دانا مەنمی: سیاسەت ڕووبەرێک بۆ بێ متمانەیی.
سیاسەت چالاکییەکی ئینسانییە کە پەیوەستە بە دروستکردنی ژیانێکی گشتییەوە و لە خەم و ژیان و قازانجی گشتییەوە ئاڵاوەو ئیشی سیاسەتیش دروستکردنی دونیایەکی باشتروجوانترەو چاکەو قازانجی گشتی بەلاوە گرنگە، بەڵام سیاسەت لە دونیای ئێمەدا هەمیشە خراپەکار بووەو بە ئاکارێکی خراپدا رۆیشتووەو سیاسییەکانی کوردیش لەناو ئەم فۆڕمەدا بیر لە توندوتیژی و بێڕێزی و فێڵ و تەڵەکە دەکەنەوە بۆ زیانگەیاندن بە خەڵک و کۆمەڵگا و ڕووبەرێک بووە بۆ بێمتمانەیی و سەدڕووی!
هەرچەندە لە سیاسەتدا هیچ شتیک مەحاڵ نییە، بەڵام نەمبیستووە سیاسەت تەکتیک و تەکنیک بێت بۆ هەلخەڵەتاندنی خەڵک و درۆکردن لەگەڵ خۆت و دونیادا، هیچ یەکێک لەم ئاکارانە نامانباتەوە ناو سیاسەت، ساڵانێکە کۆمەڵگای کوردی لەناو دۆخێکی درۆزنانەی ئەو سیاسیانەدایە کە خۆیان پێ نەیاری دەسەڵاتەو حەوزەکەیان پیس دەکرد بۆ ئەوەی خەلک مەلەوانی تیدا بکەن! ئێ خۆ هەر ئەوانەی کە ئێستا پەیامی پیرۆزبایی لە کۆنگرەی 14ـی پارتی دەکەن و پێیان وایە کە (سیاسەت لەسەر بنەمای رقی شەخسی ناکرێت) رۆژگارێک لەناو شڵپە شڵپی سیاسەتدا سەرکردایەتی بەرەیەکی نارازی رقاوی دژ بە پارتیان دەکرد و کە هەم خۆیان و هەمیش ئەوانەی لە دەوروبەری بوون قوڕاوی کردبوون!
جا بۆ تاکی کورد پێویستە بەئاگا بێت و لە ڕێگەی هوشیارییەوە لەبەرەی فڵان دژ بەویتر بێتەدەرەوە، سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا فەساد بووە و بە پلەی یەکەمیش بۆشاییەک لە سیاسەتدا دروست بووە کە ئەویش (ئەخلاقە) هەر فەسادێک لە سیاسەتدا بۆشاییەکی گەورەی نائەخلاقییە، مەسەلەن رق بەشێکە لە غەریزەی ئاژەڵی ناوەوەی مرۆڤ، کاتێک غهریزهی ئاژەڵی باڵادهست بوو ئیتر مرۆڤ زۆر له خەسڵەتە مرۆییهكانی خۆی لهدهست دهدات، پاڵنهرهكانی درۆ و فێل و چەواشەکاری و توندوتیژی و شەرەنگیزی هەتا ئاستی وێرانكردن و سڕینهوهى ئهوانی تر تێکەڵ بە حەزەکان دەبن و هەقەکانیش لەناو دەچن، خراپبوونی شتەکانیش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەت لە خزمەتی حەزدایە نەک هەقدا!
سیاسی راستەقینە بەدوای حەقدا وێڵە لە پێناو چاکەی گشتیدا نەک بە دوای حەزەکانی خۆیدا! سیاسی موزەیەفیش لەپێناو تێرکردنی حەزەکانی خۆیدا یاری بە دەماری خەلکەوە دەکات، ئێ من هەمیشە وتوومەو ئێستاش دەڵێم: سیاسەت ڕووبەرێک نییە بۆ بێمتمانەیی و سەدڕووی ولانیکەم بڕێک ئەخلاق و کەمێک شەرم پێویستە، شەرم لە سیاسەتدا دۆخێکی ناوەکی هەیە کە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی دەکەوێتە سەرشان و ئەگەریش سیاسییەکی ڕاستەقینە هەڵەیەکی کرد بە داوای لێبوردن لە کۆمەلگا کۆتایی پێ دێت.