هیوا ناسیح: کاک مه‌سعود مێژوو وا نانوسرێته‌وه!
نوسینه‌وه‌ی مێژوو جگه له‌وه‌ی که زانسته، هاوکات ئه‌مانه‌ت و بهرپرسیارییهتیشه، به تایبه‌ت بۆ سه‌رکرده و که‌سایه‌تییه دیاره‌کان، که خۆیان هه‌م له نێو ڕووداوه‌کاندا ژیاون، هه‌میش به‌رپرسیاریه‌تی به‌رز و باڵایان له ڕابردوودا هه‌بووه و به باش و خراپیه‌وه به‌شێک بوونه له‌و مێژووه. بۆیه ده‌بێت ویژدان حه‌که‌م بێت و تا بکرێت هه‌ست و سۆز و لایه‌نگیری وه‌لا بنرێت، به‌ڵکو لۆژیک و بابه‌تییبوون بکرێته بناغه‌ی ئه‌م کاره.
ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه چه‌ند سه‌رنجێکه بۆ به‌شێک، که نزیکه‌ی شه‌ست لاپه‌ڕه‌یه و به ناونیشانی (په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی و حزبی دیموکرات) له بەرگی چوارەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد – شۆڕشی گوڵان) 1975 – 1990 مه‌سعود بارزانی، لە شاری هەولێر 2021 لەچاپدراوە. ئه‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که قۆناغێکی هه‌ستیار و گرنگی مێژووی گه‌له‌که‌مانه، چونکه رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران 1979 تازه به‌شی هه‌ره زۆری ئازاد کرابوو، دوای نزیکه‌ی چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک هێزی پێشمه‌رگه توانیبووی به ئازادانه بچنه‌وه نێو شاره‌کان و باره‌گای خۆیان دابنێن و تێکه‌ڵ به خه‌ڵکی خۆیان ببنه‌وه.
دیاره هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و مێژووه نزیکه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد کاری مێژووناسان و ئه‌کادیمیانی کورده، که شاره‌زای ئهوبوارهن و ده‌ستیان به سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌نامه‌ی جۆربه‌جۆر ڕاده‌گا، به‌ڵام من وه‌ک رۆژنامه‌نوسێک کاتێک فایلی ده‌نگی ئه‌م کتێبه‌م دوو جار به‌وردی گوێ لێگرت، هه‌ندێک سه‌رنجم لا دروست بوو، حه‌زم کرد بینوسم.
کاک مه‌سعود له‌م کتێبه‌دا به دوورودرێژی باس له په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌که‌ی، که ئه‌وکات ناوی (پارتی دیموکراتی کوردستان -قیاده موه‌قه‌ته) بووه و حزبی دیموکراتی ئێران و بگره حزب و که‌سایه‌تییه‌کانی تری رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی کردوه، که ره‌گه‌زی بابه‌تییبوونی تێدا نییه، خۆزگه کاک مه‌سعود وه‌ک که‌سێک، که ته‌مه‌نێکی درێژی له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیدا سه‌رفکردوه، وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی به‌ئه‌زمون و به‌رپرس له ڕووداوه‌کانی ڕابردوو، به باش و خراپییه‌وه، بیره‌وه‌رییه‌کانی ده‌نوسییه‌وه، نه‌ک وه‌ک فه‌رمانده‌یه‌کی مه‌یدانی و به هه‌ناسه‌ی کاتی شه‌ڕ و ناکۆکییه‌کان، چونکه دواجار، ئه‌م گێرانه‌وانه هیچ سودێکیان نابێت، جگه له کولانه‌وه‌ی برینه‌کان و خوێ کردن به زامه کۆنه‌کاندا، بیره‌وه‌ریی و گێرانهوهکانیش متمانه و جێباوه‌ڕیی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئاخر ناوبراو که ده‌وروبه‌ره‌که‌ی نه‌ک وه‌کو سه‌رۆکی پارتی، به‌ڵکو وه‌ک مه‌رجه‌عی کورد ده‌یناسێنن، ده‌کرا له بری ئه‌و تۆمه‌تبارکردن و خستنه ئه‌ستۆی هه‌موو هه‌ڵه‌کانی ئه‌و قۆناغه به لایه‌نی به‌رامبه‌ر، بهاتایه بێلایه‌نانه و بابه‌تییانه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بڕیار و هه‌نگاو و ڕووداوه‌کان بکردایه، بێ به‌ڵگه‌ش هیچ که‌س و لایه‌نێکی تۆمه‌تبار نه‌کردایه، ده‌کرا دانی به هه‌ڵه‌ی خۆیان چ وه‌ک که‌س و چ وه‌ک حزبیشدا بنایه، ناکرێت تۆ له ناکۆکیی نێوان ڕووداوگه‌لێکی خوێناویدا جه‌مسه‌رێکی سه‌ره‌کی بووبیت، به‌ڵام بێیت خۆت وه‌ک بێ هه‌ڵه و لایه‌نه‌که‌ش که تۆ سه‌رکرده‌ی بوویته بێ گوناه نیشان بده‌یت، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر به پڕ له‌هه‌ڵه و بگره به ده‌ستێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ به‌عس و به‌کرێگیراویی تاوانبار بکه‌یت. حزبی دیموکرات به به‌یانێک وڵامێکی زۆر نه‌رم و دیپلۆماتییانهیان داوه‌ته‌وه، که پێده‌چێت، به ڕه‌چاوکردنی باری سیاسیی خۆیان نوسیبێتیان، به‌ڵام سه‌رجه‌م تۆمه‌ته‌کانیان ڕه‌تکردۆته‌وه.
کاک مه‌سعود له گێرانه‌وه‌کانیدا خۆی وه‌ک که‌سێک ده‌رده‌خات، که هیچ کاری نه‌بووه ته‌نها له‌و ساڵانه‌دا خه‌یکی هه‌وڵی ئاشته‌وایی و پێکهاتن بووه له نێوان دیموکرات و حزبه‌کانی تر و خه‌ڵکانی عه‌شایری رۆژهه‌ڵاتدا، هه‌روه‌ها له نێوان حکومه‌تی ناوه‌ندی ئێران (ڕژێمی ئیسلامی ئێران) و حزبه کوردییه‌کاندا. دەرخستنی کەسایەتی خۆی وه‌ک ئاشتیخواز و چارەسەری کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردوستانی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌روه‌ها پاکانه‌کردن و پاساو هێنانه‌وه بۆ هه‌ڵه زه‌ق و خراپه‌کانی پارتی له‌و قۆناغه‌دا مه‌به‌ستێکی سه‌ره‌کییه تێیدا.
گه‌ر باس له قۆناغی کاره‌ساته ناخۆش و تیرۆرکردنه‌کانی ساڵانی شه‌سته‌کان و سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو پارتی نه‌که‌ین، که هه‌ڵه‌ی زه‌ق و تا ڕاده‌ی ناپاکی وه‌ک تیرۆرکردن و ده‌سگیرکردن و ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی ده‌یان پێشمه‌رگه و سه‌رکرده و فه‌رمانده‌ی دیموکرات به زیندوویی و شه‌هیدکراوی به رژێمی شای ئێران، نمونه‌ی سلێمانی موعینی و سمایلی شه‌ریفزاده و ساڵح لاجانی و سوله‌یمان کهرقهشان و ده‌یانی تر، ئه‌وا ته‌نها ڕووداوه‌کانی دوای روخانی شا و هاوکاریی رژێمی ئیسلامی ئێران ناکرێت ئاوا سه‌رپێیانه سه‌یر بکرێت و ئاوڕێکی جدیی لێ نه‌درێته‌وه، دیاره به مه‌به‌ستی په‌ند لێوه‌رگرتن، به‌ڵام به به‌ڵگه و دۆکیۆمێنته‌وه، وه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندنێکی زانستییانه‌ی مێژوویی بۆ ئێستا و داهاتووی نه‌وه‌کانمان ئه‌و قۆناغه‌ی مێژوو تۆمار بکرێت.
کاک مه‌سعود ده‌یانجار ناوی قاسملو ده‌هێنێت، تۆ له‌وه گه‌ڕێ نه پێشگری دکتۆری بۆ به‌کاردێنێت نه پێشناوی شه‌هید، به‌ڵام تۆمه‌تبارکردنی ناوبراو به ده‌ستێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ به‌عسدا، خۆی له‌خۆیدا کارێکی خراپ و جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌کردنه، هاوکات و هه‌مان شتیش بۆ مامۆستا شێخ عیزه‌ددینی حوسێنی، که نمونەی زانایه‌کی ئاینیی روناکبیر و پێشکەوتووخواز و میانڕه‌و و نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی بوو، یان کاک فواد مستەفا سوڵتانی سه‌رکرده‌ی سیاسی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و شۆڕشگێڕی کورد بوو، خۆی و چوار برای شه‌هیدی رێگای ڕزگاری کوردستانن، که‌چی به‌داخه‌وه کاک مه‌سعود تۆمه‌تباریان ده‌کات به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان به حزبی به‌عسه‌وه هه‌بووه! بێ ئه‌وه‌ی ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌کمان له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه له کتێبه‌که‌یدا نیشان بدات. چونکه پرسیاری هه‌ندێک دۆکیۆمێنتم کرد، له هاوڕێیهک که کتێبه‌که‌ی هه‌یه، تا بزانم تێیدا بڵاوکراوه‌ته‌وه یان نا. زانیم تێیدا نییه، تا پشتڕاستی تاوانبارکردنی سه‌رکرده‌کانی رۆژهه‌ڵات بکاته‌وه. یان تاوانبارکردنی دیموکرات به‌وه‌ی هه‌ڵه و نه‌زانی ئه‌مان بووه رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ رێژێمی خومه‌ینی نه‌کراوه! هه‌روه‌ها ئۆباڵی سه‌رجه‌م ئه‌و پێشهات و ڕووداوه خوێناویانه‌ی له نێوان چه‌کداره‌کانی ئه‌مان و پێشمه‌رگه‌کانی حدکادا ڕوویانداوه، ده‌خاته ئه‌ستۆی سه‌رکرده و فه‌رمانده‌کانی دیموکرات! بێ ئه‌وه‌ی ته‌نها ره‌خنه‌یه‌کیش له خۆیان بگرێت.
هه‌موو ده‌زانین دوای روخانی رژێمی سه‌ددام 2003 و ده‌ستگرتن به سه‌ر سه‌رجه‌م یان زۆربه‌ی زۆری به‌ڵگه‌نامه‌کانی ده‌زگای هه‌واڵگری گشتی و هه‌واڵگری سه‌ربازی و ئاسایشی رژێمی به‌عسدا، وه‌ک دکتۆر مه‌حمود عوسمان له چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی کرد (به داخه‌وه له گوگل ڤیدیۆکه‌م بۆم نه‌دۆزرایه‌وه) ده‌ڵێت: له‌سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که دوای روخانی رژێمی سه‌ددام ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، ته‌نها کاغه‌زێک نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، که وه‌ک به‌ڵگه بێت له‌سه‌ر هاوکاری دیموکرات یان کۆمه‌ڵه‌کانی ئێران یان سه‌رکرده‌کانیان بۆ به‌عس و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنیان بێت دژ به بزوتنه‌وه‌ی کورد له باشوری کوردستاندا، که ئه‌مه جێگه‌ی شانازییه بۆ ئه‌و حزبانه‌ی رۆژهه‌ڵات.
دیاره ئه‌وانیش نه‌خۆیان له هه‌ڵه و که‌موکوڕی بێبه‌ری کردوه و نه‌منیش داکۆکی له هه‌ڵه‌کانی ئه‌وان ده‌که‌م، چونکه هه‌موو حزب و رێکخراوێک به‌شی خۆی خاڵی گه‌ش و ڕه‌شی هه‌یه، به‌ڵام ناکرێت تۆ باس له خولێکی شه‌ڕی ناوخۆی کورد-کورد بکه‌یت، که سه‌دان که‌سی له هه‌ردوولا تێدا بوونه‌ته قوربانی، لایه‌نی به‌رامبه‌ر و فه‌رمانده و سه‌رکرده‌کانیان به‌رده‌وام تۆمه‌تبار بکه‌یت، به‌ڵام بۆ ته‌نها جارێکیش باس له هه‌ڵه و که‌موکوڕی خۆتان یان فه‌رمانده‌کانی حزبه‌که‌ی خۆت نه‌که‌یت.
ئاخر خۆ ڕووداوه‌کان زۆر دوور نین، که سه‌رچاوه و گهواهیدهریان نه‌بێت، ئێستاش ده‌یان که‌س له که‌سانی بێلایه‌ن و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش له‌ژیاندا ماون و ئه‌وانیش گێرانه‌وه و به‌ڵگه‌نامه و گوته‌ی تریان هه‌یه، که ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م وتانه‌ی ناوبراوه. وه‌ک نمونه‌ش من هه‌ندێک دۆکیۆمێنتی نوسین و ڤیدۆیی له په‌راوێزدا داده‌نێم، که به‌ڵگه‌ی ته‌واون له هاوکاریی چه‌کداره‌کانی ئه‌و کاتی پارتی دیموکرات، ناسراو به قیاده مووه‌قه‌ته، له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران و بگره، گرتنه‌وه‌ی شاره‌کانی شنۆ و نه‌غه‌ده و پیرانشار بۆ رژێمی ئێران.
من له ویژدانی خوێنه‌ر ده‌پرسم ئایا ئه‌و قسه‌یه‌ی که هه‌میشه پارتی به پارتی کرێکارانی ده‌ڵێته‌وه، که تۆمه‌تباریان ده‌که‌ن به ده‌ستخستنه ناو کێشه‌کانی باشور، ئایا خودی پارتی له ڕابردوودا ئه‌م کارانه‌ی به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌نجام نه‌داوه؟ بێته پێش چاو گهریللاکانی باکور پێش هێزی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بکه‌ون و بێن شاره ئازادکراوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بگرنه‌وه بۆیان، ئایا ئه‌م کاره چی ناو ده‌نرێت؟
بۆ نمونه مەڵا رەسوڵ پێشنماز، که یه‌کێکه له سه‌رکرده دێرینه‌کانی حدکا و خۆی له نێو ڕووداو و شه‌ڕ و ناکۆکییه‌کاندا بووه، له وتارێکیدا که وه‌ک وڵامێک بۆ ئه‌م به‌شه‌ی کتێبه‌که‌ی کاک مه‌سعود بڵاویکردۆته‌وه، ئه‌م چه‌ند بڕگه‌یه داده‌نێم:
„چۆنە کاک مسعود ئیشارەی بە یەکدانە لەو خاڵە موسبەتانە نەکردوە، بەڵام زۆر بە نارەوا وبێ ئینسافانە تۆمەتی شەر ھەڵا ئایساندن و پێوەندی نارەوای هاوکاریکردنی حکومەتی عیراق زۆرها شتی تری دەخاتە ئەستۆی دوکتوور قاسملوو و حیزبی دێموکرات.“ „بە بەرچاوی هەموو دونیاوە حیزبی دیموکرات وخودی دوکتوور قاسملو هێندەمان هەوڵ دا بۆ ئەوەی شەرمان بەسەردا نەسەپێنن کار گەیشتە ئەوەی چەپە توند رەوەکان و دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین نێوی سازشکاریان بە سەر حیزبی دیموکرات‌دا سەپاند، ئەو گروهی شەش کەس ونیوەی کاک مسعود هیندە بەسەر وگوێلاکیاندا هەڵ دەڵێ و ئەو رەحمان کەریمیەی کە بە پیاویکی دانا وئاقل مەند ودڵسوزی باس دەکا، بەو پەری تەسلیم تەلەبیەوە هەموو پشتیوانیەکیان لەو رژیمە درەندەو ئینسان خۆر و ئینسان کوژەی تیکرای گەلانی ئیران دەکرد“
„چ شتێک لەوە زەقتر وبەر چاوتر هەیە کە لە کاتی شەری ئیران وعیراق وئەوپەری بی توانای ئیران دەبەرامبەر عیراقدا حیزبی دیمۆکرات رایگەیاند ئەگەر جمهوری ئیسلامی داخوازە رەواکانی گەلی کورد قبول کات ئیمە ئامادەین شان بە شانی وان بچینە بەڕەکانی شەڕەوە ودیفاع لە تەمامیەتی عەرزی ئیران بکەین“.
هه‌روه‌ها له‌و نامیلکه‌یه‌ی حزبی دیموکرات به ناوی (خیانەتەکانی قیادەی موووقت بە نەتەوەی کورد) که کاتی خۆی ده‌زگای ئينتشارات و تبليغاتى كۆميتەى ناوەندى حيزبى ديموكراتى كوردستانى ئێران ساڵی 1981 چاپ و بڵاویانکرده‌وه، ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕووداوانه نوسراوه: (کاتێک هێرشی دووژمن بە بەربڵاوی لەهەموو ناوچەکان دا دەست پێ کرا لە ناوچەکانی شنۆ نەغەدە و پیرانشار پێشمەرگەکانی ئێمە ناچار بوون هێندی بنکەی خۆیان لە سەر جادەکان چۆڵ بکەن کەچی چەکدارەکانی قیادە موقت کە هەمیشە لە پێشەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەڕۆیشتن بێشەرمانە تەواوی ئەو جێگایانەیان گرتەوە و تەنانەت ئازووقەی پێشمەرگەکانیشیان بەتااڵن برد، وەختێک شاری شنۆ کەوتە ژێر دەسەاڵتی ئەوان خەڵکی بەشەرەف و قارەمانی شنۆیە خۆپیشاندانێکی ئارامیان ساز کرد. بەڵام خۆفرۆشانی قیادە تەقەیان لەو خەڵکە بێ دیفاعە کرد شەش کەسیان لێ کوشتن و یازدە کەسیان لێ بریندار کردن. جگە لەو دوژمنایەتی بەڕاستە و خۆیە و سەرباری ئەوەی بۆ خۆیان هەمیشە شوێنە ستراتیژییەکانیان بۆ دوژمن دەگرت لە ناوچەی ورمێ دەستیان کرد بە دەڵاڵی و گەڕان بە نێو سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیە دا. لە ئەنجام دا بەشێکی زۆر لەو سەرۆک عەشیرەتانەیان هەڵفریواند و چەکی خیانەتیان دانە دەست و کردیانن بە جاش.) ل23.
له شوێنێکی تردا هاتوه (پێش جاش و پاسدار و ئەرتەشی ئێران و بە کوشتدانی دەیان کەس لە کوردە- هەڵخەڵەتاوەکانی عێراق لە پشتەوە خەنجەریان لە گەلی کورد دا. ناوچەی مەرگەوەر و شنۆیان لەدەستی پێشمەرگە دەرهێنا و دایانە دەستی دوژمنی فاشیست و کۆنەپەرستی گەلی کورد. لە ناوچەی مەریوان شان بەشانی ژاندرمەکانی ئێران بە گژ پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمەدا چوون، لە شنۆ تەقەیان لە خۆپیشاندانی خەڵک کرد و شەش کەسیان کوشت لە ناوچەی ورمێ دەرەبەگ و کۆنە ساواکیەکان بە پشتیوانی. نزیکەی هەزار ماڵی وەرزێر و زەحمەتکێشیان دەربەردەر کرد و هەر لە سەر پێشنیاری ئه‌وان چەندین سەد نەفەر لەم ناوچەیەدا بە سەرۆکایەتی دەرەبەگەکان بوون بە جاشی ڕەسمی ڕیژێمی خومەینی).ڵ26
(لە ساڵی 1979 دا کاتێک که ڕیژێمی خومەینی ئیعلانی جیهادی بە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران دا و هەڵسوڕێنەرانی قیادەی مووەقەت و چەکدارەکانی دارودەستەی بارزانی واتێ گەیشتن کە حیزبی ئێمە کز بوە دەست بە جێ لە ناوچەی مەریوان شان بەشانی ژاندرمەکانی ئێران بە گژ پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمەدا چوون) ل30
هاوکات ساڵی 1981 مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیستی کوردستانیش به‌یاننامه‌یه‌کیان ده‌رکردوه و ڕاسته‌وخۆ پارتی دیموکرات تاوانبار ده‌که‌ن به هاوکاری رژێمی ئیسلامی و داگیرکردنه‌وه‌ی شاری نه‌غه‌ده.
د. هه‌ژار مه‌عروف له کتێبی یاده‌وه‌رییه‌کانیدا (ڕه‌نجی فه‌رهاده‌کان) که خۆی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دکتۆری دێرینه و کاتی ئه‌و ناکۆکییانه به‌شداربووه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه سه‌دان که‌سییه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی به‌ناوی (هێزی پشتیوانی) بۆ هاوکاری حزبه‌کانی رۆژهه‌لات ناردونی، ده‌نوسێت : (له کۆنفرانسی گه‌لانی تارانیش که نوێنه‌ری زۆر له حزب و رێکخراوه سیاسیی و ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌رییه‌کانی ئێران تێیدا بوو، به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیارێک دژی قیاده موه‌قه‌ته په‌سه‌ند کرد، حدکا دژی ئه‌م بڕیاره بوو، چونکه ده‌یویست خۆی له شه‌ڕی پارتی لابدا، به‌ڵام دوایی ئه‌و شه‌ڕه هه‌ر یه‌خه‌ی گرت.) هه‌روه‌ها له شوێنێکی تردا ده‌ڵێت ( که له‌به‌هاری 1980 خولی دووهه‌می شه‌ڕی ئێران له دژی کورد ده‌ستی پێکردوه‌وه، چه‌کداره‌کانی پارتی هێرشیان کرده سه‌ر پ. م ه‌کانی حدکا له دزڵی و 15 پ. م یان لێ شه‌هید و بریندار کردن و ڕێگای ستراتیژی نێوان مه‌ریوان – پاوه یان ڕاده‌ستی ڕژێمی ئێران کرد).
هه‌روه‌ها نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی ناسراوی نه‌مسایی فریتس زیته (Fritz Zitte) که له ساڵی 1979 به رێگای قاچاخ هاتۆته کوردستان و به نێو پێشهرگهکانی پارتی و ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا گه‌ڕاوه و ئه‌مه‌ی له کتێبی لای کورده‌کان بووم، بینه‌ری خه‌باتێک بۆ ژیان (Ich war bei den Kurden, Augenzeuge eines Lebenskampfes) که ساڵی 1980 له ڤییه‌ننا بڵاوکردۆته‌وه، له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و هه‌ڵوێستی پارتی نوسیوه، ئه‌م راپه‌ڕینی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئازادبوونی به‌شێکی ئه‌وێ وه‌ک ده‌رفه‌تێکی زێڕین بینیوه، بۆیه لای وابووه که ده‌بێت به هه‌موو پشتیوان و هاوکاریان بن، تا ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست نه‌درێت، که بۆ هه‌موو کورد گرنگه. ته‌نانه‌ت ده‌نوسێت: هه‌رچه‌نده بارزانی باوک پیربووه، وه‌ک ره‌مزه و رێزێکی زۆری له‌نێو کورده‌کاندا هه‌یه، به‌ڵام کوڕه‌کانی به‌م هه‌ڵوێسته‌یان، مه‌به‌ست له دژایه‌تی و پشتیوان نه‌کردنی کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاته، دووه‌م هه‌ڵه‌ی کوشنده ده‌که‌ن، دوای چه‌کدانانی 1975 که نوسه‌ر به (ته‌سلیمبوون) باسی ده‌کات.
هه‌ندێک سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌نامه:
+ لێدوانی شه‌هید قاسملو له‌سه‌ر هاوکاریی پارتی له‌گه‌ڵ شای ئێران دژ به حزبی دیموکرات و شه‌هیدکردنی سه‌رکرده و فه‌رمانده‌کانی
+ کۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی کاک مسته‌فای هیجری سکرتێری ئێستای حزبی دیموکرات ساڵی 1983 و باسی هاوکاری پارتی له‌گه‌ڵ رژێمی ئیسلامی ئێران‌دا دژ به حزبی دیموکرات و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
+ ڤیدیۆی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی جمهوری ئیسلامی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یه‌کی مه‌یدانی چه‌کداره‌کانی پارتی کاتی شه‌ڕ و ناکۆکی نێوان پارتی و حدکا، ساڵی 1981 یان 1982 که باس له هاوکاری نێوان خۆیان و پاسداران و رژێمی ئیسلامی دژ به دیموکرات ده‌کات
+ ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد
+ نامیلکه‌که‌ی حزبی دیموکرات به ناوی (خیانەتەکانی قیادەی موووقت بە نەتەوەی کورد) که کاتی خۆی ده‌زگای ئينتشارات و
تبليغاتى كۆميتەى ناوەندى حيزبى ديموكراتى كوردستانى ئێران ساڵی 1981 چاپ و بڵاویانکرده‌وه/ www.kurdistanpost.nu/.pdf
+ وڵامی مەلا ڕەسوڵ پێشنماز پێشمەرگەو سەرکردەی دێرینی حزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ئه‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که‌ی کاک مه‌سعود. https://drawmedia.net
Ich war bei den Kurden – Augenzeuge eines Lebenskampfes; Sitte, Fritz; Verlag Styria, 1980, Austria, ISBN: 3222112630
www.kurdipedia.org