شـــوان خورشـــید: تاکە بژاردەی کەرکوکیەکان چیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک ئەو شارەی جیاوازی زۆری هەیە لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و هەڵکەوتەی جوگرافی و جیوپۆلیتیکیەوە لەشارەکانی تری ناوچەکە ناچوێندرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 1927 بۆ یەکەم جار نەوتی لێ دۆزرایەوە، زیاتر گرنگی لە ناوخۆو ناوچەکەو جیهان دەرکەوت، بە جۆرێک بوەتە بابەتە گرنگەکانی ووڵاتانی جیهان و زل هێزەکان، هەریەک بە جۆرێک کێبڕکێی ئەوە دەکات بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ کەرکوک گرێ بدات، دیارە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندی شارەکە لە ڕووی سامانی سروشتی بەتایبەتی نەوت، چونکە لەڕووی جوگرافیەوە کەرکوک ناوچەیەکی داگیر کردوە، کە کەوتۆتە سەر زەریایەک نەوت لە جۆرە نەوتە باشەکەی جیهان، کەبەکەمترین تێچوو بەرهەم و پێکهاتەی ناو نەوتە ڕەشەکەی ئەچێتە بواری بەکارهێنانەوە، بۆیە دەبینین هەموو جیهان چاویان لە سەروەت و سامانی شارەکەیە تەنها خەڵکی شاری کەرکوک خۆی نەبێت، کە بێجگە لە دوکەڵەکەی کە هۆکارە بۆ ژەهراوی بون و نەخۆشیە جۆربەجۆرەکان، هیچ سودێکی لێ نابینن، بۆیە دەبێ خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، دوور لە هەستی ئاینی و نەتەوەیی لەو ڕاستیە بگەن کە چارەنوسی یەک بەیەکی خەڵکی کەرکوک لە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحی یەک چارەنوسە، بە جیاوازی ئاینیشەوە،چونکە هەر پێشهاتێکی ئەرێنی و نەرێنی لە ناوچەکە ڕوبدات، ڕوو لە تاک بەتاکی دانیشتوی شارەکە دەکات بێ جیاوازی، ئەگەر وردبینانە لەشاری کەرکوک بڕوانین، لەڕووی خزمەتگوزاری و شارستانیەتەوە بەراورد بە دەوڵەمەندی و نەوتە زۆرەکەی دەبوایە شارێکی نمونەی ناوچەکە ببوایە کەچی دواکەوتوترین و پشتگوێخراوترین شارە، بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی ئەوەندە پشتگوێ خراوە، وەک ئەوەیە لە دورگەیەک دا قەتیس بوبێت،کە ڕووی ئاوەدانی و پێشکەوتنە جیهانیەکانی لە ڕوو داخرابێ، هیچ ڕێگاو کەلێنێک نەبێت تا دەسی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری پێ بگات، بۆیە دەکرێ پەیام بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک ئەوە بێت، سەرجەم پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیی شارەکە، هەموو ئەو بیرە نەتەوەیی و ئاینییە وەلا بنێن و وەک کەرکوکی و خەڵکی کەرکوک بەرژەوەندی خۆیان بخەنە سەروی بەرژەوەندی سیاسەتی دەوروبەر کەتەنها لەهەوڵی ئەوەدان، بە قوڵکردنەوەی کێشە لە نێوان پێکهاتەکان، سوود لە کەرکوک و سامانەکەی ببینن، بۆیە دەبێ کەرکوکیەکان ئەو ڕاستیە تێ بگەن،کە تەنها بژاردەیان ئەوەیە وەک کەرکوکی بیر بکەنەوە، نەک وەک ئەوەی کەهەیە بە هەڵکشاندنی باڵانسی نەتەوەیی و ئاینی چونکە گەر بەو جۆرە ڕێ بکەن هەر ئەو کەرکوکە بەرهەم دێنێت کە هەیە،هەر شارێکی دواکەوتوی دوور لە خزمەتگوزاری دەبێت و ڕێژەی هەژاری ڕوو لەبەرزبونەوە دەکات و بێکاری تەنگ بە دانیشتوانەکەی هەڵەچنێت، بەڵام ئەگەر کەرکوکیەکان وەک کەرکوکی بیر بکەنەوە دوور لە بیروڕای ئاینی و نەتەوەیی ئەوکات، دەکرێت دەسی دەرەکی لە کەرکوک ببڕدرێت و داهات و سامان و خۆشی و ناخۆشی بۆ هەموان بێت و خەمی هەموان بێت، نەک وەک ئێستاو ڕابردو کە هەریەکە لە ئاوازێک هەڵبپەڕن و بەرژەوەندی بەرژەوەندخوازەکان بپارێزن و بە خۆشتان چاو لە دەسیان بن ئەوانیش وەک خێرو سەدەقە ئەگەر بنکڕی خوانی خۆتان پێ ڕەوا ببینن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت