دانا مەنمی: سیاسەت و کۆستەڵە.
ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ کوردی تێکەوتووە کوتومت وەک ئەو کۆستەڵەیەی دەورانی منداڵیمانە، کەس حسابی تورێکی قوڕاوی بۆ ئەویتر ناکات و بێباکن لەوەی خەون و خوێن قوربانی سەدان ساڵەی کورد بکەنە قوربانی حەزو رقە سیاسییەکانیان، پارتی و یەکێتی هیچ نەماوە خراپی نەکەن و شەرمیش ناکەن لە شانازیکردن بە خوێنی شەهیدانەوە! شەهیدانێک کە نەیانزانی بە خوێنی ئەوانەوە بازرگانی دەکرێت!
ئاشکرایە هاوپەیمانیەتی پارتی و یەکێتی هەتا شەڕو ئاشتیان هیچ خزمەتیکی بە خەڵکی کوردستان نەکردووەو هیچ دەستکەوت و ئینجازێکی بۆ کوردو دۆزەکەی تیدا نەبووە، ڕێکەوتنەکانیشیان وەکو کۆستەڵەی منداڵی وایە و هەرکاتێک لەسەر ئەنجامەکان ڕێکنەکەوتن بەیەک کۆستەڵە تێکی دەدەن و هەر لایەو پڕدەکاتەوە بە مووشەکەی خۆیدا دەڵی ؛ ئەوەی من ویستم دەستم کەوت تۆش بیخولێنەوە!
لە منداڵیدا ئەگەر منداڵێک لە یاری هەڵماتێندا هەستی بە دۆڕان بکرادایە یاسایەکی قەرەقوشانە هەبوو بۆ ئەوەی بێتەوە مایە پڕی دەکرد بە هەڵمات و موشەکەی خۆیدا و دەیگوت کۆستەڵەیە، کۆستەڵە واتە دۆڕان و براوەیەک بوونی نییە، کۆستەڵە لە دەورانی منداڵیدا شتیکی جوانە، منداڵی منیش وەک منداڵانی تررۆژ هەتا ئێوارە لە دەرەوە بووین، بەیانیان هەڵماتێنمان دەکرد و کۆستەڵەی تێدەکەوت، ئێوارانیش هەلوکێن ، کچەکانی دراوسێمان خەتخەتێن و هەڵماقۆیان دەکرد ، لە تەمەنێکی بچوکەوە لە پاڵ خوێندن دەستم کرد بە کارکردن، چاوبڕکێم لەگەڵ کچان کردووە و ئەگەر ڕێک کەوتبا لە ماچ و مووچێک زیاتر تێنەدەپەڕی، بەڵام لە نوێژ و ڕۆژوو گرتندا زۆر ئازا بووم.
سیاسەت هونەری بەرێوەبردن و هونەری ململانێ یە لەسەر چۆنیهتی بهرێوهبردن و ڕێکخستنی کۆمهڵگا، لەهیچ سوچێکی دونیادا سیاسەت هونهری فرتوفێڵ و تهڵهكهبازی و کۆستەڵە نەبووە بۆ بهدهستهێنانی مهرامی حیزبی و خێزانی، خودا فرسەتی ئەم کۆمەڵگایە بدات کە حیزب و سەرۆک و سەرکردەکانی ڕقیان لە پارەیە و میللەت بە زۆر دەیخاتە گیرفانیان! نازانم ئەم حەماقەت و کۆستەڵەی یەکێتی و پارتی تاکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئومێدم هەیە کە ئەم میللەتە بە خۆیدا بچێتەوەو رۆژێک زوتر هەنگاوێک خێراتر هەڵبگرێت تێیان گەیەنێت کەی وەختی کۆستەڵە!