێرو سلێمانی و شەقڵاوەو ڕەواندزوو تەنانەت لە باکورو ڕۆژئاواش لقی لێ دامەزرا،هەر زوو کۆمەڵەی ژ.ک پەلوپۆی لەسەرتاسەری کوردستان هاویشت و حسێن خانەقا بە لێپرسراوی لقی کەرکوک دانرا وسەعید محمەد ناسراو بە سەعید تەتەر ڕێگە پێدراو بوو بۆ هاتوچۆکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاروباری حیزب.
٭ کۆمەڵەی چاکە لە کەرکوک،لە ساڵی 1948 دروست بوە، ئامانجی خزمەتکردنی کەنیسە بوە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەت لایەنی ئابوری، سازدانی ئاهەنگی کۆمەڵایەتی بە قازانجی سندوقی کەنیسە بۆ یارمەتی دانی لێقەوماوان و کەم دەرامەتەکان، ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1955ماوەیەک لە چالاکیەکانی کەوت پاشان دوبارە ژیایەوەو تا ئێستا بەردەوامە بۆ خزمەتی کەنیسەکانی کەرکوک.
٭ لقی کۆمەڵەی مناڵپارێزی کەرکوک، ڕۆژنامەی کەرکوک لە ژمارە (1807) ی ڕۆژی 13/1/1963 لەباسی کۆمەڵەی مناڵپاریزی لقی کەرکوک نوسیویەتی لەکاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی هەینی 25/1/1963 لە بارەگای کۆمەڵەکە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە کراو دکتۆر ڕەزا تاهیر بە سەرۆک، حسامەدین ساڵەیی بە جێگر، نازم ساڵەیی بە سکرتێر، شاکر شوکری بە سندوق دار، د. جۆرج نوری بە ئەندام، د. خەیری حەججاسی بە ئەندام، د. سابیر ڕەشید بە ئەندام، محمد ی ساڵەیی بە ئەندام، حاجی عەبدولواحد بە ئەندام هەڵبژێردران.
٭ یانەی ئۆتۆمبێل، ئەم ناوە تەنها لە (دلیل العراق الرسمی)دا لە 1960دا هاتوە، بۆیە هیچ شتێک دەربارەی یانەکەو ئەندامەکانی نازانرێت.
٭یانەی سەلام، ئەم یانەیەش هیچ شتێک دەربارەی نەزانراوە تەنها لە (دلیل العراق الرسمی) لە 1960دا ناوی هاتوە.
٭ کۆمەڵەی دیاری ئیسلام، لە بەغدا لە 1کانونی دوەمی ساڵی1930دامەزراوە، لە 31ی حوزەیرانی 1933لقی لە شاری کەرکوک کردۆتەوە، ئەم کۆمەڵەیە لە چلەکان دا دەوری باڵای هەبوە لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی ئینگلیزەکان و یەهودو بزوتنەوەی سەهیۆنی لە فەلەستین.
٭ لقی حیزبی شیوعی عێراق، لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری عێراق بزوتنەوەی شیوعیەت لە کەرکوک کەوتە چالاکی نواندن، هەرچەندە پارتی لەناو قوتابیان و لاوان و کرێکارانی کورد دەوریان دەگێڕا، بەڵام دوای نیسانی 1959کاتێ داود جەنابی بوە سەرۆکی فرقەی دوو لە وێستگەی شەمەنەفەر لە شاری کەرکوک ماوەی سێ مانگ مایەوە، لەو ماوەیەدا شیوعی لە کەرکوک زۆر پەرەی سەند،بارەگای گەنجان(شەبیبە) لە هەموو گەڕەکە کوردی و تورکمانیەکان کرایەوە، ڕێکخراوی ئافرەتان و جوتیاران ولاوان و قوتابیان و کرێکاران کەوتە دەست شیوعیەکان، بەڵام پاش ڕۆیشتنی داود جەنابی عەمید ڕوکن مەحمود عەبدولوەهاب بوە جێگری قائید، زۆربەی تورکمانەکان لەترسا لە حیزبی شیوعی هەڵگەڕانەوەو تەنانەت بونە نەیاری حیزب.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت