عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: وەتەن کرا بە زیندان.
له‌ساڵی 1977 ئارام محه‌مه‌د که‌ریم و نوری حه‌مه‌سه‌عید له پۆلی پێنجه‌می وێژه‌یی ئاماده‌یی هه‌ڵکه‌وت ی گه‌ڕه‌کی ئیسکان له سلێمانی پێکه‌وه بوون به هاوڕێی رۆژنامه‌و گۆڤار‌و کتێب، ئارام و نوری له پۆلی پێنجه‌م و شه‌شه‌می وێژه‌ی پێکه‌وه له یه‌ک پۆل و له‌سه‌ر یه‌ک کورسی له ریزی ناوه‌ڕاست داده‌نیشتن.
دوای ته‌واو بوونی دوا وانه‌ی خوێندن، هەردووکیان پێکەوە به ده‌م قسه‌کردن و لێدوانی جیاجیا ده‌گه‌ڕنه‌وه بۆ ماڵه‌وه، له رێگا له‌و وتار‌و نووسین و کتێبانه ده‌دوان که خوێندبوویانهوهو بابەتە جیاجیاکانیان بە هێمنییەوە بۆ یەکتریی شیته‌ڵیان ده‌کرده‌وه، بیر‌و بۆچونیان له یه‌ک نزیک بوو.
ماڵی ئارام له‌پشت ژووری بازرگانی سلێمانی و ماڵی نوری له پشت مزگه‌وتی حاجی جه‌ماله‌وه بوو، ماڵی هه‌ردووکیان له‌نزیک سه‌هۆڵه‌که‌وه بوو.
هەردووکیان له دوو رێکخستنی جیاوازدابوون، نوری په‌یوه‌ندی به (حسین مستهفاو خه‌بات عه‌بدولکه‌ریم و ئازاد مستهفاو شێخ ئیبراهیم )ـه‌وه هه‌بوو.
ئارام لە کەرتی هاوڕێ یان لە گەڵ ( هاوڕێ سوارە و تحسین قادر‌و محەمەد کەریم و حسین محەمەد ئەحمەد) و چەند هاوڕێ یەکی تر کاریان دەکرد.
ئارام خوێندکارێکی ژیر‌و ورد و هێمن و مه‌نگ و له‌سه‌ر خۆ بوو، تایبه‌تمه‌ندی ره‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی له پۆلدا مایه‌ی تێڕامانی مامۆستاکانی و خوێندکارانی پۆله‌که‌ی بوو.
ئارام، ئارامێک بوو، سه‌رکه‌شی و هه‌ڵچونی لێ نه‌ده‌بینرا، ئاستی هوشیاری و رۆشنبیریی له هه‌موو خوێندکاره‌کان قوڵتر‌و فراوان تر بوو، شاره‌زای هەموو بواری کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ده‌روون زانێکی نمونه‌یی بوو، لە کاتی پرسیار‌و لێدوان و وتوێژه‌کانی ئه‌وه‌نده به ئه‌ده‌ب و وشەکانی بە جوانی ده‌رده‌بڕی مایه‌ی سه‌رنجی هاوڕێکانی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی بوو، له بواری شیته‌ڵکردنه‌وه‌ی فیکری سیاسی و فەلسەفەدا ورد‌و قوڵ و خاکی بوو.
رۆژێک مامۆستا شیرکۆ تۆفیق ی زمانی کوردی له پۆلی شه‌شه‌م دوای دارشتنێکی لە قوتابییەکانی کرد، لە نێوانیاندا نووسین و دارشتنه‌که‌ی ئارام له‌رووی ته‌کنیک و شیوه‌و ناوه‌رۆک و فکر و زمانه‌وه، ئه‌وه‌نده جوان و ورد‌و قوڵ و پاراوبوو، سه‌رنجی مامۆستا‌و هه‌موو قوتابیانی پۆله‌که‌ی راکێشا.
لە داڕشتنەکەدا باسی سه‌ره‌تای گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵی کردبوو، ده‌بێ په‌روه‌رده له‌قۆناغی باخچه‌یی ساوایان و منداڵییه‌وه هه‌نگاوی نوێی سه‌رده‌مانه‌ی بۆ بنرێ، بۆ بنیات نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دروست. ئارام که‌سێکی رووخۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، حه‌زی له گه‌ڕان بوو، شاره‌زای زۆرشوێنی ده‌ره‌وه‌ی شار بوو.
ساڵی 1979 ئارام و نوری و سالار حه‌مه سه‌عید له سلێمانییه‌وه روویان کرده ماڵی خزمێکی سالار، له ئۆردوگای کارێزه، هەردوکیان له‌وێ له‌سه‌ر خاپوورکردنی گوندەکان و گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵکی گونده‌کان بۆ ئۆردوگان دوان.
دوای تەواکردنی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی، ئارام له کۆلێجی یاسا‌و رامیاری له زانکۆی به‌غداد وه‌گیرا، نوری ش له کۆلیژی کۆمه‌ڵناسی زانکۆی سلێمانی وه‌رگیرا.
له پشووی هاوینی 1980 ئارام و نوری بۆ گەشتێک روویان کرده سه‌یدسادق له‌وێوه خۆیان گه‌یانده پێنجوین، ئه‌و رۆژه بارودۆخی ئه‌و شاره ئاڵۆزبوو، شه‌پۆلی خۆپیشاندانی خه‌ڵکی پێنجوین دژ به رژێم، ئەو شارەی بە جۆڕێک هەژاندبوو، هیزەکانی سوپای عێراق و ئەمن و ئیستیخبارات، دەیانویست کۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانەکە بکەن. ئارام و نوری لە ناو بازارەکەدا بوون، لەو کاتەدا ئه‌منێک لە ناو بازاڕەکە داوای ناسنامه‌یان له نوری کرد، ئه‌ویش ناسنامه‌که‌ی زانکۆی سلێمانی پێ دابوون، ئه‌منه‌که هەر سەیر ناسنامەکەی دەکردو چاوی دەبڕییە روخساری نوری، که‌وتبووه گومانه‌وه، لێی پرسی بوو:
– ئێوه بۆ ئه‌مڕۆ له سلێمانی یه‌وه هاتوون بۆ پێنجوین؟
نوری به عه‌ره‌بییه دوکه‌ڵاوی و شه‌ق وشڕهکهی وتبووی:
– جاین للسیاحه
ئەمنەکە هیچ بەلگەیەکی چنگ نەکەوت، دەسگیری نەکردن. له 1984 ئارام زۆر سه‌رنجی ورد و رەخنەی له‌سه‌ر گفت‌و گۆی نێوان یه‌کیه‌تی و ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌بوو، دوای چه‌ند تراژیدیایه‌ک گفتوگۆکه، هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بوو.
لە 1985 ەوە بارودۆخی ژیانی خەڵکی ناو شاری سلێمانی زۆر دژوار‌و ترسناک بوو، نوری رووی کرده ماڵی خزمێکیان له گوندی زرگوێز، دواتر خۆی گه‌یانده قوتابخانه‌که‌ی گوندی گهرهزیلی قه‌ره‌داغ و لەوێ بوو به مامۆستای شۆڕش.
له ئێواره‌ی 17. 12. 1985 هه‌واڵی گوله باران کردنی (ئارام محه‌مه‌د که‌ریم و سه‌ردا ر عوسمان و هیوا فایه‌ق ) ی له به‌رده‌م سانه‌وی رۆشنبیر له رادیۆی گه‌لی کوردستان بیست، ناخ و ده‌روونی هه‌ژاند، سوێی ئه‌و ئازاره له دڵیدا، تا ئێستا هه‌رماوه و کاڵ نابێته‌وه.
نوری لەو کاتەدا، دیمەنی ئه‌و ئێواره‌ی هاته‌وه یاد له گه‌ڵ ئارام دا به به‌رده‌م ئه‌منی سلێمانیدا تێ ده‌په‌ڕین، ئارام وتی: ئه‌م زیندانه، جاران ناوه‌ندی وه‌ته‌ن بوو، دەیان خوێندکار لەم قوتابخانەیە وانەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو زانست فێر بوون، رۆژێک دێ ئێمه‌ش له‌م قوتابخانه‌یه‌دا زیندان ده‌کرێین.
سه‌رچاوه: ئه‌م زانیاریانه‌م له مامۆستا نوری حه‌مه سه‌عید ی هاوڕێم ه‌وه پێگه‌یشتووە،
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts