بەهرۆز جەعفەر: خۆرئاوا کوێی خراپە؟
لە ڕێگەی نیوتن و دیکارت و ئیمانۆێل کانتەوە ڕۆشنگەری و مۆدێرنە ئەخاتە بەر دادگای ڕووناکی. ئیمپراتۆرییەتی تورکە عوسمانییەکان هەڵئەوەشێنێتەوەو، نەتەوەی سەردەست ناهێڵێت و، بیست دەوڵەتی عەرەبی دروست ئەکات. لەبەر شەڕ و شۆر، تەپ و تۆز وڵاتەکانی ڕۆژهەڵات چۆڵ ئەکران، نەوتی پێ ناساندن لە ژێر خاکی باوپیرانی هەرکام لە دەوڵەتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا. کۆمپانیای بۆ هێنان، بە بازاڕی ئابوری ئازادی ئاشناکردن، پاڵێوگەی بۆ دانان، نەوتەکە و گازەکەشیان بۆ ئەفرۆشێت، دۆلارەکەشیان پێ ئەدات، هەر ئەمریکاو بەریتانیاو فەڕەنسا بنکەی سەربازی و بەرگری ئاسمانی لەم وڵاتە شەرقییانە داناوە. مۆندیال بەرهەمی خۆرئاواو نەوت و گازە، نەک نیمچە دورگەی عەرەبی و خورماو حوشتر و گەنم و جۆ…ئینجاش یەک سوپاسی خۆرئاوا ناکەن، لە پەرلەمانێکی وەک ئەوەی عێراقدا ساڵی 2019 دەنگ کۆ ئەکرایەوە و پەسەندیش کرا کە ئەمریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە! ئینجاش عێراق و سعودیە و قەتەر بەلای چین و ڕووسیاو ئێرانیشدا دایانشکاندوەو، پشت ئەکەنە خۆرئاوا؟
دکتۆر فەیسەڵ قاسم لەناونانی ئەم ودیاردەیەدا، ئەڵێت “سەیرە! خەڵک هەیە سواری شەمەندەنەفەر ئەبن، پارەش نادەن، کە دائەبەزن جنێویش بە شۆفێرەکە ئەدەن”.
کورد! خۆی وەک پێویست نەیتوانیوە سود لە مۆدێرنیتەو کرانەوە جیهانییەکانی دوای جەنگی سارد ببینێت، کەچی هەن لۆمەی خۆرئاوا ئەکەن. هەرچەند مێژوونوسێکی وەکو دکتۆر کەمال مەزهەر پێی وایە هیچ تاوانی ئینگلیز نییە کورد ئاوایە، ئەو بەتایبەت لایوایە کە؛ لە ساڵی 1974 دا شای ئێران سەت هەزار کوردی لە بەردەستدا بووە، ئەگەر شەڕ و شۆڕش بەردەوام بوایە، ئەوا ئێران و ئیسرائیل ئەوکات پەیوەندییان بەهێز بو، لەگەڵ عێراقیش ڕێککەوتبون، کورد بە تەواوی تیا ئەچو..
ئێستا، سەرۆک کۆمارەکەی تورکیا ” ئەردۆگان” نەک پەلاماری کورد، بەڵکو پەلاماری یۆنان و سوریاش ئەدات. دەستدرێژی و تۆپهاویشتنەکانی ئێران بۆ ناو شارەکان و کەمپە مەدەنییەکان خەریکە ئەبێت بە مۆدێل و دیاردەیەکی ئاسایی. داعش لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە جووڵەو، جووڵەکانیشی وا دیارە کە لەناو خودی عێراق و سوپادا هەماهەنگی و هاوکارییان هەیە! ناوخۆی کوردستان وەکو پێویست یەکگرتن و یەک سوپاو یەک دەستیی سیاسیی نییە. کێ کورد ئەپارێزێت ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیاو فەڕەنسا نەبن؟
لە ڕووی فەلسەفییەوە، لە ڕووی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی -Critical Thinking یەوە، سیستمی خۆرئاوایی و سەرمایەداریی بەگشتی، نا عەدالەتی و تێکچونی گۆی زەوی و پیسبونی ژینگەو، دابەشبون و بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆم و، هەڵتۆقینی نوخبەی فێڵباز و کۆربۆکراتی ئابوریی و بانکیی مەترسیداری بەرهەمهێناوە، ئەوە قسەیەکی دیکەیە. بەڵام بۆ نەتەوە ژێر دەستەکانی وەکو کورد، بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەگشتی، خۆرئاوا لە ئاوی حەیات گرنگتر بوە.