شـــــــوان خورشـــــید: کەرکوکی جاران و ئێستا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک مێژوونوسان دەیگێڕنەوە گۆتیەکان یەکەم بەردی بناخەی شارەکەیان داناوە،لەو کاتەوە تاکو ئێستا بە چەندین قۆناغ دا تێپەڕیوە، ڕوبەڕوی داگیرکاری وێرانکردن وشەڕو شۆڕ بوەتەوە، سەرەڕای ئەوە لە پێشکەوتن و تەرزی بیناسازی و فراوانی شارو زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی و پێشکەوتنەکان دریغی نەکردوە. بۆیە گەر بەراوردێک لە نێوان کەرکوکی جاران لە گەڵ ئەمڕۆی دا بکەین زۆر جیاوازی بەدی دەکرێت، کە پێویستە نەوەی ئەمڕۆ ئەو ڕاستیە بزانێت کە کەرکوک وەک باقی جیهان لە گەڵ پێشکەوتنە سەردەمیەکان ڕەوتی کردوەو گەیشتۆتە ئەمڕۆ، نەوەی ئایپاد با بزانن کە لە جیاتی مۆڵ و بازاڕو پڕۆژەو تۆری دابەشکردنی ئاو کارەبا، خان و کارێزو چراو دوکانی عەتاری و بەقاڵ پێداویستی ڕۆژانەیان فەراهەم کردوە، لە جێی پشتێنەی کۆنکرێتی قەڵا پاراستونی، خان جیگای کاروکاسبی و میوانخانە بونە بۆ کاروانچی و ڕێبواران، لەجێی نانەواخانە و بەشە ئاردی هاوڵاتیان ئاسیاو یان ئاش بەکار دەهێنران، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی جیهان کەرکوکیش بێ بەش نەبوە لەو ڕەوتە و پشکی خۆی بردوە، کە دەبینین ئێستا دەیان مۆڵ و بازاڕی گەورە بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی شارەکە کراوەتەوە، شەقامی زۆرو فراوان،گەڕەک و بازاڕەکانی پێکەوە بەستۆتەوە، سەدان قوتابخانەو کۆلێژو پەیمانگا لە خزمەتی پەروەردە وخوێندەواری دا هەن، تۆڕی بەستنەوە ئاو کارەبا جێگای کارێزو چرای گرتۆتەوە بۆ ڕوناککردنەوەی شەقام و بازاڕەکانی کەرکوک لەجێی پردی بەردەبازو پەڕینەوە چەندین پرد ئەمبەروو ئەوبەری خاسە پێکەوە دەبەستن، کەواتە ئەم کەرکوکەی ئێستا دەیبینین پێشتر وانەبوە، ئاوی خواردنەوەی بە کارێز دابین کراوە، دیوەخان جێگای کۆڕو کۆبونەوەی خەڵک بوە، نەک هۆڵ و هۆم بۆ بۆنە تایبەتی و ئاهەنگ و خۆشی دەربڕین، بۆیە دەکرێت کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین لە جێگای میوانخانە سەردەمیەکانی ئەمڕۆ خان جێگای حەوانەوەی گەشتکەران بوە و چەندین خان لە کەرکوک ڕۆڵی میوانداری ڕێبواران و گۆڕینەوەی کەلوپەل و بازرگانی بونە چەندین خان لە کەرکوک هەبونە لەو سەردەمانەدا، وەک خانی قازی، خان خورما، خانی بەلەدیە، خانی گومرک، خانی ئەسعەد بەگ، خانی گوڵباخی(خانی حاجی قادری گوڵباخی)، خانی چوقوڕ،خانی گاورەکان،خانی قاسم بەگ، خانی عەبدوڵا موسڵاوی، خانی حەمدی بەگ،خانی تەها بەگ، خانی دەدە حەمدی، خانی شێخ حەسەن، خانی ئەوقاف، خانی سادق سەڕاف، خانی سەید عۆم، خانی قۆریە، خانی سەید نورەدین، خانە سپی، خانە قووڵە، خانی حاجی ڕەفیق، خانی ئەڵا وێردی، خانی شۆڕ حەمام، خانی کوردستان کە خاوەنەکەی ناوی محەمەد فەتحوڵایە ناسراو بە محمەد کوردستانی، خانی خەبات، خانی عومەر ئەحمەد، خانی سەیفە کوێر، خانی حاجی محەمەدی قەرزار-خان گچکە، خانی سێ دەر، خان گەو..گەو، خانی کاروانچی.
جگە لەوە چەندین گەرماو لە کەرکوک هەبوە بەداخەوە پێشکەوتنەکانی سەردەم جێگایان پێ لێژ کردون و لەئێستادا شۆێنەواریشیان نەماوە، زۆربەی گەرماوەکان تایبەت بە ژنان یان پیاوان بونەو زۆر لە گەرماوەکانیش بۆ هەردو ڕەگەز بەکار هاتوە وەک و گەرماوی ئاوێنەدار لەتەنیشت قەڵا بوە، گەرماوی مفتی ئەمیش لەتەنیشت قەڵا بوە، گەرماوی گاورەکان لە شوێن یانەی سۆلاڤی جاران بوە، گەرماوی حاجی خورشید لای دەباخانە بوە، گەرماوی عەلی لەبەرتەکیە بوە، گەرماوی شێخ قابیل لە گەڕەکی بەرتەکیە بوە، گەرماوی عەزیز ئەفەندی، گەرماوی شەفاء، گەرماوی بڵاخ،گەرماوی حاجی باقی، گەرماوی حاجی حەسەن، گەرماوی شوێر حەمام،گەرماوی دەدە حەمدی لە گەڕەکی چای بوە، گەرماوی عەلی بەگ،گەرماوی جمهوریە، گەرماوی سەید عەلاوی،گەرماوی تەقاوت لەگەڕەکی پریادی،گەرماوی قادر حەمام چی،گەرماوی سەید نورەدین لە شۆڕجە،گەرماوی ئەحمەد حاجی جەبار- حەسەن باوانم.
جگە لە گەرماو دیوەخان ڕۆڵی گرنگی بینیوە بۆ بۆنەو کۆبونەوەی خەڵکی کە زۆر لەدەوڵەمەندو کەسایەتیەکانی شارەکە دروستیان دەکرد، وەک دیوەخانی سەید ئەحمەدی خانەقا، دیوەخانی تەکیەی تاڵەبانی، دیوەخانی شێخ محەمەد تاڵەبانی، دیوەخانی شێخ حەبیب تاڵەبانی، دیوەخانی بەهادین ئەفەندی لە گەڕەکی سەی سەروەر، دیوەخانی حاجی مەجید قایەچی لە گەڕەکی سەی سەروەر، دیوەخانی حاجی عیزەت لە گەڕەکی زێویە، دیوەخانی عومەر ئاغای تەرجلی لە گەڕەکی پریادی، دیوەخانی سدیق بەگ لە گەڕەکی شاتەری(شاترلو)، دیوەخانی ئەسعەد بەگ لە گەڕەکی شاتەری، دیوەخانی قەرە ئەباح (عەبدولرەحمان)لە گەڕەکی ساری کەهیە، دیوەخانی نازم بەگ لە گەڕەکی بەگەکان، دیوەخانی بورهان بەگ لە گەڕەکی بەگەکان لای گەرماوی حەمام عەلی، دیوەخانی عەلی بەگی تکریتی لە گەڕەکی حەمام عەلی، دیوەخانی مەزهەر بەگی تکریتی لەخوار سینەما حەمڕا بوە، دیوەخانی سەید فاتیحی جەباری، دیوەخانی سەید وەڵەد کاکەیی، دیوەخانی محەمەد عەلی سەربڕاو، دیوەخانی گوڵچین لە پشت منارە نەخشینە بوە.
دیارە ئەو سەردەمە وەک و ئێستا نەبوە تا لەڕێگای بریکاری خۆراکەوە بەشە ئاردی دەسکەوێت بۆیە ئاش(ئاسیاو) ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە بۆ هاڕینی گەنم و کردنی بە ئارد،چەندین کەرەسەی تێدا بەکار دەهات وەک و چەرخ بۆ هاڕینی گەنم و ئاو گێڕانی چەرخەکەو چەندینی تر،کە لە ناوچەی کەرکوک 152ئاشی لێ هەبوە کە تەنها لە ناو کەرکوک ئاشی ئیمام عەباس، ئاسیاوی شوورکە،ئاسیاوی خان قازی، ئاسیاوی مزگەوتی مەلا عابد، ئاسیاوی هەمزەلیەکان، تەپەی ئاسیاو، ئاسیاوی عەلبوا خاوەنەکەی سەید عوبێد بوە، باقی ئاسیاوەکانی تر لە ناوچەکانی قادرکەرەم و خورماتوو شوان و هەمەوەندو قەیتول و شێخ بزێنی و خاڵە بازیانی و ناوچەکانی تر دابەش بوبون.
دیارە ئەو ساتانە ئاوی خواردنەوەو پێداویستیەکانی کەوەک ئێستا تۆڕی دابەشکردنی ئاو نەبوو،کارێز سەرچاوەی بەدەستهێنانی ئاو بوە لە ناوچەی کەرکوک 57 کارێز بونی هەبوە کە چەندین کارێز لە ناو شاری کەرکوک هەبوە لە ئێستادا بەهۆی فراوانی و پێشکەوتنەکانیەوە شۆێنەواریان نەماوە کە گرنگترینیان بریتی بوە لە کارێزی تسن-تسعین لە پردی عوسمانیەکانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ گەڕەکی تسعین،کارێزی بابەگوڕگوڕ لەسەر هێڵی شەمەندەرە کۆنەکەوە لەلای ئاشە سورەکەوە درێژ دەبێتەوە،کارێزی بەڵاوە لە خاسەوە درێژ دەبێتەوە بۆ گەڕەکی تسعین،کارێزی تۆبزاوە لە یاروەلیەوە بۆ بن مزگەوتی مەلا ڕەزا دەچێت،کارێزی یایچی،کارێزی عەرەفە،کارێزی حاجی جەمیل لە شۆڕجە.
دیارە هونەری بیناسازی ئەو سەردەمە جیاواز لەمڕۆ خانو باڵەخانەی زۆر جوان شارەکەی ڕازاندبوەوە کە تا ئێستاش لە چەندین گەڕەک شۆێنەواری ماوە وەک و گەڕەکەکانی ئیمام قاسم و ئابڵاخ و گەڕەکی جولەکان و پریادی و موسەڵاو شاتڕلو چەندین شوێنی تر وەک و قەڵاو قشلەو قەیسەری.
لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەرکوکیش بەسەردەمی خۆی دا تێپەڕیوەو ئەو قۆناغانەی وەک و پێویست بڕیوە کە جیهان پێی دا تێپەڕیوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت