ڕه‌ووف محه‌مه‌د ئالانی: په‌روه‌رده، ڕۆڵی له نه‌هێشتنی رق و كینه‌دا.
زۆر پێناسه‌ی گرنگ هه‌یه بۆ په‌روه‌رده، هه‌ر كام له‌وانه بێنین، دروست و گونجاون، به‌شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت، په‌روه‌رده ئامانجی بالاَی ژیان و بونیادنه‌ری ئایندهی گه‌شی دواڕۆژی گه‌ل و نیشتمانه، كه هه‌وڵی جوانكردن و خۆشه‌ویستی و هاوكاری و ڕاستگۆیی و گه‌یشتنه به شكۆمه‌ندی.
ئه‌گه‌ر به‌ووردی سه‌رنج له هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌ی كه‌سێتی تاكی كورد بده‌ین، یان له كاته جیاوازه‌كاندا، هه‌ست به‌بوونی دیارده‌یه‌كی گشتگیر ده‌كه‌ین، ئه‌ویش بوونی ڕق و كینه‌یه له‌جیاتی لێبورده‌یی و خۆشه‌ویستی و قبوڵكردنی ئه‌وانیتر.
رق و كینه به‌مانای بوونی گیانێكی شه‌ڕه‌نگێزی و دووژمنانه، له‌ناو ناخ و هه‌ستی ئهوتاكهدا، كه له كاتی ڕوودانی ڕووداوێكی پێچه‌وانه یان به‌دینه‌هاتنی خواستی خۆی تووشی هه‌ڵچوون و په‌رچه‌كرداری نادروست ده‌بێته‌وه، له‌ئه‌نجامدا هه‌ستی به‌رامبه‌ر ده‌شكێنێ و برینداری ده‌كات، بۆیه ئه‌و ڕق و كینه‌یه، ده‌بێته مایه‌ی زیانگه‌یاندن به كه‌سانیتر و ده‌وروبه‌ر.
ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌ی كه بوونی هه‌یه نابێ به‌ئاسانی و ساده‌یی سه‌یر بكرێت، پێویستی به خوێندنه‌وه‌و توێژینه‌وه هه‌یه، به‌ڕای ئێمه ئه‌وه له په‌روه‌رده‌ی خێزان و قوتابخانه‌و كۆلاَنهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌گه‌ر به‌ووردی و به‌پلانی زانستی و په‌روه‌رده‌یی كاری له‌سه‌ر نه‌كرێت، زۆرجار تاكی خراپ و شه‌ڕه‌نگێز دروست ده‌كات، ته‌نانه‌ت ده‌بێته تاكێكی تالاَنكار، هه‌ربۆیه (ئاگاتا كریستی 1890- 1976) هونه‌رمه‌ندو نوسه‌رو ڕۆماننووس) ده‌ڵێت: مرۆڤی لاواز له‌وانه‌یه ببێته دڕنده‌یه‌كی تالاَنچی ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی پێبدرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ڕق و كینه له‌ژیان و كۆمه‌ڵگه بكات).
زۆرجار ئه‌وه‌مان له‌كه‌سانی ده‌وروبه‌رمان بیستووه، كاتێ منداڵێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی خۆیدا ناكۆكیه‌ك یان جیاوازیه‌كیان ده‌بێت، ده‌كه‌ونه سه‌رو گوێلاكی یه‌كتر و هه‌ندێ جار برینداربوون و سهرشكاندنی تێده‌كه‌وێت، كه‌سه نزیكه‌كانی برینداره‌كه، هه‌میشه ده‌پرسن ئه‌ی تۆ چیت له‌و كرد؟، هه‌قی خۆت كرده‌وه؟، تۆش لێتدا؟
ئه‌وكه‌سه‌ی ئه‌و پرسیارانه ده‌كات له مناڵه‌كه، كارێكی نه‌رێنی و نهشیاوهدهكات واله مناڵهكهدهكات، هه‌ركات و له هه‌ر كوێ بۆی گونجا له‌و مناڵه بداته‌وه كه پێشتر ئازاری داوه، ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه ده‌بنه هۆكارو فاكته‌ری دروستكردنی گیانی شه‌ڕه‌نگێزی و تۆڵه كردنه‌وه، بهلاَم له‌ڕاستیداو له ئه‌نجامدانی كرده‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی، ئه‌مانه پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه به نهرمو نیانی و له‌سه‌ر خۆ دڵنه‌وایی مناڵه‌كه بكات و به ساده‌و ساكار تێی بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه هاوڕێته و به سوعبه‌ت وای كردوه، ئێستا ئه‌و دڵی له‌لاته، پێی ناخۆشه تۆ ئازارت گه‌یشتووه، دڵنیام مناڵه‌كه هیچ جۆره ڕق و كینه‌یه‌ك له‌دڵیدا جێی نابێته‌وه، بهلاَم ده‌كرێ بپرسین، ئایا كێ ئه‌م كاره ئه‌رێنیه ده‌كات؟
بێگومان ئه‌وكه‌سانه‌ی به‌باشی و دروستی له په‌روه‌رده گه‌یشتوون و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ئایندهی مناڵه‌كانیان باشتر ده‌نه‌خشێنن، كه دوور بێت له رق و كینه و شه‌ڕه‌نگێزی.
تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كان، زۆرجار نمایشێكی خراپ ده‌كه‌ن، بۆ ده‌ربڕین و نواندنی خۆشه‌ویستی، بهلاَم ناخیان دووره له‌و نمایشه، ئه‌مه‌ش كارێكی ناپه‌روه‌رده‌ییه، هه‌ربۆیه ( پۆل ڤالێری 1871- 1945) هونه‌رمه‌ند و نوسه‌رو شاعیر) ده‌ڵێت: ( خۆنمایشكردنی خۆشه‌ویستی له ڕق خراپتره).
له یارییه‌كانی مۆدندیالی ئه‌مساڵی 2022 ی قه‌ته‌ر، زۆر به‌ڕوونی گیانی شه‌ڕه‌نگێزی و ڕق و كینه‌م به‌دیده‌كرد، له لایه‌ن هه‌نده‌رانی زۆر له هه‌ڵبژارده‌كانه‌وه، له كاتی ده‌ربڕینی خۆشیه‌كانیان و پشتیوانیكردن له‌و هه‌ڵبژارده دڵخوازانه‌ی خۆیان مه‌به‌ستیانه سه‌ربكه‌ون، بهلاَم هه‌ندێ جار ده‌بووه، ده‌مه‌قاڵێ و ده‌ربڕینی ووشه‌ی نه‌شیاوو برینداركه‌ر، ته‌نانه‌ت ئه‌و حۆره ده‌ربڕینانه له‌تۆڕه كۆمهلاِیهتیهكانیش ڕه‌نگی دابۆوه، (عه‌لا محه‌مه‌د مسته‌فا) له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: ( وه‌رزش بریتیه له به‌ڕێوه‌بردنی عه‌قلانی بۆ جه‌سته‌یه‌كی ته‌ندروست ) ئه‌وه‌ی چێژ له وه‌رزش ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له مۆندیالدا، ئه‌وانه‌ن كه دوور له گیانی ڕق و كینه، ته‌نها به سه‌ربردنی كاتێكی پڕچێژ سه‌یری یاریه‌كان ده‌كه‌ن، نه‌ك به‌و شێوازه خراپه‌ی كه خه‌ڵكی ئێمه به‌كاری ده‌هێنن، دڵنیام هه‌موو ئه‌و كار‌و په‌رچه كرداره خراپ و شهڕهگێزیانهی رق و كینه ده‌به‌خشنه‌وه، به په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و هاوچه‌رخ، ده‌گۆڕدرێت بۆ گیانی خۆشه‌ویستی و یه‌كتر قبوڵكردن.