عەبدوڵا کەریم مەحمود: لە گوزەری خومگەرەکان، هەموو رەنگەکان جوانن/ بەشی دووەم و کۆتایی.
هونەرمەندی مییللی ئەحمەد شەماڵ بە ئاوازو دەنگێکی تایبەتی پڕ لە حەسرەتەوە دیوت:
چوومە لای خومگەر جامێ خووم بسەنم
سەرتاپای باڵای خۆم لە خووم ئەژەنم
خومگەر واچەس نە دایە مەردەن نەبابە مەردەن
ئەم خووم پێوانەم ئەرای کێ کەردەن
رەنگی تریکۆ
لە سەرەتای شەستەکاندا، پسپۆڕێکی ئەڵمانی سەردانی شاری سلێمانی کرد، لە گەڵ ئیسماعیل عارف بە کامێرایەکەوە، بەناوبازاڕو شوێنە کلتوورییەکانی سلێمانیان دە گەڕاون وێنەی زۆرشوێنی گرنگی ناو شاریان گرتووە، دەیان پرسیاریان رووبەرووی وەستایان و شارەزایانی پیشە میللییەکانی کوردەواری دەکردووە و زانیارییەکانیان تۆمار دەکرد، لە مەیدانی ماستەکەوە روویان کردە دووکانەکەی وەستا قادری خومگەر لە گوزەری خومگەرەکان و چەند پرسیارێکیان رووبەروو کردوەتەوە: من کولتووری وڵاتەکەم و هەموو دنیام خۆش دەوێت، زۆر لە وڵاتان گەڕاوم و پرسیارێکم هەیە؟
وەستا قادر: فەرمووو
چۆن دەتوانیت رەنگی تریکۆمان بۆ ئامادە بکەیت؟ لە بەر ئەوەی ئەو رەنگەمان نییە؟
وەستا قادر: من دەتونم ئێستا ئەو رەنگەت بۆ دروست بکەم، رەنگی (سەوزو رەش ) تێکەڵ دەکەم، لە ئەنجامدا رەنگی زەردی گۆگردی دروست دەبێت.
پسپۆرەکە لە خۆشیدا، فیکەی لێداوە وتی: -Good.
تو ئێستا لێرەدا هەموو رەنگەکانت لایە، چۆن دەتوانیت رەنگی قاوەیم بۆ دروست بکەیت؟
وەستا قادر: ئەو جل و بەرگە کە بمەوێت بیکەم بە قاوەیی، لەسەرەتادا سووری دەکەم، دواتر لە رەنگی شینی هەڵدەکێشم، دەبێ بە قاوەیی.
پسپۆڕەکە لە سەلیقەو شارەزاییەی وەستا قادر توشی تێڕامان بوو، زۆر پێ خۆش بووە، وتویەتی: ئێمە پێویستمان بە وەستایەکی زیرەک و خاوەن ئەزمونی وەک تۆهەیە، بۆ لە گەڵمان نایەیت بۆ ئەڵمانیا لەوێ بژێوی ژیانی خۆت و خانەوادەکەت دابین دەکەین.
وەستا قادر وتویەتی : زۆر باشە لە گەڵتاندا دێم.
دوای 15 رۆژ پسپۆڕەکە سەردانی وەستا قادری کردوەوە بۆ ئەوەین پێکەوە بڕۆن بۆ ئەڵمانیا وەستا قادروتویەتی: هاوسەرکەم بەم سەفەرە رازی نابێت و دەڵێت: من ناتوانم لە دەرەوی وڵات بە نامۆیی بژیم.
پسپۆڕەکە زۆری پێ ناخۆش بووە و وتویەتی: ئەوەی زیاتر ناخی من دەهەژێنێت و دڵم خۆش دەکات، رەنگی وڵاتەکەم ئەڵمانیا، لێرە گەیشتوەتە ئەم ئەزمونە و ئاستە جوانە.
رەنگەکان جوانیی سروشت و خۆشەویستین
خومگەرەکان هەموو رەنگەکانیان بێ جیاوازی وەک سروشت خۆش دەوێت، بە بەردەوامی کار لەسەر جوانی و رۆمانسیەتی رەنگی (سوور، زەرد، سەوز، شین، مۆر، قاوەیی، پەمەیی، رەش، سپی، پرتەقاڵی، زەردی ئاڵتونی، سێ جۆر رەنگی زەردی گۆگردی ) دەکەن. ئەوان گەر هەر رەنگێکیان بوێت، لە ناو مەنجەڵێکی ئاودا دەیکۆڵێن و ئامادەی دەکەن.
* بۆ رەنگ کردنی پانتۆڵێک، یەک کەوچک و نیو رەنگ بەکار دێنن.
* بۆ رەنگ کردنی کراسێک، یەک کەوچک، رەنگ بەکار دەهێنن.
* بۆ رەنگ کردنی قەمسەڵەیەک، دووکەوچک و نیو رەنگ بەکار دەهێنن.
گەر هەر کەلوپەلێک بۆ رەنگ کردن، لە سەعات و نیوێک کەمتر بکوڵرێت، دوای رەنگ دەداتەوە. باشترین خوم ، خومی ئەڵمانی یە.
وەستا حەسەن سەعیدی خومگەر لە گوندی (چەمیاڵە)ی شارباژێرەوە هاتوەتە سلێمانی و لە سەرەتای شەستەکانەوە لە چەند وەستایەکی خزمی خۆیەوە فێری خومگەری بوو، دوکانی خومگەری داناوە، ئەوان ساڵانی زوو زیاتر خوریان خوم دەکرد، بۆ فەرش و بەڕەو جاجم و لبادو بەرماڵ، لە دوای راپەرینی بەهاری 1991 خومگەرەکان زیاتر رەنگەکان لە ئێران دەکڕی، رەنگی خومەکان بە زۆری هی وڵاتی (هندستان و ئەڵمانیاو فەرەنسا و کوریاو بەریتانیاو پاکستان و ئێران و تورکیا ) یە. خوم گەرەکان هەموو جل و بەرگێک رەنگ دەکەن، هەموو رەنگەکانیان لایە، باشترین خوم، خومی ئەڵمانییە.
خوم گەری نەما
ئەوە چەند ساڵێکە پیشەی خومگەری بەرەو کزی دەڕوات و کەم بووەتەوە، لە 1998 تەنیا حەوت دوکانی خومگەر لە سلێمانی مابوو، وەستا قادری حاجی رەشیدەوە 10 شاگردی خۆی فێری خومگەری کردوەو هەندێکیان بوون بە وەستای خومگەری.
زۆرجار جل و بەرگیان بردوە بۆ وەستا قادر بۆیان رەنگ بکات، هەندێک لەو جل و بەرگانە کۆن بوون، لە کاتی کوڵاندا لە ناو رەنگەکاندا، شیتاڵ شیتاڵ دەبوونەوە، خاوەنەکانیان بیانویان پێ گرتووە، چەند جارێک نرخی ئەو کەلوپەلە کۆنە رزیوانەی بۆ خاوەنەکانیان ژماردووە.
سەرچاوەو پەراوێز:
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود: لە گوزەری خومخانەکاندا ، هەموو رەنگەکان جوانن،کوردستانی نوێ، ژمارە 1591، دووشەمە، 13. 4. 1998، ل 5
* ئەم نووسینە هی خۆمە، ئەوەتا بە ئامانەتەوە، سەرچاوەکەیم دەست نیشان کردوە، چەند بەناو نوسەرێک لەسەر هەوڵ و گەڕان و رەنج و ماندووبوونم، چەندان نوسینیان دزیوم و کردویانە بە هی خۆیان.
* وێنەکەو هۆنراوەی (خومگەر) لە ئاوازو دەنگی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ، لە واڵاکەی کاک جەمالی دەلاک، سەربازی ونی هونەری کوردی وەرگرتووە، جەمالی دەلاک، دەیان وێنەو یادگارو شریتی دێرینی هونەرو هونەرمەندانی کوردی لە ونبون و مەرگ پاراستوە، بەجۆرێک عاشقی هونەرە لە هونەرمەندەکان زیاتر عاشقی هونەر و پەرۆشی پاراستنی کلتوری کوردی و خەم خۆری هونەری کوردییە.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژه هروئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts