بەهرۆز جەعفەر: لە بەردەم سەت دەرفەت و یەک هەڕەشەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەتوانادا هەیە، سەت دانە دەرفەتی گەورە (هیچیان بچوک نیین) بۆ کورد بژمێرین، با ئاماژە بە تەنها (11) دەرفەت بکەین:
یەکەم/ دەرفەتی مۆدێرنە و کرانەوەی جیهان. ڕۆژگاری جەنگی سارد دەیان سەرتیپ و سەرپەل و سەرلقی شۆڕش لەسەر ڕادیۆیەک شەڕیان بو، تا گوێ بنەن بە ڕادیۆکەوە بزانن کەی ئەڵێت “حنطة الكوردية”، کەیفێکیان هەبو بۆ جارێک ناوی کورد لە ڕادیۆیەکەوە ببیستن. ئێستا بە یەک هاشتاگ، بە پەیوەندییەکی هاکەزایی، لەڕێگەی پارتنەری دوو ڕێکخراو و دامودەستگای نا حکومییەوە سەدان ملیۆن کەس، سەدان دەستگەی میدیایی و کۆمپانیاو بڕیاربەدەستانی جیهانناوی کوردو مەسەلەی کورد ئەکەوێتە بەر چاو و گوێیان.
دووەم/ ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، دۆخی ئێران ئەوپەڕی خراپە هی تورکیاش!
سێهەم/ ئۆردەری نوێی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکبونەوەی زیاتری “چین” ـە لە وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش دەرفەتێکی گەروەیە بۆ کورد: هەمیشە لە بوخچە ئابورییەکاندا تاوتوێی ئارامی زیاتر ئەکرێت.
چوارەم/ گۆڕانی جیۆپۆلەتیک، بۆ نمونە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، دەرگای ئەوروپایەو، کوردستانیش لە سوریاو لە عێراق، ڕاستەوخۆ سەری لەناو خوانی ئەم حەوزە ستراتیجییەدایە، کە هاوپەیمانێتی نێوان میسر، ئیسرائیل، یۆنان (ناپرسن یۆنان دوو ساڵە بەردەوام بایەخ بە کوردستان ئەدات؟) قوبرس. بەسەرپەرشتی ڕاستەخۆی ناتۆ، بەریتانیا، ئەمریکا ئەم حەوزەیە لەگەشەدایەو، زۆر پێویستیان بە کوردو توانا گازیی و نەوتییەکانییەتی. ئەمەش دەرفەتی ئابوریی و دیبلۆماسی و ئەمنی بۆ کورد مسۆگەر ئەکات.
پێنجەم/ بەرزی نرخی نەوت و گاز، دەرفەتە لە بەردەم کوردستاندا.
شەشەم/ بایەخدانی تەواوی جیهان و، سەردانی کردنی سەرۆک و وەفدە باڵاکانیان، هەر هیج نەبێت دەرفەت بۆ کورد ئەکاتەوە هەزاران کادری خۆی لە ڕێگەی خوێندن و ڕاهێنان و مەشقەوە پێ بگەیەنێت و برەو بە توانا مرۆییەکانی بدات.
حەوتەم/ هەڵوەشانەوە یان لاوازیی ڕۆڵی کاراکتەری دەوڵەت لە عێراقدا، وا ئەکات کورد زیاتر ئەسپی خۆی لە گۆڕەپانەکەدا تاوبدات.
حەوتەم/ بە پێچەوانەشەوە، ئامادەیی ڕۆڵی دەوڵەت و دامودەستگا لە عێراقدا، وا ئەکات بیر لە سەقامگیریی زیاتر بکرێتەوەو، پشکی کورد مسۆگەرتر بێت.
هەشتەم/ نەخشەی سیاسیی لە ناوخۆی عێراق، لە سوریاو ئێرانیش، بە قازانجی دۆزی کوردە. لە عێراقدا، پێکهاتەی کابینە لە یەک چەشن و دیسکۆرسی شیعی دا ڕەنگی داوەتەوە. واتە هەمە چەشنە نییە، یەکێکیان کارێک بۆ کورد بکات و ئەویتر بڵێت ئەوە خیانەتی نیشتیمانییە. بە پێچەوانەوە کابینەکەی سودانی بە بێ کورد نە ئەبو بە کابینەو، بە بێ کوردیش هیچ شەرعیەتێکی نییە، چونکە هەم شەقامێکی دەنگ نە دەر و هەم موقتەدا سەدرێکی بەهێز لە بۆسەدایە.
نۆیەم/ نێو ماڵی سووننە بەرەو ترازانی زیاتر ئەچێت، کورد دەرفەتی کۆکردنەوەی ئەوانەی هەیەو، ئەکرێت کراسەکە پڕ بە بەری خۆی لەوێدا بدورێت و پاڵپشتی نەک سووننەی عێراق، بەڵکو ئەردەن و ئیمارات و سعودیەو تاڕادەیەک تورکیاش مسۆگەر بکات.
دەیەم/ دەستی کارێکی بەهێز لەناوخۆی کوردستاندا هەیە، دەرفەت هەیە بە ئاسانی چوار ئەندازیاری چینی و یابانی و کۆری بهێنرێتە کوردستان، لەگەڵ هەندێ ماددەی سەرەتایی “مەوادی ئەوەلی” دەیان کارگەو کارخانەی گەورە لە بوارە جیاجیاکاندا گەشەی پێ بدرێت و، بەرهەمی ناوخۆیی زیادبکات و پشت بەستن بە داهاتی نەوت و گاز کەم بکاتەوە.
یانزەیەم/ هەر بە کەمێک “تەنها کەمێک” پاڵپشتی ئەو کارگەو کارخانانە، دەیان ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە بوارە جیاجیاکاندا بخاتە سەر پێ بۆ ئەوەی دەیان کاری زانستی و راوێژکاری و کۆڕو کۆڕبەندو دیدار و توێژینەوەو لۆبی و… تادوایی ئەنجام بدەن.
با دەرفەتێکی دیکەش بنوسین، داعش و توندڕەوی زیندوو بۆتەوە؟ بێگومان بۆشآیی هەیەو پاڵنەریش هەیە. بۆیە ئەو گروپانر هەن هەروەک هەبون. تورکیا تاکە دەوڵەتی ناتۆیە کە شەڕی دژی داعشی نەکردوە، بەڵام ملیارەها یۆرۆی لە ئەوروپا وەرگرتوە بۆ ئەو مەبەستە. هەر ئەمڕۆ 13 ی دیسەمبەری 2022 بەناوی پاراستنی سنورەکانەوە (220) ملیاری دیکە لە یەکێتی ئەوروپاوە خرایە سەر هەژماری تورکیا. کورد تاکە هێزی فیزیکییە لەسەر زەوی شەڕی دژە تیرۆر ئەکات، بە ئاسانی ئەتوانێت شەرعییەتی ئەوە بە دەستبهێنێت سەدان کەرەستەی سەربازیی زەمینی و ئاسمانی بەو هۆیەوە بەدەستبخات. ئاسمانی هەرێم بەسیستەمی پێشکەوتو بپارێزێت.
دەرفەتەکان، سەدانن نەک دەیان. بەڵام یەک هەڕەشە هەیە، هەڕەشەکەش لە ناوخۆی کوردو کوردستاندایە. ئەو قسە هەلەق و بەلەقانەیە کە ڕؤژانە لەملاولاوە دەرخواردی خەڵکی ئەدرێت و، نوێنەرایەتییە جیهانییەکانیشی بێزارکردووە. ئەو هەوڵانەیە کە تەرزێک سیاسیی هەر بۆخۆیان و، هەر هێشتا بە خەونی ئەوەوە لە عێراقدا شتێکی زیاتر بۆ خودی خۆیان نەک بۆ کەرکوک و کوردستان بکەن؟ چونکە لە سیاسەتدا سەرمایەی ڕەمزی گرنگە، ئەوەی ئەو سەرمایە ڕەمزییە دروست ئەکات متمانەیە: سەیری بکە کەسێکی وەکو “لیۆ میسی” چونکە جەماوەر، یاریزانەکانی تر و ڕاهێنەرەکە متمانەیان پێی هەیە، ئەویش هەرچی پێی بکرێت پێشکەشی ئەکات. ئەوانەی فاکتەری تێکدانی یەکڕیزی بون لە پێناو خۆیان ناتوانن نیو کاتژمێر خزمەت بە تاک و خاکی کوردستان بکەن.
بەگشتی، خۆ- دزینەوە لە بەرپرسیارێتی و فڕێدانی جلوبەرگی یاریکردن لە ناو یاریگاکەدا، نە خزمەت بە دیمەنی یاریگاکە، نە بە مێژووی یاریزانەکە ناکات.
بە کورتییەکەی، هێشتا خەون و پلانی دەستەجەمعی لە ناو کورددا نییە. کەی ئەمە هەبو، دەرفەتەکان نەک بە حکومەت و حیزبەکان، بە تەنها تیمێکی چەند کەسیی لە دەرەوەی حکومەت و حیزبەکانیش وەها ئاڕاستە ئەکرێن کە بە ئاسانی بڕژێنە هەگبەو گیرفانی هەموو کوردێکەوە، ببنە قەڵغانێکی ئەمنی کە کەس بیر لە شکاندنی شکۆی گەلێکی جینۆسایدکراو نەکاتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت