شــــــــــــــوان خورشـــــــــــید: مێژووی جموجوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کەرکوک/ بەشی دووەم و کۆتایی.
شاری کەرکوک یان ناوچەی کەرکوک بەهۆی گرنگی و هەڵکەوتەی جوگرافی و جیۆپۆلتیکیەوە، وەک و ناوچەیەکی ستراتیژی بازرگانی و پیشەسازیەوە، مەڵبەندێکی پڕلە خێروبەرەکەتی کشتوکاڵی بەهۆی دەشتایی پان و بەرینی و زەویە بە پیت و گونجاوەکەیەوە، هەردەم جێگای تێڕوانین بوەو گرنگی خۆی هەبوە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە،بۆیە دەبینین جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان هەردەم لەهەوڵی ئەوەدا بونە پێگەیان لە کەرکوک هەبێت، وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان بەژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا لە گۆڕەپانی ئەم شارەدا لەم گۆشەیەش دا چەندین ڕێکخراوو یانە و جموجۆڵی سیاسی دەخەینە بەر دیدی خوێنەران بە مەبەستی ئاشنا بونی نەوەی ئەمڕۆمان بە ڕابردوی شاری کەرکوک و سەردەمە زێڕینەکانی کەرکوک.
٭ لقی کۆمەڵەی ئیتحادو تەرەقی
یەکێک بوە لەو کۆمەڵانەی کە دەوری باڵای هەبوە لە ناوچەکەداو لقی لە زۆربەی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریاتۆریەتی عوسمانی هەبوە.
ئیتحادو تەرەقی لەو کۆمەڵە نهێنیانە بوو کەداوای چاککردنی دەستوری دەکرد لە دەوڵەتی عوسمانی تا هەموو گەلانی ناو ئیمپریاتوریەتەکە مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، چونکە لە سەردەمێک دا سەری هەڵ داو توانی هەنگاوی تەواو بنێت بەرەو پێشەوە بە جۆرێک وای کرد ساڵی 1908 سوڵتان عەبدول حەمید دەستور ڕابگرێت، چونکە سوڵتان باوەڕی بە دەستور نەبوو، پێی وابوو داواکاری گەل مانای کۆتای هێنانی دەوڵەتی عوسمانیە.
پێش ساڵی 1908کۆمەڵەی ئیتحادو تەرەقی لە لایەن کۆمەڵێک لە کوردو تورکەوە دروست بوو، بیروکەی دروست بونەکەی لە لایەن خوێندکارێکی ئەلبانی بەناوی ئیبراهیم تیمو لە خوێندنگەی پزیشکی سەربازی سوڵتانی دەیخوێند دروست بوو بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدول حەمید هاتە ئاراوە تا توانیان لە ساڵی1909سوڵتان لا بدەن و لە کۆشکەکەی دەسبەسەری بکەن، و بەپێی دەستور هەڵبژاردن دەستی پێ کرد، ژمارەی نائیبەکانی کەرکوک 18نائیب بون نوێنەرەکانی کەرکوک بریتی بوو لە محمد عەلی فازڵ و ساڵح نەفتچی ئەمە بوە هۆی ئەوەی دەسەڵات بکەوێتە دەستی لایەنگرانی کۆمەڵەی ئیتحادو تەرەقیەوە،
ئەم کۆمەڵەیە زۆر لقی لە عێراق کرایەوە لەوانە لە موسڵ و کەرکوک و شارەکانی تری ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانی، مامۆستا مستەفا نەریمان سەبارەت بەکۆمەڵە دەڵێت هەوای سەربەستی و ئازادی ناوچەکەی گرتەوە،مستەفا ئەفەندی ما اللە ناسراو بە مستەفا ژیری ناوبانگی دەرکردبوو لقێکی لە ئیتحادو تەرەقی لە شاری کەرکوک کردەوەو دەیان کەسی لە دەور کۆبونەوەو بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکەیان لە ئەستەمبوڵەوە بە دەست دەگەیشت.کۆمەڵەی ئیتحادو تەرەقی پەیڕەوی ڕێگای ماسۆنیای دەگرتە بەروو لە کاتی کۆبونەو بۆنەکانی دا مەراسیمی تایبەتیان هەبوو بۆ وەرگرتنی ئەندامە تازەکانیان ،تا لە کۆتای دا گرتنە دەستی دەسەڵات کۆمەڵە لە ڕێڕەوی خۆی لای دا و تورکچێتی خۆی ڕاگەیاندو کەوتە لێدان و لەناو بردنی ئەندامانی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە تەنانەت بەکار هێنانی هێز لە دژی بەرهەڵست کارەکانی.
٭ لقی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە 16ی ئابی 1946لە کوردستانی باشور دامەزرا، لە 26ی 1953 کۆبونەوەیەکی لەشاری کەرکوک ئەنجام دا کەبە کۆبونەوەی سێیەم بەناوبانگە و ناوی حیزب کرا بە حیزبی دیموکراتی کوردستان-عێراق و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کرا بە سکرتێری دەستەی دامەزرێنەر، لەسەرەتای کۆماریەوە لە عێراق پارتی پەرەی سەندو ڕۆژنامەی خەباتی لە بەغدا دەرکرد، پارتی لە شاری کەرکوک شان بەشانی حیزبەکانی تر کەوتە چالاکی کردن، سیاسەتی پارتی لەکەرکوک هاوکاری کردنی شیوعی و دیموکراتەکان بوو دژی ئیستیعمارو کۆنەپەرستەکان.
٭حیزبی کــــەران
لەماوەی نێوان ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان، بە ماوەی گەشەکردنی حیزبی کەران دادەنرێت لە کەرکوک و دەوروبەری، گۆڤاری (ئەلعەرەبی)لەبارەی ئەم حیزبەوە دەڵێت: کورد بەناوبانگە کەڕوحێکی خۆشی هەیە، مەیلی بەلای گاڵتەو پێکەنینەوە دەڕوات، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی عوسمان محەمەد نادر هەستێت بە دروستکردنی حیزبێک بەناوی حیزبی کەران لە سلێمانی لە ژێر ناونیشانی (گوێدرێژەکانی جیهان یەکگرن) لقی لە زۆربەی شارەکانی عێراق کردەوەو هەوڵی ئەدا لە جیهانیش لق و پێگە دابمەزرێنن، لەسەرەتادا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە دەوری کۆبونەوە داوای مافی کەریان دەکردو دژی ئەوانە بون ئازاری کەر بدەن،لەناو شاری کەرکوک تا ڕادەیەکی باش گەشەی کرد.
٭کۆمەڵەی هەرەوەزی دروستکردنی خانوبەرە
ڕۆژنامەی کەرکوک ژمارە1429ی رۆژی 25ی 1966بەم شێوەیە باس لەم کۆمەڵەیە دەکات: کۆمەڵێک لەم بەڕێزانە هەستان بەدروستکردنی کۆمەڵەیەکی هەرەوەزی دروستکردنی خانوبەرە، کەهەر یەکە لە کەمال محمەد حەبیب، ئەکبەر شکور،عەونی بیلال دەدە، سوهام یونس و هاوڕێیانی کە نیشتەجێی شاری کەرکوکن لە خوارەوە ئیمزایان کردوە، بە داواکردنی دروستکردنی کۆمەڵەیەکی هەرەوەزی دروستکردنی خانوبەرە بەپێی داواکاریەکە ڕێگەی پێ دراوە لە هەردوو مادەی(10و11)ی یاسای دروستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزی ژمارە(73)لە ساڵی 1959، ئەم کۆمەڵەیە ڕۆڵی گرنگی نەبینیوە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی شاری کەرکوک بۆیە پاش ماوەیەک لە دروستبونی هەڵوەشاوەتەوە.
٭ لقی کۆمەڵەی(جمعیة مكافحة التدرن الرئوي)
دوای ئەوەی پارێزگاری کەرکوک بە نوسراوی ژمارە(8053)ی ڕۆژی 21/ 7/ 1966 ڕێگای بە حسامەدین ساڵەی و هاوڕێکانی دا بە کردنەوەی ئەم کۆمەڵەیە لە کەرکوک ئەویش بەپێی کارپێکردنی بڕگەی یەکەمی مادەی سیانزەهەمی یاسای کۆمەڵەکانێ ژمارە (1)ی ساڵی 1960هەروەها بنکەی گشتی، ڕەزامەندی خۆی پیشان دا بەکردنەوەی لقی ئەم کۆمەڵەیە لەکەرکوک بە نوسراوی ژمارە (113)ی ڕۆژی 13/ 4/ 1960 ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دوای ڕەزامەندی بنکەی سەرەکی کۆمەڵەی بەغدا پارێزگاری کەرکوک ڕێگەی بە کردنەوەی ئەم کۆمەڵەیە داوە بکرێتەوە لەشاری کەرکوک.
٭یانەی وەرزشی سۆلاڤ (نادي سولاف الریاضي)
کۆمەڵێک لەوەرزشەوانی شاری کەرکوک وەک مامۆستا ستار شێخ عەبدوڵا، نەجیب ساڵح پیرۆت تاڵەبانی، سەڵاح ساڵح،محەمەد ڕەسوڵ، مەجید کەریم و ژمارەیەکی تر، داواکاریان پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ کرد بەمەبەستی کردنەوەی یانەیەکی وەرزشی بەناوی سۆلاڤەوە، لە ژمارە (1979)ی ڕۆژنامەی کەرکوک ڕۆژی 16 /10/ 1969 لەباسی ڕێگەپێدانی یانەکەدا دەنوسێت:وەزیری ناوخۆ ڕێگەی دا بەکردنەوەی ئەم یانەیە لەلایەن بەڕێز عەبولستار محەمەد ڕەسوڵ و هاوڕێکانی بە کردنەوەی یانەکە بەناوی یانەی وەرزشی سۆلاڤ لە کەرکوک بەپێی نوسراوی ژمارە (1747)ی ڕۆژی 30/ 7/ 1969.
ئەم یانەیە ڕۆڵی گرنگی بینی لەشاری کەرکوک و گەلێک چالاکی وەرزشی گرنگی نواند کە تاکو کۆتای حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان بەردەوام بوو، لە کۆتای دا ناوەکەی گۆڕا بۆ نادی (الكرامة الریاضي) گوێزرایەوە بۆ گەرەکی ئازادی.
٭ لقی (اخویه المحبه) لە کەرکوک
ئەمە کۆمەڵەیەکی جیهانیە، بنکە سەرەکیەکەی لە ڕۆمایە، ئەرکی خزمەتکردنی جیهانی ئاینی مەسیحیە، لقی ئەم کۆمەڵەیە لەکەرکوک لە نزیک کڵێسەی مەریەمانەیە.
٭ کۆمەڵەی ڕەحمەی کلدانی
ئەم کۆمەڵەیەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ژمارە (9680)ی ڕۆژی 9/5/1939لەشاری کەرکوک دامەزراوەو تا ئێستاش بەردەوامە بۆ خزمەتکردنی کلدانیەکانی کەرکوک لە هەموو لایەنێکەوە.
٭ کۆمەڵەی ڕەحمەی ئاسوری
یەکێکە لە کۆمەڵە چالاکەکانی ناو شاری کەرکوک لەلایەن ئاسوریەکانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ خزمەتکردن و باروبۆکردنی پێکهاتەی ئاسوری لەشاری کەرکوک.
٭کۆمەڵەی باربووی لێقەوماوانی ئەرمەن(جمعیة تعاونیه محتاجی الارمن)
بۆ یارمەتی دان و لێقەوماوانی ئەرمەن ڕێگەی پێدراوە تاکو ئێستاش بەردەوامە لەکارو چالاکیەکانی.
٭ کۆمەڵەی مانگی سور لقی کەرکوک
لەساڵانی (1960-1961)وە لەچالاکی خۆی بەردەوامە لەناو شاری کەرکوک و خاوەنی گۆڤارێکی وەرزیە بەهەمان ناوەوە لە خزمەتی کۆمەڵانی شاری کەرکوکە.
٭ لقی کۆمەڵەی زەردەواڵە
مێژوو نوسی گەورە کەمال مەزهەر لەبارەی ئەم کۆمەڵەیەوە دەڵێت:تۆفیق قەزاز هەستاوە بە دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی نهێنی لەساڵی (1945)بەناوی کۆمەڵەی زەردەواڵە، ویستویانە وەک زەردەواڵە بەو کەسانەوە بدەن کە سەر بە میرین، بەڵگەنامەکان دەڵێن پەخشنامەیەکیشیان هەبوە بەناوی زەردەواڵە، بڵاوبونەوەی کۆمەڵەی زەردەواڵە لەناوچەی کەرکوک بڵاو بوەوە، وەک لەناو شاری کەرکوک و کفری و کەلارو دووز، لەسەر دەستی شێخ قادرو حەمەئاغاو ئەحمەد تەقی دوای چونەوەیان بۆ کەرکوک بڵاوکردنەوەی بیروکەکەیان.
٭لقی (الجمعیة الكردیة الاصلاحیة)
ئەم کۆمەڵەیە دوای کۆدیتاکەی بەکر سدقی دامەزرا،لەڕێگای پۆستەوە کارەکانیان ئەنجام دەدا و هاوڵاتانیان بە نامە ئاگادار ئەکردەوە کە عێراق جێ بهێڵن بەپێچەوانەوە چارەنوسیان کوشتنە، لە یەکێک لە نامەکان هاتوە(وا پێویست دەکات کە عێراق بەجێ بهێڵی لەماوەی سێ ڕۆژ لە مێژووی ئەم نامەیەوە،گەر وا نەکەیت سزای بە کوشتن دەدرێت ئیمزا الجمعیة الكردیه الاصلاحیه) هەرچەندە ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە لە ناوچەی کەرکوک بڵاوبونەتەوە، بەڵام چالاکیان دیار نیە.
٭ لقێکی بچووکی حیزبی شیوعی عێراق
بریتی بوە لە دەستەی کوردی حیزبی شیوعی عێراقی مەلا شەریف ئەربیلی بەڕێوەی دەبرد، ڕۆژنامەیەکیشی بە ناوی ئازادی بە زمانی کوردی دەردەکرد، لقی ئەم حیزبە لە شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر بەشێوەی گرۆپی بچوک بچوک کارو چالاکیان ئەنجام ئەدا.
٭ گروپی کەرکوک
لە شەستەکان دا کۆمەڵێک شاعیرو نوسەرو ئەدیبی کوردی شاری کەرکوک گروپی کەرکوک (جماعە کرکوک)یان دامەزراند، شۆڕشێکی شیعریان بەرپا کردو،هەوڵی نوسینی پەخشانە شیعری عێراقیان دەدا جیاواز لە گروپی شیعری لوبنانی، کە بریتی بون لە سەرگۆن پۆلیس، جان ڕەمۆ، جەلیل قیسی ،موئەیەد ڕاوی،سەڵاح فایق، فازڵ عەزاوی، ئەنوەر غەسانی، یوسف حەیدەری، محێدین زەنگەنە، الاب یوسف سعید، قەحتان هورمزی، جەلال وەردە، زوهدی داودی،خاچێک گرابێت ئایدنجیان، ئەم گروپە هەرچەندە قوتابخانەیەک یان ڕێبازێکی ئەدەبیان پێک نەهێنا، تەنانەت گۆڤارێکیشیان نەبوو، بەهۆی کۆچکردنیان بۆ بەغداو شارەکانی ترو دەرەوەی ووڵات کۆمەڵەکە نەما هەرچەندە جێ پەنجەیان دیارە لە هونەرو ئەدەبی کوردی.
٭ کۆمەڵەی(مدافعة ملیة)
یەکێکە لەو کۆمەڵانەی لە ساڵانی 1908لە ناوچەی کەرکوک سەری هەڵدا،هەرچەندە مێژوی دامەزراندنەکەی دیار نیە، ئامانجی کۆمەڵەکە بریتی بوو، لە وشیارکردنەوەی خەڵکی لەنەزانی و ڕزگارکردنی ووڵات لە دەردی کۆمەڵایەتی و ئابوری و کشتوکاڵی و زانستی و هونەری و ئەدەبی، کەسە دیارەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتی بون لە عورفی دیابەکری، ئەحمەد مەدەنی، هجری دەدە، حسێن جەمال بەگ، مستەفا ساڵح، یەعقوب زادە مستەفا، ئەحمەد ئەفەندی، واعظ مەلا ڕەزا، فەتحوڵا ئەفەندی دکتۆری شارەوانی.کاروباری ئەم کۆمەڵەیە لەرێی چوار دەستەوەبەڕێوە دەبران و هەریەکە خاوەنی تایبەتمەندی خۆی بوو، دوو سەرۆکی هەبوو بریتی بون لە دیار بەکری عورفی و حسێن بەگ ئەفەندی کە گۆڤاری کوکب المعارف ناویانی لەسەر لاپەڕەکانی دیاری کردوە.
٭ گروپی هونەرمەندانی کەرکوک
لەساڵی 1953لە سێ ئەندام پێک هاتبون کەهەریەک لە مەحمود ئەلعوبێدی، سدیق ئەحمەد عاشور، سنان سەعید بون، یەکەمین پێشانگای خۆیان بەناوی جماعە فنانی کرکوک لە 1953لە هۆڵی قوتابخانەی غازی سەرەتایی کردەوە، دوای ئەوە چەندین پێشانگایان لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی و المعهد الثقافي الامریكی لە کەرکوک کردەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ چالاکیەکانیان فراوانتر دەبون و ئەندامی زیاتر لە هونەرمەندان پەیوەندیان بەم گروپەوە دەکرد و تا کار گەیشتە ئەوەی چەندین پێشانگا لە دەرەوەی کەرکوک بکەنەوە وەک لە بەغداو تورکیا.
٭ کۆمەڵەی یانەی سەرکەوتن
1930-1963وەک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی زانستی روناکبیری لەسەرەتای سیەکانی سەدەی بیستەم لەشاری بەغدا بەڕێپێدانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزرا،بە یەکێک لەهەنگاوە گرنگ و زیندوانەی ڕوناکبیران و دەستەی ڕوناکبیری کوردی دادەنرێ،کە هیچ پەیوەندی بە کاری سیاسی و چالاکی سیاسیەوە نەبوە جگە لە کاری ڕوناکبیری، بەهۆی بەگزادەکانی جافەوە و لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە بەغداوەلە ساڵی 1905تێکەڵ بونیان بەناوچەی داوێ و حەوتەغارو شاروچکەی داقوق کۆکردنەوەی بڕێکی باش لە یارمەتی ئەم بیروکەیە لە کەرکوک و ناوچەی کەرکوک بڵاوبوەتەوە.
٭ کۆمەڵەی ئازادی برایەتی کفری
لەلایەن هەریەک لە ئەمین ڕەواندزی وئیبراهیم ئەدهەم و ڕەئوف جەلالی وشێخ جەمال تاڵەبانی لە کفری دامەزراوە، حەمە جاف،شێخ جەمال تاڵەبانی، موفتی سەعید ئەفەندی، وەستا سالمی خەیات، تۆفیق ئاغای گەڵاڵی، مەلا محێدین زەڵزەڵە، بونە ئەندامی کۆمەڵەکە.
٭ بەرەی بەرگری لە کۆمار
لە سەردەمی تەبەقچلی لە نێوان ساڵانی 1958-1959سەری هەڵدا، داوایان بەڕێگە پێدان بە کارکردن کرد لەو شارەدا، ئەندامەکانی پێک هاتبون لە کوردو عەرەب و تورکمان، هەوڵیان ئەدا بۆ پاراستنی پێکەوە ژیان لە شاری کەرکوک، ئەندامانی کۆمەڵەکە بریتی بون لە تەحسین ڕەئفەت، موکەڕەم تاڵەبانی، محمەد عیزەت خەیات.
٭ کۆمەڵەی انصار السلام
رێکخراوێکی سەربە حیزبی شیوعی عێراقی بوە لە ساڵی 1949لە بەغدا دامەزرا، لقی لە زۆربەی شارەکانی عێراق کرایەوە لەوانە لە موسڵ و کەرکوک و سلێمانی،لەساڵی 1952لقی لەکەرکوک کرایەوە، ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتی بوو لەڕێگرتن لەهەڵگیرسانی شەڕ لە جیهان و دژی شەڕی ئەتۆمی بون لەنێوان ئەمەریکاو یەکێتی سۆڤیەتی جاران، جگە لەوەی دژی لێدانی کۆریای سەروو بوون لەو پێناوەش دا واژۆیەکی زۆریان کۆکردەوە، بۆ هەوڵدان لەبەشداری کردنی کۆنگرە جیهانیەکان کە بۆ ئاشتی دەبەسترێت، هەروەها کاریان دەکرد بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە بۆنەیەکی ئاشتیانە، ئەم ڕێکخراوە لە شاری کەرکوک گەلێک ئەندامی شیوعی و غەیرە شیوعی لە خۆی گرتبوو، هەوڵیشیان ئەدا کیشەی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە چارەسەر بکەن، ئەوانەشی کە ڕۆڵیان هەبو لەم ڕێکخراوە لەشاری کەرکوک بریتی بون لە مەجید کاکە حاجی مەحمود، عەبدوڵا ناوێک، نوری فەقێ، سلێمان نامیق خەڵکی هەولێر بوو، حەمە ساڵح بەگ ساڵەیی، سەعید عەباس، عەلی شکور، شێخ فاتیح شێخ جەلال تاڵەبانی، کاتی ڕوداوەکانی 1959و شەواف لەکەرکوک دەورێکی باڵایان بینیوە دەربارەی ڕوداوەکان.
٭بەرەی یەکێتی نیشتمانی
دوای لێدان و دەستدرێژی بۆسەر میسر لە ساڵی 1956بیروکەی گەورە دروست بوو بۆ دروستبونی بەرەی نیشتمانی لەنێو حیزبە عێراقیەکان دا، یەکێک لەو بەرانە بەرەی یەکێتی نیشتمانی بوو لە نێوان حیزبەکانی الاستقلال، الوطنی الدیموقراتی،البعث العربی، شیوعی نهینی کۆمەڵێک کۆبونەوەیان ئەنجام دا لەگەڵ دیموکراتیە سەربەخۆییەکانی عێراق داو لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن وەک و لابردنی نوری سەعید لە دەسەڵات، دەرچون لە حلف بەغداد، ڕێگەدان بە سەربەستی و دیموکراتی لە دەستوری عێراق، هەڵوەشانەوەی بەڕێوەبەری وکارگێڕی عورفی لە عێراق، جگە لەم بەرەیە ،بەرەیەکی یەکێتی نیشتمانی تر هەبوو لە نێوان حیزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەوری گەورەیان بینی لە ڕوداوەکانی کەرکوک لە نێوان ساڵانی 1958_1959 دا.
٭حیزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالست
حیزبی بەعس وەک کۆمەڵەیەکی نهێنی سەرەتا لە سوریا دروست بوو، لە ڕۆشنبیرە نەتەوەخوازەکان، پاشان فراوانتر بوو، لە 4-6ی نیسانی 1947یەکەمین کۆنگرەی بەست بە شێوەی ڕەسمی لە 7ی نیسانی هەمان ساڵ حیزبی بەعسی عەرەبی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دامەزراو بیروڕاکانی بەناو وڵاتانی عەرەبی دا بڵاو بوەوە، عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانە وەک شوێنێکی لەبار بۆ گەشەکردن و ڕەگ داکوتانی بیروباوەڕی بەعس، سەرەتای ڕێکخستنەکانی لە عێراق لەڕێی ئەو ماموستاو خوێنکارە عەرەبانەوە بوو، یەکەمین شانەی حیزبیش لە عێراق لە هەمان ساڵدا چەکەرەی کرد،کەرکوکیش یەکێک بوو لە شوێنانەی بەعسیەکان ویستویانەو مەبەستیان بوە جێگەی خۆیانی لێ بکەنەوە، هەرچەندە نەیانتوانیوە بەئاشکرا چالاکی بکەن، بەڵام وەک نهێنی و لەڕێی شانە نوستوەکانیانەوە کاری خۆیانکردوە بۆ فراوانکردنی تۆڕی حیزبیان، بۆیە پەیوەندیان بە قەومیەکانی کەرکوک و موسڵەوە کردوەو ڕێکیان خستون، پشگیری تورکمانەکانیان کردون و هانیان داون، چونکە لەو ئان و ساتەدا پارتی و شیوعی لە کەرکوک باڵا دەست بونە، بۆیە بەعسیەکان لەڕێگای عەرەبە قەومیەکانەوە جموجوڵەکانیان دەست پێ کردوە.
٭ برایانی موسڵمان(اخوان مسلمین)
سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە ساڵی 1927لە ئیسماعیلیەی میسر لەسەر دەستی حەسەن بەنا، لە 1942چالاکیەکانیان گەیشتنە عێراق و موسڵ وەک بنکەی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە، دوای ساڵی 1956بارەگایان لە کەرکوک دامەزراند تا شۆڕشی 1958بەردەوام بون، بارەگاکەیان بەرامبەر پردی دووەم، پردی مریشک فرۆشەکان بوو، بەرامبەر باڵەخانەی حەسەن نەجم، ئەوانەی لەو بزوتنەوەیە ڕۆڵیان گێڕا لە کەرکوک بریتی بوو لە ئەحمەد سەید محێدین ئاسەنگەر، قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانی.
٭ کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی
لە 6/3/1971مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت، بارەگای سەرەکی لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک بوو، ستافی دامەزرێنەری بریتی بوو لە: جەمیل جێماو، عەبدولڕەحمان محمەد عەلی، محمەد ڕەشید سەید عەلی، عەلی محمەد مستەفا(عەلاو)، عەلی کەریم(بۆیاچی)، عەزیز سەیدە، سالار ئەحمەد شا محمەد، نیعمەت خەیات، سەردار محمەد خورشید، محمد حاجی حسێنی، کە کاریان ئاگاداری و کۆکردنەوەی ئەدیب و هونەرمەندان بوو لە دەوری کۆمەڵەو خۆسازدان بوو بۆ کۆنفرانس و هەڵبژاردنی دەستەی تازە بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکان، بەڵام بەهۆی تێک چونی ڕێکەوتنامەی یانزەی ئازارەوە کومەڵە لە کاروچالاکی وەستا.
٭ کۆمیتەی ئاگر
سەر بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی ڕێکخراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، دوای هەرەسی شۆڕشی کورد لە 1975لە ڕێکەوتن نامەی جەزائیر، دوبارە ڕێکخستنەوەی چالاکیەکانی هیزی پێشمەرگە لە کەرکوک و چالاکی ڕێکخستنەکانیان گەلێک پۆل و دەستەو جموجۆڵ پەیدا بون لە سەر ئاستی سەربازی و کاری ڕێکخراوەی حیزبی، یەکێک لەو ڕێکخراوانە کۆمیتەی ئاگر بوو،کە دەوری باڵای بینی لە وورەبەخشین بە خەڵک و دووبارە خۆسازدانەوە و خۆڕێکخستن بەرەو بەدیهێنانی مافی گەلی کورد، کە لە کۆمەڵێک خەڵکی قارەمان و چاونەترس پێکهاتبون، خەباتیان دەکرد بۆوشیارکردنەوەو خۆسازدانەوەی بورکانی شۆڕش، لێپرسراوێتی ئەو کۆمیتەیە گەلێک کەس گرتویانەتە ئەستۆ لە قۆناغی جیاجیادا وەک شەهید سیروان تاڵەبانی، شەهید ئازاد هەوامی، ئەبوو شەهاب و ئەحمەدکرێکارو مامۆستا کاکەڕەش، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی 10ی 1981کۆمیتەی ئاگر لەلایەن ڕژێمەوە کەوتە بەر پەلامارو زۆر لە ئەندامە چالاکەکانی دەسگیر کران و لە سێدارەدران لەوانە مەلا محێدین، هادی قادر، مامۆستا ڕەشاد، عەبدول مەستور، فاروق عومەر(قەمبور)، جەنگی نەجمەدین،ئەسعەد عەزیز، حەسەن حەمە عەلی، عەبدول قادر بەکر، سیروان محەمەد ئەمین، جەبار ساڵح فەرەج، عەبدولکەریم حەمە عەلی، عەدنان محمەد ئەمین،فەرهاد محمەد سەعید، لەتیف محمەد ئەمین.
٭ کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکوک
ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ومرۆڤ دۆستانەی سەربەخۆیەو کەسایەتی مەعنەوی هەیە، یەکەم کۆنگرەی لەهەولێر لە 27-29ی 12ی 1995 لە هەولێر بەسترا، سەرەتا بارەگاکەی لە هەولێر بوو، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بارەگاکەی گەڕایەوە کەرکوک تا ئێستا لە کارو چالاکی بەردەوامە، لقیشی لە کفری و کەلارو چەمچەماڵ و دووز هەیە، سێ گۆڤارو ڕۆژنامەیەک دەر ئەچوێنی بەناوەکانی بانەڕۆژ، کەرکوک، المستقبل، ڕۆژنامەیەکیش بەناوی کەرکوکی ئەمڕۆ. ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە بریتیە لە: هەوڵدان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی کەلتوری و فکری و ئەدەبی و هونەری مێژوویی شوێنەواری شارەکە، بڕەودان بە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و هونەری وزانستی و وەرزشی و سڕینەوەی ئاسەواری شۆڤینیانەی ڕژێمی بەعس، بەرزکردنەوەی ئاستی ووشیاری نەتەوەی و نیشتمانی خەڵکی پارێزگاکە، پتەوکردنی پەیوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوری نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە، کارکردن بۆ هەڵوەشانەوەی ئەوبڕیارانەی تایبەتن بە جیاکردنەوەی یەکە ئیداریەکانی کەرکوک وەک دووز، کفری، کەلار. چەمچەماڵ و گەڕانەوەیان بۆ سنوری ئیدارەی پێشویان، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان، وەک کێشەی پرۆسەی ڕاگواستن، ئەنفال، ئاوارەبون و سڕینەوەی ئاسەوارەکان، ئەمانەو چەندین بابەتی گرنگ لە کارنامەی کۆمەڵەدا هەن کە کاری لەسەر دەکەن ئەگەر دەسەڵاتداران بەهەند وەری گرن بۆ باشکردنی دۆخی کەرکوک و دانیشتوانەکەی بەرهەمی باشی دەبێت لە جێبەجێ کردنیان دا.