بەهرۆز جەعفەر: کێبڕکێکە لە نێوان غازی بە بۆڕی هەناردەکراو (Piped gas) و غازی سروشتی شلکراوە (LNG) یە.
بەشێکی زۆر لە شیکەرەوەکان و ئاژانسە جیهانییەکان، وای دەرئەخەن کێبڕكێ و ململانێکە لە نێوان گازپرۆمی ڕووسی و کۆمپانیا ئەمریکییەکاندایە، بەڵام لە ڕاستییدا کێبڕکێکە لە نێوان غازی بە بۆڕی هەناردەکراو (Piped gas) و غازی سروشتی شلکراوە (LNG) یە.
ئەگەر، ببینین بە بەراورد بە مارسی 2022 لە ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری 2022 دا ڕێژەی پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی ڕووسیا تەنها (10٪) زۆر کەمی کردووە. بەڵام ئەوە گازی سروشتی بە بۆڕی هەناردەکراوە. لە (LNG) دا ڕێژەی پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی ڕووسیا وەکو خۆیەتی.
غازی سروشتی شلکراوە (LNG) گازی سروشتییە لە شێوەی شلەکەیدا. LNG بە پاککردنەوەی گازی سروشتی و سوپەر ساردکردنەوەی بۆ -260 (واتە دووسەت و شەست پلە لە ژێر سفرەوە) بەرهەم دێت بۆ ئەوەی ببێتە شلە. لە کاتی ئەو پرۆسەیەی کە بە شلکردنەوە ناسراوە، گازی سروشتی لە خوار خاڵی کوڵانییەوە سارد دەکرێتەوە، زۆربەی ئەو پێکهاتە دەرەکیانەی کە لە سووتەمەنیدا دەبینرێن، لادەبرێن. ئەم غازە ڕاستە غازی سروشتییە، بەڵام ناتواندرێت بە بۆڕی بگوێزرێتەوە، چونکە دۆخێکی ناجێگیری هەیە. بەڵام غازی سروشتی بۆری (PNG) – غازی سروشتیە لە ڕێگەی تۆڕێکی بۆرییەوە دابەش دەکرێت کە دەرچەی سەلامەتی هەیە بۆ پاراستنی پەستانەکە، دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی سەلامەت و بێ پچڕان بۆ کەرتی ناوخۆیی بۆ چێشت لێنان، بەکارهێنانی گەرمکردنەوە / ساردکردنەوە و … تادوایی.
ئەوروپا هێشتا گیرۆدەی غازی ڕووسیایە. بەڵام نەک جۆری بۆری غاز. ئەوە LNG – غازی سروشتی شلە زیاتر کە هێشتا ئەوروپای کردۆتە پاشکۆی ڕووسیاو ئەوانی تر…
ڕۆڵە سەرەکییەکان، کۆمپانیای تایبەتمەندو زەبەلاح و کێبڕکێکار ئەیبینن، کە دەیان پسپۆڕ و ناوەندی توێژینەوە کۆمەکیان ئەکات، بەتایبەت لە ڕووی تەکنیکی و، زانستی کیمییاوییەوە تا دۆخێک دروست بکەن بۆ کاری بازرگانی و وەرچەرخانی ئابوریی و سیاسیی زیاتر دەست بدات (ژینگە لای کۆمپانیاکان و زلهێزەکان بە ڕواڵەت پرسێکی گرنگە)
وەک دیارە، بازرگانی و کۆمپانیاو ڕاکێشانی بۆڕی، واتە بەریتانیاو ئەمریکا. یەکەمجار بەریتانیا بو گازی بە بۆڕی لە میانەی یەکەمین جەنگی جیهانی دا لە ساڵی (1917) ڕاکێشاو ئەو مۆدێلەی داهێنا. ئەوکاتانە نزیکەی (100٪) ئەو کۆمپانیایانەی لە جیهاندا لە بواری نەوت و ئینجا گازدا لە جیهاندا ئۆپەرەیشنیان ئەکرد بەریتانی و دوایی فەڕەنسی و ئەمریکی بون.
ئێمە دەزانین کە ئەمریکا دابینکەرێکی سەرەکی نەوت و گازە لە جیهانداو، بە پلەی یەکەمیش دێت، بەڵام هەر ئەمریکا خۆی لە ئاستی ناوخۆدا هەمیشە بە پلەی یەکەم یان دووەم دێت لە سەرفکردن یان بەکاربردنی گاز و نەوت و سوتەمەنی دا. ئەمریکا گاز دابین ئەکات لە ڕێگەی بۆڕییەوە بۆ کەنەدا، مەکسیک، بۆلیڤیا و باشوری ئەمریکا. دوای ئەمریکا قەتەر بە پلەی دووەم دێت بۆ خستنە ڕووی گازی سروشتی شلکراوە LNG بۆ جیهان. ڕووسیاش لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنیشێت و هەر لە پلەی دووەمدایە.
بۆیە لە کاتێکدا ڕەنگە ئێستا ڕووسیا کەمتر لە 10%ی دابینکردنی غازی ئەوروپا پێکبهێنێت، بەڵام هاوردەکردنی LNG کەمی نەکردووە. بەتایبەت بەرزبوونەوەی خواست لە فەرەنسا و بەلجیکا پشتگیری لەم ڕەوتە کردووە.لەگەڵ ئەوەی قەیرانی تێچووی ژیان لەم زستانەدا لە ئارادایە، ڕەنگە ئەوروپا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت جگە لە بەردەوامبوون لە کڕین.
هەر بەڕاستی، گازی سروشتی نەک ئابوریی، بەڵکو شارستانییەتی خۆرئاوای خستە ژێر پرسیارەوە. دەردێکی بێوێنەی پێدان. لە ناوەند مەودادا، واتە لە دوو بۆ سێ ساڵی ئایندەدا، ئەوروپاو ئەمریکا ئەتوانن زاڵ بن بەسەر گرفتی وزەو جێگرەوەی دیکە بە ڕێگەی جیا-جیا بدۆزنەوەو، خۆیان لەو پاشکۆیەتییەی ڕووسیاو هەندێ وڵاتی دیکە ڕزگار بکەن. بەڵام لە ئێستادا وەک ئەو گۆرانیەی لێ دێت کە هونەرمەندی کورد سەید عەلی ئەسغەری ئەڵێت:
ئەی نابێ- نابێ چاوجوان وا نابێ
بەم دەم و دەستە یار پەیدا نابێ
.” ئینجا هەر “سەید” لە گۆرانییەکەی تریدا ئەڵێت:
غەمگین و دڵ پەشێوم بڕوانە باری لێوم
حەیرانی خاڵی لێوم جەرگم سووتاوە وەک قاوە
پایزی سەردی گیان زەردی کردە سەری من
زمستانی فیراقت پێچیدە بە سەری من
بۆ تۆ شێت و شەیدا بووم بۆ تۆ دەیری و ڕسوا بووم
بۆ تۆ زەنگی زەریا بووم بۆچی تۆ ڕەحمت نەماوە
بۆچ دەمکوژی خۆ قوربان پردی سیڕات نەپساوە
لە دەردی بێ دەرمانی کەوتومە سەرگەردانی
بۆچ دەمکوژی ماڵ وێران جەرگم بۆچی بڕاوە
لە دەردی بێ دەرمانی کەوتومە سەرگەردانی
بەجوابی لەنتەرانی چیبکه م جه رگم براوه
لە بۆ هیجری دووری دۆست جەرگ و ڕۆحم نەماوە
چیبکەم لە دووری دۆستم هۆش و فکرم فه وتاوه.