جوتیار رشید: چرکەساتی جدیەتە!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
بەداخەوە خەڵک زۆری هاوار کرد و کەڕ و لاڵ مەستبوەکانی دینار و دۆلار نەیانبیست. کاتێک هێزێک یان لایەنێک دەیان ساڵ گوێ لە ئاقڵمەندانی نەتەوەکەی خۆی ناگرێت، بەڵام وەک خوڵام لەسەر ئەژنۆ فەرمانەکانی داگیرکەران و دوژمنانی نەتەوەکەی جێبەجێ دەکات، ناکرێ ناوی بنێین هەڵەی سیاسی، سەربازی یان ئابوری! سەردەمی چاوپۆشیکردن و چاوەڕوانی بەسەر چو.
کاتی جدیەتە گەلۆ
چاو برسیە گیرفان دڕاوەکانی باشور، بانکی هەڵەکانیان ئیفلاسی کردوە، گەیشتونەتە کارتی هەڵە ستراتیجیەکان، کۆی قەیرانەکانی کوردیان گەیاندە تەقینەوە و یەکلا بونەوە. قەیرانی سیاسی، داگیرکەرانی کوردستان لە هەر چوار لاوە خەریکە لە مەنگەنەمان دەدەن، دەسەڵاتدارانی هەرێمیش لە پاڕانەوە و کڕوزانەوەی شەرمننانە هیچی تریان لەدەست نایات.
قەیرانی ئابوری، تاکە سەرچاوەی نیمچە موچە و بژێوی خەڵک نەوتە، لەهەر چرکەیەکدا بە چەند درۆنێک یان تەقاندنەوەی بۆڕی گواستنەوەکەمان وەک منداڵی ساوایان لە مەمکمان دەکەنەوە و دڵنیا بن ئەوساش دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچیان لەدەست نایات. قەیرانی کۆمەڵایەتی، بەدرێژایی مێژوی کورد لە باشوری کوردستان بەو ڕادەی ئێستا کۆمەڵگای کوردی لێکترازاو و هەڵوەشاو نەبوە.
تێکڕای زانایانی سیاسی، ئابوری کۆمەڵایەتی لەسەر ئەوە کۆکن بینای ئابوری پتەوی هەر وڵاتێک پێویستی بە ژێرخانێکی سیاسی پتەو هەیە لەسەری بوەستێ، هەموو بینایەکی سیاسی پتەویش پێویستی بە ژێرخانێکی کۆمەڵایەتی پتەو هەیە لەسەری بوەستێ، هەموو بینایەکی کۆمەڵایەتی پتەویش پێویستی بە ژێرخانێکی مرۆڤایەتی (کەس و تاک) ی پتەو هەیە لەسەری بوەستێ.
بەپێی ئەو هەڕەمە ستراکچەریە زانستیە بێ، ئەوەی چەندین ساڵە ئەم هەرێمەی ئێمەی ڕاگرتوە کەسایەتی تاکی کوردی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین بوە، نەک ئەو بینا سیاسی و ئابوریەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم نەک بینایان نەکردوە, بەڵکو بناغە پتەوەکەشیان هەڵتەکاند کە کەسایەتی بەهێز و نیشتیمان پەروەری مرۆڤی کورد بو،ئەو کەسایەتیەی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو دەهاتە سەرشەقام ( ئەو کاتەی صدام ئیدارەکانی لە هەرێم کشاندەوە)، هاواری دەکرد (سەری بەرز بۆ موچە نزم ناکەین)، ئەو مرۆڤە کوردە ئەو بناغە پتەوە بو زیاتر لە 32 ساڵ بەرگەی دڕندەیی و پیلانی هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان و دەبەنگی ئێوەی دەسەڵاتدار و چاو برسی و ورگ دڕاوی گرت.
خەڵک دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن بواری گەڕانەوە بۆ ئەوان نەماوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمیش بانکی هەڵەکانیان ئیفلاسی کردوە وەک بانکی موچە، هەر هەڵەیەکی داهاتویان کوشندەیە بۆ خۆشیان و خەڵکیش.
بۆیە ئەرکی هەموو ئاقڵمەندانی هەرێمە ئەمڕۆ پێش سبەی بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان بدەن، بڕیاری چارەنووسسازی ئەم هەرێمە لەدەست دەسەڵاتدارە ئیفلاسەکانی هەرێم دەربێنن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە