بورهان شێخ رەئوف: ئامانجی سیاسیی قه‌ته‌ر له‌ جامی جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

18 كانوونی‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ نیشتمانی‌ قه‌ته‌ره‌و ئه‌مساڵ یاده‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆتا رۆژی‌ یارییه‌كانی‌ جامی جیهانی 2022، كه‌ قه‌ته‌رییه‌كان به‌یانییه‌كه‌ی‌ ئاهه‌نگی‌ رۆژی‌ نیشتمانی‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌گێڕن و ئێواره‌كه‌شی‌ ئاهه‌نگی‌ كۆتا یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ جامی جیهان ده‌گێڕن، رێكه‌وتنی‌ ئه‌م دوو یاده‌ پێناچێت هه‌ر له‌ خۆڕا هاتبێت، به‌ڵكو ئه‌نجامی‌ كار و به‌رنامه‌ڕێژی‌ ورد و ستراتیژی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ قه‌ته‌ره‌، كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ وه‌رزش و تۆپی‌ پێ‌ بكه‌نه‌ ئامرازێك بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ وڵاته‌كه‌یان، له‌نێو هه‌موو وڵاتانی‌ جیهاندا.
له‌ دوو ده‌یه‌ی‌ رابردووشدا تۆپی‌ پێ‌ وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ كاریگه‌ری‌ هێزی‌ نه‌رم له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌، وه‌كو وڵاتانی‌ كه‌نداو و روسیا و وڵاتانی‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئاسیا، هۆكاره‌كه‌شی‌ به‌ ئاسانی‌ و روونی‌ دیاره‌، چونكه‌ یاری‌ تۆپی‌ پێ‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان به‌ربڵاوترینه‌ و هه‌وادارو لایه‌نگری‌ هه‌یه‌، ملیاره‌ها بینه‌ر و هانده‌ری‌ هه‌یه‌ له‌هه‌موو كیشوه‌ره‌كانی‌ جیهاندا، هه‌رچه‌نده‌ وه‌به‌رهێنان له‌ بواری‌ وه‌رزشی تۆپی‌ پێدا توانای‌ دارایی‌ زۆروزه‌وه‌ندی‌ گه‌ره‌كه‌، به‌ڵام پێگه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ سه‌نگین ده‌كات و داهاتی‌ زۆریشی‌ هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ قه‌ته‌ر ره‌نگه‌ جیاواز بێت، چونكه‌ قه‌ته‌ر بۆخۆی‌ وڵاتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی‌ سروشتی‌ غاز و نه‌وت، له‌ هه‌مانكاتدا خاوه‌نی‌ به‌رزترین داهاتی‌ تاكه‌ بۆ هاووڵاتیان به‌هۆی‌ كه‌می‌ ژماره‌ی‌ دانیشتووانه‌كه‌یه‌وه،‌ زیاتر مه‌به‌ستیان جوانكردنی‌ سیمای‌ وڵاته‌كه‌یانه‌ له‌به‌رچاوی وڵاتانی‌ دراوسێیانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی‌ کە له‌ چه‌ند ساڵی‌ پێشوودا له‌ ململانێیه‌كی‌ سه‌ختدا بوون له‌ گه‌ڵیاندا .
سه‌ركرده‌كانی‌ قه‌ته‌ر ئه‌م ستراتیژه‌یان له‌ سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ پێشووه‌وه‌ ده‌ستپێكرد، دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌می كه‌نداو، ترسی‌ ئه‌وه‌یان لێنیشت ئه‌وانیش وڵاته‌كه‌یان كه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ره‌وڕووی‌ هه‌مان چاره‌نووسی‌ كوێت بێته‌وه‌ كه‌ عیراقی‌ درواسێیان داگیری‌ كرد، میری‌ ئه‌وسای‌ قه‌ته‌ر شێخ حه‌مه‌د كوڕی‌ خه‌لیفه‌ ئال سانی‌ خاوه‌نی‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بوو كه‌ ساڵی‌ 1995 ده‌سه‌ڵاتی‌ گرته‌ ده‌ست، جووڵا به‌چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كدا به‌ ئامانجی‌ پته‌وكردن و پاراستنی‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ وڵاته‌كه‌ی.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا له‌ 1996بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ عێدیدیان دامه‌زراند كه‌ گه‌وره‌ترین بنكەی‌ ئاسمانی‌ سه‌ربازییه‌، ئێستاش بۆ‌ته‌ گه‌وره‌ترین بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، له‌ رووی‌ هێزی‌ نه‌رمیشه‌وه‌ میری‌ قه‌ته‌ر تۆڕی‌ میدیایی‌ جه‌زیره‌ی‌ دامه‌زراند، ئێستا بۆته‌ دیارترین لۆگۆ و ماركه‌ی‌ بازرگانی‌ قه‌ته‌ر كه‌ خاوه‌نی‌ گه‌وره‌ترین ناوبانگه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ و جیهانیش، له‌ ساڵانی‌ دواتریش ده‌وحه‌ وه‌به‌رهێنانی‌ زۆری‌ كرد له‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاح و دیاره‌كانی‌ جیهان وه‌كو (هارۆدز، میراماكس فیلمز، رویاڵ داچ شل، بۆرش) هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ری‌ مه‌ترسی‌ په‌لاماردانی‌ قه‌ته‌ر كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌ن دراوسێكانییه‌وه‌.
قه‌ته‌ر هه‌ر به‌مانه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا له‌ ئاستی‌ وه‌رزشی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا درێژه‌ی‌ به‌و ستراتیژییه‌ دا و گوندی‌ له‌نده‌نی‌ ئۆلمپیادی‌ كڕی‌ له‌ ساڵی‌ 2012 دا و گۆڕی‌ بۆ پڕۆژه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبوونی زۆر نایاب و ناوازه‌ و كردیه‌ یانه‌یه‌كی‌ پێشبڕكێی ئه‌سپ سواری‌ (رویال ئاسكوت )له‌ 2014 دا، به‌م شێوه‌ قه‌ته‌ر بووه‌ ناوه‌ندێكی‌ سه‌ره‌كی‌ رووداوه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت