عیماد عەلی: بۆچی تۆمەتبارانی دزیی سەدە لە عیراق دژی هەرێمی کوردستان بوون!
لە نێو ئەو مەسەلەی پێی دەوترێت دزیی سەدە لەعیراق، کۆمەڵە ناوێک لە راگەیاندنەکان و لابەلاش دەرکەتووە، لە لایەک بە قسەی چاودێران بەڵگەی سەلمێنەریان لەسەرە و لە لایەکی دیکەوە ئەوەی بە شێوەیەکی رەسمی ناوی کەوتۆتە ناوان و ئەو زانیاریانەی لیژنەی بەدواداچون لە راپۆرتێکدا لەسەر راستیەکانی دزیەکە درکاندویەتی و ئەو ناوانەی خۆیان دزیوەتەوە و لە عیراق نەماون. ئەگەر یەک بە یەکیان بخەیتە بەرهەڵسەنگاندنی هەڵوێستی پێشوویان لەمەر بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ناردنی بەشی کورد لە بودجەی عیراق و لەوەشدا ئەو برٍە کەمەی بە دوو سەد ملیۆن دینارەکە لە لایەن حکومەتی هە رێم و حکومەتی عیراقەوە خەڵمێنراوە و هەردوولا رازی بوون لە سەری، ئینجا تەماشای هەڵوێستی ئەو تۆمەتبارانە لەمەر هەر پرسێکی تایبەت بە کورد و هەرێمی کوردستان بخوێنیتەوە، عەقڵیەتی نەک تەنها ئەو تۆمەتبارانە و دەسەڵاتی ناوەندیی عیراق بەڵکو تاک بە تاکی گەلی عیراق و وردە بەرپرسەکانیشیان بۆمان روون دەبێتەوە کە چۆن بوون و چیان کردووە و چۆن تەماشای کورد دەکەن و هەرێم چۆن دەبینن.
تۆزێک ئەو گەندەڵی و دزی و جەردەییەی دەسەڵاتی هەرێم بخەلاوە. ئەگەر حساباتێکی بچوک بخەینە روو، برٍی دزیی سەدەخۆی لە سێ ترلیۆن و حەوت سەد ملیار دینار دەدات، کە دەکاتە نزیکەی نۆزدە هەزار پشکی مانگانەی هەرێم، واتە بەشی نۆزدە هەزار مانگی پشکی هەرێم، ئەگەر بۆ هەرێمی بنێرێت، خۆت ئەوە دەربخە کە ئەو دزیە و پشکەکەی هەرێم چی دەگەیەنێت، جاوەرە لەوەوە بەراوردی بکە و ئەو هەموو بێنەو بەردەش لەسەر ناردن و نەناردنی بخە بەرچاوی خۆت، کە تا ئێستا دەسەلاتی بەغدا بۆ ئەو دوو سەد ملیۆنە چی یاریەکی لەگەڵ هەرێمدا کردووە و دەیکات و وەکو یاری پشیلە و مشکەکە دەینێرێت و ناینێرێت و حکومەتی هەرێمیش بەو بەشە وەکو سواڵێک رازیە، ئەوسا دەتوانیت قسەی خۆت بکەیت.
جا لێرەوە هەڵوێستی ئاشکراو نهێنیی پێشووی ئەو تۆمەتبارە ناسراواانەیان بێنە بەرچاوی خۆت کە زۆرینەیان لە ناردنی ئەو پشکەی هەرێم تەنانەت لە راگەیاندنەکانیش رای خۆیان لە نارازیبونیان نەشاردەوە، کەچی لەولاوە ئەو دزی و گەندەڵیەشیان لەژێر سەردا بوو کە بینیمان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کورد دا دەکرد،. ئەوە هەڵوێستی سیاسی بەشێک لەو تۆمەتبارانە حساب مەکە کەچەند دژی کورد بوون، تەنانەت زانیاری واهەیە کە یەکێک لەو تۆمەتبارانە لە لایەنی موخابەراتیشەوە دژی بەرژەوەندیەکانی کورد وەستاوەو هەمیشە رەگەزپەرستی خۆی نواندووە.
ئەگەر بە پێی زانیاریەکانی ئێستا هەڵوێستی موستەفا کازمیش هەڵسەنگێنیت، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە تا ئێستا کەس لەگەڵ کورد دادگەر نەبووە و هەمووان بە فەرمانی حزبی و لایەنی نێوخۆ و دەرەوە سیاسەتیان کردووە و ئەو ئیدعایەی بۆ ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و هاوڵاتیبوون دەیکەن بە پێی سیاسەت و رەفتار و هەڵوێستەکانیان پۆچەڵ دەبێتەوە.
ئەگەر ئەم هەڵوێستەیان بۆ رازیکردنی رای گشتی و داپۆشینی دزیەکەیانیش بوبێت لە لایەن تۆمەتبارانەوە، حەقە کوردستان لەوبارەوە قسەی خۆی هەبێت و خۆی کزۆڵە نەکات وەکو تا ئێستا کردویەتی و گومان دروست نەکات و هەمیشە سواڵکەری بەردەرگاری ناوەندیی عیراق نەبێت و ئەمەش باشترین هاندەرە بۆ یەکێتی و یەکبوون و وەلانانی ئەو عەقڵیەتە پەرتەوازخوز ەحزبیە تەسک و زیانبەخشەی کورد .