پشکۆ ئەمین: پاش 43 ساڵ لە تیرۆرو هەڵواسین.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا رژێمی ئاخونەکانی ئێران بەم خۆپیشاندانانە کە لە دوومانگ زیاترە بەردەوامە بەرەو چاڵی مەرگ هەنگاو دەنێت. لەپاش رووخانی شاوە تا ئێستا چەندین جار، خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی ئیران کراون، بەڵام هیچیان وەک ئەم خۆپیشاندانە نەبوون، ئەم خۆپیشاندانە زۆر جیاوازە لەوانەی پێشووتر.
پاش مەرگی ژینا ئەمینی کیژە کوردەکەی سەقزی 22 ساڵان، کە لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقەوە دەستگیرکرا بە بیانوی ئەوەی باڵاپۆشیەکەی ئیسلامیانە نەبووە، لە ژێر دەستی ئەو پۆلیسانەدا گیانی لەدەستدا. بووە هۆی نارەزایەتی خەڵک، لەوکاتەوە بە دەیان هەزار کەس، لە دژی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی رژاونەتە سەر شەقامەکان. بە هێنانەوەی تەرمی ژیناو بردنی بۆ گۆرستان، خەڵکە شۆرشگێرو قارەمانەکەی سەقز، بۆ مەرگی ژینا کەوتنە دروشمدان و هاواری مەرگ بۆ بکوژان و سزادانی تاوانباران، لێرەوە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بووە دروشمی خۆپیشاندان.
لە رۆژهەڵاتی نیشتیمانەوە گیانی ژیناو قژی ژینا بووە سومبل و داینەمۆی راپەرین و خرۆشانی خەڵک و خۆپیشاندان دەستی پێکردو یەک بە دواییەکدا گشت شارەکانی کوردستان و پاشان نزیکە 150 شارو شارۆچکەیەکی ئێرانی گرتەوە. لەم راپەرینە گەورەو جیاوازەدا تا ئێستا زیاترلە 450 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، زیاترلە 18000هەزارکەس زیندانی کراون، ژمارەیەکی زۆر بریندارو سەرنگومکراو هەیە.
ئەم ژمارانە جگە لە کوژراو و دەستگیرکراوانی زاهیدانی پایتەختی بلۆجستانە، لە پاریزگای سیستان و بلۆجستانی سونە مەزهەبە، کە ژمارەی کوژراوانی بلوجەکان نازانرێت. لە هەینی رەشدا کە رۆژی 30 ئەیلول بوو، 92 کەس کوژراون. رۆژانی دواتر 25کەسیتر کوژرا، رۆژانە لە بلوجەکان دەکوژرێت، رێکخراوەکانیی مافی مرۆڤ ژمارەی کوژراوان زۆر زیاتر دادەنێن و داوا لە دەسەڵاتی ئاخوندەکان دەکەن، دەستگیرکراوان هەڵنەواسێت. زاهیدان بووەتە سەربازگەیەک و ژمارەیەکی زۆر سەربازو پاسداری بۆ هێنراوە. مەلاوی عەبدولحەمید رێبەری ئایینی کەمینەی سونەکانی ئێران، ماوەیەک لەمەوپێش داوای ریفراندۆمێکی سەرتاسەری بۆجێ بەجێکردنی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران کرد.
ئەم پیاوە ئاینیە وتی: ( پێوسیتە ریفراندۆمێک لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بکرێت، بۆ ئەوەی بزانین گەلی ئێران چیان دەوێت و چ جۆرە گۆرانکارییەک دەخوازن،
پێوسیتە دەسەڵاتداران گوێ لە هاواری خەڵک بگرن، دەسەڵات ناتوانیت بەکوشتن یان زیندانیکردن و ستەم لە خەڵک کۆتای بەخۆپیشاندان بهێنێت و بەردەوامبێت).
ماوەیەک پێش ئێستا دوو لە گەورە پیاوانی ئاینی کورد لە بلۆجستان، بەناوەکانی عەبدوڵا کوردو عەبدۆ غەفور نەقشبەندی پشتیوانیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و دژی ئاخونەکان فتوایانداو رایان گەیاند: هەر بەشداریکردنێک لە کۆبونەوەی دەوڵەتدا، خیانەتە لەخوێنی گەنجانی شەهیدی زاهیدان.
رژێمی ئیرانی بۆ ترساندنی خەڵک و خۆپیشاندەر، دەستیکردووە بە دادگایکردنی 1000 خۆپیشاندەری دەستگیرکراو و تۆمەتباری کردوون بەوەی دەیانەوێت شەری ناوخۆ بوروژێنین و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵات دەدەن و هێرش دەکەنە سەرهێزە ئەمنیەکان، تۆمەتباریان دەکات کە هاوکارن لەگەڵ دەزگا نهێنیەکانی ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل. بۆئەم دادگایی کردنە چەندین داگای تاوان لەگەڵ دادگای شۆرشی ئیسلامیدا، پێکەوە مامەڵە لە گەل دۆسیەکانی دەستگیرکراواندا دەکەن، دوێنێ بریاری لەسێدارەدانی بۆ4 خۆپیشاندەر دەرکرد، گوایە پەیوەندیان لەگەڵ موسادا هەیە.
ئەم دادگا هەرەمەکیە بۆترساندنی خەڵکی بە ئاشکرا لە بەردەم دادگاکی شۆرشدا دادگایان دەکات، تەنها 10 خولەک دەخایەنێت، بریاری هەڵواسین یان هەتاهەتای دەسەپێنێت، لایەنە توندرەوە کۆنەپەرستەکانی ناو پەرلەمان، داوای سزای قورس دەکەن، واتە هەڵواسین.
فەرماندەی سوپای پاسداران حوسەین سەلامی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە هەڕەشەوە رایگەیاند، ئەمە دوا رۆژی نا ئارامییەکانەو نابێت زیادەڕەوی لە سەبرو ئارامی سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا بکرێت، دەنا زۆرخراپ روودەدات.
عەلی لاریجانی کە راوێژکاری خامنەییەو سەرۆکی پێشووی مەجلیسە وتی: کۆمەڵگا پێویستی بەلێبوردەیی زیاترە، خۆپیشاندەران منداڵەکانمانن. ئایەتوللە خامنەیی کە 33 ساڵە بە زیندان و هەڵواسین سەرۆکایەتی ئێران دەکات، دەسەڵاتیکی توندرەوی کۆنە پەرستانەی چەسپاندوەو پاسدارو بەسیج و هیزە توندرەوەکان کە بروایان بە دیموکراسیەت و ئازادی نیە، دەیپارێزن. جەنەراڵەکانی پاسدار دەزانن بە نەمانی دەسەڵاتی ئیسلامی سەروەت و سامان و کۆمپانیاکانیان، لە دەست دەردەچێت و گەل تۆڵەیان لێدەستێنێت.
چەند رۆژێک لەمەوپێش لەشاری ئەسفەهان خامنەی لە بارەی خۆپیشاندەرانەوە لێدوانێکی هەڕەشەیداو پێشبینی خۆی بۆ کۆتای بە خۆپیشاندانەکان هێناو وەک خراپەکار ناوی بردن، وتی: خەڵک ئاگادارە بەراستی چی دەگوزەرێت و نا ئارامیەکان شکست دەهێنین و ئەوانەی بەرپرسن دادگایی دەکرێن، زلهێزەکان لێبراڵ دیموکراسەکان دوژمنانی کۆماری ئیسلامی، ئەم ئاژاوەیە ئەوانەی دووسەدەیە جیهانیان تاڵان کردوە دروستیان کردوە.
خۆپیشاندانەکان دەسەڵاتەکەی خامنەی هێناوەتە لەرزین، لەیەک کاتدا لەشارەکانی ئیراندا 10 هەزارکچ و کوڕی لاو، کە هیچ شتێکیان نیە بیدۆرێنین، دەڕژێنە سەرشەقامەکان و هاواری روخاندنی کۆماری ئیسلامیی دەکەن و دژایەتی خۆیان بۆ دەستورو یاسا سەپێنراوەکان دەردەبڕن، مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی و خامنەی دەخوازن، نە سوپای درندە و نە خامنەی و پاسداران توانای وەستاندنی خۆپیشاندانیان نیە.
لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی کۆنەپەرستەوە، ئەمە بۆ چەندەهەمین جارە خۆپیشاندان دژی ئەم رژیمە دەکرێت، بەڵام هیچ جارێک وەک ئەمجارە نە درێژەی کێشاوە نە داخوازی و داواکانی خۆپیشاندەران وەک ئەمجارە قورس بووە.
خۆپیشاندەران ئەمجارە داوای گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی دەکەن، دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر بەرزدەکەنەوە و هاواردەکەن (شەڕ دەکەین، دەمرین، بەرگەی هیچ زەلیلیەکی تر ناگرین) ئەمڕۆچاوی خەڵک پڕ لە رقە، بوار بۆ ترس نەماوە، نارەزایەتیەکان بۆ ئازادی و دژی ڕێبەرایەتی ئاینی و دژی سیستەمی دەسەڵاتە.
جارەکانی تر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان بە هۆی بێکاری و بێ پارەیی و گران بوونی بەنزین و گرانی خواردن و شتومەک و بێ ئاوی و بێ کارەبای و بێ ئیشی بوو،
ئەم جیاوازیە گەورەیە وای کردووە دەسەڵاتی ئاخون، لەم خۆپیشاندانە دەترسێن و ئەوەتا بەشیکی زۆر لەمەلا میانرەوەکان داوادەکەن گوێ لەخۆپیشاندەران بگیرێت و بیرلە گۆڕینی دەستورولابردنی بە زۆر باڵا پۆشی دەکەنەوە، دەزانین کەگەر بێتوو خۆپیشاندان بەردەوامبێت بە ملێۆنان لە هەژاران و برسیەکان کە لەهەموولایەک برسیتر و زۆرترن دەبنە پشتگیری خۆپیشاندەران، ئەوکاتە کار لەکار دەترازێت و کەس بۆی راناگیرێت.
خامنەی کەلە رەق، پاسدارو گەندەڵکاران، بریاریانداوە کە هەمووڕیگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەخۆپیشاندانەکان دەگرنەبەر، بۆیە لایان گرنگ نیە بە هەزاران کەس بکووژن بۆ کۆتای هێنان بەخۆپیشاندەران، دەسەڵاتی کۆنەپەرست کەتوونەتە دەسگیرکردنی هەمووان، سینەماکارو رۆژنامەنووس، دوینی هەردوو سینەماکار، خانمە ئەکتەرو دەرهێنەر سوهەیلا گوڵستانی و حەمید پوراساری دەستگیرکران،کە بە بێ باڵاپۆشی لەکلیپیکدا دەرکەوتوون.
پەڕلەمان بودجەیەکی زەبەلاحی بۆکوژاندنەوەی خۆپیشاندان ئامادە کردو بریاریان لەسەردا، کە مووچەی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنیەکانی لەپاسدارو بەسیج و سوپا و پۆلیس، بەڕێژەی لە %20 موچەکەیان زیاد بکرێت، تازیاتر دەستکراوەو ئامادەبن بۆسەرکوتکردنی خۆپیشاندەرەکان، دەشترسێن نەکا ئەم هێزانە لە تاوبرسیتی و بێ پووڵی، پچنە رییزی خۆپیشاندەران وەک چۆن لەسەردەمی شادا روویدا.
خۆپیشاندان لە دوومانگ زیاترە لە زانکۆکانی مەشهەد و تارانی باکوورو تەبریز و لە کەرەج توندو تیژترین پێکدادان روودەدا، لەشارەکانی کوردستان لە کرماشان سنە مەهابد و شارەکانیتر تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێت، بنکەی پۆلیس گڕی تیبەردەدرێت، لە شاری کەرەج هاواری نەفرەت لە ئایەتووڵڵا دەوترێتەوە، دوای کوردستان و بلۆجستان کەرەج بۆتە ناوەندێکی گەورەی خۆپیشاندەران و نارەزایەتیەکان.
جیاوازیەکی تری ئەم راپەرین و خۆپیشاندانە لەوانی پێشووتر لەوەدایە، ئەم خۆپیشاندانانە سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانی پێشوو، تەنها لە شارێک و شارۆچکەیەک و ناوچەیەکی پچووکدا دەکرا، پاش چەند رۆژێک، کۆتای پێدەهات.
ئەمجارەیان هەموو خەڵک بێجیاوازی نەتەوایەتی و ئاینی وئاینزا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا جوتیارو کریکار قوتابی و مامۆستا و رۆژنامەنووس لە هەموو پلەکانی خویندندا، ژن و پیاو و گەورە و پچووک لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن، دەزاین و تێگەیشتوون بەوەی ئەم رژێمە کۆنەپەرستە، داوای چاکسازی لێناکریت دەبێت بڕوخێت.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕۆژی رایگەیاندو ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیەوێت بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ژنان بێدەنگ بکات، باسی لە دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان کرد. ڕێکخراوی RSF ڕایگەیاندووە، نزیکەی نیوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەم دواییانەدا دەستگیرکراون ژنن.
ڕۆژنامەنووسان نیلوفەر حامێدی و ئیلاهی محەمەدی بە تۆمەتی ( پڕوپاگەندە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتمانی ) تاوانبارکراون بەم توهمەیە دادگا دەتوانێت سزای لە سێدارەدان بە سەریاندا بسەپێنێت، بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئیران ئاشکرایان کرد، کەیسی نیلوفەڕ و ئیلاهی محەمەدی کە راپۆرتیان لەسەر کوشتنی ژیناو ناشتنی ئامادەکردبوو، نزیک بووەتەوە لە کۆتای.
بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤ، دەوترێت لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ کوژراون، نوینەری ریکخراوەکانی ژنان Inger Ashing ئینگەر ئاشینگ داوای لێکۆڵینەوە لەم تاوانە دەکەن، نوینەری ریکخراوی ژنان، دەڵێت: تووندو تیژی دژی مندالان جیگەی قبوڵنیە، هەر هێرشیک بۆ سەرژنان هیرشە بۆ سەر کچان.
ئەمڕۆ خەڵکی ئێران بە ژن و پیاو منداڵ و گەورەوە رژاونەتە سەرشەقام و هاواری ( ژن، ژیان، ئازادی) دەکەن. ئەم درووشمە ئەمرۆ بووەتە باس و خواستی ناو پەرلەمانی ئەوروپاو کۆبونەوەو ناوچەوانی رۆژنامە ئەوروپیەکانی داگیرکردووە. یەکیەتی ئەوروپا لە برۆکسل ئەمرۆ بەکۆی دەنگ لەسەر پاکیجیی سێهەمی سزا بەسەر ئیراندا ریکەوتن، پێدەچێت یەکێک لەخاڵەکانی دەستگرتنبیت بەسەر پارەو پولی بانکەکانی ناو ئەوروپای ئیران و بەرپرسەکاندا و ریگە نەدانیان بەهاتنیان بۆ ئەوروپا، وەپشتگیری زیاتری خۆپیشاندەرەکان، وەهەوڵدان بۆ پشتگیریان لە گۆرینی رژیمی مەلاکاندا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بیربۆک رایگەیاند ،کە کار له سەڕ ئەوه ده کرێ که دانیشتنێکی تایبەت لەسەر ئێران له ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوه یەکگرتووەکان رێک بخرێت، هەروەها بەپێی زانیارییەکانی بازنەکانی یەکێتیی ئەورووپا، بیر لە پۆلێنکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەکەنەوە،گەرچی ئەم پۆلینکردنە بۆ ئێران و خامنەی زۆر قورس دەبێت، ئیران کاردانەوەی خراپی دەبێت.
کوشتنی ژیناو خۆپیشاندانەکان و درندەی دەسەلاتی دیکتاتور، وایکرد دەیان ژنی بوێری ئازاو مرۆڤ دۆست و بە توانا لە هەموو بوارەکانی رۆشنبیری وهونەرو سینەماکارو نوسەرو رۆژنامەوانی ئەوروپی، خاوەن خەڵات بۆ پێشوازی لەمەرگی ژینا ئەمینی لەبەرچاوی کامیراکاندا پرچ و قژی خۆیان ببڕن و نەفرەت بۆ رژێمی پەت و سیدارە بنێرن.
من پێموایە دەسەڵاتی ئاخوونەکانی ئیران بەسزا ناڕوخێت، دەبێت ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک، بەهێز دژی ئێرانی کۆنەپەرست و دیکتاتۆر بوەستنەوەو پشتگیری لە خۆپیشاندەران بکەن، وەک چۆن هاوکاری عیراقیەکان بوون لەرووخاندنی سەدامدا.
پاش 43 ساڵ لەدەسەڵاتی ئاخون، بۆیەکەمجارە خۆپیشاندەران، لەپەت و سێدارەی مەلاکان ناترسێن، بەڵکوو ئەمڕۆ ئاخون و دەسەڵاتەکەی لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندەران دەترسێن.
کاتێک لە ئیراندا دژی شا راپەرینکرا، بە وتەی خومەینی راپەرین موستەضعەفەکان، واتە خەڵکە زۆرهەژارو نەدارەکە کردی، ئەوان دەستپێشخەرو سەرکەوتنیان بەدەستهێناو کۆماری ئیسلامی ئیرانیان بنیات نا. راپەرینی ئەمرۆ تەنها هەژارەکان ( موستەضعەفەکان) بەشدارنین، ئەمڕۆ هەموو چینەکانن، جگە لە ئاخونی مشەخۆری گەندەڵکارەکان،کە میلەتانی ئیرانیان تووشی قەیرانی برسیەتی و گرانی کردوە، هەموو ولاتانی ناوچەکەیان تووشی شەروشۆرکردوە بەناوی ناردنەدەرەوەی شۆرشەوە، خواروی کوردستان بۆردومان دەکات و دەیەویت چاوی خەڵک و میدیاکای لە سەر خۆپیشاندەرەکان لابدات.
ئاخونەکان دەزانین دەسەڵاتەکەیان لەمەرگ نزیک بۆتەوە، دەبینین دیواری ترسی خەڵک رووخاوە، راپەریون بە هەموو شێوەیەک بەرگری دەکەن و کۆڵنادەن،
گەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت ئەمریکاو ئەوروپا دەبنە بەشێک لە خۆپیشاندان و هاوکاری جەماوەری راپەریوو لە روخاندنی رژێمی خۆسەپێندادەکەن و ئاخون و رژێم بەسەریەکدا دەروخێنین و رەوانەی ناو سەرەنوێلکی مێژوویان دەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت