عیماد عەلی: تسۆنامیی نارەزایەتییەکانی ئێران دانامرکێتەوە.
ئەوەی راستی بێت، سەرەتای ئەم نارەزایەتییانەی گەلانی ئێران زۆر دراماتیکیانە بوو، بۆیە ئەوەی لە مێشکی چاودێراندا دەخولایەوە، کە ئەم جارەش نارەزایەتیەکی کورتخایەنە و لەلایەن کۆمەڵێک هاورێی ژینا ئەمینی و خەڵکی نارازی زەرەمەندی سنوری کوردستانە و زۆری پێ ناچێت دادەمرکێتەوە و ئەوەی تێدا دەچێت و زەرەر دەکات تەنها چەند خانەوادەیەکن و توشی ئەو جەرگ سوتانە دەبن، بەڵام کە نارەزایەتیەک بۆ نزیکەی دوو مانگ بەو بارودوخەی بابەتی و خودیەوە بێت و بەو رادەیە درێژە بکێشێت و بەردەوام لە فراوانبووندا بێت، ئەمە قسەیەکی ترە و دۆست و دوژمنی توشی شۆک کردووە و هەمووان ئەوەیان بۆ دوپات بووەوە، کەس ئەو خەڵکانە ئازایەتیەکی وایان نواندووە کە وێنەی لە دونیادا نیە. با بزانین ئەم شۆرشە بۆ نمونەییە؟ دەڵێین لەبەر ئەوەی:
* ئەو خەڵکە بێ پشتو پەنایەی دوور لە هەر حزب و رێکخراوێک یان لایەنێکی دەرەکی ( تەنانەت دوژمنانی ئێرانیش دەستەوەستان تەماشای قارەمانێتی خەڵکی ئێران دەکەن و هاوکێشەی پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانیان رێگەیان پێ نادات تەنانەت یارمەتی مەعنەویی ئەو خەڵکە بدەن) ئەو خەڵکەن کە رۆژانە تەنها بە خۆیان و بەس ئەو قارەمانێتیە دەنوێنن.
* لەبەر هاوەکێشە و فاکتەرە سیاسەکان، خودی ئەمریکا و ئۆروپاش ئەگەر بە ئاشکرا سۆز بۆ نارازیەکان دەنوێنن، بەڵام بە روونی دیارە کە ئاواتی دامرکاندنەوەی نارەزایەتیەکان دەخوازن و ئەکەر هەست بە عەیبەش نەکەن بە شێوەیەکی جیاواز یارمەتیی ئەم وڵاتە دکتاتۆرەش دەدەن بۆ نەهێشتنی نارەزایەتیەکان.
* براکانی ئەم گەلە لە باشوور و تەنانەت لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش سەرقاڵی ململانێ و کێشەی بێ ئەرزش و پرو پوچ و هیچوپوچە نێوخۆییەکانی خۆیانن و هەر یەکە و گیرۆدەی دەستی وڵاتێکە و فەرمانی لێ وەردەگرێت ( ئەمەش لەدەرئەنجامی هەڵەی سیاسی و ناسەربەخۆیی بریاردانیان) و پەیوەستن بەو ولاتانەوە و ناتوانن جموجوڵێک بکەن لە قازانجی ستراتیجیەتی پرسی کورد بێت.
* دەرکەوت مردنی ژینا هاوشێوەی بوعەزیزیش نیە و شۆرشێکی تاکە لە مێژووی هەموو ناوچەکەدا و، بێ پشتوپەنایی کۆڵی پێنەداون تا دێت لە رووی ژمارە و نەوعیشەوە فراوانتر دەبێت و ئەو خەڵکە بێ سڵکردنەوە لە هیچ شتێک قوربانی زیاتر دەدەن و شێلگیرانە بۆ پێشەوە دەرٍۆن.
ئەوەی زۆر گرنگە کە پاش نزیکەی دوو مانگ خەڵکی نارازی هیچ یارمەتیەکی پێنەگەیشتووە و کۆڵی نەداوە کەچی رژێمێک بەو هەموو توانا و ئیمکانیاتە مادی و مەعنەویەی دەوڵەتێکی خاوەن نەوت و غازەوە ( وەک فاکتەرێکی سەرەکی کاریگەر لەسەر هاوکێشە جیهانیەکیانی ئەمرۆی پاش شەری روسیا و ئۆکرانیا) یارمەتی دەرەکی لە لایەن حزبوڵای لوبنان و حزبەڵای عێراق و حوسیەکانی یەمەن پێیدەکات و ئێستاش بە ئاگرو ئاسن نەیتوانیوە ئەم نارەزایەتیە یان شۆرشە کۆتایی پێ بێنێت. بۆیە تا ئێستا ئەوەی روونە دەرئەنجامی سەرکەوتنی ئەم شۆرشە ئا لەم ئانوسات و کاتەدا بۆ هەمووان ئاشکرا بووە، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش ساردی تێدا بەدیبکرێت، بەڵام گۆرانێکی وای بەسەر ئێراندا هیناوە کە جارێکی دیکە ئەم وڵاتە وەکو خۆی لێنایەتەوە.
بوغرایی رژێم کە سەرەتا تەنها بە کۆبونەوەی چەند هاورێیەکی ژینای لەقەڵەم دا و دواتر بە ئاژاوەگێران ناویهێنا و ئینجا هەوڵی ئەوەیدا کە بەدەستی دەرەکیی لەقەڵەم بدات. کە بۆی دەرکەوت شۆرشێکی خودیی پاک و بێگەردی گەلانی ئێرانە و بواری هەموو بوختان و ناوهێنانێکی بەدەر لە نارەزایەتی گەلانی ئێران بۆ کەس نەهێشتۆتەوە، دانی بە شۆرشەکە نا. ئێستاش وای لێهاتووە ئەم جمهوری ئیسلامیە پێ راناگات پینەی هەڵوێست و قسەکانی پێشوتری خۆی بکات و، کە دەبینێت نارەزایەتیەک لە فراوانبون دایە و وەکو گڵۆڵەیەکی ئاگر رێگەی خۆی گرتووە و هەموو شتێک لەبەردەم خۆیدا دادەماڵێت و کەس ناتوانێت بەری لێ بگرێت، تەنانەت ئەم دەسەڵاتە لەبەردەم دۆستەکانیشیدا زۆر روگیر بووە.
ئەوەی بە جوانی بۆ رژێمی ئاخوندی ئیسلامیش دەرکەوت، کە ئەم شۆرشە تەنها کاردانەوەی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی نیە، بەڵکو ئەم نارەزایەتیەیە دەربرٍینی ئەو ناخەیە کە بۆ چەندین ساڵە پەنگی خواردۆتەوە و رقێکی پر لە چەربەزەی لە جەوهەری خۆیدا مەڵاس داوەو و ئەم شۆرشە ئەوەی دەرخستووە کە نە بە سوپای پاسداران ونە بەسییج و نە بە شێخانی دەرباری شۆرشی ئیسلامی و نە بە جاشی ئیسلامی و نە بە هەموو دامودەزگا سەرکوتکەرە خوێنرێژە هەمەچەشنەکانی ئێران دادەمرکێتەوە.
ئا لەم کاتانەدا و ئێستا خەریکە چاودێران دەگەنە قەناعەتێک کە ئەمە تاکە شۆرشێکی نمونەییە لە مێژووی نزیکی سەرجەم گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەو شێوەیە بەرپابێت و ئەوەندە بەردەوام بێت.