حەسەن یڵدرم: مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە تورکیا بۆ زیادکردنی کرێ و مووچە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە.
وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر
مانگرتن و پرۆتێستەکان بۆ کرێی زیادە لە تورکیا لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسانی پارە لەگەشەدایە. ملیۆنان کەس لە تورکیا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە ململانێیەکی گەورەدان، لە کاتێکدا نرخی خۆراک و وزە بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە و هێرشکردنە سەر بارودۆخی ژیانی چینی کرێکارانیش لە زیادبووندایە.
لە مانگی ئابدا ڕێژەی فەرمی هەڵاوسانی دراوی ساڵانەی تورکیا بۆ 80% بەرزبووەوە. ڕێکخراوی ENAG کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی توێژینەوەیە، هەڵاوسانی دراوی تورکیای بە ڕێژەی 181% تۆمار کردووە. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئابووریی بازرگانی، هەڵاوسانی فەرمی دراوی تورکیا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە دوای زیمبابۆی، سۆدان و سووریاوە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراوی تورکی بەشێکە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا کە بەهۆی چاپکردنی بەرفراوانی پارە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە لە سەروبەری پەتای کۆڤید- 19 دا لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یارمەتیدانی سوپەر دەوڵەمەندەکان هەروەها بەهۆی شەڕی ناتۆ و ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا خراپتر بووە. هەر ئاواش بەهۆی سیاسەتی دارایی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارەوە کە بەرگریی لە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەسەر حسابی پێداویستییە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات زۆر خراپتر بووە.
چینی دەسەڵاتدار باری سەرەکیی قەیرانەکەی بەسەر چینی کرێکاراندا سەپاندووە. لە کاتێکدا بەهای لیرەی تورکی لە دابەزیندا بەردەوامە، هاوکاتیش بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەموو کاڵاکانیش بە تایبەت پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بەرزبوونەوەدایە. بەم هۆکارە توانای کڕینی کرێکاران تەنانەت بە زیادبوونی مووچەشیانەوە هێشتا بە بەردەوام لە خوار هەڵاوسانی دراوەوە هەرەس دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی “سنووری برسێتی” خەرجی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسیی لە تورکیا زیاترە لە لانی کەمی مووچە کە لە مانگی تەموزدا بە ڕێژەی کەمتر لە 30% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5500 لیرەی تورکی.
کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی لایەنگری حکومەت، تورک-ئیس، ڕایگەیاند داهاتی حەدی هەژاریی، واتە ئەو بڕە پارەیەی دانراوەو پێوەرە بۆ ڕادەی هەژاریی، لە کۆتایی مانگی ئابدا بۆ 22 هەزار و 440 لیرە بەرزبووەتەوە و ڕادەی برسێتی (خەرجی مانگانەی خۆراك بۆ خێزانێکی چوار کەسی) بۆ 6 هەزار و 890 لیرە هەڵکشاوە.
لانی کەمی مووچە بووەتە تێکڕای مووچەی ملیۆنان کەس لە تورکیا. بەپێی راپۆرتێکی مانگی کانوونی دووەمی 2021 ی کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، دیسک، 64%ی سەرجەم کرێکارانی تورکیا (12.5 ملیۆن کرێکار) لەسەر لانی کەمی مووچەن یان کەمێک زیاترە، هەروەها لە سەدا 70ی کرێکارانی کەرتی تایبەت مووچەیان تەنیا لانی کەمی مووچەیە.
سەرەڕای ئەوەی سەرەوە 3.4 ملیۆن کرێکار (18٪ی سەرجەم کرێکاران) داهاتیان کەمترە لە لانی کەمی مووچە، زۆرینەی زۆریان پەنابەر و کرێکاری کۆچبەرن کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دڕندانە بوونەتەوە. بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لەلایەن جەمعییەی مافی بەکاربەرانەوە ئەنجامدراوە، لە 90%ی دانیشتوانی تورکیا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ملیۆنان کرێکار تا دێت ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان دابین بکەن. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە تەنها بە هاوکاری و کۆمەکی کۆمەڵایەتییانە توانیویانە پارەی کارەبایان بدەن بۆ دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا، تورکیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی وزەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئاماری یۆرۆنیوز، نرخی جوملەی غازی سروشتی لە كۆمپانیای دەوڵەتی توركیا (بۆتاس) بەڕێژەی 1330% بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە بەڕێژەی 997% لەسەر بەشی پیشەسازی و بەکارهێنەرانی، هەروەها بە ڕێژەی 216% بۆ بەکارهێنانی لە لایەن دانیشتوانەوە کارایی خۆی داناوە.
لە 1ی ئەیلولەوە نرخی غاز بەڕێژەی 20.4% و نرخی كارەباش بەڕێژەی 20% لە سەر خێزانەكان بەرزبوونەتەوە. لە کاتێکدا ملیۆنان کەس پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانن لەم زستانەدا ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە. هەروەها جارێکی دیکەش لە کارگە پیشەسازییەکانیشدا غاز بە ڕێژەی 50.8% و کارەبا بە 50% زیادی کردووە، ئەمەش دەریدەخات کە بەرزبوونەوەی نوێی نرخی وزە نرخی نزیکەی هەموو کاڵاکان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە بەرزدەکاتەوە.
لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراودا، زیادبوونی مووچە زۆر بە خێرایی کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. ” لە مانگی تەموزدا لانی کەمی مووچەیان بە بڕی 1250 لیرە بەرزکردەوە. ئێمە گوتمان شتێکی باشە، بەڵام دواتر هەموو شتێکی دیکە زیادی کردووە “. کرێکارێکی کانزا لە هاس چەلیک بە ڕۆژنامەی ئێڤرێنسێلی وتووە.
لەلایەکی دیکەوە، نورەدین نەباتی، وەزیری دارایی و وتەبێژی بۆرصەی بانکی تورکیا، بە شانازیی و خۆهەڵکێشانەوە دەڵێت: “سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، کە بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە 24ی شوبات دەستیپێکرد و بەردەوامە تا ئێستا، کە لە جیهاندا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆی گشتی هەبووە، بەڵام تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.” بەپێی ئامارەکانی دەزگای ڕێکخستن و چاودێری بانکی (BDDK) قازانجی کەرتی بانکی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 400% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 169 ملیار لیرە.
لەگەڵ چڕکردنەوەی دژە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە و هاتنی پەتای کۆرۆنا و شەڕی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ململانێی چینایەتیش چڕتر دەبێتەوە.
شەپۆلی مانگرتنە کێوییەکانی مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵ لە مانگی ئابی ڕابردووەوە هێزی خۆی وەرگرتەوە و وزەی پێداوە. لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ڕادیکالبوونی کرێکاراندا، کرێکارانی TPI Composite و Standart Profil توانییان کۆمپانیاکان و سەندیکاکان ناچار بکەن بە کردەوەی وۆک-ئاوت (جۆرێک لە مانگرتنی بە کۆمەڵە لە وەستان لە کارکردن، بەدەر لە خواستی سەندیکاش]، داواکارییەکانیان قبوڵ بکەن. هەروەها لە مانگی ئەیلولدا شەپۆلێکی مانگرتن و ناڕەزایەتی نوێ دەستی پێکرد. یاریدەدەری پزیشکی نەخۆشخانەکانی زانکۆ لە 15 و 16ی ئەیلولدا لە سەرتاسەری وڵات مانیان گرت، دوای ئەوەی کە لە “ڕێسای نوێی پارەپێدانی زیاتر” بەدەرکران و ئەوانی نەگرتەوە. لە وەزارەتی تەندروستی بۆ زیادکردنی مووچەی زیاتر ئەمساڵ پزیشكان و كارمەندانی تری تەندروستی لە توركیا چەندین جار لەسەر ئاستی وڵات مانیان گرتووە.
هاوکاتیش 562 هەزار کرێکاری شارەوانی بە گرێبەستی لاوەکی و وەختیی لە سەرانسەری تورکیا داوای گەرەنتی کردنی کارەکانیان بە گشتی دەکەن، واتە ببنە کرێکاری ئەو شوێنەی کە کاری لێدەکەن نەك لە ڕێگای گرێبەستییەوە. لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کرێکارانی گرێبەستی لاوەکی شارەوانی (TABIB)، کرێکاران ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. ئەوان داوای دڵنیایی کار و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئیجباری و زیادکردنی موچە بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو و وەرگرتنی پارەی پاداشتی 52 ڕۆژە دەکەن کە بە هەموو کرێکارانی کەرتی گشتی دەدرێت. تەنانەت مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان کە بە کەمترین مووچە و بێ گەرەنتی کار دەکەن، لە بزوتندان و داوای مووچەیەکی بنەڕەتی یەکسان بە مووچەی قوتابخانە حکومییەکان دەکەن. هەروەها مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان دژایەتی ” پیشەی مامۆستایەتیی/ فێرکردن بە یاسا”، دەکەن کە پابەندیان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و ملکەچی “پلیکانەی پیشە/ کار” دەکات.
پارتە بۆرژوازییە ئۆپۆزسیۆنەکان بە سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرن لەسەر تێچووی ژیان واتە گرانی ژیان، بەقەد ئەو پارتە دەسەڵاتدارە کە کۆنترۆڵی شارەوانییەکان دەکات، دوژمنایەتی چینی کرێکار دەکەن. لەم دواییانەدا یڵماز بویوکەرسن، سەرۆکی شارەوانی جەهەپە لە شاری ئێسکیشەهیر، ئەو کرێکارانەی کە داوای بەرزکردنەوەی پارەیان کردووە، سەرزەنشت کرد و بە “ئیستفزازیی” ناوی بردوون و هەڕەشەی دەرکردنیان دەکات.
کرێکارانی شارەوانی کادیکۆی کە لە لایەن جەهەپەوە شارەوانییەکە بەڕێوەدەبرێت لە ئەستەنبوڵ بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانە گرێبەستییەکان کە دوو هەزار و 300 کرێکار تێیدا بەشدارن، مانگرتن دەکەن. .ئەگەر سەندیکای Genel-Is کە لایەنگر و پەیوەندیدارە بە DISK ، لە کۆتا خولەکدا نەیانفرۆشێت، ئەوە مانگرتنەکە لە دوو مانگی تردا دەست پێدەکات.
لە ساڵی 2021دا مانگرتنێک لە شارەوانی کادیکۆ بوو لە سازشێکی خراپی نێوان سەندیکا و خاوەنکاردا، سەندیکا مانگرتنەکەی فرۆشت بێ ئەوەی خودی کرێکاران بەوە ڕازی بن. لە ماوەی ئەو مانگرتنە کورتەدا، شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ کە لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەچوو و ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانییەکە کە لە لایەن پارتە ساختە چەپەکانەوە پشتیوانی لێکرابوو، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی کرێکارانی ئیزراب شکێنی کۆکردنەوەی زبڵ و پیسایی، مانگرتنەکە بوەستێنێت.
بە هۆی فشاری سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆوە لەسەر ڕێکخراوی IBB 43 کرێکار کە بەهۆی “لێکۆڵینەوەی ئەمنی” یەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە ئێستادا لەبەردەم شارەوانیدا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن
لە ڕاگەیاندنێکیاندا سەندیکای جێنەل- ئس سەبارەت بە دانوستانەکانی گرێبەست لە شارەوانییەکانی قەزای ئیزمیر هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە لە چەند شارەوانییەک مانگرتن هەبێت. گفتوگۆ و قسەکردن لەسەر مانگرتن لە ناو 294 کرێکار لە دیکیلی، 1400 کرێکار لە بوجا، 1580 کرێکار لە بۆرنۆڤا و 1250 کرێکار لە بایراکلی بەردەوامە.
لێدوانەکانی سەندیکاکانی دیسک و جێنێل-ئیس جەخت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ خاوەنکارەکاندا بەبێ مانگرتن دەکەنەوە. جێنەل-ئیس خیانەتی لە دەنگەکانی مانگرتنەکانی ئەم دواییەی کرێکاران کردووە کە دەنگیان بە مانگرتن دا لە زۆرێک لە شارەوانییەکان کە جەهەپە بەڕێوەی دەبەن؛ لە زۆر شوێندا یارمەتی سەپاندنی بەرزبوونەوەی ڕێژەیەك لە کرێ دەکەن کە زۆر لە خوار ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمی دراوەوەیە.
ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە کە کەرتەکانی کرێکاران دەیکەن گەورەن هەمیشە بەشێکن لە بزووتنەوەی گەشەسەندوی نێونەتەوەیی چینی کرێکاران. لە هەموو شوێنێک کرێکاران ڕووبەڕووی هەمان کێشە و داواکاری بەپەلە دەبنەوە کە لە سەرمایەداری و شەڕەوە سەرهەڵدەدەن. زیادکردنی مووچەی ئاسایی بە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو بۆ کۆتاییهێنان بە زێدە تێچووی ژیان. هەروەها بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە، چاودێری تەندروستی تایبەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ و خەرجییە سەربازییەکان.
خەبات بۆ ئەم داخوازییانەی سەرەوە پێویستی بە یەکخستنی هەموو کرێکاران لە شوێنی کاردا هەیە، لەسەر ئاستی نیشتمانی و جیهانی، بەبێ گوێدانە سەندیکای سەر بە کۆمپانیا و دەوڵەت. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرێکارانی کۆمیتەکانی کریکاران و کارگەران (IWA-RFC) ئامرازەکانی بەشداریکردن لەم خەباتە نێونەتەوەییەدا بۆ کرێکاران دابین دەکات.
داوا لە هەموو کرێکارانی تێکۆشەر دەکەین پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ دروست کردنی ئەو جۆرە لیژنانە لە شوێنی کارەکانیان.
* ئەمە نوسینێکی گرنگە دەربارەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی تورکیا، کە لە ڕاستیدا ئەم زانیارانە زۆر گرنگ و دەگمەنن کە ئێمەی خوێنەری کورد لێی بێ ئاگاین.
لینکە ئینگلیزییەکەی نوسینەکەی نوسەر/ https://www.wsws.org