شــــــــوان خورشـــــید: خاڵی هاوبەشی کەرکوکیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک ئەو شارە بە نەوت دەوڵەمەندەی،کە جیهان چاوی تێبڕیوە، هەر لە دێرزەمانەوە بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و گرنگی جیوپۆلیتیکیەوە، ناوەندی شاری کەرکوک بوەتە سەنتەری ساغکردنەوەی کەلوپەل و جموجۆڵی بازرگانی، کە ئێستاشی پێوە بێت شوێنە کۆنە بازرگانیەکانی گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن، وەک و قەڵاو قەیسەری و قشلەو جووت قاوەو زۆر شوێنی تر.
بۆیە دەبینین کەرکوک هەر وەک ئەوەی ناوەندێکی بازرگانی و پیشاسازی و کشتوکاڵی بوە لە ڕابردودا، لە هەمان کات دا بەهۆی هەڵکەوتەو ستراتیژیەتی ناوچەکە بوەتە جێگای ژیانی زۆر لە پێکهاتەی نەتەوەی و ئاینی و لە دێرزەمانەوە وەک و برا پێکەوە هەڵبکەن و چارەنوسیان هەمان چارەنوسی شارەکەیان بێ، چونکە کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندی ژێر زەمینیەو خاکێکی بە پیتی هەیە بۆ کشتوکاڵ و دەروازەیەکی بازرگانی باش بوە لە ناوچەکە، بۆیە بوەتە جێگای سەرنجی دانیشتوانی ناوچەکەش و بوەتە هۆی ئەوەی چاوی نیشتەجێبونی تێ بڕوانرێ و ببێتە خانەو لانەی زۆر لە پێکاتەو ئاینزای ناوچەکە.
هەروەک دەبینین لە کەرکوک عەرەب،کورد، تورکمان، مەسیحی لێ نیشتەجێ بوەو لە نێو عەرەبیش دا سونەو شیعە بونی هەیە،کورد ئیسلام و کاکەیی هەیە تورکمان، دابەشبونەتە سەر سونەو شیعەو میسیحیەکانیش بەهائی و سائیبە، بەر لە کۆچکردنی جولەکەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، جولەکەش بەشێک لە دانیشتوانی ئەو شارە بونە، بۆیە گەر لەم تۆڕە جاڵجاڵۆکیە بڕوانین هەر خۆی لە خۆی دا جیاوازیەکی زۆر بەدی دەکرێت لە نێوان پێکهاتەکان و بڕوا ئاینیەکان و لە نێوان خودی پێکهاتەکانیش لە ڕووی ئاینییەوە جیاوازی و ململانێ هەیە، بۆ نمونە نەخوێندنەوەی یەکتری بڕوادارانی شیعەو سونە، کە وای کردوە بە درێژایی مێژوو کێشەو دابڕان لەو نێوەندەدا هەبێت، کە دەسەڵاتداران و حکومەتی حاکم لە کەرکوک هۆکاری سەرەکی قوڵکردنەوەی ئەو کێشانەی نێوان پێکهاتەکان بونەو هەمیشە بە پشتیوانی کردنی یەکێک لە پێکهاتەکانی کەرکوک زیاتر درزیان دروستکردوەو ڕق وقینیان قەڵەوتر کردوە، وەک دەبینین پێشتر لە سەردەمی حوکمی بەعس پێکهاتەی عەرەب لەکەرکوک گەورەکرابون بەسەر پێکهاتەکانی تری شاردا ئەژمارکردنی پێکهاتەکانی تر وەک نەتەوەی ژمارە دوو سێ، وای کردبوو لە پێکهاتەی عەرەب وەک دوژمن بڕوانرێ و هەڵی نزیک بونەوە کەمتر بێت، دوای پرۆسەش دەسەڵاتی کوردی بەداخەوە هەمان ئەزمونی بەعسیان دوبارەکردەوە،کە زیاتر بونە کەلێنی نێوان پێکهاتەکان و دوای 16ی ئۆکتۆبەریش دەسەڵاتدارانی خۆجێیی کەرکوک و ئەو ڕۆڵە خراپەی کە دەیگێڕن هۆکارێکی ترە،لە دورخستنەوەی خەڵکی کەرکوک لە یەکتر بە هەموو پێکهاتەکانەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا خەڵک و پێکهاتەکانی کەرکوک لە ئێستاو ڕابردو ئایندەش دا چەندین خاڵی هاوبەشیان هەیە کە ناکرێت وەک ئومێدێک لێی نەڕوانین،لەوانە هەموو دانیشتوانی شارەکە لە یەک بنمێچی هاوبەش دادەنیشن و خۆشی و ناخۆشیان یەکە، گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پەلاماری داعش بۆ سەر شاری کەرکوک، دەبینین مەترسی داگیرکاری لەسەر تاک بەتاکی خەڵکی هەبوو بە هەموو پێکاتەکانەوە، کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە کەچی هەموو پێکهاتەکان بێبەشن لە سەروەت و سامانی شارەکەیان و لە جیاتی خێرو بێری نەوتەکەیان تەنها دوکەڵە ژەهراویەکەی هەڵدەمژن، لە سەر زەریایەک نەوتن کەچی نەوتیان بۆ سەرمای زستان بە ئەستەم دەسدەکەوێت و لە سڕەی بەنزین و کۆبۆنی بەنزین چونەتە کتێبی گێنسەوە، لە هیچ شارێکی عێراق درامای لەو شێوەیە نیە، ڕێژەی هەژاری و بێکاری بیناقاقای خەڵکی شارەکەی تەنیوە،زبڵ و خاشاک هەموو شاری داپۆشیوە، شار کراوەتە جۆرێک لە سەربازگەو هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە دیار نیە، باخچەو شەقامەکانی لەسەردەمی چاخە کۆنەکان دەچێت، کە ناڵێین شارەکانی عێراق لە ئێمە باشترن، بەڵام گەر بەراوردی کەرکوک بکەین لەگەڵ شارێک یان ناوچەیەکی تردا، کەرکوک ئەو شارەیە کە دەتوانی یەدەکی نەوتی جیهان بۆ ماوەیەکی زۆر دابین بکات، بۆیە نابێت و ناکرێت خەڵکەکەی برسی و بێکارو بێ خزمەتگوزاری بێت، ئەکرا کەرکوک نمونەی شارستانیەت بێت و دانیشتوانەکەی لە شایستەترین ژیان بژینایە، بەڵام هەر پێچەوانەکەی دەبینین، گەر بە ووردیش تێبینی هۆکارەکەی بکەین دەبینین دەسەڵات و ئەحزابە سیاسیەکان هۆکاری سەرەکین و کۆسپن لە بەردەم ئەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک درک بەو ڕاستیە بکەن کە هەموو خەڵکی کەرکوک بە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحیەوە یەک چارەنوسیان هەیە و دەبێت هەموان یەکتر قبوڵ بکەن بۆ خزمەتکردنی شارەکەیان و بەرژەوەندی خۆیان وەک کەرکوکی دەس لەنێو دەسی یەکتر بنێن و نەهێڵن هێچ هێزو لایەن و وڵاتێک درز بخاتە نێوانیانەوە، چونکە کەرکوک شاری هەموانە گەر لە ڕوی جوگرافیەوە کوێ بێت و سەر بە چ هەرێمێکیش بێت کوردستانی یان عێزاقی، خەڵکی کەرکوک یەک چارەنوسیان هەیە لە باشی و خراپی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی پرشک بەر هەموان دەکەوێت، چونکە ئەگەر بۆچەند ساڵێک لەمەوبەر بگەڕێینەوە وەک ئاماژەمان پێی دابوو دەسەڵات هەمیشە لە قوڵکردنەوەی برینی نێوانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بوە، لە سەردەمی ڕژێمی ڕوخاو بۆ قوڵکردنەوەی کێشەی نێوان پێکهاتەکان، ڕژێم بێکهاتەی عەرەبی سرپشک کردبوو لەسەرکوتکردنی کوردو تورکمان و تەنانەت مەسیحیەکانیش، دەبینین کوردو تورکمان وەک و یەک لەشارو کارو ماڵەکەیان دوردەخرانەوەو زەوی و ماڵ و شارەکەیان لێ داگیر دەکرا، ئەو کات نەدەوترا تورکمانی یان کورد، بە بەهانەی تێکدانی ئەمنی نیشتمانی لە شارەکەی خۆیانیان دور دەخرانەوە، کێشەی نێوانی پێکهاتەکانی قوڵتر دەکردەوەو دەیقۆستەوە بۆ جێبەجێکردنی مەرامە گڵاوەکانی، کەواتە پێکهاتەو ئاینزاکانی کەرکوک دەبێت ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەن کە چارەنوسی هەمویان یەک چارەنوسەو دەبێت هەموو لایەک درک بەوە بکات و کار بۆ ئەوە بکات ئاشتی و یەکتر قبوڵکردن بکەنە ستراتیژیەتیان و هەوڵ بدەن لە پێناوی برایەتی نیوانیان و خزمەتکردنی شارەکەیان درێخی نەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت