بورهان شێخ رەئوف: په‌یوه‌ندییه‌كانی سعودیه و چین.
شی جین بینگی سه‌رۆكی چین كه پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو سه‌ردانی سعودیه‌ی كرد رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ریاز ده‌ستپێكی سه‌رده‌مێكی نوێیه له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌بیدا، ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان چین و وڵاتانی عه‌ربیش كرد، كه بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م وتانه‌شی له وتارێكدا باسكرد كه له رۆژنامه‌ی ( ریاز)ی سعودیه‌دا رۆژێك دوای گه‌یشتنی بۆ ئه‌و وڵاته بڵاوكرایه‌وه.
وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی چین له‌م كاته‌دا وه‌كو پێداگیری و جه‌ختكردن وایه له‌سه‌ر گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سعودیه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه سه‌ردانه له‌كاتێكدا رێكخراوه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی سعودیه و ئه‌مریكا جۆرێك له ساردی و دووره‌په‌رێزی به‌خۆوه ده‌بینێت و پێده‌چێت سه‌رۆك (شی) هه‌وڵی ئه‌وه بدات سوود له‌و دۆخه ببینێت بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی چین به وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه.
سه‌رۆكی چین له وتاره‌كه‌یدا خۆشحاڵی ده‌بڕیووه به یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاتێكی عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی چین و وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها شانازی خۆشی ده‌ربڕیوه به په‌یوه‌ندی دێرینی نێوان هه‌ردوولایانه‌وه كه زیاتر له دوو هه‌زار ساڵه، چونكه رێگه‌ی ئاوریشم و رێگه‌ی ته‌وابلی ده‌ریایی وێستگه‌یه‌كی گرنگی هاتوچۆی هاووڵاتیان وئاڵوگۆڕی بازرگانانی نێوان هه‌ردوو لابووه.
سه‌رۆكی چین پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردۆته‌وه كه مه‌به‌ستی له‌م سه‌ردانه به‌هێزكردنی هاوبه‌شی ستراتیژی ته‌واو ئاڵوگۆڕی بیرورایه له نێوان هه‌ردوولا.
له‌لایه‌كی تره‌وه پێده‌چێت هه‌ردوولا سعودیه و چین له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان چاوپۆشیان له هه‌ندێك بابه‌تی گرنگ و پڕ بایه‌خی سیاسی كردبێت، چونكه نه سعودییه‌كان ره‌خنه و گله‌یی و گازنده و نیگه‌رانی خۆیان به چینیه‌كان گه‌یاند له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵم زۆره‌ی كه له‌كه‌مینه‌ی موسڵمانی ئیگۆر ده‌كرێت له هه‌رێمی (شینجیانگ)ی چین، له كاتێكدا ده‌یان وڵاتی ئه‌وروپی و ئاسیایی نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیووه له رابردوودا به‌رامبه‌ر به‌و مه‌سه‌له‌یه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا چینییه‌كان باسی تیرۆری رۆژنامه‌نووس (جه‌مال خاشقچی ) یان نه‌كرد.
سه‌رۆكی له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا هه‌روه‌ها باسی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی په‌یامبه‌ر (موحه‌مه‌د) د.خ كرد كه فه‌رموویه‌تی (داوای زانست بكه‌وه ئه‌گه‌ر له وڵاتی چینیش بێت) وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گه‌لی چین و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلام، هه‌روه‌ها وڵاتانی عه‌ره‌بی به ئه‌ندامی گرنگی نێو وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو وه‌سفكرد، وتیشی وڵاتانی عه‌ره‌بی هێزی بایه‌خدارن بۆ به‌رگری له دادپه‌روه‌ری و هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌وتن كه ده‌ستوه‌ردانی ده‌ركی و پاشكۆیه‌تی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه چین گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانی وڵاتانی كه‌نداوه، وه‌كو گه‌وره‌ترین هاورده‌كه‌ری به‌رهه‌مه بترۆكیمیاوییه‌كان، كه قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ده‌گاته سه‌رووی (230) ملیار دۆلار.
له‌م سه‌ردانه‌دا هه‌ردوولا گه‌لێك رێكه‌وتنی گرنگیان ئیمزا كرد، كه له سه‌رووی 29 ملیار دۆلاره‌یه‌وه، سعودیه‌ش سه‌ردانه‌كه و ئیمزاكردنی ئه‌و رێكه‌وتنامانه به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره ده‌زانێت، به‌و پێیه‌ی پشت به سه‌رچاوه‌ی جۆراجۆر ده‌به‌ستێت بۆ گه‌شه‌كردنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی سعودیه.